مامۆستایەکی زانکۆ: ترامپ دەیەوێت تا هەڵبژاردن گرژیەکانیان لەگەڵ ئێران بەردەوامبێت

د. زمکان عەلی، مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی، پێی وایە سەرۆکی ئەمریکا دەیەوێت گرژییەکانی لەگەڵ ئێران تا هەڵبژاردنی داهاتووی سەرۆک کۆماریی درێژەپێبدات لەپێناو بردنەوەی هەڵبژاردن، دەشڵێت: بەهیچ شێوەیەک شەڕ لەنێوان ئەمریکا و ئێراندا ڕوونادات.


د. زمکان عەلی، مامۆستا لە بەشی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سلێمانی و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا لە زانستە سیاسییەکاندا، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا ئاماژە بە ئەنجامی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکات و تیشک دەخاتە سەر ئامانجی فشارەکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

ناکۆکییەکانی ئەمریکا و ئێران بەکوێ ئەگات؟

"سەرۆکی ئێستای ئەمریکا شەڕی ناوێت"

د. زمکان عەلی: زۆر باسی پێکدادانی نێوان ئەمریکا و ئێران دەکرێت، بەڵام من ئەوە بەدوور دەزانم، لەبەر ئەوەی هیچ لانەنێک لەو دووانە لەبەرژەوەندیاندا نییە، ناهاوسەنگی گەورە هەیە لەنێوان توانای سەربازیی ئێران و ئەمریکادا، بەدڵنیاییەوە ئێران لەوشەڕەدا دۆڕاودەبێت، ڕەنگە ئێران لەئێستادا بتوانێت کێشە بۆ ئەمریکا دروستبکات بەڵام ئەگەر بگەتەشەڕ ئێران دەدۆڕێت، ئەویش بە خەرجکردنی پارەیەکی زۆر و قوربانییەکی زۆری مادی و مەعنەوی ئەمریکا، پێم وایە سەرۆکی ئێستای ئەمریکا ئەوەی ناوێت، یان ناتوانێت ئەوەبکات، چونکە ترامپ کەسێکی بازرگانی سیاسییە، هەمیشە باسی ئەوەدەکات چەند پارەی بۆ ئەمریکا  هێناوە.

کەوایە ئەمریکا ئەو فشارانە بۆدەکات؟

" ترامپ دەیەوێت لە هەڵبژاردندا بڵێت کە ئەو توانی چی بکات"

د. زمکان عەلی: لەبەر دووشت، یەکەم پەیوەندی بە ناوخۆی ئەمریکاوە هەیە، ئێستا هەڵبژاردنی سەرۆکیایەتی لە ئەمریکا نزیک دەبێتەوە، ترامپ دەیەوێت لە هەڵبژاردندا بڵێت کە ئەو توانی چی بکات، دەیەوێت بڵێت کۆماری ئیسلامی ئێران کە دەسەڵاتەکانی لە ناوچەکەدا فراوانە ئەو توانی ئەو دەسەڵاتەی کەمبکاتەوە، تەماشا بکە لە سوریا لە ڕووی شکڵییەوە ڕەنگە ئەمرکیا دەستکەوتی هەبێت بەڵام لەپراکتیکا ڕوسیا سەرکەوتووبووە ئێران سەرکەوتووبووە، لەکێشەی لیبیا ئەمریکا ڕۆڵی نییە، لەعێراق ڕۆڵی ئێران زیاترە لە ئەمریکا، بۆیە دەسەڵاتی ئەمریکی دەبێت شتێک بکات، کاتێک ئەو هێزە گەورەیە دەهێنێت بۆ کەنداو بەوە سەرنجی جیهان و سەرنجی هاوڵاتیانی ئەمریکا بۆلای خۆی ڕادەکێشێت، وێنایەکی وابۆ ترامپ دروستبکات کە کەسێکی بوێرە لەبڕیانداندا.

کەوایە پێتوایە کەشەڕ ڕوونادات؟

"ئەگەری ڕوونەدانی شەر زیاترە لە ڕوودانی"

د. زمکان عەلی: کەدەڵێین شەڕ ڕوونادات واتای ئەوەنییە کە قسەی کۆتاییە، لەزۆر شوێن هێزی ئەمریکا و ئێران هەیە، لەهەندێک شوێن چەند کیلۆمەترێک لەیەک دورن، بەڵام ئەگەری ڕوونەدانی شەر زیاترە لە ڕوودانی، لەبەر ئەوەی تێچووی زۆرە بۆ ئەمریکا و خۆکوژیشە بۆ ئێران، بەڵام ئەمریکا دەیەویت بەردەوامی بدات بەو ململانێیەی لەگەڵ ئێران هەیەتی، ستراتیژی دۆناڵد ترامپ، ئەوەیە کە هەیمەنەی ئەمریکا لەجیهان و ڕۆژهەڵاتی ناوڕاست بپارێزێت، بۆیە دەیەوێت هەرهێزێک لاوازبکات کە ململانێی بکات.

ئیران گەشتووەتە ئەوئاستەی مەترسیبێت بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا؟

"ئێران مەترسییەکی گەورەیە"

د. زمکان عەلی: لەڕاستیدا ئێران مەترسییەکی گەورەیە، بەڵام پرسارەکە ئەوەیە کەکێ ئێرانی بەهێزکرد، پێشتر ئێران لە ڕۆژئاوایەوە ڕژێمی سەدام هەبوو لە عێراق، ڕژێمێکی بەعسی دژبە ئێران، لەولایەوە تاڵیبان هەبوو لە ئەفغانستان، ئەمریکا وایکرد کە ئێران بەهێزبێت، ئەمریکا ڕژێمی عێراق و تاڵیبانی بۆلابرد.

تا ئێستا ئێران چ کێشەیەکی بۆ ئەمریکا لە عێراق دروستکردووە؟

"ئێران ڕکابەرێکی گەورەی ئەمریکایە لەعێراق"

د. زمکان عەلی: ئێران ڕکابەرێکی گەورەی ئەمریکایە لەعێراق، ئەمریکا شکستێکی گەورەی هێنا لە عێراق، لە ٢٠١١ لە عێراق کشانەوە، پشتگیرییکەی زۆری مالیکی کرد، بەڵام مالیکی سونەکانی لە دەوڵەتی عێراق دورخستەوە و ناچاری کردن پاڵبدەن بە داعشەوە، ئەمریکا و ئێران لەعێراق شەڕیان بۆ بەرژەوەندییەکانی خۆیان کردووە، ئەمریکییەکان پێیان وابوو لەبەر ئەوەی شەڕی داعشیان کۆتایی پێهێناوە لە عێراق، دەبێت لەعێراق باڵادەستبن، بەڵام بینییان لەگەڵ هێزێکی دیکە ڕووبەڕوو بوونەتەوە کە ئێرانە، ئێران لەڕێگەی ڕێکخستن و مەشقپێکردنی گروپە شیعەکانەوە هێزی پەیداکرد، هاوپەیمانەکانی ئێران لە هەڵبژاردندا دەنگی باشیان بەدەستهێنا، ئەمریکا زوو زوو هاوپایمانەکانی بێئومێد دەکات، بەڵام ئێران بەردەوام لە ناوچەکەدا بوونی هەبووە و هاوپەیمانەکانی بێئومێد نەکردووە، بۆیە دەکرێت بڵێین ئەدای ئێران باشتربووە لە ئەمریکا.

ئێستا کە ئەمریکا سوپای باسدارانی ئێرانی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، فشار دەخاتە سەر جوڵەکانی ئێران لە ناوچەکەدا، ئەوە دەسەڵاتی ئێرانی لە ناوچەکەدا کەم نەکردووەتەوە؟

"بەپێچەوانەوە"

د. زمکان عەلی: نا بەپێچەوانەوە، ئەمریکا بۆچی بڕیاریدا کە ئەوکارمەندانەی کاریان نییە لە کونسوڵخانەی هەرێم و عێراق بیانکشێنێتەوە، لەبەرئەوەی ترسێکی زۆری هەیە لە باڵەکانی ئێران لە عێراق، بیرمان نەچێت، هەندێک لە گروپی نزیک لە ئێران هەن کۆنتڕۆڵ ناکرێن، بۆنمونە حزبوڵا و نوجەبا.

ئەگەر شەڕ ڕووبدات لە ناو ئێرانەوە ڕوودەدات یان لە دەرەوەی سنوری ئێران؟

"ئەمریکا لە ئێستادا ئامانجی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نییە"

د. زمکان عەلی: من ڕام وایە بەهیچ شێوەیەک شەڕ ڕوونادات، ئەمریکا لە ئێستادا ئامانجی گۆڕینی ڕژێمی ئێران نییە لەڕێگەی ڕێگەچارەی سەربازییەوە، ئامانجی دروستکردنی فشارێکی زۆرە لەسەر ئێران، بەڵام ڕەنگە فشارەکان ببیتە هۆی ڕووخانی ئێران لەناو خۆیاندا، بەڵام خەڵکی ئێرانیش سەیری سوریا و عێراق دەکەن دەبینین کە گۆرانی ڕژێم چەند زیانی بەخەڵک گەیاند، بۆیە ڕەنگە دەست بۆ گۆڕینی ڕژێم نەبەن.

کەوایە پێت وایە کۆتایی فشارەکانی ئەمریکا لەسەر ئێران دەگات بەکوێ؟

"دەوڵەتانی ناوچەکەش خوازیاریی ڕوودانی ئەو جەنگەنین"

د. زمکان عەلی: ئەگەر ئەگەری شەڕ هەبوایە، ئێستا قاسم سڵێمانیی خەڵکی کۆدەکردەوە و قسەی بۆدەکردن و ئامادەکاریی شەڕیان دەکرد، ئەگەر شەڕەیش ڕووبدات ڕووداوی بچوک دەبن و بەخێرایی کۆتایی پێدەهێندرێت، چونکە دەوڵەتانی ناوچەکەش خوازیاریی ڕوودانی ئەو جەنگەنین.

فشارەکان وادەکات ئێران بە مەرجەکانی ئەمریکا ڕازی بێت؟

"بەدڵنیاییەوە"

د. زمکان عەلی: بەدڵنیاییەوە، ئێران پێشتر کەلەژێر فشاری سەربازی و ئابوورییدابوو، ناچاربوو بێتە سەر مێزی گفتوگۆ و لە ساڵی ٢٠١٥ ڕێککەوتنی ئەتۆمی واژۆبکات، ئێستاش لەناوخۆدا دۆخی خراپە، دەسەڵاتی ئێران سنوری خۆیان دەزانن، بۆیە ئەگەر هەیە ڕێککەوتنێکی نوێ ئەنجامبدرێت.

د.ع