محەمەدی حاجی مەحمود: گۆشەگیرکردنی ئۆجالان هەموو هەنگاوەکان دەوەستێنێت

محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست، گرنگیی یەکگرتوویی کورد هەڵدەسەنگێنێت، بەلاشییەوە گرنگە کورد لەسەر حسابی کورد ڕێککەوتن نەکات، ئازادکردنی عەبدوڵا ئۆجالانیش بە گرنگ دەزانێت و بۆ چارەسەریی پرسی کورد لە تورکیا و دەشڵێت: ئۆجالان بەرپرسی دۆزی کوردە، گۆشەگیرکردنی ئەو هەموو هەنگاوەکان دەوەستێنێت.


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری حزبی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان حسدک، باس لە پرسەکانی پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پەکەکە و پرۆسەی ئاشتیی لە باکوری کوردستان و تورکیا و هەنگاوەکانی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم دەکات.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- نەورۆز وەک جەژنی بەرخۆدانی کورد ناسراوە، پەیامی ئێوە بۆ نەورۆز و یەکگرتوویی کورد چییە؟

"کلتوور و مێژووی کورد یەکە و پێویستە پێکەوەبن"

محەمەدی حاجی مەحمود: پیرۆزبایی نەورۆز لە گەلەکەمان دەکەم، جەژنی نەورۆز زۆر گەل و نەتەوەی دیکەش پیرۆزی دەکەن، بۆیە جەژنێکە کە زۆربەی گەلانی ئەم ناوچەیە لەسەری ڕێکن، نامۆیە کورد ناکۆکیی هەبێت، کلتوور و مێژووی کورد یەکە و پێویستە پێکەوەبن، لە وڵاتانی دیکەدا ڕەنگ و نەتەوەی جیاواز پێکەوە دەژین، بۆ ئێمە یەک نەتەوەین و بۆ پێکەوە نەژین، بۆیە پێویستە کورد بەرژەوەندیی نیشتمانیی و نەتەوەیی بخاتە پێش بەرژەوەندیی تایبەتی.

- لەم دۆخەدا کە کوردستانی تێدایە، بەتایبەت بۆردوومانەکانی تورکیا بۆ سەر باشور، وە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنی دوایین پێگەی داعش، تا چەند گرنگە لایەنە سیاسییەکان یەکگرتووبن؟

"گرنگە کورد لەسەر حسابی کورد ڕێککەوتن نەکات"

محەمەدی حاجی مەحمود: لایەنەکانی هەرچوار پارچەی کوردستان خاوەن یەک دونیابینین نین، گرنگە کورد دژی یەک نەبێت و لەسەر حسابی یەکتر لەگەڵ کەسی دیکە ڕێککەوتن نەکات، لایەنەکان وایان لێهاتووە نەک لەگەڵ یەک، بەڵکو لەناو خۆشیاندا یەکگرتوو نین، بۆیە ئەگەریش نەتوانن یەکگرتووبن، گرنگە لەنوان خۆیاندا شەڕ نەکەن.

- پێتان وایە چی وایکردووە کورد یەکگرتوو نەبێت؟

"یەک قبوڵنەکردن، دەسەڵات و داهات"

محەمەدی حاجی مەحمود: یەکەم یەک قبووڵنەکردن، دووەم دەسەڵات و سێیەم داهاتی ئەم وڵاتە، ئەم سێ خاڵە ڕێگربووە لە یەکگرتوویی کورد.

- ئێوە وەک حزبی سۆسیالیست، چۆن پێشوازیی لە هەوڵەکانی کەنەکە دەکەن بۆ دروستکردنی یەکڕیزیی نێوان لایەنە سیاسییەکان؟

"لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی کەنەکەین"

محەمەدی حاجی مەحمود: بەدڵنیاییەوە ئێمە لە نزیکەوە ئاگاداری هەوڵەکانی کەنەکەین، بە هەنگاوێکی باشی دەزانین بۆ چارەسەرکردنی گیروگرفتەکان، زۆر هەوڵدراوە بۆ پێکهێنانی کۆنگرەی نەتەوەیی بەڵام نەکراوە تا ئێستا، بەڵام هەر کەس و لایەنێک لە ئاستی خۆیەوە چەندێکی پێدەکرێت بەردێک بخاتە سەر دیواری ئەو گەلە، هەنگاوێکی باشە.

- یەکگرتوویی گەرەنتیی دەستکەوتەکان دەکات؟

محەمەدی حاجی مەحمود: بە دڵنیاییەوە یەکگرتن و یەکڕیزیی و یەکهەڵوێستیی کورد، دەستەبەری زۆر لە پرسە نەتەوەیی و نیشتمانییەکانی گەلەکەمان دەکات.

-گۆشەگیرییەکی تووند خراوەتە سەر ئۆجالان، ئێوە خۆشتان ماوەیەک لەگەڵ ئۆجالاندا ماونەتەوە، تا چەند بە گرنگی دەزانن کە گۆشەگیریی سەر ئۆجالان هەڵبگیرێت؟

"چاوەڕوانبووین بەڕێز ئۆجالان ئازادبکرێت، نەک بەڕێز دەمیرتاشیش زیندانیی بکرێت"

محەمەدی حاجی مەحمود: هیوادارین ئەوەی لە تورکیا باسی ئاشتی و پێکەوەژیان دەکات، ئەو ئازادیی و دیموکراسییە لەسەر بەڕێز ئۆجالان و هەموو زیندانییە سیاسییەکان پەیڕەو بکرێت، ئێمە چاوەڕوانبووین بەڕێز ئۆجالان ئازاد بکرێت، نەک بەڕێز دەمیرتاشیش زیندانیی بکرێت، بەڵام ئێمە پێمان وایە هەڵەکان ڕەنگە هەر لە لایەکەوە نەبێت، لەکاتێکدا هەدەپە توانی زیاتر لە ٨٠ کورسی بەدەستبهێنێت، دەیتوانی زۆر لەو کێشانە چارەسەر بکات، بەتایبەت کە ئاکەپە داوای کرد لە حکومەت بەشداریی بکات، بەڵام ئەوانە نەکرا، ئێستاش کە ڕەنگە دەستکاریی دەستووری تورکیا بکرێت، ئەو دەستکارییە لە پێناو کورد-دا نییە، بەڵام کورد دەتوانێت سوودی لێ وەربگرێت، بۆیە پێموایە دەبێت لەم دۆخانەدا کورد هەنگاو بۆ چارەسەریی بنێت.

"کاتێک کە هەدەپە ٨١ کورسی بەدەستهێنا لە ٧ی حوزەیرانی ٢٠١٦، من چاوەڕوانی ئەوەبووم کە ئۆجالان یان ئازادبکرێت یان لانیکەم لە ئیمرالییەوە نزیکیبکەنەوە لە شار، هەرگیز چاوەڕوانی ئەوە نەبووم کە دەمیرتاشیش زیندانیی بکرێت".

-هەڵگرتنی گۆشەگیریی لەسەر ئۆجالان، تاچەند گرنگە بۆ ئەوەی پرۆسەی ئاشتیی دووبارە دەستپێبکاتەوە؟

"شەڕ و ئاشتیی بە بەڕێز ئۆجالان دەکرێت"

محەمەدی حاجی مەحمود: بەدڵنیاییەوە شەڕ و ئاشتیی بە بەڕێز ئۆجالان دەکرێت، دەبێت حکومەتی تورکیاش بگاتە ئەو باوەڕەی، کە تاکە ڕێگای چارەسەری پرسی کورد لە تورکیا، گفتوگۆیە و هیچ ڕێگایەکی دیکە نییە.

-گۆشەگیرکردنی ئۆجالان داخستنی دەرگای گفتوگۆ نییە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: بەدڵنیاییەوە ئەو بەرپرسی دۆزەکەیە، ئەگەر بەرپرسی دۆزەکە گۆشەگیر بکرێت، واتا هەموو شتەکانی دیکەش دەوەستێت.

- ١٣٢ ڕۆژە لەیلا گوڤەن لە دژی گۆشەگیریی مانی لە خواردن گرتووە، ئەم مانگرتنە هەرچوار پارچەی کوردستان و ئەوروپاشی گرتووەتەوە، پەیامی ئێوە بۆ گوڤەن و مانگرتووان چییە؟

"پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ڕەچاوی ئەو مانگرتنانە بکەن"

محەمەدی حاجی مەحمود: هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە ئەرکێکی نیشتمانیی و ئەخلاقیی لەسەر شانە، لەیلا گوڤەنیش لەو ڕوانگەیەوە مانی لە خواردن گرتووە بۆ شکاندنی گۆشەگیریی سەر بەڕێز ئۆجالان، هەر ئەوەشە وایکردووە خۆی ڕووبەڕووی مەرگ بکاتەوە لەو پێناوەدا، بۆیە پێویستە کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەچاوی ئەو مانگرتنانە و داوا ئاشتیخوازییانە بکەن.

- زیاتر لە چوار مانگە هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان بەڕێوەچووە، ڕێگرییەکان لە پێکهێنانی حکومەت چییە؟

"شوێنەواری دوو ئیدارەیی و شەڕی ناوخۆ هۆکارێکن"

محەمەدی حاجی مەحمود: لە هەموو دنیادا کە هەڵبژاردن کرا هەموو لایەنەکان ئەنجامەکەی قبوڵ دەکەن، هەر حزبێکیش براوە بوو حکومەت پێکدەهێنێت، بەڵام لە کوردستان ئەوە ناکرێت، چونکە تا ئێستا شوێنەواری شەڕی ناوخۆ و دوو ئیدارەیی ماوە، ئەمانە وایکردووە حزبی براوەش نەتوانێت لە ڕێڕەوی ڕاستەقینەی خۆیەوە بتوانێت حکومەت پێکبهێنێت.

"لە عێراقدا بەهۆی ململانێی نێودەوڵەتی نێوان ئەمریکا و ئێران و شیعە و سوننە و کورد و شیعە و سوننە، وایکرد کە عادل عەبدولمەهدی بکرێتە سەرۆک وەزیران، ئەمە ئەوە دەسەلمێنێت کە هیچ بەهایەک بۆ دەنگی خەڵک دانانرێت".

- ئەمە بۆ هەرێمی کوردستانیش بەهەمان شێوەیە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: ئەمە ڕەنگە لە عێراق قبوڵ بکرێت، کە کەسێک هیچ کورسییەکیشی نەبێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام لە هەرێمی کوردستان قبوڵ ناکرێت، بۆ نموونە حزبەکانی دیکە کورسییان زۆرە و ئێمە یەک کورسیمان هەیە و ڕێگەمان نادەن حکومەت پێکبهێنین، بۆیە هەر دەبێت ڕێککەوتن لە نێوانیاندا بکرێت.

- ئێوە ڕێککەوتنێکتان لەگەڵ پارتی ئەنجامدا، هیچ بەڵێنێکتان لەسەر پۆستەکان وەرگرتووە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: لە خولی ڕابردوودا ئێمە لەگەڵ حزبی شیوعی و ئاراستەی سێیەم و بەشێک لە کۆتاکاندا کە سەرجەممان خاوەنی ١٥ کورسی بووین لە پەرلەمان ڕێککەوتنێکمان هەبوو، بەڵام هیچ پۆستێکیان پێ نەداین، ئەمجارە ڕێککەوتنێکی پەرلەمانیمان لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستاندا کردووە، جارێ نازانین ئەنجامەکەی چۆن دەبێت، پرسی پۆستەکانیش سەردانیان کردووین و باسکراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا وەکو وردەکاریی هیچ باس نەکراوە.

- ئێوە داوای هیچ پۆستێکی دیاریکراوتان کردووە؟ یاخود بۆتان پێشنیارکراوە؟

محەمەدی حاجی مەحمود: نا، نە پێشنیارمان بۆ کراوە و نە ئێمەش داوای هیچ پۆستێکمان کردووە.

- چۆن لە پرۆسەی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەت دڕوانن؟

"ئەمەی دەکرێت هیچی یاسایی نییە"

محەمەدی حاجی محەمەد: پێویستبوو لەدوای هەڵبژاردنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، سەرۆکی پەرلەمان داوای لە گەورەترین کوتلە بکردایە بۆ پێکهێنانی حکومەت بۆ ئەوەی لەگەڵ حزبەکاندا کۆببێتەوە بۆ پێکهێنانی حکومەت و لەسەر پۆستەکان ڕێککەون، ئەمە تا ئێستا نەکراوە، ئەمەی ئێستا دەکرێت هیچی یاسایی نییە، حزب بڕیار لە پێکهێنانی حکومەت دەدات، بۆیە پێموایە دەسەڵاتەکان لە پەرلەمان وەرگیراوەتەوە و حزبەکان پێکەوە ڕێککەوتن دەکەن لە نێوانی خۆیاندا ئەنجام دەدەن.

س.ح