محەمەد عەبدوڵا: پارتی و تورکیا ڕێگایان نەدا بەشداری هەڵبژاردن ببین

هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، ڕایدەگەیەنێت، کە پارتی و تورکیا ڕێگربوون لەوەی بەشداری هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان بین، دەشڵێت: ئەو بڕیاری ڕێگریکردنە ئێمە گەورەتر دەکات و لە داهاتوودا ئەوە ڕووندەکەینەوە چۆن دەنگی خۆمان بەکار دەهێنین.


لەگەڵ ئەوەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان بڕیاریدا تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، بەشداری هەڵبژاردنەکان ببێت، بەڵام ئەنجومەنی دادوەری هەرێمی کوردستان بەشدارییکردنی تەڤگەری ئازادیی لە هەڵبژاردنی داهاتووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ڕەتکرەوە.

محەمەد عەبدوڵا، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادیی لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا، ڕوونکردنەوە لەسەر وردەکاریی دورخستنەوەیان لە هەڵبژاردن دەدات، بڕیارە سیاسیەکانی پشتی دروخستنەوەیان دەخاتەڕوو، هەروها باس لە هەڵوێستی پارت و لایەنە سیاسییەکانی دیکە دەکات لەبەرامبەریاندا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

 

-سەرەتا با لەوەوە دەست پێبکەین چۆن بوو ویستان بە سەربەخۆ بەشداریی لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستاندا بکەن، لەکاتێکدا بۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هاوپەیمانیتان هەبوو؟

"لەسەر داواکاریی گەل بوو"

محەمەد عەبدوڵا: لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەرفەتی ئەوەمان نەبوو بەتەنها بەشداری هەڵبژاردن ببین، لەبەر ئەوەی فریا نەکەوتین لەکاتی دیاریکراوی خۆیدا کۆنگرە ببەستین، بەڵام بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان زۆرێک لە لایەنگرنمان داوایان دەکرد بە تەنها بەشداری هەڵبژاردن ببین، بۆیە لەسەر خواتسی گەل بڕیارماندا بە تەنها بەشداری هەڵبژاردن ببین.

 

ـ چۆن زانیتان کە تەڤگەری ئازادیی ڕێگری لێکراوە بۆ بەشداری کردن لە هەڵبژاردن؟، کۆمسیۆن بە فەرمیی ئاگاداری کردن؟

"لە ڕاگەیاندنی پارتی-یەوە بیستمان"

محەمەد عەبدوڵا: ئێمە هەموو ڕێکارە یاساییەکانمان بۆ هەڵبژاردن گرتە بەر، بەپێی یاسای قەوارەی سیاسی مامەڵەیان لە گەڵدا کردین، کە دەبێت ٥۰۰ناو بدەین و بارمتە یاساییەکەشی بڕی۳۰ملیۆن دینارە، بۆیە ئێمە ئەنجامانندا وکۆمیسۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان بڕیاری پەسەندکردنی دا بە ژمارە ٢٣، هاوکات هیچ کێشەیەکی یاساییمان نەهاتە ڕێ، بەڵام دواجار ئێمە لە ڕاگەیاندنی پارتی-یەوە بیستمان کە تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان ڕێگای پێنادرێت بەشداری هەڵبژاردنەکان بێت.

 

ـ کەواتە بە چ تۆمەتێک دوورخرانەوە؟

"دەڵێن ڕێکخراوێکی مەدەنی تانەی لێداوین"

محەمەد عەبدوڵا: لە ڕاستیدا ئەوان وا نیشان دەدەن کە تانەیەک هەیە لەسەر ئێمە، دەمەوێت ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوە بدەم، ئەگەر تانە هەیە لەسەرمان دەبێت ئێمە بانگ بکرێین و پێمان بڵێن تانەکە چییە، بەڵام بەداخەوە بە بێ لێپرسینەوە تانەکەیان قبوڵ کردووە، ئەوان دەڵێن ڕێکخراوێکی مەدەنی لە هەولێر تانەی لە ئێمە داوە، کاتێک ڕێکخراوێکی مەدەنی دەتوانێت تانە لە کیانێکی سیاسی بدات، کە ئەو کیانە سیاسییە زیانی ڕاستەوخۆ بەو بگەیەنێت، بەڵام ناوی ڕێکخراوەکەمان پێناڵێن، ئەم ڕێکخراوە سکاڵایەکی سیاسی لەسەر ئێمە کردووە، دادگا هاتووە لە یاسادا جێگەی بۆ کردووەتەوە.

 

-هیچیان لەبارەی ئەوەوە پێنەوتوون کە رٍێکخراوەکە لە سکاڵاکەیاندا چییان نووسیوە؟

"هیچیان پێ‌ نەوتووین"

محەمەد عەبدوڵا: هیچیان پێ‌ نەوتووین، لەدوای ئەوەی کە لە زانیمان بڕیار دراوە بە بەشداریینەکردنمان سەردانی کۆمیسیۆنمان کرد، کۆمیسیۆن ئاگاداری ئەو بڕیارە نەبوو، ئینجا کۆمیسیۆن کەوتنە هەوڵدان بۆ ئەوەی بەدواداچوون بکەن، بەڵام ئەوانیش بوون بەبەشێک لەو پیلانگێڕییە، بڕیار بوو وەزارەتی ناوخۆ ئاگادار بکاتەوە لە بڕیارەکەی دادگا، بەڵام ئێمە سەردانی وەزارەتی ناوخۆمان کرد وتیان هیچ کتابێک بەو ژمارەیەیەی ئێوە باسی دەکەن نەهاتووە بۆ ئێمە، لەدوای ئەوە سەردانی کۆمسیۆنمان کردەوە، سەرۆکی کۆمیسیۆن دەڵێت من بە شۆفێرەکەی خۆمدا ناردوومە، کە ئەوە کارێکی هەڵەیە و پێویستە بەشێوەی فەرمی بینێرێت، ئەوە ئەوە دەردەخات کە ئەو بڕیارەی دژی ئێمە دراوە لەنێوان سەرکی کۆمسیۆن و وەزارەتی ناوخۆ و دەستەی دادوەرییدا دراوە.

بێجگە لەوە دەزگای دادوەری بە پێی یاسای ئەحزاب مامەڵەی لە گەڵ ئێمە کردووە، بەڵام ئێمە لە کۆمسیۆن بەپێی یاسای قەوارەی سیاسی خۆمان تۆمار کردووە، جیاوازی ئەو دوو شتە لەوەدایە کە ئەگەر ئێمە حزبی سیاسی بین پێویست نیە جارێکی تر ناوی ٥۰۰کەس بدەین بە کۆمسیۆن، واتا سەرلەبەری بڕیارەکەیان نایاساییە.

 

ـ ئەندامانی کۆمیسیارانی هەرێم بێجگە لە پارتی، چەن لایەنی دیکەی تێدایە، هیچ ڕاوێژێکتان لە گەڵ ئەوان نەکردووە؟

"لەژێر هەژموونی پارتیدان"

محەمەد عەبدوڵا: ئەو ئەندامانەی کۆمیسیۆن، کە گرێدراوی حزب و لایەنەکانی خۆیانن، هەموویان لەژێر هەژموونی پارتیدان، نەیانتوانیوە هەڵوێستی خۆیانن دەرببڕن، بەداخەوە باڵادەستی پارتی بەسەریاندا زاڵە.

 

-پێتوایە پارتی بڕیاری دورخستنەوەی ئێوەی لە هەڵبژاردن داوە؟

محەمەد عەبدوڵا: بەڵێ‌ ڕاستەوخۆ پارتی ڕێگر بووە، چونکە سەرۆکی کۆمیسیۆن و سەرۆکی دەستەی دادوەریی و وەزیری ناوخۆ هەرسێکیان پارتین، بڕیارەکە لە نێوان ئەو سیانەدا دراوە.

 

ـ کەواتە بۆچی پارتی ڕێگریی لە ئێوە دەکات؟

"چونکە هەڵوێستمان لە گەڵ زهنیەتی خێڵەکیی و بنەماڵەیی ئەوان نایەتەوە"

محەمەد عەبدوڵا: وەک تۆڵە بەرامبەر تێکۆشانی ئێمە دەیەوێت هەڵوێستێ بەو ڕەنگە دەرببڕێت، چونکە ئێمە لە ڕابردوو و ئێستا و داهاتووشدا هەڵوێستێکی نەتەوەییمان هەیە، لە هەموو ڕووداوەکاندا هەڵوێستی بوێرانەمان هەبووە، بۆنمونە لەکاتی ئەو ڕیفراندۆمە کە پارتی بە دەستی لایەنێکی دەرەکی بەڕێوەی دەبرد، هەڵوێستمان هەبوو وتمان ئەو ڕیفراندۆمە پیلانێکی ژەهراوییە وەک هەنگوین دەرخواردی گەل دەدرێت بۆیە بایکۆتمان کرد، لەلایەکی دیکەوە ئێمە زۆرترین هەڵوێستمان بەرامبەر ئەو داگیرکارییە هەیە، کە دەوڵەتی تورکیا بە دەستگیرۆیی و پێشەنگایەتی پارتی دەیکاتە سەر هەرێمی کوردستان، ئەمانە هۆکارن، هەروەها هۆکارێکی دیکە ئەوەیە کە ئێمە لەسەر هێڵی دیموکراتی و نەتەوەیی کار دەکەین، ئەوەش لەگەڵ بۆچونەکانی پارتی دیموکراتی کوردستاندا عێراق-دا یەک ناگرێتەوە، لە پێشکەوتنی دیموکراتییدا ئەقڵیەتی خێڵەکی و بنەماڵەیی و دیکتاتۆری لەناودەچێت، ئەوانیش ئەوە بە مەترسیی دەبینن بۆسەر خۆیان بۆیە لەهەموو قۆناغە جیاجیاکاندا پارتی نایەوێت ئێمە گەشە بکەین.

 

 ـ هەڵوێستی لایەنەکان چۆن بوو لەبەرامبەر بڕیاری دورخستنەوەی ئێوە لە هەڵبژاردن؟

"جگە لە نەوەی نوێ هیچ لایەنێک هەڵوێستی نەبوو"

محەمەد عەبدوڵا: تەنها جوڵانەوەی نەوەی نوێ‌ ئیدانەی ئەو کارەی کردووە و بە پڕۆسەیەکی نا دیموکراتی ناودەبات، بەڵام لایەنەکانی دیکە بێهەڵوێست لەبەرامبەر ئەو بڕیارەی لە دژی ئێمە درا، مێژوو ئەو بێدەنگیەیان لەسەر دەنوسێتەوە، چونکە بێدەنگبوون لەبەرامبەر بڕیارێکی نادیموکراتیدا دواجار یەخەی خۆشیان دەگرێتەوە، هەروەها بێدەنگبوونی حزب و لایەنەکان هێز دەداتە پارتی.

 

-ڕۆڵی تورکیا چیبوو لە دوورخستنەوەی ئێوە؟

"زۆرترین دژایەتیی ئێمە دەکات"

محەمەد عەبدوڵا: تورکیا هەم لە عێراق و هەم لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای ئەو دەسەڵاتانەی کە وابەستەی خۆیین، زۆرترین دژایەتی ئێمە دەکات، جێی شەرمەرزارییە بۆ لایەنە وابەستەکانی تورکیا  ڕێگریمان لێدەکەن، بەهەمان شێوەی هەرێمی کوردستان لە عێراقیش تورکیا ویستی ڕێگریی لە ئێمە بکات، بەڵام بۆی نەکرا لەبەر ئەوەی ئیرادەی سیاسی لە عێراق هەیە وەک هەرێمی کوردستان بە تەواوەتی ئیرادەی خۆیان تەسلیمی تورکیا نەکردووە.

 

ـ ئێستا کە ڕێگریتان لێکرا بەشداری لە هەڵبژاردندا بکەن، پلانی جێگرەوەتان چییە، دەنگەکانتان دەدەنە لایەنێکی دیکە یان بایکۆتی پڕۆسەکە دەکەن؟

"دەزانین دەنگی خۆمان چۆن بەکار دەهێنین"

محەمەد عەبدوڵا: لە داهاتوودا ڕوونکردنەوە لە سەر ئەوە دەدەین، بوونمان شتێکە و بەشداریمان لە هەڵبژاردندا شتێکی دیکەیە، ئێمە لە هەرێمی کوردستاندا دەژین، بوونمان هەیە بیرکردنەوەمان هەیە تێڕوانینمان بۆ ئایندە هەیە، لەبەر ئەوە ناکرێت دەنگمان نەبێت، دەزانین دەنگی خۆمان چۆن بەکار دەهێنین، ئەگەر ئەوان بیانەوێت ڕێگریی لە ئێمە بکەن بۆ ئەوەی دەنگمان نەبێت، ئێمە ڕێکاری دیکە دەگرینەبەر بۆ ئەوەی دەگمان بەکار بهێنین و لە ئایندەدا ڕوونکردنەوە لەسەر ئەوە دەدەین.

 

-کەواتە ئەو بڕیارە بە بەرژەوەندیی ئێوە دەشکێتەوە؟

"پارتی چەندە ڕێگریی بکات ئێمە گەورەتر دەبین"

محەمەد عەبدوڵا: بێگومان، هەتا ئەوان بەو شێوازە بجوڵێنە ئێمە تێکۆشانمان زیاتر دەکەین، بەوەش ئێمە گەورەتر دەبین، ئەوان چەند ڕێگری لە ئێمە بکەن ئێمە گەورەتر دەبین، ئێمە و لایەنگرەکانیشمان توندتر دەبین لەسەر خەباتکردن، ئەوەش ڕاستییەکە ئەوەی دەسەڵاتێکی گەندەڵ دژی بێت گەورەتر دەبێت.

 

 تەڤگەری ئازادیی کۆمەڵگەی کوردستان، پارتێکی سیاسییە لە باشووری کوردستان لە ۱۷/۱۰/۲۰۱٤دا دامەزراوە، لە شوباتی ۲۰۱٦ کۆنگرەی دووەمی بەستوو، لەساڵی ٢٠١٧ دا کۆنگرەی فەرمی بوونیان بەستووە و بوونەتە پارتێکی فەرمی لە سەرانسەری عێراق.

 

ش.ف