موسلیم: هێزێک له‌سه‌رده‌ستی زێره‌ڤانی دروستبووه‌ دوژمنانی له‌ناوخۆیدا کۆکردۆته‌وه‌‌


رۆژنیوز – گۆران پێنجوێنی

هاوسه‌رۆکی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی رایده‌گه‌یه‌نێت، که‌بوونی هێزی پیشمه‌رگه‌ له‌ رۆژئاوای کوردستان بۆنی شه‌ڕی براکوژی لێدێت و ده‌ڵێت:" هێزێک له‌سه‌ر ده‌ستی زێره‌ڤانی دروستبووه‌ دوژمنانی له‌ناوخۆیدا کۆکردۆته‌وه‌ "

ساڵح موسلیم، هاوسه‌رۆکی پارتی یه‌کێتی دیموکراتی له‌ چاوپێکه‌وتنێکی هاوبه‌شدا له‌گه‌ڵ ئاژانسی رۆژنیوز و گۆڤاری ئازادی کۆمه‌ڵگه‌، بارودۆخی رۆژئاوا و سوریای هه‌ڵسه‌نگاند.

له‌باره‌ی باشوریشه‌وه‌ ساڵح موسلیم، هیوای خواست که‌ هاوپه‌یمانی یه‌کێتی و گۆڕان هۆکارێک بێ پێکهێنانی یه‌کێتی کوردان و به‌ستنی کۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی و سه‌باره‌ت به‌ ژایه‌تی سۆرشی رۆژئاواش له‌لایه‌ن پارتی-یه‌وه‌ وتی: له‌ نێوان پارتی و تورکیا، هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بووه‌ وه‌ک بازرگانی و نه‌وت و پاره‌، ئیتر وه‌هایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی بۆ شه‌خسێک یان بنه‌ماڵه‌یه‌ک و پارتێک بووه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌بووه.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

بارودۆخی رۆژئاوای کوردستان و سوریا چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

"کورد قورسایی هه‌یه‌ و هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان لێی نزیک ده‌بنه‌وه‌"

-کاتێک له‌ سوریا شه‌ڕ قوڵ بوو، ئێمه‌ش وه‌ک کورد له‌و شه‌ڕه‌دا جێگامان گرت، ئێمه‌ له‌لایه‌ک شه‌ڕ ده‌که‌ین و له‌لایه‌ک سه‌رقاڵی تیمارکردنی برینه‌کانمانین، هێزه‌کانمان به‌هێزتر ده‌که‌ین، جێگای وه‌ک کۆبانی، سه‌رێ کانی و چه‌ندین ناوچه‌ی تر لێک هه‌ڵوه‌شاون و ئێستا خه‌ریکی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌یانین، له‌ منبیج شه‌ڕی دژوار هه‌یه‌ له‌لایه‌کی تره‌وه‌ هه‌ر رۆژ شه‌هیدمان هه‌یه‌، له‌ کانتۆنی جزیره‌، له‌لایه‌کی تریشه‌وه‌ ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ هه‌یه‌ وه‌تا دێتیش ره‌وش باشترده‌بێت و قورسایی کورد هه‌یه، هێزی نێوده‌وڵه‌تی و ئه‌وانه‌ی شه‌ڕی دژ به‌ داعش ده‌که‌ن، له‌ کورد نزیکده‌بنه‌وه‌، و پرۆژه‌ی کورد له‌لایه‌ن هێزه‌ نیوده‌وڵه‌تییه‌کانه‌وه‌ قبوڵده‌کرێت، ئه‌مه‌ش شتێکی باشه‌.

ده‌وڵه‌ته‌ هه‌رێمییه‌کان به‌تایبه‌ت تورکیا پاشانیش سعودیه‌ و قه‌ته‌ر چیان له‌سوریا ده‌وێت، ئه‌م ده‌وڵه‌تانه‌ چیان له‌ کورد ده‌وێت؟

" ده‌یانویست سوریا له‌سه‌ر پرۆژه‌ی خۆیان نوێبکه‌نه‌وه "

-تائێستا هیچ هێزێک و لایه‌نێک نه‌یانوتووه‌، که‌ چیان ده‌وێت، تورکیا بێت یان قه‌ته‌ر و سعودیه که‌سێک ناڵێت ئێمه‌ سوریایه‌کی چۆنمان ده‌وێت، به‌ڵام شتیک وترابیت ته‌نیا ئه‌وه‌یه‌، "با رژێم بڕوات" ئه‌مه‌ش نه‌ک ته‌نها رژێم هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ی سوریا و کوشتنی هه‌زاران که‌س و کۆچبه‌ربوونی ‌ملیۆنان که‌سه‌، به‌ڵام ئه‌گه‌ر سوریا هه‌ڵوه‌شێت و هه‌ڵنه‌وه‌شیت چ سودێکی بۆ وڵاتانی قه‌ته‌ر، تورکیا، سعودیه‌ هه‌یه؟،‌ بۆیه‌ کێشه‌ نه‌ک ته‌نها گۆڕینی رژێمه‌ و هه‌ریه‌که‌شیان بۆخۆیان پرۆژه‌یه‌کیان هه‌یه‌ نمونه‌ پرۆژه‌که‌ی تورکیا بۆ له‌ناوبردنی کورد بوو، پرۆژه‌ی سعودیه‌ و قه‌ته‌ر ره‌نگه‌ بۆ نه‌وت و غازبووبێت، تا له‌وێوه‌ ده‌ربازی سنوره‌کانی ئه‌وروپای بکه‌ن، ئه‌وان ده‌یانویست سوریا له‌سه‌ر پرۆژه‌ی خۆیان نوێبکه‌نه‌وه‌، دوای نه‌رۆشتنی رژێم، که‌ ئه‌وان وابیریان ده‌کرده‌وه‌‌ دوای شه‌ش مانگ یان ساڵێک رژێم بڕوات به‌تایبه‌تیش تورکیا ویستی به‌ پشتگیریکردنی گروپه‌ توندڕه‌وه‌کان و داعش کورد له‌ناوبه‌رێت، وه‌ک ده‌شزانین له‌ شه‌نگال و موسڵه‌وه‌ ده‌ستیپێکرد و هێرشیکرده‌ سه‌ر رۆژئاوا، به‌ڵام به‌رخۆدانی کوردان ته‌واوی پرۆژه‌که‌ی ئه‌وانی تێکدا، تائیستاش سعودیه‌ و قه‌ته‌ر هه‌ر به‌نیازی ئه‌وه‌ن رژێم بروات، به‌ڵام دوای رژێم چی رووده‌دات، که‌س نازانێت، هه‌روه‌ها حسابی نێوده‌وڵه‌تی هه‌بوو له‌سه‌ر سوریا هه‌ر که‌س له‌هه‌وڵدابوو، که‌ چۆن سوریا له‌ به‌ژه‌وه‌ندی خۆی به‌کاربێنێ و هیچ پرۆژه‌یه‌کیشیان نیه‌،‌ له‌سه‌ره‌تادا روسیا دووربه‌دوور هاوکاری رژێمی ده‌کرد، به‌ڵام ئێستا روسیا بۆخۆی که‌وتووه‌ته‌ ناو شه‌ڕی سوریا، هه‌ربۆیه‌ حسابی ئه‌وانیش تێکه‌ڵاو بووه‌ و به‌شوێن چاره‌سه‌رییه‌وه‌ن، تائیستاش نه‌یانتوانیوه‌ ئه‌و چاره‌سه‌ریه‌ بدۆزنه‌وه‌، هه‌ربۆیه‌ش له‌ناو هه‌موو هێزه‌ ناوخۆیی و ده‌ره‌کییه‌کاندا، که‌ پرۆژه‌یه‌کی باشیان بۆ سوریا هه‌بیت ته‌نها پرۆژه‌ی کورده‌ بۆ داهاتوو.

رۆژنیوز: دوای کردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی خۆبه‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دیموکراتی رۆژئاوا له‌ وڵاتانی ئه‌ورپا، ئێستاش ئاماده‌کاری کردنه‌وه‌ی نوێنه‌رایه‌تی ئه‌مریکا ئه‌که‌ن، کاریگه‌ریان چیه‌بێ له‌سه‌ر چاره‌نوسی رۆژئاوا؟

" بۆ ناساندنی کورد و پرۆژه‌ی کورد، نوێنه‌رایه‌تییه‌کانمان دامه‌زراند"

- له‌سه‌ره‌تادا خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتیمان دروستکرد له‌ سێ کانتۆندا، بۆئه‌وه‌ی بیناسێنین به‌ لایه‌نی ناوخۆی و نێوده‌وڵه‌تی نوێنه‌رایه‌تییه‌کانمان دامه‌زراند، نوسینگه‌مان له‌ مۆسکۆ، به‌رلین و پاریس کراوه‌ته‌وه‌ و ئیستاش ئاماده‌کاری ده‌کرێت له‌ شاره‌کانی تریش بکرێته‌وه‌ بۆ ئه‌وه‌ی زیاتر کورد و پرۆژه‌ی کوردان بناسن، به‌رده‌وامیش ده‌بین له‌ زۆرترین شوێن نوسینگه‌ بکه‌ینه‌وه‌ و ره‌نگه‌ له‌ ئه‌مه‌ریکاش نوسینگه‌مان هه‌بیت.

رۆژنیوز: سێیه‌مین کۆبوونه‌وه‌ی جنێف-یش تێپه‌ڕی، به‌ڵام کورد به‌شداری پێناکرێ، ئایا ئه‌مه‌ سیاسه‌تی دووڕوویی ده‌وڵه‌تان نیشان نادات له‌به‌رامبه‌ر رۆژئاوا؟

" تورکیا ئاسته‌نگی ده‌رده‌خات"

-له‌ دووڕوویی زیاتر شتی ترهه‌یه‌، له‌رسه‌ره‌تای ده‌رکه‌وتنی شه‌ر له‌ سوریا که‌س حسابی کۆ کورد نه‌ده‌کرد، ئه‌وان ده‌یانویست کورد له‌ سوریا جێگا نه‌گرێ، به‌ڵام دوای دروستبوونی به‌رخۆدانی کورد و نه‌رۆشتنی رژێم شتی نوێ ده‌رکه‌وت، بۆیه‌ ئه‌وانیش به‌ ئاسانی پیشوازی له‌ کورد ناکه‌ن، ئه‌مه‌ تێکۆشانێکی پێویسته‌ و ئێمه‌ش ئێستا تێده‌کۆشین، که‌س نه‌یتوانی داعش تێکبشکینێت ئێمه‌ تێکمانشکاند، له‌ بواری سیاسیشدا گه‌شتووینه‌ته‌ ئاستێکی باش، به‌و شیوه‌یه‌ خه‌یاڵه‌که‌نی ئه‌وان پوچه‌ڵبووه‌وه‌، ئه‌وانه‌ی دژی کورد ده‌رکه‌وتن بۆ کۆبوونه‌وه‌ی جنێف که‌سانێکن که‌ ‌ده‌یانه‌وێت کورد نه‌مێنێت، به‌ تایبه‌ت تورکیا، به‌ڵام نئێستا ئیتر بۆیان ده‌رکه‌وتووه‌ به‌ بێ کورد ناتوانن هیچ چاره‌سه‌رییه‌ک بۆ سوریا بکه‌ن.

رۆژنیوز: سیسته‌می دیموکراتی باکوری سوریا چۆن له‌لایه‌ن وڵاتانی ده‌ره‌وه‌ پشتگیری لێده‌کرێت؟

-پرۆژه‌ی ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کی به‌هێز و دیموکراسیه‌، داهاتووی سوریاشی تێدا ده‌بینین، یه‌کێک له‌وانه‌ش سوریا ناگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌می دیکتاتۆری و له‌ژێر رژێمێکی به‌عسدا نابیت، که‌واته‌ ده‌بێت سوریایه‌ک بێت هه‌موو چین و ره‌گه‌زه‌کان تێیدا دیموکراسیبن، بۆئه‌مه‌ش پرۆژه‌یه‌کی ترنیه‌ ته‌نیا پرۆژه‌ی ئێمه‌ش هه‌یه‌، کاتێک ده‌ڵێین پرۆژه‌ی ئێمه‌ فیدڕاڵیه‌ که‌س ناتوانێت بڵێت خراپه و دژبه‌ری بکات، بۆیه‌ دوربێت یان نزیک هه‌موو هێزه‌ ناوخۆیی و نیوده‌وڵه‌تیه‌ییه‌کان له‌سه‌ر ئه‌م پرۆژه‌یه‌ کۆک ده‌بن و سوریایه‌کی فیدراڵی داده‌مه‌زرێت.

رۆژنیوز: بوونی هێزه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کان له‌ رۆژئاوا له‌چوارچێوه‌ی پرۆژه‌ی سیاسی ئێوه‌یه‌؟

- ئه‌مڕۆ شه‌ڕێک له‌به‌رانبه‌ر داعش هه‌یه‌ داعشیش له‌ هه‌موو جیهاندا هه‌یه‌ و هه‌موو که‌سیش ده‌توانیت به‌رانبه‌ری شه‌ڕبکات، ئه‌وه‌ش ئاشکرایه‌ ئه‌وه‌ی ئه‌مڕۆ له‌سه‌ر خاکی رۆژئاوا شه‌ڕ ده‌کات کورده‌، سوریای دیموکراتیکه‌ که‌ کوردیشی تێدایه‌، ناردنی هێز بۆ سوریا بڕیارتی نه‌ته‌وه‌ یه‌کگرتووه‌کانی پێویسته‌، هه‌ندێک هێز هه‌یه‌ ده‌یانه‌وێت هاریکاری بکه‌ن و شه‌ڕی دژی داعش بکه‌ن ئه‌مه‌ش شتێکی ره‌وایه‌، به‌ڵام مانه‌وه‌شیان گرێدراوه‌ به‌ ره‌وشه‌که‌وه.

رۆژنیوز: پرۆژه‌ی فیدراڵی باکوری سوریا و سوریایی دیموکرات، هه‌روه‌ها خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری دیموکراتی چۆن یه‌کتری ته‌واو ده‌که‌ن؟

-وه‌ک وتم پرۆژه‌ی ئێمه‌ پرۆژه‌یه‌کی ته‌نیایه‌ یانی پرۆژه‌یه‌کی ترنیه،‌ ئه‌گه‌ر دیموکراتیان بوێت له‌م دیموکریاتیه‌ باشتر نییه‌، ئێمه‌ تائێستا سنورمان بۆ رۆژئاوا دانه‌ناوه‌ به‌نیازی ئه‌وه‌ش نین، چونکه‌ ئێمه‌ بانگه‌وازی سوریای دیموکراتی ده‌که‌ین پرۆژه‌که‌مان پرۆژه‌ی گه‌لان و بۆ ته‌واوی سوریایه‌، بۆیه‌ ده‌توانین هه‌موان پێکه‌وه‌ سوریایه‌کی دیموکراس و فیدراڵ دروستبکه‌ین، جا ئه‌مش چه‌ند به‌رده‌وامبێت و چه‌ند درێژببێته‌وه‌ ئه‌وه‌ له‌سه‌ر هێزه‌کانی تر ماوه‌ته‌وه‌.

رۆژنیوز: خه‌ڵکی باشوری کوردستان به‌گشتی پشتیوانیه‌کانی بۆ رۆژئاوا نیشانداوه‌، نزیکه‌ی 30 گه‌نجی باشووریش له‌ رۆژئاوا شه‌هید بووه‌، په‌یوه‌ندیتان له‌گه‌ڵ هێزه‌ سیاسیه‌کان چۆنه‌.؟

-بۆئێمه‌ سه‌ربه‌رزییه‌ که‌ گه‌نجه‌کانمان له‌ هه‌ر چوار به‌شی وڵات و هه‌موو دونیا هاتن به‌ره‌و ئه‌و به‌رخۆدانه‌، ده‌مه‌وێت ئه‌وه‌ش بڵێم تێکۆشانی رۆژئاوا ته‌نها بۆ رۆژئاوا نه‌بوو، به‌ڵکو بۆته‌واوی کوردستانه‌، ئه‌و سه‌رکه‌وتنانه‌ی له‌کۆبانێش به‌سه‌دان گه‌نجی ئێمه‌ی تێدابوو، ئه‌مه‌ش یه‌کێتی کوردانی دروستکرد، گه‌نجی باکور له‌ رۆژئاوا شه‌هیدبووه‌، به‌هه‌مان شێوه‌ش گه‌نجی رۆژئاوا له‌ باکور و رۆژهه‌لات شه‌هید بوون، که‌واته‌ کورد بته‌وێت و نه‌ته‌وێت گریدراوی یه‌کن، گه‌نجی باشوور بگره‌ له‌ 30 گه‌نجیش زیاتره‌ له‌ رۆژئاوا شه‌هیدبوون، نمونه‌ی شه‌هید باکور جیلۆ له‌ باشوور له‌ دایکبووه‌ له‌ شێخ مه‌سقود بۆ پاراستنی کوردان و‌ بۆپاراستنی مرۆڤایه‌تی شه‌هیدبووه‌، ئه‌مه‌ش هۆشیاری کورده‌، هیچ که‌سێک له‌وانه‌ی به‌شداری به‌رخۆدانی رۆژئاوابوون له‌ناو حزبه‌کان رایان نه‌کردووه‌ و هاتبێتن ته‌نیا لێره‌ به‌رخۆدانیک هه‌بووه‌ له‌ به‌رانبه‌ر داعش و ئه‌رکی خۆیان به‌جێهیناوه، ئێمه‌ش وه‌ک پارتی سیاسی ده‌مانه‌وێت له‌گه‌ڵ حزبه‌کان تیکه‌ڵاوییه‌کی باشمان هه‌بێت، بۆئه‌وه‌ی یه‌کێتی گه‌لان له‌ سه‌ر ئه‌م خاکه‌ به‌ڕێوه‌ده‌چێت.

رۆژنیوز: رێککه‌وتنی نێوان یه‌کێتی و گۆڕان چۆن هه‌ڵده‌سه‌نگێنن؟

" هه‌ر یه‌کگرتنێک له‌ناو دوو لایه‌نی کوردی هه‌بێ دڵخۆشکه‌ره‌"

- بێگومان نه‌خۆشی گه‌وره‌ی ئێمه‌ پارچه‌بونی کوردستانه‌، هه‌م له‌ناو خۆماندا و هه‌میش دووژمن کاریگه‌ری هه‌بووه‌، به‌هه‌زاران ساڵه‌ ئێمه‌ی کورد له‌ ناو خۆماندا شه‌ڕی یه‌کترمان کردووه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌یه‌ هه‌ر یه‌ک گرتنێک له‌ناو دوو لایه‌نی کوردی هه‌بێ یان دوو پارچه‌ی کوردستان بڕیارێکی دڵخۆشکه‌ره‌، وه‌کو ئێوه‌یش ده‌زانن پێش چه‌ن ساڵێک گۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی به‌سترا و به‌شێکی زۆری لایه‌نه‌ کوردیه‌کانیش تێدا به‌شداربوون، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ش سه‌ری نه‌گرت، پێشتر که‌ ناکۆکی له‌نێوان ئه‌و دوولایه‌نه‌دا هه‌بووه‌، ئێستا که‌ هاوپه‌یمانی ‌دروستبووه‌ زۆر باشه‌، ئێمه‌ هیوادارین پارته‌کانی تریش به‌شداری ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌ ببن، به‌شکو ئه‌وه‌ هاوکاری بێ بۆ دروستبوونی گۆنگره‌ی نه‌ته‌وه‌یی کوردستان، ئێمه‌ دڵخۆشین و پشتگیری خۆمانمان ڕاگه‌یاندوه‌ بۆ ئه‌و هاوپه‌یمانیه‌.

رۆژنیوز: پارتی دیموکراتی کوردستان- عێراق و ئه‌نه‌که‌سه‌ خۆیان ئه‌رکدار کردووه‌ بۆ دژایه‌تی شۆڕشی رۆژئاوا، نمونه‌ش داخستنی سنور و دروستکردنی پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا؟

-بێگومان په‌یامی جیاواز هه‌یه‌ په‌یامی ئه‌وان جیاوازه‌ و ئێمه‌یش په‌یامی جیاوازمان هه‌بوو، ئه‌وانیش ئازادن، به‌ڵام بۆ ئه‌رکی نه‌ته‌وه‌یی ئێمه‌ ده‌بێ یه‌ک ده‌نگ بین، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ی که‌ بووه‌ هه‌نێک به‌رژه‌وه‌ندی بووه‌، به‌تایبه‌ت له‌ نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق و تورکیا، هه‌ندێک به‌رژه‌وه‌ندی هه‌بووه‌ وه‌ک بازرگانی و نه‌وت و پاره‌، ئیتر وه‌هایه‌ به‌رژه‌وه‌ندی بۆ شه‌خسێک یان بنه‌ماڵه‌یه‌ک و پارتێک بووه‌ بۆ نه‌ته‌وه‌یه‌ک نه‌بووه‌، هه‌تا ئێستا بڕیاری ڕۆژئاوا گه‌لی ڕۆژئاوا ده‌یدات، کاتێک ده‌نگێک ده‌رده‌که‌وێ له‌ دژی ئێمه‌ شتێکی باش نیه‌، تۆیش باستکرد بۆنمونه‌ گرتنی سنور و داخستنی سمێڵکا، تورکیا سنور داده‌خات ئه‌و دووژمنه‌، به‌ڵام تۆ بۆچی دایده‌خه‌یت، بۆئه‌وه‌ی پێداویستیه‌ سه‌ره‌تاییه‌کان نه‌گاته‌ ڕۆژئاوا ئه‌وانه‌ باش نیه‌، ئێمه‌ شه‌ڕده‌که‌ین له‌ شه‌ڕدا شه‌هیدمان هه‌یه‌ ئه‌وانه‌ زۆر خراپ نین، به‌ڵام له‌به‌ر نه‌بوونی پێداویستی پزیشکی شه‌ڕفانێک شه‌هید ببێ ئه‌وه‌ خراپه‌، جاری واهه‌بوه‌ به‌مانگ نه‌یان هێشتووه‌ پێداویستی پزیشکی له‌ سه‌ر سنور تێبپه‌ڕێت، ئێمه‌ هیوادارین ئه‌و شته‌ نه‌بێ، دوای ئه‌وه‌ بۆ ئه‌نه‌که‌سه‌ ده‌مه‌وێ بڵێم بته‌وێ و نه‌ته‌وێ ئه‌مڕۆ له‌ ڕۆژئاوا سیسته‌مێک دروستبووه‌، له‌و سیسته‌مه‌دا بڕیاردان هه‌یه‌ با بڵێین ئه‌گه‌ر ئێمه‌یش نه‌بین هه‌ر ده‌بێ سیسته‌مێک هه‌بێ له‌ رۆژئاوای کوردستاندا، بۆیه‌ ده‌بێت هه‌موان به‌گشتی له‌گه‌ڵ ئه‌و سیسته‌مه‌دا بین، بۆ به‌رژه‌وه‌ندی سوریایه‌کی نوێ، تا ئیستا ئه‌وان ئه‌و سیسته‌مه‌یان قبوڵنییه،‌ چونکه‌ تائیستا یاسایه‌کی حزبیان هه‌یه،‌ ئێمه‌یان ‌وه‌ک په‌یه‌ده، که‌‌ پارتێکی شه‌هیدانه‌ قبوڵ نیه‌، یانی بۆچی ئه‌و سیسته‌مه‌ قبوڵناکه‌ن بۆچی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ قبوڵ ناکه‌ن، له‌کاتیکدا ئێمه‌ هاوپه‌یمانی هه‌ولێرمان دروستکرد له‌ دهۆک به‌ستمان فه‌رموومان لێکردن بۆ به‌شداریکردن له‌و هاوپه‌یمامنیه،‌ به‌ڵام ئه‌وان خۆیان دایه‌ لایه‌ک بۆئه‌وه‌ی ئه‌وسیسته‌مه‌ نه‌بیت یانی وتنێکیان هێنایه‌ زمان که‌ ئه‌و وتنه‌ تورکیا ده‌یڵێت، بۆیه‌ ئه‌وه‌ش باشنییه‌، هیوادارین ئه‌مانه‌ باشبن و راست بێته‌وه‌ له‌نزیکترین کاتدا بۆئه‌وه‌ی شتێک بۆ گه‌له‌که‌مان بکه‌ین.

رۆژنیوز: چه‌ند لایه‌نی سیاسی به‌شدارن له‌ ئیداره‌ی رۆژئاوا؟

-پارته‌کان هه‌ن سه‌ره‌کیان ئه‌وانه‌ن، که‌ له‌ناو ته‌ڤده‌مداهه‌ن له‌ده‌ره‌وه‌ی ئه‌وه‌ش چه‌ند پارتیکی تر هه‌یه‌ له‌ناو به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی، نزیکه‌ی حه‌وت پارت-یش هه‌ن ئۆپۆزسیۆنن، به‌ڵام سیسته‌میان قبوڵه‌، ئه‌مه‌ش کارێکی پیرۆزه‌، به‌ڵام ئه‌نه‌که‌سه‌ و پارتی دیموکراتی کوردستان-سوریا ئه‌وانه‌ نه‌ک هه‌رئێمه‌ به‌ڵکو سیسته‌میش قبوڵناکه‌ن تائێستاش نه ‌ئه‌وه‌تا به‌شداربن له‌ ئاوه‌دان کردنه‌وه‌ نه‌ئه‌وه‌شن وه‌ک ئۆپۆزسیۆنێکی باش رۆڵیان هه‌بێت.

رۆژنیو: هێزه‌کانی یه‌په‌گه‌ و یه‌په‌ژه‌ و قه‌‌سه‌ده‌، هێزی پاراستنی رۆژئاوا و باکوری سوریان و سه‌رکه‌وتوبوون له‌ به‌رگریکردن، پارتی و ئه‌نه‌که‌سه‌ بۆچ مه‌رامێک ده‌یانه‌وێت چه‌کداره‌کانیان بنێرن بۆ رۆژئاوا؟

" بوونی پیشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا، بۆنی شه‌ڕی براکوژی لێدێت"

- کاتێک یه‌په‌ژه‌ و یه‌په‌گه‌ دامه‌زرا و دواتر به‌رفراوان بوو ئه‌مانه‌ بۆخۆیان فه‌رماندارییه‌کی هه‌یه‌، ئێستاش پێشمه‌رگه‌ی رۆژئاوا، ئه‌وانه‌ نه‌پێشمه‌رگه‌ن نه‌هی رۆژئاواشن چونکه‌ نه‌بوون ئه‌مانه‌ له‌لایه‌ن هێزی تره‌وه‌ په‌روه‌رده‌کراون ئه‌وانه‌شی په‌روه‌رده‌کراون پێشمه‌رگه‌نین، وه‌ک ئاشکراشه ‌لای هه‌موان وه‌زاره‌تی پێشمه‌رگه‌ چه‌ند جار رایگه‌یاند، که‌ ئه‌وانه‌ سه‌ر به‌ئێمه‌نین! پێشمه‌رگه‌ و یه‌په‌گه‌ ده‌توانن پێکه‌وه‌ هاوکاری بکه‌ن، به‌ڵام هێزێک له‌سه‌ر ده‌ستی زێره‌ڤانی دروستبووه‌ هه‌رچی دوژمنی رۆژئاواهه‌ن له‌خۆیان کۆکردۆته‌وه‌ به‌ دوژمنکانی تورکیشه‌وه‌ بێگومان ئه‌مه‌ش ئامانجیکی خۆی هه‌یه‌، ئێمه‌ش ده‌ڵێین کێشه‌نیه‌ ئه‌و گه‌نجانه‌ی له‌ناویاندا هه‌یه‌ ده‌توان به‌شداری ئاسایش ببن ده‌توانن به‌شداری یه‌په‌گه‌ ببن و ئه‌و فه‌رمانده‌ییه‌ قبوڵبکه‌ن بێگومان که‌سێکیش شتێک به‌وان بڵێت نییه‌، به‌ڵام هێزێک به‌م دوژمنایه‌تیه‌ دامه‌زرابێت، که‌ 10 که‌س بن یان 20 که‌سبن جیاوازی نیه‌، به‌ڵام به‌م شێوه‌یه‌ بۆنی شه‌ڕی براکوژی لێدێت، ئێمه‌ش له‌باشوور ته‌جروبه‌مان زۆر هه‌یه‌ و نامانه‌وێت دووهێز بونیان هه‌بێت.

رۆژنیوز: هێلی سێیه‌م له‌سیاسه‌ت له‌ رۆژئاوا ئه‌نجامی گرتووه‌، له‌مه‌و به‌دوا ئه‌و هێڵه‌ سیاسیه‌ چۆن به‌رده‌وامی پێده‌ده‌ن؟

-له‌ سوریادا دووبه‌ره‌هه‌بوو به‌ره‌یه‌کیان رژێمه‌، که‌ جه‌ندین ساڵی تیکۆشان ده‌که‌ین له‌ به‌رامبه‌ریدا، ئه‌وی تریان ئه‌و ئیسلامیانه‌ی ئیمارات و سعودییه‌ ده‌عمیان ده‌کردن یانی ئیمه‌ له‌و نێوه‌نده‌داین، دوو رێگه ‌هه‌بوو هیچیان بوونی تۆیان پێ قبوڵ نییه‌، بۆیه‌ ئێمه‌ش بڕیاری رێگه‌ی ژیانمان دا رێگای پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لانمان هه‌ڵبژارد، هێڵی سێیه‌مین ئه‌مه‌بوو، ئه‌مڕۆ جیهان له‌به‌رانبه‌ر توندڕه‌وه‌کانی وه‌ک داعش ده‌جه‌نگن خۆ ئێمه‌ش ناتوانین بڵێین ئێمه‌ سه‌ربه‌خۆین، ئێمه‌ش له‌گه‌ڵ ئه‌وانین بۆ جه‌نگ له‌دژی تیرۆر و ئه‌مڕۆش سه‌رکه‌وتن ده‌بینین له‌مه‌ڕ ئه‌و سیاسه‌ته‌ی هه‌ڵمانبژارد و به‌رده‌وامیشین له‌ دیموکراسی و پێکه‌وه‌ژیانی گه‌لان و ئومێده‌واریشین شتی باشتر به‌دیبهێنین بۆ گه‌له‌که‌مان.

ش.ف