موعینی: خۆمان وەک هێزێکی ئەلتەرناتیڤ دەبینین

سیامەند موعینی، هاوسەرۆکی پژاک دەڵێت، ئێمە وەک پژاک ڕێگا بەوە نادەین کە هیچ هێزێک ڕێگری لە ڕەوتی پێشکەوتن خوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت، دەشڵێت: بۆ چارەسەریی کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، خۆمان وەک هێزێکی ئەلتەرناتیڤ دەبیبنین


پژاک و کۆدار قۆناغی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان وردبینانە دەخوێننەوە، لە مانگی ڕابردوودا پرۆژەیەکی هاوبەشیان بۆ چارەسەرکردنی کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان خستەڕوو، دوای تێپەڕبوونی مانگێک بەسەر پرۆژەی هاوبەشی کۆدار و پژاک دا، لە ١٢ی ئەم مانگە پژاک لە ١٠ خاڵدا هەنگاوەکانی جێبەجێکردنی نەخشەڕێگاکەیانی ڕاگەیاند، لەوچوارچێوانەدا سیامەند موعینی هاوسەرۆکی پژاک بۆ ڕۆژنیوز دەدوێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-مەبەستی پژاک و کۆدار لە ئاراستەکردنی پرۆژەی هاوبەش بۆ چارەسەریی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران و پاشان ڕاگەیەندراوە ١٠ خاڵییەکە چییە؟

"بابەتی ئەساسی بۆ پژاک ڕۆژهەڵاتی کوردستانە"

سیامەند موعینی: لەگەڵ کۆداردا پرۆژەیەکی هاوبەشمان هەبوو کە لە چوار چێوەی ئێراندا بڵاومان کردەوە، لەو پرۆژەیەدا وەک و دوالیتەی کوردستان - ئێران ئەوەمان لەبەرچاوگرت، کە پرۆژەیەکی درێژخایەنمان بۆ ئێران هەیە، بەڵام بابەتی ئەساسی بۆ پژاک ڕۆژهەڵاتی کوردستانە، لە پێشتریشدا تێکۆشانمان ئەوە بووە کە هێزە سیاسییەکان یەکبخەینەوە و لە چوار چێوەی ڕێکخستن کردنی کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان کار و خەباتمەن بەڕێوەبردووە، هەوڵی ئەوەشمان داوە کە بە فۆرمیلێک دەتوانین کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە ڕێکخستن بکەین.

"پژاک پرۆژە پێشنیارێکی ١٠ خاڵی هەیە، ئێمە ئەو پرۆژەیەمان بۆ ئەوە پێشکەش کردووە کە بتوانین زیاتر سەرنج بخەینە سەر یەکگرتوویی لایەنە سیاسییەکان و بە سیاسەتێکی هاوبەش لە بوارە جیاوازەکاندا خەبات و تێکۆشان بکەین"

"کورد بە یەکگرتووی دەتوانێت پێشەنگایەتی شۆرش لە ئێراندا بکات"

"ئەم خاڵانەمان بە گونجاو بینی کە بۆ ئەو گۆڕنکاریانەی لە ئێراندا دێنە پێشەوە، هەرەوەها پێویستە ئێمە وەک گەلی کورد ئامادەکارییەکی باش بکەین، بۆ ئەوەی بتوانین ببینە ئەکتەرێکی ئەساسی لە ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستاندا و بشتوانین وەک گەلی کورد ڕۆڵێکی کاریگەرمان لەسەر ئاستی ئێرانیشدا هەبێت، گەلی کورد دەتوانێت بە یەکگرتووی پێشەنگایەتی شۆرش لە ئێراندا بکات".

-پژاک دۆخی ئێستای ئێران و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست چۆن دەنرخێنێت؟

"ئێستادا گەلی کورد توانیویەتی ببێتە خاوەن ئیرادەی خۆی"

سیامەند موعینی: دەوڵەتی سەر دەست لە ئێراندا بە زهنیەتی شۆفێنی و نەتەوە گەراییەوە هەوڵی ئەوەیدا کە ئیرادەی گەلی کورد و گەلانی دیکەی ئێران بشکێنێت، بەڵام لە ئێستادا گەلی کورد توانیویەتی ببێتە خاوەن ئیرادەی خۆی، هەربۆیە گەلی کورد پێویستە زیاتر باوەری بەخۆی هەبێت و ئیرادەی ئەوەی لەلا دروستبێت کە دەتوانێت ببێتە ئەو هێزە سەرکییەی کە دەتوانێت کێشەکانی ئێران چارەسەر بکات.

"گرنگە کە گەلانی ئازادیخواز بتوانن خۆیان بەڕێکخستن بکەن"

"پژاک پێیوایە لە ئێستادا پرۆژەیەکی نوێ بۆ دیزاین کردنەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دادەمەزرێت، بەرژەوەندییەکانی دەوڵەت نەتەوەکانی وەک ئێران و تورکیا کە لەسەدەی بیست دامەزراون، لەگەڵ ئەم سەردەمەدا ناگونجێت، پژاک ئەوەش ئاشکرا دەکات کە لەم قۆناغەدا جیاوازیەکی زۆر لە نێوان وڵاتە زلهێزەکانی جیهان و دەوڵەت نەتەوەکان هەیە و بەرژەوەندییەکانیان یەکناگرێتەوە، گرنگە کە گەلانی ئازادیخواز بتوانن خۆیان بەڕێکخستن بکەن و بە ئیرادەی خۆیان خۆیان بەڕێوەببەن و سیستەمی خۆیان بونیاد بنێن"

-فشارەکانی کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و بەتایبەتی ئەمریکا چۆن کاریگەری دەکاتە سەر حکومەتی ئێران؟

"فشاری جدی دروستکردووە"

سیامەند موعینی: ئەو گەمارۆ سیاسی و ئابوریانەی کە لەلایەن ئەمریکاوە خراوەتە سەر ئێران گوشارێکی جدی لەسەر ئێران دروست کردووە، ئەو فشارانەی کە لەسەر ئێران هەیە لەناو کۆمەڵگای ئێراندا بە گرانبوونی نرخی شتومەک و بەرزبوونەوەی بەهای دۆلاری ئەمریکا ڕەنگی داوەتەوە، سیستمی ئێران سیستمێکە کە لەدەرەوەی زمانی شەڕ و توڕەیی هیچ جۆرە زمانێکی دیکەی قبوڵنەکردووە، سیستمی ئێران هەتا ئێستا دیالۆگێکی لەگەڵ گەلانی خۆی نەکردووە و هیچ کاتێک نەبووە کە کۆماری ئیسلامی گەل موخاتەب بگرێت.

"چیتر گەلانی ئێران ئەو سیستمەیان ناوێت"

"ئەمریکا لەم دەرفەتە سود وەردەگرێت و گۆشارەکانی خۆی بۆسەر ئێران زیاتر دەکات و هەوڵی بنەبڕکردنی سیاسەتی ئێران بەسەر وڵاتی ناوچەکەوە دەدات، بەمەش دەیانەوێت ئێران بکێشنەوە ناو جوگرافیای ئێرانەوە و لە وڵاتانی دیکە بیهێننە دەرەوە، خۆپیشاندانەکانی ساڵی ڕابردوو بە ئێستاشەوە نیشانەی توڕەیی خەڵکە، ئەو توڕەییەش بەو مانایە دێت کە چیتر گەلانی ئێران ئەو سیستەمەیان ناوێت"

-هەڵوێستی گەلی کورد لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بەرامبەر بەو دۆخە دەبێت چۆن بێت؟

"کورد ئامادە نەبێت دوادەکەوێت"

سیامەند موعینی: ئەگەر لە قۆناغی ئێستادا کورد ئامادە نەبێت، لە ڕەوتی پێشکەوتنی ئاڵوگۆڕییەکان دوا دەکەوێت و جیلێک یان چەند جیلێکی دوای ئێمەش وەک قۆناغی دوای سایسکس پیکۆ ژیان دەکەن، ئێمە وەک پژاک ڕێگا بەوە نادەین کە هیچ هێزێک ڕێگری لە ڕەوتی پێشکەوتن خوازی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بگرێت، ئێمە لە بەرامبەریدا دەوستینەوە.

"ئێستا ئیرادەی گەلی کورد بەدەست هێزە شۆرشگێڕەکانەوەیە"

"چونکە ئێستا ئیرادەی گەلی کورد بەدەست هێزە شۆرشگێڕەکانەوەیە و هەمیشە ڕەوتی شۆڕشگێری بەردەوام لە پێشکەوتن دایە و مەیدان لە داگیرکەران و کۆنەپەرستان دەگرێت و چی دی ڕێگە بە کۆیلەتی گەلی کورد نادات"

-پشتگیری و دژایەتییەکانی لایەنەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان بۆ نەخشەڕێگاکەی کۆدار و پژاک چۆن دەنرخێنن؟

"هەوڵی ڕەشکردنمان دەدرێت"

سیامەند موعینی: پژاک پێیوایە کە هەندێک لایەن لەگەڵ پرۆژەکەی پژاک و کۆدار دایەو هەندێک لە لایەنیش لە دژی ئەو پرۆژەیە دەوەستنەوە، لەگەڵ ڕاگەیاندنی نەخشەڕێگای پژاک و کۆداردا لەلایەن هەندێک گرووپ تەنانەت خودی دەزگای ئیتلاعاتیشەوە هەوڵی ڕەشکردنمان درا، کە گوایە پژاک و کۆدار لەگەڵ مانەوەی کۆماری ئیسلامی دان، ئێمە وەک پژاک لەبری ئەڵتەرناتیفێکی سیستم قسە دەکەین، گرنگ تەنیا ڕوخاندنی سیستم نییە، گرنگ ئەوەیە کە کۆمەڵگەی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە سیستمێکی مۆدێرنەی دیموکراتی بژین.

"پاشایەتی ڕوخا، چونکە ئەلتەرناتیڤ نەبوو خومەینی هاتە سەر دەسەڵات"

"لە ساڵی ١٩٧٨ سیستمی پاشایەتی ڕووخا، چونکە ئەڵتەرناتیفێک نەبوو کۆماری ئیسلامی و خومەینی هاتە جێگای سیستمی شاهەنشایی ئێران، ئەمەش ڕەوشی خراپی کۆمەڵگای خراپ تر کرد، ئێستاش کۆماری ئیسلامی برووخێت یان بمێنێت گرنگیەکی ئەوتۆی نییە، گرنگ ئەوەیە کە کۆمەڵگای ئێران بەتایبەت کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بتوانێت بە مۆدێڵێکی دیموکراتی خۆی بەڕێوەببات، ئەگەر کۆمەڵگا بتوانێت خۆی خۆی بەڕێوەببات ئەوا لەو سیستمدا عەدالەتی کۆمەڵایەتی هەیە و هیچ جۆرە گەندەڵییەک دەرناکەوێت، چونکە هەر کەس خەم خۆری خۆیەتی".

-ئەرکی تاکی کۆمەڵگا بۆ پێشخستنی بەدیموکراتیکردنی کۆمەڵگا چییە؟

"ئەوە تەنها کاری پارتێک نییە"

سیامەند موعینی: پژاک بە پرۆژەکانی خۆی ئەرکی تاک و لایەنکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان دەستنیشان دەکات، پژاک بە پێویستی دەزانێت کە دەبێت هەر کەس لە ناو هەوڵداندابێت، بەرەو پێشبردنی ڕەوتی ئازادیخوازی گەلی کورد تەنها کاری پارتیەکی سیاسی نییە، دەبێت ڕۆشنبیران و لاوان و ژنان ڕێگا بەوە نەدەن کە هیچ حیزبێک بە شکڵی دۆگماتیکەوە پێداگری بکات ڕەوتی شۆرشگێری کۆمەڵگا بە لاڕێدا ببات، لە هەرکوێ مەترسی قۆرخکاری ڕەوتی شۆڕشگێری هەبوو، دەبێت بەهەمووانەوە بەرنگاریان ببینەوە.

لەو ناوەدا ڕۆڵی ڕۆشنبیران چییە؟

"دەبێت ڕوناکبیر ڕێنمایی لایەنە سیاسییەکان"

سیامەند موعینی: ڕوناکبیران پێویستە ڕۆڵی خۆیان لەم قۆناغەدا بگێڕن، ڕوناکبیر بەمانای ئەوە نایەت کە کەسێک مەقالەیەک بنوسێت و لە مەدیای مەجازیدا بڵاوبکرێتەوە، ڕوناکبیران ڕۆڵی ئەساسیان هەیە لەوەی کە ڕێنمایی حزبە سیاسیەکان بکەن و کۆمەڵگای خۆیشی هۆشیار بکاتەوە، ئەمە ئەرکی ڕوناک بیرانە دەبێت ڕوناکبیران بە ئەرکی خۆیان هەڵستن و ڕەوتی ئازادیخوازی کۆمەڵگا بەرەو پێشەوە بەرن.

-پژاک چی بە ئەرکی خۆی دەزانێت لەم قۆناغەدا؟

"هەوڵەکانمان چڕ دەکەینەوە بۆ ئەوەی گەلەکەمان سەربەرزانە بژی"

سیامەند موعینی: ئاڵوگۆڕییەکان هەتا دێت بەرەو پێشەوە دەچێت، ئێمە لە ناو ئەو ئاڵوگۆریانەدا بێگومان بە ڕەوتی شۆرشگێریی خۆمان ڕۆڵمان دەبێت، تەنها بەڕەوتی شۆرشگێری دەتوانێت کوردستانێکی ئازاد و سەربەخۆ دەستەبەر بکەین، هەر کەس هێزە و دەبێت هەر کەس لەلای خۆیەوە خزمەت بە گەل و نیشتیمان بکات، ئێمەش هەوڵەکانمان چڕتر دەکەینەوە بۆ ئەوەی گەلی کورد لە نیشتیمانێکی سەربەرزدا بەدەر لە گەندەڵی و ناعەدالەتی کۆمەڵایەتی بەو پەری شکۆمەندیەوە بژی.

س.ح