مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: تەنها بەیەکێتی نەتەوەیی کێشەکانمان چارەسەردەبێت

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان، سەرۆک عەشرەتی جاف ئاماژە بەوەدەکات تەنها ڕێگا بۆ گەیشتنی کورد بە ئامانجەکانی یەکێتی نەتەوەییە، دەشڵێت: چەندین جار هەوڵی دروستکردنی یەکێتی و یەکڕیزییان داوە لەنێوان لایەنەکاندا.


مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان، کوڕی کوێخا سمایلی تەلان، کە ئێستا سەرۆکایەتی عەشرەتی جاف دەکات، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا باس لە ڕۆڵی عەشرەتەکان دەکات لە بزوتنەوەی ڕزگاریی خوازی گەلی کورد دا، هەروەها باس لە دۆخی ئێستای کوردستان و گرنگی یەکبوون و یەکڕیزی گەلی کورد و یەکێتی نەتەوەیی کورد دەکات.

  • ڕۆڵی عەشرەت لە مێژوودا چی بووە لە بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەکی کورددا، بەتایبەت عەشرەتی جاف؟

"ئەوکاتە حزب نەبووە بۆیە عەشرەت ڕۆڵی بینیوە"

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: عەشرەت ڕۆڵی گرنگی هەبووە لە سەردەمی شێخ سەعیدی پیران و قازی نەمر و شێخ مەحمودی نەمر، لەبەر ئەوەی ئەوکاتە حزب نەبووە بۆیە عەشرەت ڕۆڵی بینیوە، بەپێی توانای خۆیان ڕۆڵیان هەبووە، وەک عەشرەتی جافیش، لە باشوری کوردستان کە شیخ مەحمودی نەمر دەستی بە شۆڕش کردووە، ئێمە بەشدارییمان لەگەڵ کردووە، لەدوای ئەوەی حوکمی مەلیکی نەما و شۆڕشی ساڵی ١٩٥٨ ڕوویدا، بارودۆخی کوردستان بۆ ماوەیەک باشبوو، بەڵام دواتر بارودۆخەکە خراپبوو شۆڕشی ئەیلول هەڵگیرسا، لەم ناوچەیەی ئێمەش عەشرەتەکان بەشداریی شۆڕشیان کرد، بەتایبەت عەشرەتەکانی میراودەلی و ئاکۆ و بلباس و جاف، عەشیرەتی جاف یەکەم سەنگەری لێدا بەرامبەر سوپای عێراق لە چەمچەماڵ لای شێوە سوور، هەروەها یەکەم شەهیدی شۆڕشی ئەیلوول مامی من بوو، کە ناوی کاکە حەمەی تەلانی بوو، کە لەوشەڕەدا شەهیدبوو، دواترعزیزی حاجی نەجم، ئەحمەد شەریف دەناری و فەقێ عەبدوڵای شەهیدبوون.

هەرچەند لە سەردەمی شۆڕشی ئەیلولدا حزب هەبوو، بەڵام نەچووبووە ناو خەڵکەوە بۆیە عەشرەتەکان زیاتر ڕۆڵیان هەبوو.

  • لەئێستادا عەشرەتگەرایی چی بەسەر هاتووە؟

"پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو عەشرەتەکان بەهێزە"

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: عەشرەت گەری بریتییە لە پەیوەندییەکی خۆشەویستی نێوان خزم و کەسەکان، لە ئێستاشدا پەیوەندی نێوان تاکەکانی ناو عەشرەتەکان بەهێزە، زۆرجار بەهۆی دابڕانی سیاسی و جوگرافییەوە پەیوەندییەکان لاوازبوون بەڵام دواتر کە بارودۆخ گونجاوبووە دیسان عەشرەتەکان بەهێز بوونەتەوە.

- یەکێک لە بنەماکانی عەشرەت گەرایی یەکگرتنە، چەند گرنگە ئەو یەکگرتووییە بگوازێتەوە بۆ نێوان لایەنەکان و خەڵکی کوردستان؟

"خۆیان باش دەزانن کە دەبێت یەکگرتووبن"

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: حزبەکان بە کەم و زۆرەوە ئەوان سەرکردایەتی ئەم خاک و نیشتیمانە دەکەن، ئەوان خۆیان باش دەزانن کە دەبێت یەکگرتووبن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە بێ ئەوەی کەس پێمان بڵێت کۆبووینەتەوە و ڕۆشتووین پێمانوتوون کە دەبێت یەکگرتووبن، چونکە ئەگەر یەکگرتوو نەبین دوژمن زاڵدەبێت بەسەرماندا لاوازدەبین، تا ئەندازەیەک هەوڵەکانیشمان ڕۆڵی هەبووە، زۆر جاریش هەوڵەکانمان جێگەی نەگرتووە، بەڵام پێمان وتوون ئەگەر ئێوە خۆتان لەسەرەوە ڕێک نەبن گلەیی چی لە میللەت دەکەن، هەروەها وتوومانە ئەگەر ئێوە ڕێکبن هەموو شتەکان ڕێک دەبێت.

  • وەڵامیان چی بووە؟

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: سوپاسیان کردووین، وتویانە سوپاسی هەوڵەکان و نیشتیمان پەروەریتان دەکەین. 

  • هیچ ئەنجامێکی هەبووە، ئێستا تەبایی بەدیدەکەن لەناو حزبەکاندا؟

"هیوادارم پەند لە مێژوو وەربگرین"

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: ئومێد دەکەم وانە وەرگیرابێت لەو هەموو نەهامەتییەی بەسەر گەلی کورددا هاتووە، هێندە نا عەدالەتی بەرامبەر کورد کراوە وامان لێهاتووە خۆشمان نا عەدالەتی بەرامەر بەیەک دەکەین، هیوادارم پەند لە مێژوو وەربگرین، چونکە ئێمە میللەتێکی بێ پشتیوانین، ئەبێت باش بزانین بە یەکبوون و یەکتر قبوڵکردن نەبێت هیچ بەدەست ناهێنین ئەوەی بەدەستیشی بهێنین لەدەستمان دەچێت.

- چەند گرنگە یەکێتی نەتەوەیی دروستبکرێت؟

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: یەکێتی نەتەوەیی شتێکی زۆر پیرۆزە، هەموو نەتەوەیەک یەکێتی نەتەوەیی خۆی هەیە، بۆ ئێمە یەکێتی نەتەوەییمان نەبێت.

  • بۆ نیمانە؟

"لەبەر ئەوەی تەبانین"

مەحمودی کوێخا سمایلی تەلان: لەبەر ئەوەی تەبانین، هەروەها لەبەر ئەوەی دابەش کراوین و هەر هێزیک کە لە ناوچەکەدا هەبووە کوردی چەوساندووەتەوە، ئێستا کە دنیا گۆڕاوە پێویستە میللەتی کوردیش هەوڵی یەکێتی نەتەوەیی بدات و کۆتایی بە ناکۆکییەکان بهێنن، یەکترقبوڵکردن و نیشتیمانپەروەریی لە هەموو شتێک گرنگترە، چونکە ئەوە تەنها دەتوانێت چارەسەری کێشەکانمان بکات، هیوادارم ئەم میللەتەی ئێمەش بە خۆیدا بچێتەوە و ئەگەر تەبا نەبین و یەکێتی نەتەوەیی دروستنەکەین دواماندەخات، وە ئێستاش باشترین کاتە بۆ یەکێتی نەتەوەیی، دنیای دەرەوەش هاتوونەتە ئەم ناوچەیەش بۆ بەرژەوەندی خۆیان ئیتر بۆ ئێمە بەرژەوەندی خۆمان لەبەرچاو نەگرین.

د.ع