مەحمود عوسمان: وەک چۆن دووژمنەکانی یەک دەگرن دەبێت کوردیش یەک بگرێت

د. مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری باشوری كوردستان، پێی وایە لە دوای ڕووداوەكانی ١٦ی ئۆكتۆبەرەوە كورد لاوازبووە، بۆیە بە پێویستی دەزانێت كورد بە یەكگرتوویی بچنەوە بەغدا تا قورساییان زیاتر بێت، دەشڵێت: ئەوەی کورد بەرامبەر وڵاتانی ناوچەکە بەهێز بکات کۆنگرەی نەتەوەییە و دەبێت هەوڵ بدات وەک چۆن دووژمنەکانی یەک دەگرن، کوردیش یەکگرتوو بێت.


مەحمود عوسمان سیاسەتمەداری باشوری كوردستان، لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، شرۆڤەی دۆخی كورد لە باشوری كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێمی كوردستان و بەغدا دەكات، باسی كاریگەریی توركیاش دەكات لەسەر باشور و جەخت لەوە دەکاتەوە، توركیا لەناوخۆ و دەرەوەی سنوورەكانی تیرۆر بەكاردەهێنێت.

دەقی چاوپێكەوتنەكە:

- لە دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر ناكۆكی كەوتە نێوان حكومەتی هەرێم و بەغدا، ئێستا پەیوەندییەكانی ئەو دوولایەنە چۆن دەبینیت؟

"كورد یەكگرتووبێت قورسایی زیاترە"

مەحمود عوسمان: ئێستا لە بەغدا خەریكە حكومەتی نوێ پێكدەهێنرێت، پەیوەندی لەگەڵ كورد دروستبووەتەوە و دەبێت باشتر بێت، ئەگەر كوردیش لەگەڵ یەكتریدا باشبن و لە بەغدا یەكگرتووبن قورسایی زیاتر دەبێت، ئێستا گفتوگۆ هەیە بۆ پێكهێنانی حكومەت، لەم چەند ڕۆژەدا شاندێکی شیعە هاتن بۆ هەرێم، شاندی دیكەش هاتوون و گفتوگۆ و پەیوەندی هەیە بۆ ئەوەی بزانن چۆن ڕێكدەكەون.

"دەبێت پەیوەندییەكە بگۆڕێت، بۆ نمونە لەبارەی ئەو گومرگانەی نێوان هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری عێراق، هەرێم دەڵێت نابێت ئەو گومرگانە بمێنن، نابێت لە نێوان پارێزگایەك و پارێزگایەكی دیكە گومرگ هەبێت، چونكە كاریگەری لە هاوڵاتیان دەكات و كێشە دروستدەبێت، شت گران دەبێت، هەروەها مەسەلەی بودجە و ماددەی ١٤٠ی دەستووری عیراق و پێشمەرگە هەیە دەبێت قسەی لەسەر بكرێت و هەوڵدەن چارەسەری بكەن".

-ڕۆڵی حزبەکان لە پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و عێراقدا دەبێت چۆنبێت؟

"لایەنە كوردییەكان لەبارەی بابەتە نیشتمانییەكانەوە كۆكن"

مەحمود عوسمان: حزبەكان هەریەك بە جیا پەیوەندی دەكەن، یەكێتی و پارتی بەیەكەوە چوونە بەغدا و كۆبوونەوە، بەڵام لە دوای هەڵبژاردنی سەرۆك كۆمار كێشە دروستبووە، بەڵام ڕەنگە هەوڵدەن بەیەكەوە بن، حزبەكانی باشوری كورستان ئەگەر لە بەغدا بەیەكەوە هەڵوێستیان هەبێت ئەوە ئەو كێشانەی لەوێ كە ڕەهەندی نیشتمانیان هەیە، لە نمونەی ماددەی ١٤٠ و نەوت و غاز و پێشمەرگە، دەتوانن دەستكەوتی زیاتر بەدەستبهێنن، چونكە هەموویان كۆكن لەسەر ئەو بابەتانە.

-ئایا ڕۆڵ و پێگەی كورد چۆن دەبێت لە داهاتوو، ئایا هەمان ئەو پێگەیەی كە كورد هەیبوو دەگەڕێتەوە یان دەگۆڕێت؟

مەحمود عوسمان:  ئەگەر بەیەكەوە بن ئەوا باشتر دەبێت وەك كوتلەی كوردستانی كاربكەن، بەڵام بە پەرتەوازەیی ڕەنگە لاوازبن.

-سەرۆك كۆمار كە بۆ یەكێتی یەكلایی بووەوە چ كاریگەرییەكی دەبێت لەسەر پەیوەندییەكان؟

"پرسی سەرۆك كۆمار كاریگەریی لە پەیوەندیی پارتی و یەكێتی كرد"

مەحمود عوسمان: كاریگەری هەبووە لەسەر پەیوەندییەكانی یەكێتی و پارتی، پارتی دەڵێ یەكێتی ڕاوێژی پێنەكردووین، یەكێتیش دەڵێ ئەوان ڕاوێژیان پێنەكردووین، كاتێكیش هەڵبژاردن كرا لە بەغدا دیارە ناكۆكی هەبوو ئەوەش كاریگەری هەبوو، بەڵام نازانم كەی چارەسەر دەبێ، ڕەنگە چارەسەریش لەئارادابێت.

-بوونی بارەگاكانی سوپای تورك لە خاكی عێراق چی دەگەیەنێ؟

"توركیا لەناوخۆ و دەرەوە تیرۆر بەكاردەهێنێت"

مەحمود عوسمان:  ئەوە مانای ئەوەیە توركیا داگیركەرە و هێرش دەباتە سەر ووڵاتی تر، لە سوریا تێپەڕیوە و لە ناوچەكانی دیكەش سوپای هەیە، لە عێراقیش لە ئاسمان و زەمینەوە هێرش دەكات، كە ئەوەش پێچەوانەی یاسا و ڕێسا نێوخۆیی و نێودەوڵەتییەكانە، لەناوخۆی وڵاتدا توركیا تیرۆر بەرامبەر هاوڵاتییەكانی خۆی بەكار دەهێنێت، لەوبەری سنووریش بەكاری دەهێنن، دەبێت حكومەتی عێراق هەڵوێستی لاوازی نەبێت، بەڵكو دەبێت عێراق و كوردستانیش هەڵوێستیان بەهێز بێت، دەبێت عێراق لە نەتەوەیەكگرتووەكان و لە دادگای لاهای و ئەنجوومەنی ئاسایش سكاڵا بكەن، بەڵام نەیانكردووە و ئەوەش نیشانەی لاوازی هەردوو حكومەتی هەرێمی كوردستان و ناوەندە.

-كردنەوەی ئەو بارەگایانە چ گومانێك دەخاتە سەر كوردستان ئایا وەك دەوڵەتێك مامەڵەی لەگەڵ دەكەن یان بە جۆرێكی دیكەیە؟

"دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر كورد لاواز بووە"

مەحمود عوسمان: نەخێر زۆر خراپ مامەڵە لەگەڵ هەرێمی كوردستان دەكەن، ئەگەر بیرخۆمان بێنینەوە لەماوەی ڕابردوودا چاوشئۆغلو وەزیری دەرەوەی توركیا چووە بەغدا، بەڵام نەهاتە هەولێر، لەو ڕۆژەوەی ڕیفراندۆم بۆ سەربەخۆیی كوردستان لە باشور ئەنجام دراوە، توركیا هیچ پەیوەندییەكی لەگەڵ كورد نەماوە، بەڵام ئەگەر كورد لەگەڵ عێراق ڕێككەوێت و بە تەواوەتی فیدراڵی بچەسپێندرێت، ئەوە توركیا و غەیری توركیاش حسابی بۆ دەكەن، بەڵام ئەگەر وا نەبێت ئەوا توركیا حساب ناكات، ئێران حساب ناكات، بەتایبەت ئێستا كوردستان لاوازتر بووە و دوای ١٦ی ئۆكتۆبەر بەشێكی زۆری خاكی كوردستان لەدەستچوو.

"توركیا دژی هەرێمی كوردستانە، ئەردۆغان دەڵێ نامانەوێت لە باكوری سوریا شتێك دروستبێت وەك هەرێمی كوردستان، ناوی كوردستانیش ناهێنێت، بۆیە مامەڵەی توركیا زۆر خراپە، بەڵام تازە ئەوە چەسپاوە، كوردی عێراق بەپێی دەستور پێگەیەك دروستبكات هەموو دانی پێدا دەنێن و دەبێتە شتێكی فەرمی".

-پێویستە چی بكرێت بۆ ئەوەی مەترسیەكانی سەر كوردستان نەمێنێت؟

"دەبێت کۆنگرەی نەتەوەیی دروستبکرێت"

مەحمود عوسمان: پێویستە كورد لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی كوردستان و نەتەوەیی یەكبگرن و یەكگرتووبن و هاوكاری یەكتر بن، هەوڵدرا كۆنگرەی نەتەوەیی دروستبكەن و سەركردایەتییەكی هاوبەش پێكبهێنن، بەڵام بەهۆی ناكۆكیی حزبی و كاریگەریی توركیا و ئێران ئەو كۆنگرەیە سەری نەگرت.

"دەبێت كورد هەوڵبدات چۆن دوژمنەكانیان یەكیانگرتووە وەك لە مەسەلەی ڕیفراندۆم توركیا و عێراق و ئێران هاوكاریی یەكتریان كرد دژی كورد، پێویستە كوردیش یەكگرتووبن، لەسەر بابەتی كوردایەتی ئێران و توركیا و عێراق بۆچوونەكانیان لەیەك نزیكە، حزبە كوردییەكانیش ئەگەر دەیانەوێت باشتربن دەبێت هاوكاربن و كۆنگرەی نەتەوەیی یان چوارچێوەیەكی دیكە دروستبكەن، ئەوە تاكە چارەسەرە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی دوژمنەكانی گەلی كورد".

 

س.ح