مەحمود ڕەزا: ئەرکی حکومەتی نوێی عێراق قورسە

مەحمود ڕەزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت، کە چەندین کێشەی وەک قەیرانی ئاو، قەیرانی بێکاریی، خزمەتگوزاریی، کارەبا، ڕێگاوبان، کەرتی تەندروستی و کێشەی دەستێوەردانی سەربازیی وڵاتانی دراوسێ، ئەرکی حکومەتی نوێی عێراقی قورس کردووە، دەشڵێت: جێبەجێکردنی کارنامەکەی عەبدولمەهدی سەختە.


مەحمود ڕەزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، هەڵسەنگاندنی بۆ کارنامەی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق چارەسەرکردنی کێشەی ماددەی ١٤٠ و دەستێوەردانە سەربازییە دەرەکییەکان و کێشەکانی نێوان بەغدا و هەرێم کرد.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- هەندێک لە وەزیرەکانی کابینەکەی عادل عەبدولمەهدی ئاشکراکران، ئێوە پێکهاتەی حکومەتی نوێ چۆن دەبینن؟

"ئەم حکومەتەی ئێستا لەڕووی سومعەوە زۆر لاوازە"

مەحمود ڕەزا:عێراق بە قۆناغێکی زۆر هەستیاردا تێپەڕدەبێت، یەکەم تەگەرە، کە لەڕێگای ئەم حکومەتەیە، ئەو گومانە زۆرەیە لەسەر هەڵبژاردنی ١٢ی ئایاری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق هەیە، ئەم حکومەتەی ئێستا لەڕووی سومعەوە زۆر لاوازە، ڕێبازەکانی پێکهاتنەکەشی وەکو جاران نییە، ئێستا عادل عەبدولمەهدی کراوە بە سەرۆک وەزیران، لەسەر ڕێککەوتنی هەموو لایەنەکان بووە، تا ئەوکاتە پێی ڕازین، کە لەسەر ئەجێندای ئەوان بڕوات، هەردوو هاوپەیمانی ئیسڵاح و بینا، کە بەبۆچوونی شەقامی عێراق هاوپەمانی بینا لە ئێران و ئیسڵاحیش لە ئەمریکاوە نزیکن، دەبینین ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو وڵاتەش گەشتوونەتە بنبەست، بۆیە ئەمەش کاریگەریی لەسەر حکومەتی عێراق دەبێت، وە چەندین کێشەی دیکەی وەک قەیرانی ئاو، بێکاریی، خزمەتگوزاریی، کارەبا، ڕێگاوبان، کەرتی تەندروستی، هەموو ئەمانە قورساییەکی زۆرن بەسەر حکومەتی نوێی عێراقەوە، تاکە ترسوکاییەکیش کە بۆ حکومەتی عیراق جێی ئومێد بێت، زیادبوونی بەرهەمهێنانی نەوت و بەرزبوونەوەی نرخەکەیەتی.

- لەگەڵ ئاشکراکردنی وەزیرەکان کارنامەی حکومەتەکەش بڵاوکرایەوە، تێڕوانینتان چییە بۆ ئەو کارنامەیە؟

"کارنامەیەکی نموونەییە بۆ ئەم قۆناغە، بەڵام جێبەجێکردنی سەختە"

مەحمود ڕەزا: کارنامەی کابینەکەی عەبدولمەهدیی کارنامەیەکی نموونەییە بۆ ئەم قۆناغە، بەڵام هەلومەرجەکە زۆر قورسە بۆ ئەوەی، کە بتوانێت ئەو کارنامەیە جێبەجێ بکات، بۆ نموونە لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا ڕایگەیاند دەست بە شەڕی ڕووبەڕووبوونەوەی گەندەڵیی دەکات، من پێموایە سەرهەڵدانی گروپە تیرۆریستییەکانیش وەک داعش و قائیدە و هەر گروپێکی دیکە، لە ئەنجامی نەبوونی دادپەروەریی و هەبوونی گەندەڵییە، ئەگەر کار لەسەر پرسی گەندەڵیی نەکرێت، لەڕاستیدا زەمینە بۆ سەرهەڵدانەوەی گروپە تیرۆریستییەکان خۆش دەبێتەوە، نەهێشتنی گەندەڵییش بە دوو ڕێگا، کە یەكێکیان جێبەجێکردنی یاساکانە و ئەوەی تریش دەبێت لە هێماکانی گەندەڵیی بدرێت، ئەگەر لە هێماکانی گەندەڵیی نەدرێت و بچن ماسییە بچووکەکان بگرن، گەندەڵیی کۆتایی نایەت و خەڵکیش متمانەی لا دروست نابێت، لێرەدا پرسیارەکە ئەوەیە ئاخۆ عەبدولمەهدی دەتوانێت لە ڕەمزەکانی گەندەڵیی بدات؟ بە ڕای من نەخێر چونکە ئەوانە خاوەن دەسەڵات و هێز و پارەن.

- بە لەبەرچاوگرتنی کارنامەی کابینەکە، پێتانوایە ئەو کارنامەیە دەتوانێت کێشە سەرەکییەکانی عێراق چارەسەربکات؟

"لەڕووی تیرۆرییەوە بەڵێ، بەڵام زۆر سەختە لەڕووی پراکتیکییەوە جێبەجێ بکرێت"

مەحمود ڕەزا: لەڕووی تیرۆرییەوە بەڵێ، بەڵام زۆر سەختە لەڕووی پراکتیکییەوە جێبەجێ بکرێت، لەوکاتەی کە دەنگۆی ئەوە هەبوو عادل عەبدولمەهدی ببێت بە کاندیدی ڕێککەوتن لەسەرکراوی هەموو لایەنەکان، خۆی وتی، کە لەبەر چەند هۆکارێک من ئەو پۆستە وەرناگرم، بۆ نموونە دەیوت دەست بۆ دۆسیەی گەندەڵیی دەبەم ڕەمزە گەورەکانی گەندەڵیی بە دروشمی نەتەوەیی دژایەتیم دەکەن، بەڵام، کە بوو بە سەرۆک وەزیران ئەو پەیامە دەرکەوت، کە ڕازیبوونی عەبدولمەهدی بەوەی ببێتە سەرۆک وەزیران، واتای ئەوەیە کە لایەنەکان لەژێرەوە ڕەزامەندییان بۆ مەرجەکانی دەربڕیوە، بەڵام لە هەڵبژاردنی وەزیرەکاندا دەرکەوت، کە لەڕاستیدا عەبدولمەهدی دەسەڵاتێکی ئەوتۆی نییە، ڕەمزەکانی گەندەڵیی لە پشتەوە هەڵسوکەوت بە عەبدولمەهدییەوە دەکەن.

- کێشەی ناوچە جێناکۆکەکان یەکێکە لە کێشە سەرەکییەکانی عێراق کە ماوەی ١٥ ساڵە بەردەوامە، ئەم کابینەیە دەتوانێت ئەو کێشەیە چارەسەربکات؟

"پارتی ترسی لە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان هەبوو"

مەحمود ڕەزا: نەخێر، بەشی گەورەی تاوانەکە لە ئەستۆی کورد خۆیدایە، پارتی ترسی لە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان هەبوو بۆ سەر ئیدارەی هەرێمی کوردستان، چونکە لە گەڕانەوەی ئەو ناوچانەدا پارسەنگی هێز لە هەرێم لەدژی پارتی دەگۆڕا، بەوپێیەی زۆرینەی دانیشتووانی ئەو ناوچانە هاوسۆزییان بۆ پارتی نییە، بۆیە پارتی خۆی یەکێک بووە لەو هێزانەی کە بەردەوام ڕێگریی لە گەڕانەوەی ناوچە دابڕێندراوەکان کردووە بە نهێنیی، لەگەڵ ئەوەشدا لە ١٣ ساڵی ڕابردوو ئیدارەی کوردیی، کە حوکمی ئەو ناوچانەی کردووە، بەشێوەیەک حوکمی کردووە، کە هیوایەکی نەهێشتووە بۆ گەڕانەوەی ئەو ناوچانە، ئەگەر یەکێتی و پارتی لە ١٣ ساڵی ڕابردوودا حوکمێکی باشیان لەو ناوچانە بکردایە، تاڵانیی و ستەمیان لەو ناوچانە نەکردایە، دەیانتوانی تەنانەت پێکهاتەکانی دیکەی ئەو ناوچانەش ڕازی بکەن بەخۆشییەوە لەگەڵ ئێمەدا بژین، بەڵام لەڕاستیدا حوکمێکی ئەوەنە ناشرینیان کرد، نەک هەر پێکهاتەکانی دیکە، بەڵکو کوردیش لە حکومڕانیی کوردیی بێزاربووە، عێراقیش هیچکات هەوڵێکی جددیی بەئاراستەی چارەسەرکردنی ئەو پرسەدا نەبووە.

- لەدوای ڕیفراندۆمی ٢٥ی ئەیلوولی ساڵی ڕابردووی هەرێمی کوردستانەوە، چەندین کێشە لەبواری سیاسیی و ئابوورییەوە لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان دروستبوو، بەڵام ئێستا هەم لە ئاستی عێراق و هەمیش لە ئاستی هەرێمی کوردستان هەڵبژاردن بەڕێوەچووە و حکومەتی نوێ پێکدەهێنرێت، پێتانوایە لە داهاتوودا پەیوەندییەکانی نێوان حکومەتی عێراق و هەرێمی کوردستان چۆن دەبێت؟

"هەرێم پابەند نەبێت بە هەناردەکردنی نەوتەوە کێشەکان سەرهەڵدەدەنەوە"

مەحمود ڕەزا: بەیەکنەگەیشتن و ڕێکنەکەوتنی نێوان هەرێم و بەغدا، ٨٠%ی ئۆباڵەکەی دەکەوێتە ئەستۆی هەولێر، هەولێر لە ساڵانی ڕابردوودا کاری بۆ بچڕاندنی پەیوەندییەکانیان کردووە، دەیانویست نەوتی کەرکوک سەربەخۆ بفرۆشن و کەس لێیان نەپرسێتەوە، بەتایبەت پارتی دەیویست پەیوەندی عێراق و هەرێم بەتەواویی ببچڕێت، بەشێوەیەک لەخۆبایی ببوون ڕیفراندۆمیان کرد و دەیانوت ئێمە ناچین بۆ دانووستان بۆ بەغدا بەڵکو دەچین بۆ ماڵئاوایی، من هیوادارم وانەیان لەو هەڵانەیان وەرگرتبێت، یەکێک لە کێشەکانیش پرسی بودجە بوو، هەرێم پابەند نەدەبوو بە ڕێککەوتنەکان بۆ ناردنی نەوت لەڕێگای عێراقەوە، بۆیە ئەوانیش لەبەرامبەردا بودجەیان بڕی، بۆیە هیوادارم بگەنە ڕێککەوتن و کۆتایی بە کێشەکان بهێنن، بەڵام ئەگەر هەرێم پابەند نەبێت بە یاسای بودجەی ئەمساڵی عێراقیشەوە، کە لەبەرامبەر هەناردەکردنی نەوت-دا لەڕێگای سۆمۆ-وە عێراقیش مانگانەی ٣٦٠ ملیار دینارەکە بۆ هەرێم دەنێرێت، ئەوا دیسانەوە کێشەکان دەستپێدەکەنەوە.

- لەم چوار ساڵەی کۆتاییدا پرسی ئەمنیی سەرەکیتریین مژاری عێراقە، بە پاساوی جیاجیاش هێزە دەرەکییەکان دەستێوەردان دەکەن، بەتایبەت تورکیا لە بەعشیقە و چەندین ناوچەف باشوری کوردستان بارەگای سەربازیی کردووەتەوە، حکومەتی عەبادیش پێشتر چەندین جار هەوڵی دەرکردنی سوپای تورکیایدا، تەنانەت حکومەتی عێراق بڕیاریدا پێشێلکارییەکانی هێزەکانی تورکیا لەناوچە سنوورییەکانی نێوان تورکیا و هەرێمی کوردستان بکاتە ڕاپۆرت و پێشکەشی  UNی بکات، بەڵام تا ئێستا تورکیا گوێی بەو هەڵوێستانە نەداوە، پێتان وایە ئەم حکومەتە بتوانێت پێش لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان بگرێت؟

"پێویستی بە ئیرادەی لایەنەکان هەیە"

مەحمود ڕەزا: زۆر قورسە عێراق بتوانێت بەرەنگاری سوپای تورک ببێتەوە، چونکە دۆخی ناوخۆی شلۆقە و یەک بۆچوون نییە، لە عێراق پاڵپشتی تورکیا زۆرە، لەناو کورد-دا پارتی میکانیزمێکە بەدەست تورکیاوە، کە ڕێخۆشکەریی بۆ سوپای تورکیا دەکەن، هەروەها بەشێک لە سوننە و تورکمانەکانیش سەر بە تورکیان، هەروەها کێشە لاوازیی دامەزراوەی بەرگریی و ئەمنیی هەیە، کێشەیەکی دیکەش دەستێوەردانی وڵاتانی دەوروبەرە، بەشێک لە وڵاتانی عەرەبیش پشتیوانیی لەو سیاسەتەی تورکیا دەکەن، سەرباری هەموو ئەمانەش کێشەی ئاویش کێشەیەکی جددییە، چونکە بەلوعەی ئاوی خواردنەوەی عێراق بەدەستی تورکیاوەیە، کە دیجلە و فوراتە، بۆیە بەڕاستی کارتەکانی فشاری تورکیا زۆر لەوە بەهێزترن عێراق بتوانێت بەرەنگاریان ببێتەوە، لەڕاستیدا ئەوەش پێش هەموو شتێک پێویستی بە ئیرادەی لایەنەکان هەیە.

- پێویستە کورد بۆ چارەسەرکردنی کێشەی ناوچە دابڕێندراوەکان و کێشەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان چی بکات، بۆ ئەو مەبەستەش کورد دەبێت ڕۆڵێکی چۆن بگێڕێت لە حکومەتی داهاتووی عێراقدا؟

"هیوادارم لەمەودوا پابەندبن بە یاساکانی حکومەتی فیدراڵەوە"

مەحمود ڕەزا: کورد نە ناوەندی دروستکردنی بڕیاری هەیە، نە گوێ بە ئەنجامی لێکۆڵینەوەی زانستیی و ئەو بابەتانە دەدات، پارتی ئەجێندای خۆی هەیە، یەکێتی هی خۆی هەیە، گۆڕان هی خۆی هەیە، لەبەر ئەوە ناتوانین بڵێین کورد، چونکە ئێمە ناوەندێکمان نییە بڕیاری تێدا دروستبێت و هەموومان پێی ڕازیبین، بەڵام تەمەننا دەکەم ئەمانە دەست لەو سیاسەتە بەردەن، کە بیانەوێت ئەم هەرێمە بۆخۆیان جیابکەنەوە و بەدڵی خۆیان چیان بوێ لێی بکەن، لە دزینی نەوت و گاز و داهاتی خاڵە گومرگییەکان و هتد..، بۆیە هیوادارم لەمەودوا پابەندبن بە یاساکانی حکومەتی فیدراڵیی عێراقەوە، تۆ یان بەشێکیت لەو عێراق یانیش بەشێک نیت لێی، لە جیابوونەوەیا شکستت هێنا، بۆیە ئیتر دانیشن و بۆ ئەوەی خەڵکیش ئیسراحەت بکات، دانیشین دۆخی خەڵک ببوژێنینەوە و ژێرخانی ئابووریی هەرێم ببوژێنینەوە، تەنها چاومان لە نەوت و غاز نەبێت، بەڵکو کەرتەکانی کشتوکاڵ و پیشەسازیی ببوژێنینەوە و خزمەتگوزارییەکان باش بکەین.

- سەردانەکەی ئەمدواییەی مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی چۆن ‌هەڵدەسەنگێنن، بانگەشەی هاتنە پێشەوەی قۆناغێکی نوێ دەکرێت لەنێوان عێراق و هەرێم، ئێوە لەگەڵ ئەو بۆچوونەدان؟

"هیوادارم سەرۆکی پارتی کەڵکی لە ئەزموونەکانی ڕابردووی وەرگرتبێت"

مەحمود ڕەزا: من هیوادارم سەرۆکی پارتی کەڵکی لە ئەزموونەکانی ڕابردووی خۆی وەرگرتبێت، چونکە ئەگەر پارتی واز لە قۆرخکردنی حکومڕانیی هەرێمی کوردستان بهێنێت، وازبهێنێت لەوەی بیەوێت هەموومان بخاتە خزمەتی خۆیەوە و سامانی نیشتمانیی و هێزی چەکدار لە دەستی ئەودا بێت، ئەگەر بەو نیازەوە چووبێتە بەغدا هیوادارم سەرکەوتووبێت، ئەگەریش دیسانەوەش بۆ ئەوە ڕۆشتووە پۆست و ئیمتیازات وەربگرێت، هیوادارم ئەو ئاواتەی نەیەتەدی و بەخۆیدا بچێتەوە.

- لە ڕابردووشدا زۆر دیداری حزبیی و شەخسی لەنێوان عێراق و هەرێمی کوردستان ئەنجامدراوە، کە زیانیان بە پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و هەرێم گەیاندووە، ئێستاش مەسعود بارزانیی سەرۆکی پارتی بەتەنها سەردانی بەغدا دەکات، بەبڕوای ئێوە ئەمجۆرە سەردانە شەخسییانە زیانیان بۆ دەستکەوتەکانی هەرێم نابێت؟

"هەلومەرجی هاتنەدی قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێش"

من پێم باشە کە بارزانی بەتەنها چووە بۆ بەغدا، چونکە ئەو تەنها سەرۆکی پارتییە و پێویست ناکات کەس لەگەڵ خۆی ببات، بەڵام بەداخەوە ئەو ساختەکارییە گەورەیەی کە لە هەڵبژاردندا کرا، پارتی کرد بە هێزی بێ ڕکابەر لەسەر ئاستی هەرێم، بۆیە مەترسییەکە ئەوەیە عێراقییەکان واتێبگەن ئەمەی هەیە قەبارەی ڕاستیی پارتییە، بەڵام لەڕاستیدا وانییە و ئەو کورسییانەی بەدەستی هێناوە زۆرینەی بە ساختەکاریی بووە، پارتیش لەپێناو چوونەسەری بەرژوەندییەکانیان باکیان بە هیچ نییە، دەتوانێت لەگەڵ هەموو دوژمنانی کورد و هەموو لایەکدا لەسەر بەرژەوەندییەکانی خۆی ڕێکبکەوێت، ئەرکی حزبەکانی دیکەش ئەوەیە، کە نابێ ڕێگا بە پارتی بدەن، ئێستاش هەلومەرجی هاتنەدی قۆناغێکی نوێ هاتووەتە پێش، کە من ناوم ناوە قۆناغی هاوپەیمانی نیشتمانیی، هەموو هێزەکانی دیکە لە دەرەوەی یەکێتی و پارتی ڕێکبکەون لەسەر بەرنامەیەکی نیشتمانیی و کۆببنەوە، خۆیان وەکو جێگرەوەی ئەم دوو هێزە ئامادە بکەن، بچن لەگەڵ بەغدا و وڵاتانی دیکەشدا گفتوگۆ بکەن، گرەنتی بدەن، کە دەتوانن سەقامگیریی بۆ ئەم ناوچەیە دابینبکەن.

د.ع