مەحمود ڕەزا: عێراق بەرەو دابەشبوون بەسەر سێ دەوڵەتی بچووکدا ملدەنێت

مەحمود ڕەزا، ئەندامی خولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دەڵێت: بەهۆی ناکۆکیی و بەربەرەکانێی نێوان لایەنە شیعە، سوننە و کوردییەکانەوە، عێراق بەرەو دابەشبوون بەسەر سێ دەوڵەتۆچکەدا هەنگاو دەنێت، دەشڵێت: بڕیاری دەرکردنی هێزە بیانییەکان لەلایەن پەرلەمانەوە نادەستوورییە و لەژێر فشاری ئێراندا دەرکراوە.


ڕۆژی ٥ی کانوونی دووەمی ٢٠٢٠ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بڕیاریدا بە دەرکردنی هەموو هێزە بیانییەکان لە خاکی عێراقدا، لەبارەی ئەو بڕیارەی ئەنجومەنی نوینەران و کاریگەریی گرژییەکانی نێوان ئەمریکا و ئێران لە عێراق، مەحمود ڕەزا ئەمین، ئەندامی خوولی پێشووی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە چاوپێکەوتنێکدا وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- لە بڕیارەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقەوە دەستپێبکەین بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق، ئەم بڕیارە چۆن دەبینیت؟ دەتواندرێت لە واقعدا جێبەجێ بکرێت؟

"پەرلەمان مافی دەرکردنی بڕیاری نییە"

مەحمود ڕەزا: بەپێی بڕیاری ژمارە ٨٩ی ٢٨ی ١٠ی ٢٠١٩ی دادگای فیدراڵی عێراق، پەرلەمان مافی دەرکردنی بڕیاری نییە، بەڵکو تەنها دەتوانێت یاسا دەربکات، ئەمەی لە پەرلەمان کرا ڕەنگە زیاتر بۆ خاڵییکردنەوەی دڵی هەندێ خەڵک بێت، ئەگینا بڕیارەکە بەپێی بۆچوونی دادگای فیدراڵیی نادەستوورییە، جگە لەوەش حکومەتی ئێستا کاربەڕێکەرە و نە توانای ئەنجامدانی ڕێککەوتنی نێودەوڵەتیی هەیە، نە دەشتوانێت ڕێککەوتن هەڵبووەشێنێتەوە، سەرباری ئەوانەش لە ٣١ی ١٢ی ٢٠١١ەوە هیچ ڕێککەوتنێک لە نێوان عێراق و ئەمریکادا نەماوە، بەڵکو تەنها لە چوارچێوەی لێکتێگەیشتندا بۆ کاری هاوبەش ئەمریکا و عێراق کاریان کردووە بۆ شێوازی پەرەپێدانی ئابووریی عێراق و بەهێزکردنی دامەزراوەکانی عێراق.

- کەواتە ئەم بڕیارە ناتوانێت حکومەتی عێراق پابەند بکات بە دەکردنی هێزە بیانییەکان لە عێراق؟

مەحمود ڕەزا: لە دەقی بڕیارەکەی پەرلەماندا هاتووە کە دەڵێت حکومەت پابەند دەکەین بە جێبەجێکردنی ئەم بڕیارە، بەڵام خودی بڕیارەکە نادەستوورییە.

- ئەی چۆن دەرکراوە؟

"فشارێکی زۆری ئێران هەبووە لەسەر پەرلەمان"

مەحمود ڕەزا: لەبەر ئەوەی فشارێکی زۆری ئێران هەبووە لەسەر پەرلەمان، میلیشیاکان بە ئاشکرا هەڕەشەیان لە پەرلەمانتارەکان کردووە بەشداریی لە دانیشتنەکەدا بکەن، تەنانەت هەڕەشە لە پەرلەمانتارە کوردەکان کراوە، کە ئەگەر بەشداریی دانیشتنەکە نەکەن و بەگوێرەی خواستی ئەوان دەنگ نەدەن، ئەوا ڕێگانادەن بگەڕێنەوە ناو پەرلەمان.

- بەشداریینەکردنی کورد لە دانیشتەنەکەدا چۆن دەبینن؟ کارێکی باشبوو؟

مەحمود ڕەزا: زۆر باشبوو بەشدارینەکردنەکەیان، چونکە ئەم کۆبوونەوەیە بە هەڕەشەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کراوە، میلیشیاکان وتوویانە هەرکێ بەشداریی لە دانیشتنەکەدا نەکات خیانەتکارە، گەورەترین سووکایەتیی دەبوو بە پەرلەمانتاران، چونکە پەرلەمانتار نوێنەری گەلە و دەبێت بە ئازادانە کاربکات.

- بەڵام ئەمە وەک هەڵوێستێکی لایەنێکی تەشریعیی عێراقیش بێت گرنگ نییە بۆ دەرکردنی هێزە بیانییەکان، لەناویاندا هێزەکانی تورکیاش کە بەردەوام پێشێلکاریی لە خاکی عێراقدا ئەنجامدەدەن؟

مەحمود ڕەزا: بەهیچ شێوەیەک حکومەتی عێراق توانای دەرکردنی یەک سەربازی تورکی نییە، توانای دەرکردنی ئەمریکاشی نییە، بەڵام جیاوازیی هەبوونی سەربازی تورکیا و ئەمریکا ئەوەیە، میلیشیاکانی سەر بە ئێران لە عێراق بڕیارەکەی پەرلەمان بە فەتوای کوشتنی ئەمریکییەکان دەزانن، ئەوەتا ڕۆژانە مووشەک ئاراستەی باڵیۆزخانە و سەربازگەکانی ئەمریکا دەکەن، ئەوان ویستیان ئەو بڕیارە لە پەرلەمان وەربگرن بۆ کوشتنی ئەمریکییەکان.

- شەوی ٥ی مانگیش دۆناڵد ترامپ هەڕەشەی سەپاندنی سزای کرد بەسەر عێراقدا لە ئەگەری کشانەوەی هێزەکانیان، ئەمە چ کاریگەرییەکی دەبێت لەسەر عێراق؟

مەحمود ڕەزا: ترامپ دەڵێت کاتێک عێراق بەجێدەهێڵین کە عێراق قەرەبووی تێچووی دروستکردنی سەربازگەکانمان بکاتەوە، کە ڕەنگە بگاتە ترلیۆنێک دۆلار، حکومەتی عێراق لە ئێستاوە تاوەکو ٣٠ ساڵی دیکە ئەگەر گەمارۆشی نەخرێتە سەر و هیچ دینارێکیش نەدات بە خەڵک و بیداتەوە بە ئەمریکا، هێشتا ئەو قەرزانە تەواوناکات، دووەمیش عێراق توانای ئیدارەدانی ٤٠ ڕۆژ گەمارۆی نییە، عێراق وەک ئێران نییە کە ماوەی ٤٠ ساڵە هەر لە سەرەتای دامەزراندنی کۆماری ئیسلامییەوە گەمارۆی لەسەرە و توانیویەتی خۆی لەگەڵدا بگونجێنێت و بەرهەمی ناوخۆیی هەبێت، عێراق وەبەرهێنانی ناوخۆشی نییە.

- کەواتە ڕێگاچارە چییە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە و بۆ ئەوەی عێراق ڕووبەڕووی گەمارۆ نەبێتەوە؟

مەحمود ڕەزا: هیچ شتێک ناکرێت، ترامپ دەتوانێت بە توویتێک گەمارۆ بخاتە سەر عێراق، وەک چۆن بە توویتێک گەمارۆی خستە سەر ئێران.

- پێتوایە بە کوشتنی قاسم سولەیمانی و ئەبو مەهدی موهەندیس گرژییەکانی نێوان ئێران و ئەمریکا پێدەنێتە قۆناغێکی دیکەوە و عێراق دەبێتە گۆڕەپانی یەکلاکردنەوەی ئەو ململانێیانە؟

مەحمود ڕەزا: بێگومان ئەمە قۆناغێکی نوێیە، لە ٢٠٠٤ەوە ئێران و ئەمریکا بە ئاشکرا ململانێیان هەیە لە عێراقدا، پێشتر لەسەر هەموو حکومەتەکان ڕێکدەکەوتن، بەڵام ئەم کابینەیەی کە ساڵی ڕابردوو پێکهات، بنەڕەتی ڕووخانەکەی لە ساتی دروستبوونییەوە پێوەدیاربوو، چونکە لەلایەن دوو فراکسیۆنەوە پشتگیریی دەکران، کە یەکێکیان سائیروونە و بە لایەنگری ئەمریکا دادەنرێت، ئەویتریش فەتحە کە بە لایەنگری ئێران دادەنرێت، پرۆژەی ئێران و ئەمریکاش لە عێراقدا دوو شتی زۆر جیاوازن، بۆیە ئەم دوو بۆچوونە ناتوانن تا سەر پێکەوە هەڵکەن، لە شوێنێکدا لەیەک جیادەبنەوە، من پێشتریش پێشبینیی ئەوەم کردبوو کە تەمەنی ئەم کابینەیە ساڵێک تێناپەڕێنێت.

- کەواتە پێشبینیی چی دەکەن بۆ داهاتووی ئەم ئاڵۆزییانە لە عێراق؟

مەحمود ڕەزا: دۆخەکە بەرەو دابەشبوونی عێراق ملدەنێت بەسەر سێ دەوڵەتۆکەی بچووکدا، سیستمێکی شیعیی بە مۆدێلی ئێرانی و سیستمێکی سوننیی بە مۆدێلی داعش و دەوڵەتۆکەکەیەکی کوردی بە ئەقڵییەتی بنەماڵەی بارزانی، کە ئەمە زۆر مەترسیدارە، ئەمەش بەرەنجامی ناکۆکیی ناوخۆیی لایەنە شیعیی، سوننیی و کوردەکانە لە عێراقدا، کە دەبێتە مایەی دابەشبوونی عێراق.

ک.س