مەریوان وریا قانع: ڕۆژئاوای کوردستان نەکەوتووەتە هەڵەی ستراتیژییەوە

مەریوان وریا قانع، نووسەر و ڕەخنەگری سیاسیی، سەرکەوتنی شەڕڤانان لە ئۆپەراسیۆنی کۆتاییهێنان بە خەلافەتی چەتەکانی داعش، بە سەرکەوتنێکی گرنگ ناودەبات، ستایشی ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستانیش دەکات و دەڵێت: گەمە سیاسییەکانیان بەگوێرەی سنووری دەسەڵاتی خۆیان کردووە و نەکەوتوونەتە هەڵەی ستراتیژییەوە.


د. مەریوان وریا قانع، نووسەر و ڕەخنەگری سیاسیی و مامۆستای زانکۆ، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی چەند پریسارێک دەربارەی کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعش لەڕووی جوگرافیی، ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان و ئاستەنگەکانی بەردەم پێکهاتنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەداتەوە.

 

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- قەسەدە کۆتاییهاتنی خەلافەتی داعشی لەڕووی جوگرافییەوە ڕاگەیاند، ئێوە ئەم سەرکەوتنە چۆن دەنرخێنن؟

"یەکێکە لە سەروەرییەکان"

مەریوان وریا قانع: ئەم سەرکەوتنە یەکێکە لە کارە گرنگەکانی ١٠ بۆ ١٥ ساڵی ڕابردوو، تێیدا کۆتایی بە گروپێکی دینیی تووندڕەو و هەڕەشەیەکی دینیی، ئەخلاقیی و سیاسیی هاتووە لەم ناوچەیەدا، یەکێکە لەو سەروەرییانەی کە لەم ناوچەیەدا تۆمارکراوە.

-ئاسۆی ڕۆژئاوای کوردستان چۆن دەبینن؟

"ئەزموونی گرنگیان پێشکەشکردووە"

مەریوان وریا قانع: ڕۆژئاوای کوردستان لەناو کۆمەڵێک پەیوەندیی هەرێمیی و نێودەوڵەتیی جیاوازدایە، جێگای دڵخۆشییە کە هێزیی بەرگرییکردن لە خۆیان هەیە، ئەمە چەندە بەرگەی فشارە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان دەگرێت ئەمەیان بابەتێکی دیکەیە، بەڵام بابەتە سەرەکییەکە ئەوەیە کە ئایا ئەمان لە کۆکردنەوەی توانا ناوخۆییەکاندا درێخییان کردووە یان نا؟ بەبۆچوونی من تاوەکو ئێستا لە ئاستی سەربازیدا ئەزموونێکی گرنگیان پێشکەشکردووە، کە تێیدا ژن و پیاوی کورد و ژن و پیاوی گەلانی دیکەش کە لەو پارچەیەی کوردستان دەژین، توانای بەرگریکردن لە خۆیان هەبووە.

-کورد دەتوانن ستاتۆی ڕۆژئاوای کوردستان بپارێزن و بەفەرمی بیناسێنن؟

"کورد نەکەوتووەتە هەڵەی ستراتیژییەوە"

مەریوان وریا قانع: ئەوەیان ئاڵۆزە و پەیوەندی بە کۆمەڵێک گۆڕانکاریی هەیە، کە لەژێر دەسەڵاتی کورد خۆیدا نییە، کورد دەسەڵاتی بەسەر گۆڕانکارییە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکاندا نییە، بەڵام ئەوەی کە لەژێر دەسەڵاتی کورد خۆیدایەتی، تاوەکو ئێستا بەشێوازێکی بەرپرسیاریی و سەرکەوتوو ئەنجامیان داوە، ئەوەی کە من دەیبینم، هەست ناکەم هەڵەی ستراتیژیی گەورە کرابێت، سیاسەت و خەبات هەڵەی تێدایە، بەڵام نەکەوتوونەتە هەڵەی ستراتیژییەوە، گەمە سیاسییەکانیان بەگوێرەی سنووری دەسەڵاتی خۆیان کردووە، یەکێتیی خۆیان و ئەو نەتەوە و ئەتنیکە جیاوازانەی کە لەوێ دەژین پێکهێناوە، مۆدێلێکیان دامەزراندووە کە جیاوازە لە مۆدێلی وڵاتانی ناوچەکە.

-هەوڵێک بۆ یەکێتیی نەتەوەیی، ئەوەش لە پێناو پاراستنی دەستکەوتەکان، ئەم هەوڵانە چۆن دەبینن؟.

"لەناوهێزەکاندا ناکۆکی هەیە"

مەریوان وریا قانع: ئەگەر مەبەست لە یەکێتییەکی نەتەوەیی بێت لەسەر ئاستی هەرچوار پارچەی کوردستان، پێموانییە بە ئاسانیی بە ئەنجامێکی ئەرێنی بگات، چونکە ناکۆکییەکانی ناو هێزە کوردییەکان ناکۆکی گەورەن، سیاسەتی کوردی لە ئێستادا سیاسەتێکی پارچە پارچەیە و دابەشبووە بەسەر میحوەرە هەرێمییە جیاوازەکاندا، هێزە کوردییەکان زۆر لەیەک دوورن، قازانج و بەرژەوەندییە تایبەتییەکانیان دوورە، ئەگەریش مەبەست ڕۆژئاوای کوردستان بێت، دەبێت فرەڕەنگیی سیاسیی هەبێت لەپاڵ فرەڕەنگیی ئەتنیکی و نەتەوەیی، بەڵام بەو مەرجەی هەر هێزێکی سیاسیی نەبێتە خاوەن هێزی چەکدار.

-ئاستەنگییەکانی بەردەم پێکهاتنی یەکێتیی نەتەوەیی کورد چییە؟

" لە هەر پارچەیەکدا قۆناغێکی سیاسیی جیاواز پێشکەوتووە"

مەریوان وریا قانع: ئەم پارچانەی کوردستان گەشەی جیاوازیان کردووە، لە هەر پارچەیەکدا قۆناغێکی سیاسیی جیاواز پێشکەوتووە، لە تورکیا تا ئێستا کورد بەفەرمیی دانی پێدانەنراوە، لە باشوری کوردستان ئێمە لەمڕووەوە کێشەیەکی ئەوتۆمان نەبووە، خاڵێکی دیکەش ئەوەیە کە ئێمە لە هەر یەکێک لەم وڵاتانەدا ڕوومان تەقیوەتەوە بە جۆرێک سیستمی سیاسیی کە لەیەک ناچن، لەبەر ئەوە جۆرێک لە سایکۆلۆژیای سیاسیی جیاواز دروستبووە، خاڵێکی دیکەش پەیوەندی بە کورد خۆیەوە هەیە، کورد لەناو خۆیدا کۆمەڵێک هێزی سیاسیی زۆر جیاوازن، دید و ئایدۆلۆژیای جیاوازیان هەیە، ململانێی تووند و زۆر جار ناشرین لە نێوان لایەنە سیاسییەکاندا هەیە، جگە لەوەش مێژووییەکی پڕ شەڕی ناوخۆ لە کوردستان هەیە، کە ڕەنگە تێپەڕبوون بەسەریدا هەروا ئاسان نەبێت.

-تێڕوانینتان لەسەر ئەزموونی ڕۆژئاوا چییە؟

"ڕۆژئاوای کوردستان ئەزموونێکی ئێجگار گرنگە"

بە وتەی مەریوان وریا قانع، ئەزموونی ڕۆژئاوای کورستان ئەزموونی هێزێکی سیاسیی دیارییکراوە و خەیاڵی سیاسیی هێزێکی دیارییکراوی لەپشتە، هەروەها ئەزموونی ڕۆژئاوا بە ئێجگار گرنگ لە قەلەم دەدات و وەها بەردەوامیی بە قسەکانی دەدات "ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان لەڕووی پرسی ژن و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و جیاکردنەوەی نەتەوە و دینەکانی دیکە و دڵسۆزیی بۆ خەباتەوە ئەزموونێکی ئێجگار گرنگە، ئەگەر تۆ سەرجەمی ئەو پرۆژەیەت قبوڵ نەبێت شوێنت نابێتەوە لەناویدا، بۆ نموونە ئەگەر هێزێکی سیاسیی هەبێت کە باوەڕی بەوە هەبێت کورد پێویستی بە دەوڵەت نەتەوە هەیە و دەوڵەت دەتوانێت کێشەکانی چارەسەربکات، ئەوکات لەو پرۆژەیەدا جێی نابێتەوە، چونکە ئەو پرۆژەیە لە بنەڕەتدا کار لەسەر سڕینەوەی دەوڵەتی نەتەوە دەکات، بۆیە پێموایە لە ئاستی سیاسییدا ڕێگری گەورەی لەبەردەمدایە".

-بەڵام لە ڕۆژئاوای کوردستان هێز هەن دژایەتی ئەو ستاتیۆیە دەکەن و بەبێ کێشە کاروباری خۆیان جێبەجێ دەکەن؟

"دوژمنەکانی ڕۆژئاوا زۆر ناشیرینن"

مەریوان وریا قانع: ئەزموونی ڕۆژئاوای کوردستان دوژمنەکانی زۆر ناشرینن، لەلایەک ئەردۆغان و لەلایەک ڕژێمی سوریا و لەناو کوردستانیش پارتی دیموکراتی کوردستانە، کۆمەڵێک دوژمنی هەیە کە هەموویان زۆر نادیموکرات و سوڵتانی و دەسەڵاتگەران و نە ڕێزی مافی مرۆڤ دەگرن نە ڕێزی جیاوازیی دەگرن، ئەم دوژمنانە وایکردووە ئەم ئەزموونەی ڕۆژئاوا ڕەخنەی لێنەگیرێت