"مەکتەبی سیاسی بڕیار لەسەر بەشداری یەکێتی بێ پارتی لە کۆنگرەی نەتەوەیی دەدات"


رۆژنیوز- هانا ئازاد

به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى سێ-ى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان له‌هه‌ولێر ڕایده‌گه‌یه‌نێت، که‌ بڕیاره‌ دوو لیژنه‌ى هاوبه‌ش دروستبکرێت بۆ جێبه‌جێ کردنى ناوه‌ڕۆک و خاڵه‌کانى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌که‌ى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان ڕاشیده‌گه‌یه‌نێت، یه‌کێتى و گۆڕان به‌ڕێککه‌وتن و یه‌کگرتن زیان به‌ که‌س ناگه‌یه‌نن.

رزگار عه‌لى، ئه‌ندامى مه‌کته‌بى سیاسى یه‌کێتى له‌چاوپێکه‌وتنێکدا له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌که‌مان (ڕۆژنیوز) باس له‌کاره‌کانى ڕێککه‌وتنى یه‌کێتى و گۆڕان ده‌کات، هاوکات مه‌له‌فى نه‌وتى هه‌رێم و په‌یوه‌ندییه‌کان هه‌ڵده‌داته‌وه‌.

رزگار عه‌لى، له‌و چاوپێکه‌وتنه‌که‌‌ ده‌ڵێت: یه‌کێتى دژى داخستنى ده‌روازه‌ى ڕۆژئاواى کوردستانه‌ ،چۆن ده‌کرێت هاوتووچۆ له‌نێوان دوو پارچه‌ى کوردستان قه‌ده‌غه‌ بکرێت؟.

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

ڕۆژنیوز: ده‌مه‌وێت له‌رێککه‌وتنه‌ سیاسیه‌که‌ى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان ده‌سپێبکه‌م، دواى ڕێککه‌وتنه‌ تاڕاده‌یه‌ک جوڵه‌ى سیاسى له‌باشورى کوردستان ده‌ستیپێکرده‌وه‌، به‌ڵام بۆچى تائێستا به‌شێک له‌خاڵه‌کانى جێبه‌جێ نه‌کراوه‌ ؟

" ئه‌وکاته‌ى یه‌کێتى و گۆڕان جیابوونه‌وه‌ که‌س شیوه‌نى نه‌کرد تائێستا هه‌ندێک لایه‌ن خۆیان تێک بده‌ن"

-پێویسته‌ سه‌ره‌تا باسى ئه‌وه‌ بکه‌م که‌ ئێمه‌ و گۆڕان دوو حزبى سه‌ربه‌خۆین و ئیراده‌ى سیاسیمان سه‌ربه‌خۆیه‌ به‌شێک له‌خاڵه‌کانى نێو ڕێککه‌وتنه‌که‌ پێشتر کارمان له‌سه‌ر کردووه‌ و ره‌نگه‌ له‌سه‌ر هه‌ندێک له‌خاڵه‌کان یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵیش له‌گه‌ڵمان بوبێتن به‌تایبه‌ت له‌سه‌ر پرۆژه‌ى یاسایى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم، بۆیه‌ هه‌ندێک له‌خاڵه‌کانى ڕێککه‌وتنه‌ پێشتر کارى له‌سه‌ر کراوه‌، دوو خاڵى سه‌ره‌کى زۆر گرنگ له‌ڕێککه‌وتنه‌که‌دا هه‌یه‌ که‌ چۆن بتوانین تیمه‌کانمان له‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مان و ئه‌نجومه‌نى پارێزگاکان یه‌ک بخه‌ین و به‌یه‌که‌وه‌ کاربکه‌ین و خاڵێکى ترى گرنگ ئه‌وه‌یه‌ له‌هه‌ڵبژاردنى داهاتوو چۆن بتوانین پێکه‌وه‌ به‌شداربین، بۆیه‌ بڕیاره‌ دوو لیژنه‌ى هاوبه‌ش دروستبکرێت بۆ جێبه‌جێ کردنى ناوه‌ڕۆک و خاڵه‌کانى ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌.

ڕۆژنیوز: تائێستاش پارتى دیموکراتى کوردستانى عێراق ڕێککه‌وتنه‌که‌ى ئێوه‌ به‌دژایه‌تى بۆخۆى ده‌بینێ، ته‌نانه‌ت له‌به‌یاننامه‌کانى به‌ڕوونى ئه‌وه‌ دیاره‌ ؟

" ده‌بێت پارتى ده‌ستخۆشى هه‌بێت بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌"

-داواکارم له‌پارتى به‌وردى سه‌یرى ڕێککه‌وتنه‌که‌ى گۆڕان و یه‌کێتى بکه‌ن، چونکه‌ خاڵێکى تێدانیه‌ دژایه‌تى پارتى بێت و زیان به‌وحزبه‌ بگه‌یه‌نێت ده‌بێت پارتى ده‌ستخۆشى هه‌بێت بۆ ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌، چونکه‌ له‌هه‌وڵى ئه‌وه‌داین هه‌موو حزبه‌کان یه‌ک هه‌ڵوێست بن کاتى خۆى له‌گه‌ڵ پارتى که‌ ڕێککه‌وتنى ستراتیژیمان به‌ست که‌تائێستاش ماوه‌، هیچ حزبێک به‌موئامه‌ره‌ى نه‌زانى، ئه‌وکاته‌ى یه‌کێتى و گۆڕان جیابوونه‌وه‌ که‌س شیوه‌نى نه‌کرد تائێستا هه‌ندێک لایه‌ن خۆیان تێک بده‌ن، ئێمه‌ و گۆڕان به‌ڕێککه‌وتن و یه‌کگرتنمان زیان به‌که‌س ناگه‌یه‌نین و هه‌مومان هاورێ و پێشمه‌رگه‌ى کۆنین له‌گه‌ڵ یه‌کتر ئه‌وکاته‌ش که‌ جیاوازبووین هاورێیه‌تیمان هه‌بوو.

ڕۆژنیوز: بیرتان له‌ فراوانکردنى ڕێککه‌وتنه‌که‌ کردۆته‌وه‌، مه‌به‌ستمه‌ بپرسم زانیاریه‌ک هه‌یه‌ گوایه‌ له‌هه‌وڵدان بۆ هێنانه‌ ناوه‌وه‌ى کۆمه‌ڵى ئیسلامى بۆ ڕێککه‌وتنه‌که‌ ؟

-له‌ناو ڕێککه‌وتنه‌که‌ باسى فراوانکردنیمان کردووه‌، به‌ڵام ئاگا‌دارى هیچ هه‌وڵێک نیم بۆ ئه‌و زانیاریه‌ى باستکرد، ته‌نها بیستوومه‌ که‌ ئه‌گه‌ر کۆمه‌ڵ ڕازى بێت بابێته‌ ڕێککه‌وتنه‌که‌، به‌ڵام کۆمه‌ڵى ئیسلامى لاى خۆیان هاتنه‌ ناوڕێککه‌وتنه‌که‌ى یه‌کێتى و گۆڕان تاوتوێ ده‌که‌ن، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر پره‌نسیپه‌کانیان قبوڵ بێت ئاساییه‌.

ڕۆژنیوز: له‌ڕێککه‌وتنه‌که‌تان به‌شێوه‌یه‌کى لاستیکى باسى کاراکردنه‌وه‌ى په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستانتان کردوه‌ کات و بڕیارتان دیارى نه‌کردوه‌ بۆ کاراکردنه‌وه‌ى.؟

-ده‌بێت بزانین په‌رله‌مانى هه‌رێمى کوردستان به‌هه‌ڵبژاردن دروستبووه‌ و سه‌رجه‌م حزبه‌کانیش به‌شداربوون له‌چوارچێوه‌ى یاسا په‌رله‌مانتار دانراوه‌ و ده‌سته‌ى سه‌رۆکایه‌تیش له‌نێو ئه‌و په‌رله‌مانتارانه‌ هه‌ڵبژێردراوه‌، بۆیه‌ ده‌بێت ئه‌و ده‌سته‌ به‌فشارى په‌رله‌مانتاره‌کان ده‌ستبه‌کاربێته‌وه‌ و پێش ئه‌وه‌ش حزبه‌کان ‌ئه‌گه‌ر بۆچوونێکێان هه‌یه‌ له‌ڕێگا‌ى فراکسیۆنه‌کانیان بیگه‌یه‌ننه‌ په‌رله‌مان.

ڕۆژنیوز: له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ى یه‌کێتى به‌شدارى حکومه‌تى هه‌رێمه‌، به‌ڵام قسه‌ى زۆر له‌سه‌ر ئه‌وه‌ده‌کرێت ئاگا‌دارى به‌شێک له‌مه‌له‌فه‌کان نین بۆنمونه‌ مه‌له‌فى نه‌وت یان په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌.؟

" سه‌رجه‌م سه‌رکرایه‌تى یه‌کێتى ئاگا‌دارى مه‌له‌فى نه‌وت نین"

-یه‌کێتى ئه‌ندازیارى ده‌رهێنانى نه‌وته‌ و پێشتر کارى له‌سه‌ر ده‌رهێنانى نه‌وت کردووه‌، به‌ڵام به‌وردى سه‌رجه‌م سه‌رکرایه‌تى یه‌کێتى ئاگا‌دارى مه‌له‌فى نه‌وت نین ته‌نها چه‌ند که‌سانێک له‌نێو یه‌کێتى ئاگا‌دارى داهات و مه‌له‌فى نه‌وتن، له‌باره‌ى په‌یوه‌ندییه‌کانى ده‌ره‌وه‌ پێم خۆشه‌ نه‌ک ته‌نها ئێوه‌ به‌ڵکو یه‌کێتیه‌کانیش له‌وه‌تێبگه‌ن ئێمه‌ به‌ 18 کورسى به‌شدارى ئه‌و حکومه‌ته‌ین و ئه‌وه‌ حکومه‌تى ساڵى 2010 نیه‌، بۆیه‌ پشکى ئێمه‌ له‌حکومه‌ت به‌قه‌د پارتى نابێت، به‌ڵام هه‌موو حزبێک تاکۆتایى ژیان له‌سه‌رجه‌م جومگه‌کانى حکومڕان نابێت و ئه‌نجامى هه‌ڵبژاردنێکى نوێ ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ ده‌گۆڕێت.

ڕۆژنیوز: نوێنه‌رانى یه‌کێتى له‌حکومه‌ت له‌کاتى بڕیاردان ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ مه‌کته‌بى سیاسى حزبه‌که‌یان ؟

- به‌ڵێ، ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌.

ڕۆژنیوز: که‌واته‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى ده‌ڵێن حکومه‌ت ده‌روازه‌ى ڕۆژئاواى کوردستانى داخستووه‌ یه‌کێتى ئاگا‌داره‌.؟

" یه‌کێتى دژى داخستنى ده‌روازه‌ى ڕۆژئاواى کوردستانه‌"

-نه‌خێر، یه‌کێتى دژى داخستنى ده‌روازه‌ى ڕۆژئاواى کوردستانه‌ و به‌کارێکى خراپى ده‌زانین، چونکه‌ هه‌رێم ئه‌و بارودۆخه‌ى دیوه‌، یه‌کێتى پێى وایه‌ میلله‌تى کورد له‌ڕۆژئاوا زۆر گرنگتره‌ له‌ ململانێى نێوان دوو حزب، ناکرێت بڵێن میلله‌تى کورد له‌باشور و ڕۆژئاوا کێشه‌یان هه‌یه‌ به‌ڵکو ده‌بێت ئێمه‌ هاوکارى کوردانى ڕۆژئاوا بکه‌ین، چۆن ده‌کرێت هاوتووچۆ له‌نێوان دوو پارچه‌ى کوردستان قه‌ده‌غه‌ بکرێت؟.

ڕۆژنیوز: ده‌گه‌ڕێمه‌وه‌ بارودۆخى باشورى کوردستان و پڕۆژه‌تان له‌گه‌ڵ گۆڕان بۆبابه‌تى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم چیه.‌؟

-پڕۆژه‌که‌مان له‌سه‌ر یاساى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم له‌په‌رله‌مانه‌، به‌پێى یاسا مه‌سعود بارزانى یان هه‌ر هاوڵاتیه‌کى تر له‌هه‌ڵبژاردن و له‌چوارچێوه‌ى یاسا ده‌ربچێت ئاساییه‌ سه‌رۆک بێت، بۆیه‌ بابه‌تى سه‌رۆکایه‌تى هه‌رێم ده‌بێت به‌یاسا یه‌کلاى بکرێته‌وه‌ و سورین له‌سه‌ر ئه‌وه‌.

ڕۆژنیوز: له‌سه‌ر که‌رکوک قسه‌ى زۆر ده‌کرێت که‌ له‌عێراق جیاببێته‌وه‌ و پێشتر به‌پرسانى ئێوه‌ش له‌یه‌کێتى له‌وباره‌یه‌وه‌ قسه‌یانکردووه‌، ده‌مه‌وێت له‌زارى تۆوه‌ بزانم خوێندنه‌وه‌تان بۆ پێگه‌ و ئاینده‌ى که‌رکوک چۆنه‌؟

" ناکرێت سیاسه‌تى زۆرینه‌ و که‌مینه‌ به‌کار بێنین"

-که‌رکوک شارێکى کوردستانیه‌، به‌ڵام که‌رکوک جگه‌ له‌ کورد نه‌ته‌وه‌ى ترى تێدایه‌ و ده‌بێت مافى ئه‌و نه‌ته‌وانه‌ دابینبکرێت، چونکه‌ چۆن کورد که‌رکوکى خۆشده‌وێت تورکمانێکیش به‌هه‌مانشێوه‌ بۆیه‌ ناکرێت سیاسه‌تى زۆرینه‌ و که‌مینه‌ به‌کار بێنین، بۆیه‌ هه‌رکه‌سێک بیر له‌هه‌رێمێکى سه‌ربه‌خۆ بکاته‌وه‌ بۆ که‌رکوک ئه‌وه‌ ده‌یه‌وێت کوردستان پارچه‌ پارچه‌ بکات، له‌ئه‌ده‌بیاتى یه‌کێتى که‌رکوک سه‌ر به‌هه‌رێمى کوردستانه‌ و ئه‌وه‌ى باسى سه‌ربه‌خۆى که‌رکوک بکات یه‌کێتى نیه‌.

ڕۆژنیوز: هه‌وڵى یه‌کێتى نیشتمانى کوردستان چی بووه‌ بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى؟ ئێوه‌ ئاماده‌ن به‌بێ پارتى به‌شدارى کۆنگره‌یه‌کى نه‌ته‌وه‌یى بکه‌ن .؟

-ئێستا و پێشتریش یه‌کێتى هه‌وڵى بۆ به‌ستنى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى داوه‌، به‌لای یه‌کێتیه‌وه‌ گرنگ نیه‌ کێ که‌سى یه‌که‌مى کۆنگره‌ى نه‌ته‌وه‌یى بێت و بیرمان له‌وه‌ نه‌کردۆته‌وه‌، به‌ڵام گرنگه‌ لامان کۆنگره‌که‌ به‌ به‌شدارى کوردانى هه‌رچوار پارچه‌ى کوردستان ببه‌سترێت، بۆ به‌شدارى ئێمه‌ به‌بێ پارتى ئه‌وه‌ بڕیارێکه‌ ده‌بێت له‌مه‌کته‌بى سیاسى قسه‌ى له‌سه‌ر بکرێت.

"نه‌وت بۆ ئێران بنێرین قازانجتره‌"

ڕۆژنیوز: زانیارى هه‌یه‌ گوایه‌ ئێران فشارى له‌سه‌ر یه‌کێتى کردووه‌ بۆئه‌وه‌ى په‌یوه‌ندى ئابورى و نه‌وت له‌گه‌ڵ هه‌رێم ببه‌سترێت وه‌ک ئه‌وه‌ى تورکیا هه‌یه‌تى، ده‌کرێت له‌وباره‌یه‌وه‌ زانیارى پتر بزانین.؟

-زانیاریه‌کان به‌دیاریکراوى به‌وشێوه‌یه‌ نیه‌، هه‌رێمى کوردستان ده‌بێت به‌ڕێگا‌ى وشکانى نه‌وت بنێرێته‌ ده‌ره‌وه‌ کارێکى زۆرباشه‌ ئه‌گه‌ر نه‌وت بۆچه‌ند وڵاتێک بنێرێت، چۆن تورکیا دۆستمانه‌ ئێرانیش دۆستمانه‌ ته‌نانه‌ت هه‌ندێک بیره‌ نه‌وتى هه‌رێم له‌ئێرانه‌وه‌ نزیکتره‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى له‌تورکیا و نه‌وت بۆ ئێران بنێرین قازانجتره‌، زیانى نابێت ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندى ئابورى له‌گه‌ڵ ئێران هه‌بێت و بۆ ئاینده‌ى حکومه‌تى هه‌رێم باشه‌.

ڕۆژنیوز: باسى دۆستایه‌تى ئه‌و وڵاتانه‌تکرد، به‌ڵام ماوه‌یه‌کى زۆره‌ ژماره‌یه‌ک بنکه‌ و باره‌گاى تورکیا له‌خاکى هه‌رێمه‌ و ئێستاش قسه ‌له‌سه‌ر ئه‌وه‌یه‌ ئێران ناوچه‌یه‌کى سه‌ربازى بکاته‌وه‌، قسه‌تان له‌سه‌ر ئه‌وه‌چیه‌ ؟

-ئه‌وه‌ى ئێران وه‌ڵاممان دایه‌وه‌، کردنه‌وه‌ى ناوچه‌ى سه‌ربازى ئێران له‌هه‌رێم درۆ و پڕوپاگه‌نده‌یه‌، به‌ڵام ئه‌وه‌ى تورکیا دوو جۆره‌ جۆرێکیان ئه‌وه‌یه‌ له‌سه‌رده‌مى سه‌دام حسێن ڕێککه‌وتنێک کراوه‌ له‌نێوان عێراق و تورکیا، ئێستا تورکیا به‌وبیانوه‌ سه‌ربازگه‌کانى له‌خاکى عێراقن، به‌ڵام به‌شێک له‌هێزه‌کان زیاتر له‌وسنوره‌یان به‌زاندووه‌ که‌ نایاسایى و ناده‌ستوریه‌، بۆیه‌ پێویسته‌ حکومه‌تى عێراق و په‌رله‌مانى عێراق ئه‌و ڕێککه‌وتنه‌ به‌فه‌رمی هه‌ڵبوه‌شێنێته‌وه‌ و به‌وپێیه‌ هێزه‌کانى تورک بچنه‌ ده‌ره‌وه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا به‌بۆردومانى سنور و لێدان له‌باره‌گاکانى پارتى کرێکارانى کوردستان هیچ له‌بارودۆخى تورکیا ناگۆڕێت، ئێستا شه‌ڕ له‌قوڵایی تورکیایه‌.

ڕۆژنیوز: که‌واته‌ به‌و خراپیه‌ى دۆخى تورکیا و هه‌ڵگرتنى پارێزبه‌ندى له‌سه‌ر په‌رله‌مانتاران دۆخى ئه‌و وڵاته‌ به‌ره‌و کوێ ده‌چێت .؟

-یه‌کێتى به‌رده‌وام له‌گه‌ڵ چاره‌سه‌ى کێشه‌ى کورد بووه‌ له‌تورکیا، پێشتریش هه‌وڵه‌کانى یه‌کێتى بۆ ئاشته‌وایى له‌تورکیا کاریگه‌رى هه‌بوو ئێستا له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ین دۆخى تورکیا بگه‌ڕێته‌وه‌ سه‌رده‌مى ئاشته‌وایى، به‌داخه‌وه‌ ئه‌وه‌ى کرا به‌رامبه‌ر په‌رله‌مانتارن و لابردنى پارێزبه‌ندى کارێکى خراپ بوو چونکه‌ هه‌ده‌په‌ له‌گه‌ڵ ئاشتیدایه‌ و ده‌بێت کێشه‌کان به‌ئاشتى چاره‌سه‌ر بکرێت، چونکه‌ ده‌وڵه‌تى تورک له‌ودۆخه‌دا زیانى زۆرى به‌رکه‌وتووه‌ .

ڕۆژنیوز: دواین پرسیارم ئه‌وه‌یه‌ که‌ ئێوه‌ به‌رپرسى مه‌ڵبه‌ندى هه‌ولێرى یه‌کێتین به‌رپرسه‌کانى پێش تۆ زۆر باسى ئه‌وه‌یانده‌کرد یه‌کێتى له‌هه‌ولێر میوان نیه‌، دۆخى سه‌ره‌تاى هاتنه‌وه‌ى یه‌کێتى بۆهه‌ولێر و ئێستاى یه‌کێتى هیچ جیاوازى هه‌یه‌ ؟

” یه‌کێتى نه‌ک میوان نیه‌، به‌ڵکو خاوه‌نى هه‌ولێره‌"

-یه‌کێتى نه‌ک میوان نیه‌، به‌ڵکو خاوه‌نى هه‌ولێره‌ یه‌کێتى بۆ هه‌ولێر قوربانى زۆرى داوه‌ و ئێستاش ڕۆژانه‌ شه‌هیدى یه‌کێتى له‌به‌ره‌کانى شه‌ڕ دێنه‌وه‌ که‌خه‌ڵکى هه‌ولێرن، یه‌کێتى یه‌کێک بوو له‌وهێزانه‌ى که‌ پێش زۆربه‌ى هێزه‌کانى تر مه‌خمورى ئازادکرد و چه‌ته‌کانى داعشى ڕاونا، به‌ڵام ئێمه‌ کێشه‌یه‌کمان هه‌یه‌ حکومه‌ت به‌هاوبه‌شى پێکدێنین، به‌ڵام له‌خواره‌وه‌ ئه‌و ڕێککه‌وتن و دیموکراسیه‌ته‌ ره‌نگى نه‌داوه‌ته‌وه‌، خۆزگه‌ پارتى له‌سلێمانى و ئێمه‌ له‌هه‌ولێر به‌یه‌که‌وه‌ حکومه‌تى خۆجێیمان پێکهێنابوایه‌، له‌حکومه‌تى خۆجێى هه‌ولێر یه‌ک به‌رێوه‌ر یه‌کێتى نیه‌ .

ش.ف