نووسەرێک: لەڕۆژئاوا هێزێکی گەورەی بەرگریی هەیە کە پلانەکانی تورکیای تێکشکاندووە

ئەردەڵان عەبدوڵا، شارەزا لە کاروباری تورکیا، دەڵێت، کە پێویستە هەموو پارتەکانی باشوری کوردستان بزانن کە تورکیا گەورەترین مەترسییە بۆ هەرێمی کوردستان، هەروەها دەڵێت لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزێکی گەورەی بەرگریی کردن هەیە کە پلانەکانی تورکیای تێکشکاندووە، کە داعش یەکێک بوو لەو پلانانە.


ئەردەڵان عەبدوڵا، نووسەر و ڕۆژنامەنووس و شارەزا لە کاروباری تورکیا، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا ئاماژە بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا دەکات لەگەڵ هەوڵە شەڕانگێزی و پاونخوازییەکانی بەرامبەر بە وڵاتانی دراوسێی و گەلی کورد، تیشک دەخاتە سەر سیاسەتەکانی تورکیا لەباشوری کوردستان و شاری کەرکوک.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

- تێڕوانینیت سەبارەت بە سیاسەتی دەرەوەی تورکیا چییە؟

"هەر بە شەڕانگێزی و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە هاتوون"

ئەردەڵان عەبدوڵا: ئەگەر سەیری مێژوو بکەین تورک کە لەئاسیای ناوڕاستەوە هاتوون هەر بە شەڕانگێزی و داگیرکردنی وڵاتانی دیکە هاتوون، ئەگەر سەیری دەوڵەتی عوسمانیش بکەین ئەم دەوڵەتە لەسەر شەر بنیات نراوە، بەڵام لەدوای شەڕی جیهانی یەکەمەوە دەوڵەتانی ئەوروپا توانیان لغاوی ئەم دەوڵەتە بکەن و ڕایبگرن، بەڵام هەر پەلاماری دراوسێ لاوازەکانی داوە، بونمونە لەساڵی ٧٠ کانی سەدەی ڕابردوو هێرشی کردە سەر قوبروس و بەشێکی داگیرکرد، زۆر هەوڵی دا لەسەردەمی شۆڕشی ساڵێ ١٩٥٨ی عێراق هێرش بکاتە سەر عێراق و داگیری بکات، هەروەها هەوڵی داگیرکاریی سوریای داوە، تەنانەت بەشێک لەخاکی شاری ئەسکەندەرونییەی سوریای برد، ئەم سیاسەتەی تورکیا بەردەوام بوو هەتا ڕوخانی یەکێتی سۆڤیەت.

- دواتر سیاسەتی تورکیا گۆڕانی بەسەرداهات؟

"لەڕوی شکڵەوە گۆڕانیان دروستکرد، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هەمان شتبوو"

ئەردەڵان عەبدوڵا: بەهاتنە سەر حوکمی ئەردۆغان لەڕوی شکڵەوە گۆڕانیان دروستکرد، بەڵام ناوەڕۆکەکەی هەمان شت بوو، بەحساب سیاسەتی سفر کێسەیان لەگەڵ دراوسێکاندا پەیڕەو دەکرد، بەڵام ناواخنەکەی دژایەتی کردنی وڵاتان بوون، بەڵام وڵاتان درکیان پێ نەکرد، بۆنمونە سەرەتا زۆر خۆیان نزیک کردوە لە سوریا، دەسەڵاتی سوریاش پێی وابوو سیاسەتی تورکیا گۆڕاوە، ئەو دۆخە بەردەوام بوو هەتا دەستپێکردنی بەهاری عەرەبی، دواتر لە بەهاری عەرەبیدا ڕووی ڕاستەقینەی خۆیان دەرخست، کەسیاسەتی پاوان خوازیی و داگیرکردنی وڵاتانە، ئێستا لە یەمەنەوە تا سوریا و عێراق هەر لەهەوڵی ئەوەدان کە لەهەموو ئەو وڵاتانە پارچەیەک ببات بۆ خۆی، لەئێستادا ئەم سیاسەتەی تورکیا بۆ دەوڵەتانی عەرەبی دەرکەوت.

- سیاسەتە داگیرکارییەکانی بەرابەر بە کورد چۆن دەبینی؟

"تورکیا نە لە ڕابردوودا و نە لە داهاتوودا نابێت بە دۆستی کورد"

ئەردەڵان عەبدوڵا: ئەردۆغان هیچ ساسەتێکی جیاوازی نەبووە بەرامبەر بەکورد بە بەراورد بە حکومەتەکانی پێشتر، هەموویان یەک تێڕوانیان هەیە بەرامبەر بە کورد، بەڵام ئەم هاتووە بە شێوازی خۆی کردوویەتی ئەوانیش بە شێوازی خۆیان، لەئێستادا بۆ هەموو گەلی کورد ئاشکرا بووە کە ئەم پیاوە دژایەتی هەموو ویست و ئیرادەیەکی کورد دەکات، ئیتر کورد لە تورکیا بێت یان لە ئێران بێت یان لە عێراق بێت تەنانەت لە ئێرانیش ئەم دژایەتی دەکات، ئێستا دەبینت لە باکوری کوردستان کەوتووەتە گیانی هەموو سەرۆک شارەوانییەکان و لای بردوون، ڕەشبگیرییەکی زۆری کردووە، لە ڕۆژئاوای کوردستان بەهەموو شێوەیەک هەوڵدەدات ئەو ئەزمونەی ڕۆژئاوا لەناو ببات، لە باشوری کوردستان ڕۆژ نییە بۆردوومانی سنوورەکان نەکات بە بیانووی ئەوەی (پەکەکە)ی لێیە، بەڵام لە ڕاستیا هەر سیاسەتی پاوانخوازیی هەیە، ڕاستییەکەی ئەوەیە تورکیا نە لە ڕابردوودا و نە لە داهاتوودا نابێت بە دۆستی کورد، دەبێت کوردیش بەرامبەر ئەوە وشیار بێت.

- کەواتە کورد دەبێت چۆن سیاسەتێک پەیڕەو بکات بۆ خۆپاراستن لە هەوڵە شەڕانگێزییەکانی تورکیا؟

"پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان لەوە تێبگەن کە تورکیا مەترسییەکی گەورەیە"

ئەردەڵان عەبدوڵا: بەبڕوای من پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان لەوەتێبگەن کە تورکیا مەترسییەکی گەورەیە بۆسەر گەلی کورد لە باشوری کوردستان، ئەوەش لە ڕیفراندۆمدا دەرکەوت، کە تورکیا لە عێراقیش زیاتر دژایەتی ڕیفراندۆمی کرد، بۆیە پێویستە هەموو پارتە کوردییەکان لەوە تێبگەن کە تورکیا مەترسییەکی گەورەیە بۆ هەرێمی کوردستان.

- ئەگەر تێنەگەن و بەردەوام بن لە گرێبەستی بازرگانی و ڕێگەدان بە هاتووچۆی سوپای تورک لە باشوری کوردستان چ زیانێک دەکەن؟

"ئەگەر پارتە سیاسییەکانیش ڕووبەڕووی نەبنەوە پێویستە جەماوەر ئەوە بکات"

ئەردەڵان عەبدوڵا: ئەوە یەکێکە لە کێشە گەورەکان، تورکیا بەشێوەی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ هەژمونی خۆی سەپاندووە لە هەرێمی کوردستان لە ڕێگای بازاڕ و سەربازییەوە، بۆیە پێویستە ئەگەر پارتە سیاسییەکانیش ڕووبەڕووی نەبنەوە جەماوەر ئەوە بکات، چونکە تورکیا ترسێکی گەورەیە بۆ هەموو گەلی کورد، تۆ سەیری وڵاتە عەرەبییەکان بکە، با حکومەتەکانیشیان ڕێککەوتبن لەگەڵ ئیسرائیل بەڵام جەماوەرەکەیان ڕێکنەکەوتوون، کەسێک نابینیت بچێت بۆ ئیسرائیل بۆ سیاحەت، یان کەلوپەلێکی ئیسرائیلیی بکڕێت، ئێمەش ئەبێت ئەو وشیارییە جێگیربکەین لەناو خەڵکدا کە تورکیا دوژمنی هەموو کوردێکە بە باش و بە خراپیەوە.

- واتا پێت وایە دەبێت ڕای گشتی دژی تورکیا دروست بێت؟

"بە دڵنیاییەوە"

ئەردەڵان عەبدوڵا: بە دڵنیاییەوە، چونکە تورکیا مەترسییە بۆسەر بوونی کورد، ئەوانیش کورد بە مەترسی بەسەر خۆیانەوە ئەزانن، ئەردۆغان خۆی دەڵێت ئەگەر کیانێکی کوردی هەبێت ئێمە پشوو نادەین، بۆیە کوردیش دەبێت هۆشیار بێتەوە.

- تورکیا  بە ئاشکرا دەڵێت کەرکوک شارێکی تورکیایە، پێتوایە پیلانەکانی تورکیا لە کەرکوک چییە؟

"بەئاشکرا دەیەوێت ئەو شارە بەرێت بۆخۆی"

ئەردەڵان عەبدوڵا: ئێستا دۆخی کەرکوک لەوپەڕی مەترسیدایە، لە کەرکوک بێجگە لە مەترسی تورکیا مەترسی حەشدی شەعبی و هێزە شۆڤێنییە عەرەبەکان هەیە، بۆیە دەبێت کورد هەموو ناکۆکییە ناوخۆییەکانی وازلێبێنێت بۆ کەرکوک، لەبەر ئەوەی ئەوە لە کەرکوک دەوڵەتێکی وەک تورکیا بەئاشکرا دەیەوێت ئەو شارە بەرێت بۆخۆی، هەوڵیشی بۆداوە بۆ ئەوەی هەژموونی خۆی بسەپێت، بەڕای من پێویستە کورد وەک چۆن لە کەرکوک ڕووبەڕووی سیاسەتی بە عەرەبکردن دەبێتەوە ئاواش ڕووبەڕووی سیاسەتی بە تورککردن ببێتەوە.

- سیاسەتەکانی تورکیا لە ڕۆژئاوای کوردستان بەچ ئاکامێک دەگات؟

"لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزێکی بەرگریی بەهێز هەیە"

ئەردەڵان عەبدوڵا: لە ڕۆژئاوای کوردستان هێزێکی بەرگریی بەهێز هەیە، ئەم هێزەش ئێمە نابێت بەکەم سەیری بکەین، لەبەر ئەوەی ئەم هێزە ڕۆڵی هەبووە لە بەزین و ڕاونانی پلانەکانی تورکیا کە داعش بەشێکە لە پلانەکانی بوو، لەلایەکی دیکەوە ئەگەر سەیری هاوکێشە نێودەوڵەتییەکان بکەین بڕیاردان لەسەر داهاتووی ڕۆژئاوا ماوەتەوە سەر ئەمریکا و وڵاتانی ڕۆژئاوا، ئەمریکا و ڕۆژئاواش بۆیان دەرکەوتووە کە نابێت سیاسەتی تورکیا جێگیربێت لە ڕۆژئاوای کوردستان، من لەو باوەڕشدا نیم کە ئێران و ڕوسیاش بهێڵن تورکیا بێت و هەموو ڕۆژئاوای کوردستان داگیربکات، لەبەر ئەوی هەژموونی ئەوان کەم دەبێتەوە.

- لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیادا کورد هاوسەنگی هێزی لە دژی ئەردۆغان یەکلایی کردەوە، ئەوە پەیامێک نییە بۆ ئەوەی هەر هێزێک لە تورکیا دژی کورد بێت سەرکەوتوو نابێت؟

"کورد لە تورکیا شتی زۆری پێدەکرێت"

ئەردەڵان عەبدوڵا: ئەوە سیاسەتێکی حەکیمانەبوو کە کرا، بەراستی کورد لە تورکیا شتی زۆری پێدەکرێت، ئەوەش هۆکاری ئەوەیە کە ئەردۆغان بە شێوەیەکی شێتگیرانە پەلاماری کورد دەدات، هیوادارین ئەم سیاسەتە بەردەوام بێت.

د.ع