"نوێنه‌رایه‌تی شه‌نگال به‌و که‌سانه‌ ناکرێت که‌ مه‌یدانیان بۆ داعش چۆڵکرد" 


رۆژنیوز - ده‌لیلا دیلان/رزگار ده‌نیز

سەرۆکی کۆمەڵەی ئێزدیانی ئازاد، رایدەگەیەنێت: له‌کاتی کۆمه‌ڵکوژی (فه‌رمان) ه‌که‌دا تاکه‌ ئێزیدییه‌کی چه‌کدار نه‌بوو و که‌سیش نه‌بوو چه‌ک هه‌ڵبگرێت، چونکە پارتی رێگای نەداوە کەس چەکی هەبێت و وتویەتی ئێمه‌ لێره‌ین و ده‌تانپارێزین.

حاجی حه‌سه‌ن، سه‌رۆکی کۆمه‌ڵه‌ی ئێزیدییانی ئازاد، که‌ له‌ رۆژی 24ی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ کۆنگره‌ی تەڤدا خۆی و کۆمه‌ڵه‌که‌ی چوونه‌ پاڵ پارتی ئازاد و دیموکرات و ئه‌مه‌ش وه‌ک هه‌نگاوێک به‌ره‌و بونیادنانی یه‌کێتی ئێزیدیان به‌ناو کرا، له‌ دیدارێکی تایبه‌ت به‌ ئاژانسه‌که‌مان رایگه‌یاند که‌، یەبەشە یەژەسە نوێنەرایەتی ئیزدیخان دەکەن و نوێنه‌رایه‌تی شه‌نگال به‌و که‌سانه‌ ناکرێت که‌ مه‌یدانیان بۆ داعش چۆڵکرد.

له‌کاتێکدا که‌ وه‌کو ده‌زانرێت ئێزیدخان و گه‌لی ئێزیدی سه‌رده‌مانێکی دوور و درێژه‌ به‌ هه‌موو شێوه‌یه‌ک دووچاری کۆمه‌ڵکوژی و جینۆسایدی کلتووری ده‌بنه‌وه‌, بیرۆکه‌ی خۆڕێکخستن و بونیادنانی رێکخستنی کۆمه‌ڵایه‌تییانه‌ی ئێزیدی له‌لای ئێوه‌ چۆن سه‌ری هه‌ڵدا و چۆن به‌رۆژی ئه‌مڕۆمان گه‌یشت؟

- به‌ر له‌وه‌ی بچمه‌ ناو هۆکاره‌کانییه‌وه‌ ده‌مه‌وێت بیۆگرافییه‌کی کورتی رێکخستنی ئێزیدیانی ئازاد بخه‌مه‌ به‌رده‌ست، له‌ رۆژی 6ی ئابی 2012 دا له‌گه‌ڵ‌ 15 هه‌ڤاڵ کۆمه‌ڵه‌ی ئێزییانی ئازاد "تجمع ازیدی الحر"مان دامه‌زراند، له‌ چوارچێوه‌ی باوه‌ڕ و فکری خۆمان گه‌یشتینه‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی کۆبوونه‌وه‌یه‌ک ساز بکه‌ین، له‌م کۆبوونه‌وه‌یه‌دا په‌یڕه‌و و پڕۆگرامی خۆمانمان ده‌ستنیشانکرد، ئامانجمان دامه‌زراندنی پارتێکی ئێزیدی بوو، بۆیه‌ له‌ سه‌ره‌تاکانی 2013 دا وه‌ک کۆمه‌ڵه‌یه‌ک به‌شداریمان له‌ هه‌ڵبژاردنه‌کانی عێراق-دا کرد و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا کۆمه‌ڵێک دیدار و کۆڕ و کۆبوونه‌وه‌مان ئه‌نجامدا، له‌ریزی گه‌ل و جه‌ماوه‌ردا کارمان ده‌کرد ئه‌مه‌ش تا تاوانی کۆمه‌ڵکوژی شه‌نگال به‌رده‌وام بوو.

رۆژانی به‌ر له‌ کۆمه‌ڵکوژی و پاش کۆمه‌ڵکوژی چی جیاوازییه‌کی خسته‌ ناو کاره‌کانتانه‌وه‌؟

- به‌ر له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ ئێمه‌ کاروخه‌باتمان ته‌نیا بۆ چۆنێتی جێکردنه‌وه‌ی گه‌لی ئێزیدی بوو له‌ داموده‌زگاکانی حکومه‌تی عێراقدا و لێره‌شه‌وه‌ به‌ده‌ستخستنی کۆمه‌ڵێک هه‌ل و ده‌رفه‌تی خۆڕێکخستن و کارکردنی ئێزیدیەکان بوو، به‌ڵام پاش کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ دۆخێکی زۆر گرنگ و هه‌ستیار هاته‌ ئاراوه‌ که‌ بوون به‌ رێکخستن و گه‌یشتن به‌ هێزی جه‌وهه‌رییانه‌ی به‌سه‌ر هه‌موو لایه‌کی ئێزیدیخاندا ده‌سه‌پاند، ئه‌مه‌ خۆی له‌ خۆیدا هه‌لێکی گه‌وره‌بوو و له‌ هه‌مانکاتدا پێویستی به‌ فیداکارییه‌کی گه‌وره‌ش هەبوو، ئێمه‌ ده‌ستبه‌جێ ئه‌م رێگه‌یه‌مان به‌ بنه‌ما گرت و ده‌ستمان به‌کار و خه‌باتی خۆڕێکخستنی ناوخۆی ئێزیدیەکان کرد.

هه‌ر کۆمه‌ڵکوژییه‌ک کۆچ و ره‌وێکی گه‌وره‌ش له‌گه‌ڵ‌ خۆی ده‌هێنێت، ئێوه‌ له‌م بواره‌دا چیتانکرد تا خه‌ڵکی رزگارکراوی ده‌ستی چه‌ته‌کانی داعش ناچاری کۆچ و ره‌و و سه‌رگه‌ردانییه‌کی گه‌وره‌تر نه‌بن؟

- هه‌ڵبه‌ت چ له‌ڕووی به‌رنامه‌ و چ له‌ڕووی کرداره‌وه‌ ئه‌مه‌ یه‌کێک بوو له‌و هه‌نگاوه‌ گه‌ورانه‌ی که‌ به‌رنامه‌ی رۆژانه‌ی کاری ئێمه‌ بوو، ده‌بوو گه‌لی ئێزدی روو له‌ ده‌وڵه‌تانی ده‌ره‌وه‌ نه‌که‌ن و له‌ ئێزیدخان بمێننه‌وه‌، چونکه‌ ره‌وی هه‌ر که‌سێک له‌ ئێزێدیخان، گرفتێکی گه‌وره‌ی کلتووری له‌گه‌ڵ‌ خۆی ده‌هێنا، چ ئه‌وانه‌ی به‌ناوی خۆ رزگارکردنه‌وه‌ ده‌چوون چ ئه‌وانه‌ی بۆ بژێوی ده‌چوون یان ئه‌وانه‌ی که‌ خاوه‌نی بڕوانامه‌ی باش بوون بۆ کاروباری تایبه‌ت یان گشتی ده‌چوون یان ده‌بران، ئه‌وانه‌ی بۆ کار ده‌چوون و له‌ ئامانجیاندا گه‌ڕانه‌وه‌ هه‌بوو نه‌ده‌بوون به‌ کێشه‌، به‌ڵام ده‌رکه‌وتنێکی یه‌کجاره‌کی له‌ ئێزدیخان مایه‌ی گرفتێکی گه‌وره‌بوو، ئه‌مانه‌ هه‌موو بۆ ئێزیدخان خاڵی گرنگ و ده‌ستلێبه‌رنه‌دراو بوون.

ئامانج له‌ مانه‌وه‌دا له‌ ئێزیدخان چی بوو؟

- ئاشکرایه‌ به‌ساڵانه‌ گه‌لی ئێزیدی له‌لایه‌نی سیاسی، سه‌ربازی و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌وه‌ له‌لایه‌ن که‌سانی ده‌ره‌وه‌ به‌ڕێوه‌ برابوو، وه‌ک ئێستاکه‌ خۆسه‌ری و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ریمان له‌بیرنه‌بوو، به‌ڵام ئامانجمان ئه‌وه‌بوو گه‌لی ئێزیدی له‌ناو ده‌وڵه‌تدا جێگه‌ی هه‌بێت، تا 2013 له‌سه‌ر ئه‌م بناغه‌یه‌ کارمان کرد، 15 رۆژ جارێک به‌ ئاماده‌بوونی هه‌موو هه‌ڤاڵانمان کۆبوونه‌وه‌مان ساز ده‌کرد، ژماره‌یه‌کی زۆر له‌ خه‌ڵکی ده‌ڤه‌ره‌که‌ به‌شداریان ده‌کرد و واژۆیان ده‌کرد و ده‌بوون به‌ ئه‌ندامی فه‌رمی، وه‌ک ئاماژه‌شم پێدا له‌و مێژووه‌ به‌دوا و له‌گه‌ڵ کۆمه‌ڵکوژی و داگیرکردنی شه‌نگال به‌رنامه‌مان گۆڕی و هه‌موو هه‌وڵێکمان له‌پێناو خۆڕێکخستنی ئێزیدییەکان و دروستکردنی یه‌کێتی ناوخۆییه‌، به‌ڵام تا ئێستاش زۆر هه‌وڵ هه‌یه‌ بۆ تێکدانی ئه‌م هه‌وڵ و تێکۆشانانه‌ی ئێزیدییەکان.

ئه‌و کێشه‌ و گرفتانه‌ چین؟

- نه‌ک ته‌نیا کۆمه‌ڵه‌که‌ی ئێمه‌، هه‌موو ئه‌و پارت و لایه‌ن و ته‌نانه‌ت زۆرجار ئه‌و که‌سانه‌شی که‌ له‌گه‌ڵ‌ پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق نین له‌ هاتووچۆ و کارکردندا تووشی ئازارێکی گه‌وره‌ی ده‌روونی زۆرجاریش ده‌ستبه‌سه‌رکردن ده‌بووه‌وه‌، له‌ شه‌نگالدا پارتی هەموو کۆسپ و ته‌گه‌ره‌یه‌کی گه‌وره‌یان ده‌خسته‌ به‌رده‌م سه‌رجه‌م ده‌زگا و پارت و لایه‌نه‌ ئێزیدییه‌کانی تر به‌ ئێمه‌شه‌وه‌، هه‌ر که‌سێک که‌ مووچه‌ و ناوی هه‌بووایه‌ له‌لای پارتی و نزیکی ئێمه‌ بوایه‌ یاخود خۆی له‌ ئێمه‌ نزیک بکردایه‌ته‌وه‌, به‌ زۆر شێوازی جیاجیا هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ی لێده‌کرا، زۆریان بۆ ئه‌و که‌سانه‌ ده‌هێنا تا جگه‌ له‌ پارتی روو له‌ که‌سی تر نه‌که‌ن، هه‌روه‌ها هه‌ر که‌سێکیش ته‌نیا ئه‌گه‌ر فکری ئێمه‌شی په‌سه‌ند بکردایه، کاربه‌ده‌ستانی پارتی ده‌چوونه‌ لای سه‌رۆک عه‌شیره‌ت، موختار و هه‌موو که‌سانی خاوه‌ن پێگه‌ی کۆمه‌ڵایه‌تی و ئاگاداریان ده‌کردنه‌وه‌، که‌ ده‌بێت ئه‌و که‌سانه‌ خۆیان له‌ فکر و بیری ئێمه‌ش دووربخه‌نه‌وه، نمونه‌یه‌کی زۆر هه‌یه‌ که‌ چوونه‌ ناو سنوری هه‌رێمی باشوری کوردستانیان له‌سه‌ر ژماره‌یه‌کی زۆر له‌و ئێزیدیانه‌ قه‌ده‌غه‌ ده‌کرد، که‌ فکر و رامانی ئێمه‌یان په‌سه‌ند ده‌کرد.

ئه‌ی ئه‌گه‌ر که‌سێک ره‌چاوی ئه‌و گوشاره‌ی نه‌کردایه، چی دەبوو‌ ؟

- خه‌ڵکی ئێزیدیخان زۆر باش ده‌زانن که‌ که‌سانی نالایه‌نگری پارتی له‌ بازگه‌کانی ئاسایش ده‌ستبه‌سه‌ر ده‌کران، ته‌نیا هۆکاریش ئه‌وه‌بوو که‌ ئاماژه‌م پێدا، به‌تایبه‌تیش هه‌ر ئه‌ندامێکی کۆمه‌ڵه‌که‌مان ئه‌گه‌ر کارێکی بکه‌وتایه‌ته‌ یه‌کێک له‌ ده‌زگاکانی سه‌ر به‌حکومه‌تی هه‌رێم، به‌هیچ شێوه‌یه‌ک کاره‌که‌ی بۆ نه‌ده‌کرا، ته‌نیا نه‌ک لایه‌نگرانی ئێمه‌ لایه‌نگر و ئه‌ندامانی یه‌کێتی نیشتمانی وبزوتنەوەی گۆڕان .. هتد یش دووچاری هه‌مان گوشار ده‌بوونه‌وه‌، که‌ سه‌ره‌نجام هه‌موو ئه‌م پارت و لایه‌نانه‌ش پارتی کوردی بوون.

به‌ر له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ ده‌نگۆی ئه‌وه‌ له‌ ئارادابوو که‌ هێزی چه‌کدار پێکه‌وه‌ ده‌نێن و ئاماده‌کاری بۆ دامه‌زراندنی هێزی خۆپاراستن ده‌کرێت، ئێوه‌ له‌م بواره‌دا چیتان کرد تا رووبه‌ڕووی هێرشه‌کانی چه‌ته‌کانی داعش بووه‌ستن و گه‌لی ئێزیدیخان بپارێزن، ئایا به‌رنامه‌یه‌کتان هه‌بوو؟

- ئێمه‌ خاوه‌نی ئه‌و فکره‌بووین، که‌ ئاینده‌ی ئێزیدیانی رۆشن ده‌کرده‌وه‌ و کارمان بۆ بڵاوکردنه‌وه‌ی ئه‌م فکره‌ ده‌کرد، که‌سانی زانا پێشکه‌وتوو و خوێنده‌وار ره‌نجێکی گه‌وره‌یان هه‌بوو، پێویستبوو ئه‌م ره‌نجه‌ بخرێته‌ خزمه‌تی گه‌له‌وه‌، له‌کاتی کۆمه‌ڵکوژی (فه‌رمان) ه‌که‌دا تاکه‌ ئێزیدییه‌کی چه‌کدارنه‌بوو و که‌سیش نه‌بوو چه‌ک هه‌ڵبگرێت، ئه‌گه‌ر که‌سێک چه‌کێکی هه‌بوایه‌ له‌ماڵه‌که‌یدا ئه‌وا ئاسایش هه‌ڵیانده‌کوتایه‌ سه‌ر ماڵه‌که‌ و ده‌یانپرسی، ئه‌م چه‌کەی له‌ کوێ هێناوه‌؟ بۆ چیته‌؟ پێویست ناکات چه‌کتان هه‌بێت، ئێمه‌ لێره‌ین و ده‌تانپارێزین وایان به‌سه‌ر ده‌هێناین، که‌ هیچ که‌سێک نه‌توانێت چه‌ک هه‌ڵبگرێت یان ته‌نانه‌ت چه‌کێک بشارێته‌وه‌، ته‌نیا فه‌رمیه‌ت به‌ ده‌مانچه‌ ده‌درا، واتا هیچ هێزێکی چه‌کدارمان نه‌بوو له‌ دۆخێکی ناهه‌مواردا بمانپارێزێت، ئه‌مه‌ له‌کاتێکدا که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک رێگه‌ به‌ دروستکردنی هێز نه‌ده‌درا، هه‌روه‌ها ئێمه‌ش ده‌مانگوت ده‌وڵه‌تی عێراق پشتیوانیمان ده‌کات، نزیکه‌ی 10 بۆ 12 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ هه‌یه‌ و ئه‌وه‌تا ده‌ڵێن ئێمه‌ ده‌تانپارێزین، بۆیه‌ هه‌وڵێکمان نه‌بوو که‌ خۆمان به‌جۆرێکی تر بپارێزین، بۆیه‌ ئێمه‌ زیاتر کارمان له‌سه‌ر رێکخستنی ناو گه‌ل ده‌کرد و بیرمان له‌وه‌ ده‌کرده‌وه‌، که‌ له‌ هه‌ڵبژاردنێکی گشتی دا توانای به‌ده‌ستهێنانی کورسییه‌ک نیشان بده‌ین، به‌ڵام له‌م کۆتاییانه‌دا ئێمه‌ی گه‌لی شه‌نگال به‌گشتی گه‌یشتینه‌ ئه‌و بڕوایه‌ی که‌ پێویسته‌ هێزێکی چه‌کداری دابمه‌زرێنێت.

ته‌نیا کاری سیاسی و رێکخستنی ده‌بێته‌ وه‌ڵامی هێرشێکی به‌و شێوه‌ هۆڤانه‌یه‌ی کرایه‌ سه‌ر شه‌نگال؟ ئێوه‌ له‌م کاته‌دا په‌ناتان بۆ چ رێ و رێبازێک برد ؟

- دوای ساڵی 2014 گه‌لی ئێزیدیخان تووشی کۆچ و ره‌وێکی گه‌وره‌ هاتن، ده‌مان بینی گه‌له‌که‌مان داوای کار و خه‌باتمان لێ ده‌کات، چونکه‌ رێکخستنه‌که‌مان لاواز بووه‌وه‌، کۆمه‌ڵه‌که‌مان به‌ یه‌کجاری رانه‌وه‌ستان به‌ڵام هه‌ل و ده‌رفه‌تی کار و خه‌باتمان نه‌ما، چونکه‌ رێکخستنێکی چه‌کداری و سه‌ربازیمان دانه‌مه‌زراندبوو، بۆیه‌ نه‌مان ده‌توانی بۆ ماوه‌ی 24 کاتژمێر له‌ شوێنێک کۆببینه‌وه، ئه‌مه‌ش ته‌نیا ئێمه‌ی نه‌ده‌گرته‌وه‌، به‌ڵکو پارت و لایه‌نه‌کانی تری شه‌نگال-یش هیچ شتێکیان بۆ پاراستنی شه‌نگال نه‌کردبوو، ئاماده‌کاری و رێکخستنێک نه‌بوو بۆیه‌ هیچ یه‌کێکمان نه‌مانده‌توانی بانگه‌وازی له‌ گه‌ل بکه‌ین تا به‌رخۆدانی بکه‌ن.

له‌ شه‌نگاڵ زیاتر له‌ 10 هه‌زار پێشمه‌رگه‌ی سه‌ر بە پارتی هەبوون، بڕواشتان به‌ حکومه‌تی عێراق هه‌بوو بتان پارێزێت، ده‌توانیت سه‌ره‌نجامه‌که‌یمان بۆ روونبکه‌یته‌وه‌؟

- له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌دا کاره‌ساتێکی زۆر گه‌وره‌مان به‌سه‌رهات، به‌هه‌زاران مرۆڤ ته‌نیا له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئێزیدین به‌ هۆڤانه‌ترین شێوه‌ و به‌ جۆره‌ها جۆرله‌ کوشتن له‌ناو بران، ژماره‌یه‌کی زۆری تر به‌هۆی برسێتی و تینوێتییه‌وه‌ ژیانیان له‌ده‌ستدا، به‌ هه‌زاران ژن و منداڵی ئێزیدی رفێندران، ئه‌مه‌ ته‌نیا مشتێکه‌ له‌و خه‌رواره‌ و هێشتاش ئه‌نجامی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ به‌ ته‌واوی روون نه‌بۆته‌وه‌، له‌لایه‌کی تره‌وه‌ جارێکی تر تێگه‌یشتین که‌ پێویسته‌ خۆمان ده‌ست به‌ کار بکه‌ین، کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ فه‌رمانی به‌سه‌رماندا ده‌کرد که‌ چیتر نابێت خۆمان ده‌ستخه‌ڕۆ بکه‌ین، ئێمه‌ش وه‌ک کۆمه‌ڵێک له‌ خه‌ڵکانی شه‌نگال له‌ باشوری کوردستانه‌وه‌ و به‌ڕێگه‌ی که‌ناڵه‌کانی راگه‌یاندن ئاگاداری دۆخی شه‌نگال ده‌بووین، کاری پێویستمان ده‌ستنیشان ده‌کرد، هه‌لی ئه‌وه‌مان چنگ نه‌که‌وت ده‌سته‌جه‌معی به‌شداری شه‌ڕی به‌رخۆدانی بکه‌ین، چ له‌لایه‌ن چه‌ک و چ له‌لایه‌نی ماددییه‌وه‌ هه‌ل و ده‌رفه‌تێکی وه‌هامان نه‌بوو، له‌کاتێکدا که‌ وه‌ک سه‌رۆکی ئه‌م کۆمه‌ڵه‌یه‌ ده‌ناسرام، به‌ڵام ده‌رفه‌تی ئه‌وه‌م نه‌بوو بژێوی 20 که‌س دابینبکه‌م، چونکه‌ هێرش و کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ هه‌موو شتێکی لێسه‌ندبووین، که‌ خه‌ڵکێکی زۆر بێ جل و بێ پێڵاو ماڵ و حاڵی خۆیان به‌جێهێشت.

دوای ئه‌وه‌ی هێزه‌کانی رۆژئاوای کوردستان پاش شه‌ڕێکی چه‌ند رۆژی و قوربانییه‌کی زۆر رێگه‌یان کرده‌وه‌ و هاوکارییان گه‌یانده‌ لێقه‌وماوانی شه‌نگال،‌ ئه‌مه‌ش ده‌نگی شه‌نگاڵی به‌ هه‌موو لایه‌ک گه‌یاند، بۆ ئێوه‌ش و بۆ هه‌موو که‌س و لایه‌نێک که‌ خواستی کار و تێکۆشان هه‌بوو ده‌رفه‌تێکی ناوازه‌ی ره‌خساند، ئێوه‌ ئه‌م ده‌رفه‌ته‌تان چۆن هه‌ڵسه‌نگاند؟

- کرانه‌وه‌ی رێگه‌ی شه‌نگال بۆ ئێمه‌ به‌تایبه‌تی ده‌رفه‌تێکی گه‌وره‌بوو، تا کاری رێکخستن بکه‌ین، له‌ رۆژی 18ی کانوونی یه‌که‌می 2014 دا خۆمان گه‌یانده‌ خه‌ڵکی لێقه‌وماو و به‌بێ جیاوازیش ده‌ستی هه‌موو ئه‌و هێزانه‌مان گوشی که‌ به‌شداریان له‌ پاراستنی چیای شه‌نگال و خه‌ڵکه‌که‌ کردبوو، چاومان له‌ جیاوازی ره‌نگ و ده‌نگ و رێبازیان نه‌بوو، چونکه‌ ئه‌وه‌ی کرابوو فیداکارییه‌کی گه‌وره‌بوو و پێویستیشی به‌ پشتیوانی و گه‌وره‌تر ده‌کرد، ئه‌مه‌ جێگه‌ی شانازی بوو.

دوای کۆمه‌ڵکوژی و کۆچ و لێقه‌وماوییه‌که‌ و ئه‌و شپرزه‌ییه‌ی روویدا، باس له‌ چۆن هه‌وڵ و بونیادنانی سیسته‌مێک بکرێت که‌ برینه‌کان ساڕێژبکات و ئامانجی خۆڕێکخستنی گه‌ل که‌ یه‌کێک بوو له‌ ئامانجه‌کانی ئێوه‌ش به‌دی بێت؟

- هه‌ر له‌و سه‌روبه‌نده‌ و رۆژانی دواتریشیدا خه‌ڵکانێک گه‌ڕانه‌وه‌ بۆ ژێر سێبه‌ری ئه‌و پارتییه‌ی که‌ به‌ 12 هه‌زار پێشمه‌رگه‌وه‌ به‌ر له‌ کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ شه‌نگالیان چۆڵکرد و زیانێکی گه‌وره‌یان به‌ ئێزیدیخان گه‌یاند، هه‌ڵبه‌ت ئه‌و که‌سانه‌ی به‌ 12 هه‌زار پێشمه‌رگه‌وه‌ پاشه‌کشه‌یان له‌ شه‌نگال کرد و شه‌نگالیان بۆ داعش چۆڵکرد ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی ئێزیدی و شه‌نگال بکه‌ن، له‌کاتێکیشدا که‌ هێشتا هۆکار و ئه‌نجامه‌کانی کۆمه‌ڵکوژی به‌ ته‌واوی روون نه‌بۆته‌وه‌ و دان به‌ تاوان و هه‌ڵه‌ و که‌موکورتییه‌کاندا نه‌نراوه‌، چوونه‌ پاڵ لایه‌نێک که‌ شه‌نگاڵی به‌جێهێشتووه‌ کرده‌یه‌که‌ مایه‌ی په‌سه‌ند کردن نییه، ئایا نازانن بۆچی پاشه‌کشه‌ به‌و 12 هه‌زار پێشمه‌رگه‌یه‌ کرا، کێ بوو به‌ هۆکارێک تا داعش به‌ ئاسانی په‌لکێشی شه‌نگاڵ بکات؟ چۆن وا به‌زوویی له‌ بیریان کرد، هه‌ڵبه‌ت ئه‌م جۆره‌ که‌سانه‌ به‌هیچ جۆرێک ناتوانن نوێنه‌رایه‌تی شه‌نگال بکه‌ن، ناتوانن خۆیان بکه‌ن به‌ نوێنه‌ری ئێزیدیخان.

کێ ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی بکات؟

- ته‌نیا ئه‌وه‌مان بینی که‌ که‌سی نزیک له‌ فکری ئازاد و فکری رێبه‌ر ئاپۆ شه‌ڕڤانانی ئازادی له‌ شه‌نگاڵ ماونه‌ته‌وه‌ و به‌جێیان نه‌هێشتووه‌ و راده‌ستی داعشی ناکه‌ن و بۆ پاراستنیشی فیداکاری و به‌رخۆدانی گه‌وره‌ ده‌که‌ن، ئه‌مه‌ش به‌سه‌ بۆ ئه‌وه‌ی بڵێین ئێمه‌ سه‌رکه‌وتین، هه‌روه‌ها ته‌نیا فکری رێبه‌ر ئاپۆشه‌ جێگه‌ی له‌ ناو دڵ و ناخی گه‌لی ئێزیدیدا کردۆته‌وه‌ و له‌پێناو ئه‌م گه‌له‌دا تێده‌کۆشن، یه‌کێتی و یه‌کڕیزی و رێکخستنی ئێزیدیان و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییان ته‌نیا به‌ هێزێکی پاراستن به‌دیدێت، ئه‌گه‌ر ئێزیدییه‌کان نه‌توانن خۆیان بپارێزن، ناشتوانن یه‌کێتی خۆیان بونیاد بنێن و نوێنه‌رایه‌تی گه‌لی ئێزخانیش بکه‌ن،بۆیه‌ بانگه‌وازی له‌ هه‌موو کچان و کوڕان و هه‌موو مرۆڤێکی ئێزیدی ده‌که‌م به‌شداری دۆزی خۆپاراستن بکه‌ن و خاوه‌نداری له‌ ئێزدخان بکه‌ن، یەبەشە و یەژەشە، تاکه‌ هێزێکه‌ له‌پێناو شه‌نگال قوربانییه‌کی گه‌وره‌ی داوه‌ و پێویسته‌ هه‌موو گه‌نجانی ئێزیدیش له‌ناو ئه‌م هێزه‌دا جێگه‌ بگرن، بۆئه‌وه‌ی بتوانن تۆڵه‌ی که‌سوکار و هه‌زاران که‌سی بێ گوناهی کۆمه‌ڵکوژکراو بسێننه‌وه‌، وه‌ پێویسته‌ هه‌موو لایه‌کیش زۆر باش بزانن که‌ ته‌نیا ئه‌م هێزه‌یه‌ نوێنه‌رایه‌تی ئێزیدخان ده‌کات و ته‌نیا هه‌ر ئه‌م هێزه‌ش ده‌توانێت نوێنه‌رایه‌تی بکات.

دوواین وتەت چییە؟

- ئه‌مڕۆ رۆژی خزمه‌تکردن و خاوه‌نداریکردنه‌ له‌ ئاین، هه‌ر ئێمه‌ین ده‌ڵێن سه‌رمان بۆ ماڵمانه‌ و ماڵیشمان قوربانی رێ و رێبازه‌که‌مانه، پێویسته‌ ئه‌مڕۆ ئه‌م وتەیەمان پراکتیزه‌ بکه‌ین، که‌س به‌ دانیشتن له‌ شوێنی خۆی ناتوانێت خۆی به‌ قوربانی ئایینه‌که‌ی بکات، فه‌رموون ئه‌مه‌ مه‌یدانه‌ و خۆتان قوربانی خۆتان بکه‌ن، ئه‌گه‌ر خاکمان له‌ده‌ست بچێت،ناسنامه‌شمان له‌ده‌ست ده‌چێت، ئه‌مڕۆکه‌ ئێزیدی به‌ شاخی شه‌نگال ده‌ناسرێت، ئه‌گه‌ر ئه‌م شاخه‌مان له‌ده‌ستبچێت، ئه‌وا کلتور و هه‌بوون و هه‌موو شتێکمان له‌ده‌ستده‌چێت، با گه‌لی ئێزیدی له‌ ئه‌وروپا و له‌ هه‌موو شوێنه‌کانی تری جیهان به‌پشتیوانی راسته‌وخۆ و به‌شداریکردنی راسته‌وخۆ و هاتنیان بۆ چیای شه‌نگال و هه‌روه‌ها هه‌ڵگرتنی چه‌کی شکۆ و شه‌ره‌فی پاراستنی ئێزیدیخان بێن پێکه‌وه‌ ئێزیدیخان شکۆمه‌ند بکه‌ین، له‌ ئه‌وروپاوه‌ و له‌ ژێر ده‌ستی هێزی تر که‌س شه‌نگاڵ و وڵاتی پێ رزگار نابێت و پێی ئاوه‌دان ناکرێته‌وه، ئێزیدیخان ته‌نیا له‌ شه‌نگال ئاوا ده‌کرێت، پێویسته‌ هه‌موو که‌سێک ئه‌م راستییه‌ بزانێت و به‌مجۆره‌ بجوڵێته‌وه‌، چونکه‌ ته‌نیا ئێمه‌ین ده‌توانین نوێنه‌رایه‌تی خۆمان بکه‌ین، ته‌نیا ئێمه‌ین ده‌توانین خۆسه‌ری و خۆبه‌ڕێوه‌به‌ری خۆمان بونیاد بنێین.

ش.ف