نەزەری: ئێران بەفەرمی یارسانی بناسێت واتە فەرهەنگ و زمانی کوردی ناسیوە


ڕۆژنیوز – سەلاح خدر

کوردانی یارسان یان ئەهلی هەق شوێنکەوتوانی ئاینی یاری کە دەگەڕێنەوە بۆ باوەڕی ڕەسەنی کوردان (زەردەشتی) لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە یارسانی و لە باشووری کوردستان بە کاکەیی و ئێزدی لە باکووری کوردستانیش بە عەلەویەکان ناسراون.

لەم دواییانەدا گوشارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لەسەر باوەڕمەندانی یارسانی لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان زیادی کردوە، لەوبارەیەوەی ناوخاس نەزەری ئەندامی کۆمیتەی ناوەندی سازمانی دیموکراتی یارسان بۆ ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز دوا.

دەبینین لەم ماوەیەکدا گوشار و بێڕێزیەکانی کاربەدەستانی ئێران لەسەر کوردانی باوەڕ یارسانی زیادی کردوە هۆکارەکەی بۆچی دەگەڕێننەوە؟

نەزەری: گوشارەکانی سەر یارسان لە ڕۆژهەلات و ئێران، لەوێ سەرچاوە دەگریت کە سەرەرای هەموو هەوڵ و تەلاشی نیزامی کۆماری ئیسلامی بۆ بێدەنگ کردنیان، ئەمان هەر دەنگی ڕەسەنی نەتەوایەتی و کوردایەتی خۆیان بەرز دەکەنەوە و داوای مافی سروشتی و شارومەندی دەکەن، یارسانەکان لە دەسپێکی هاتنە دەسەڵاتی ئەم نیزامەوە، لە ئاستی ئانتاگۆنیسمی ئیدئۆلۆژیکی بێبەرامبەر قەراریان گرتووە و ئەم شەڕە کە کۆماری ئیسلامی دەستی پێکردووە، تەواو نەبووە و هەرچیدێت بۆ کپکردنەوەی دەنگی ڕەسەنی گەلی کورد کە لە چوارچێوەی بە فەرمی ناسینی دینی یاری (یارسان) جێبەجێ دەبێت درێژەی بووە، یارسانەکان لە یاسای بنەڕەتی (دستور) ی حکومەتی ئیسلامی ئێران نەک وەک کەمینەێکی دینی ناناسرێن، بەڵکو لە چاوی ئەم ڕژێمە یارسانەکان لەبەر ئەوی نیزامی شیعی یان قەبووڵ نییە کافر و نجس و بە وتەی حوکامی ئێران فرقەی چالەن، لەو کاتەی ئەم نیزامە لەئێران دروست بووە تاکو ئێستا یارسانەکان هەر سەرکوت دەکرێن و مافی بنەڕەتی ئینسانی یان پێشێل دەکرێت.

یارسانان چەندە هەوڵی بەفەرمی ناسینی باوەڕی و کلتوری خۆیان داوە ؟

نەزەری: یارسانەکان زۆر هەوڵیانداوە لە ڕێگای دیالۆگی مۆتەمدێنانە و بە لەبەرچاوو گرتنی بەرژەوەندی گەلی کورد بەگشتی و کۆمەڵگای یارسان بەتایبەت، بە شێوەیەک کە قابیلی قەبووڵ بێت،خۆیان لە قانون ئەساسی ڕژێمی ئێران وەک کەمینەی ئاینی کورد بناسێنن، بەڵام بە داخەوە ڕژێمی ئیسلامی هیچ کات ئامادە نەبووە تەسلیم ئەم داواکاریانە بێت، هەربۆیە یارسانەکان لەهەر فورسەتێک کە دەستیان بکەویت داخوازیەکانیان لە ڕێگای خۆپێشاندانی ئاشتیخوازانە نیشانداوە .

ترسی ڕژێمی ئێران لەوەدا چیە کە هیچ مافێکی یارسانان قبوڵ ناکات؟

نەزەری: کۆماری ئیسلامی ئاگاداری ئەو داخوازیانەی یارسانەکانە کە ئەگەربێت دینی یاری بەفەرمی بناسێت واتە بە فەرمی ناسینی فەرهەنگ و کلتوری کوردی، چونکە کتێبی پیرۆزی یارسان بە زمانی کوردیە و ئەم باسە زۆرجار بەنهێنی لەگەڵ نوێنەرانی یارسان لە پشتی پەردەوە باسکراوە کە ئەگەربێت و ئێمە وەک کۆماری ئیسلامی یارسان بەڕەسمی بنایسین، ئەوکات دەبێت زمانی کوردیش بە ڕەسمی بناسین، لە واقیعدا کۆمەڵگای یارسان لە رێگای ئەم تێکۆشانەی دەیکەن، خەریکی خزمەتکردنن بە فەرهەنگ و ئادابی کورد و کوردستان، چونکە زمانی دینی یارسانەکان، زمانی کوردیە و هەر جۆرە ملکەچکردن بۆ داخوازیەکانی یارسانەکان لە ئێران، ملکەچکردنە بۆ زمانی کوردی .

ژمارەی یارسانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران چەندە و زیاتر لەکام پارێزگا دەژین؟

نەزەری: ژمارەی یارسانەکان لە ڕۆژهەڵات و ئێران بەپێ ئاماری ناحکوومی نێوان ٢.٥ تا ٥ ملیۆن کەسە کە زۆربەیان لە گەورەترین شاری کوردستانی کرماشان دەژین، کۆماری ئیسلامی وەک هەڕەشەیەکی ئیدئۆلۆژیک و ناسیونالیستی سەیریان دەکات و بڕوای وایە کە هەر جۆرە دانپێدانانی مافی یارسانەکان، تەنیا لە چوارچێوەی تەنگی شاری کرماشان، ئیلام، لۆرستان و بەشیکی هەمەدان نامێنتەوە و بەشەکانیتری ڕۆژهەڵاتیش دەگرێتەوە، یەکەمین جار یارسانەکان بوون کە لە کاتیک خامنەیی رێبەری ئێران چووە پارێزگای کرماشان،بە زاراوەی کوردی نووسییان (ئەڕا هاتی وەخەێر نەهاتی).

بزوتنەوە و ڕێکخراوەکانی یارسانان لەوبارەیەوە چی تێکۆشانێکیان کردوە؟

نەزەری: خۆشبەختانە ماوەی چەند ساڵێکە کۆمەڵگای یارسان باڵێکی سیاسی پێکهێناوە بە ناوی (سازمانی دیموکراتیکی یارسان) کە لە دەرەوەی وڵات زۆر کاری سیاسی، دیپلۆماتیک و مافی مرۆڤی کردووە و لە دانیشتنە نێودەوڵەتیەکان توانیویەتی دەنگی سەرکوتکردنی یارسانان بگەیەنێتە دامودەزگای نێونەتەوەییەکان، ئێمە وەک یارسانەکانی دەروەی وڵات، رۆژی شەمەی داهاتوو 12.03.2016 کە شەممەی یارسانە هاوکات لەگەڵ یارسانەکانی ڕۆژ‌هەڵات و باشووری کوردستان خۆپێشاندان دەکەین و هیوادارین کە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش لەم بارەوە هەڵویستی هەبێت و بێدەنگ نەبێت لەبەرامبەر سەرکوتکردنی بەشێکی زۆری ڕەسەن لە میللەتی کورد کە ئەمڕۆ لە ڕۆژهەڵات لە لایەن نیزامی ئاخۆندییەوە سەرکوت دەکرێن.

س.خ