هاوژین ئەمین: سیستمی ڕۆژئاوا تاکە تروسکاییە بۆ چارەسەریی

هاوژین مه‌لا ئه‌مین، ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ده‌کات، کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا قه‌یرانه‌کانی زیاتر کردووه‌ و بووه‌ته‌ هۆی چه‌وسانده‌نه‌وه‌ی گه‌لانی ناوچه‌که‌، ئەوەش دەخاتەڕوو: سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان، کە گرێدراوی فکری ئۆجالانە تاکە تروسکاییە بۆ چارەسەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.


هاوژین مەلا ئەمین، لێکۆڵەر و مامۆستای زانکۆ و ئەندامی کۆنگره‌ی‌ "قەیرانی مەدەنییەت و ڕێگا بەرەو نوێگەریی و دیموکراسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەراست" کە ڕۆژانی ١٧-١٨ی ١١ی ٢٠١٨ لە وڵاتی لوبنان بەڕێوەچوو، لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز باس له‌ ئەو کێشە و قەیران و ئاڵۆزییانە دەکات، کە لە دەرهاویشتەی سیستمی دەوڵەت-نەتەوەدا بەرۆکی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیان گرتووە، لەبەرامبەریشدا سیستمی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی و پێکەوەژیانی گەلان وەک چارەسەر دادەنێت، هەروەها تیشکیش دەخاتە سەر گرنگیی پێکهێنانی یەکێتیی نەتەوەیی دیموکراتیی کوردان.

چاوپێکەوتنەکە بەم شێوەیەبوو:

-لە ڕۆژی ئەمڕۆدا سیستمی جیهانیی لە قەیرانێکی سیاسیی و ئابوورییدا ده‌ژی، ئەم قەیرانە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا بەزۆری لەشێوەی شەڕ و پێکداداندا دەبیندرێت، ئەو هێزانەشی کە لەسەر ناوی چارەسەریی دەیانەوێت ڕۆڵ ببینن، بۆ خۆیان بوونەتە هۆکاری کێشە و قەیرانه‌که‌ قوڵتر دەکەنەوە، بۆچوونی ئێوە لەم بارەیەوە چییە؟

"سیستمی دەوڵەت-نەتەوە شکستی هێناوە لە بەرهەمهێنانی پێکەوەژیانێکی دیموکراسیی"

هاوژین مه‌لا ئه‌مین: ئێستا کێشەیەک مرۆڤایه‌تیی پێوەی دەناڵێنێت، بەشێوەیەکی گشتیی پێوەی سەرقاڵە، بەتایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە بڕوای من پەیوەندیی ڕاستەوخۆی بە سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەدارییەوە هەیە، بە واتایەکی تر پەیوەندی هەیە بە ئەو کێشە و ئاڵۆزییە ڕۆژانەیی و مێژووییانەوە، کە بە هۆی بنبەستبوونی سیستمی دەوڵەت-نەتەوەوه‌ دروست بووە، به‌ تایبەت لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستد، بە درێژای مێژووی ١٠٠ ساڵ زیاتری سیستمی مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی کە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەزموونیان کردووە، ئەم سیستمە شکستی هێناوە لەوەی کە بتوانێت لە چوارچێوەیەکی دیموکراسی ڕاستەقینەدا پێکەوەژیانێکی شایستە بۆ مرۆڤ بەرهەم بهێنێت، لەنێوان ئەو ئیتنیک و نەتەوە جیاوازانەی کە دەکەونە ناو سنوورەکانی ئەم دەوڵەتانەوە، یاخود ویستی خۆڕسک و ئیرادەی ئەو نەتەوە و کەمایەتی و پێکهاتە ئیتنیکیانە بپارێزێت، کە دەکەونە چوارچێوەی جوگرافیاکەیەوە، ئەم کێشانە هۆکاری ئەوەیە کە هەڵەیەکی ڕاستەقینە لە ناو بونیادی دەوڵەت-نەتەوەدا هەیە، کە بە درێژایی مێژوو ئەم سیستمە لە هەناوی خۆیدا هەڵیگرتووە، هەموو ئەم دەوڵەت-نەتەوانە بەشێوەیەک لە شێوەکان بۆ چارەسەریی ئەو کێشە و قەیرنانەی کە ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، کێشە و قەیرانی تریان خوڵقاندووە، ئەو کێشە و قەیرانانەش خۆی لە قۆرغکاریی، دەستگرتن بەسەر داهات، سەرمایە، توانا و لێهاتووی و ویستی ئازادیی کۆمەڵگە، هێنانی ئایدیۆلۆژیا، هێنانی تەکنەلۆژیا و هێنانی هێز لەدەرەوەی سنوورەکانی خۆیەوە، بە جۆرێک لە جۆرەکان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشانەی کە خوڵقاندوویانە، بەداخەوە ڕۆژ لە دوای رۆژ جگە لە ئاڵۆزیی، کێشەی و قەیرانی زیاتر لە ناوخۆی ئەم دەوڵەت-نەتەوانەدا کە لە ڕۆژهەڵەتی ناوەڕاستدا هەن نەیانتوانیوە، کە ڕێگەچارەیەک بدۆزنەوە بۆ گەلانی ژێر دەستەی ئەو دەوڵەت-نەتەوانە.

- داخوازیی گەلانی ناوچەکە لە ئێستادا بووە بە ئاشتیی، دیموکراسیی، یەکسانیی و پێکەوەژیان، هەروەک دەبینیین ئێستا ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا گەلی کورد، عەرەب، سوریان، کلدان و بەتایبەتتر تورکمان، هەموویان بە یەکەوە لەژێر سیستمێکدا بە ئازادیی ده‌ژین، تێروانینی ئێوە چییە لە سەر ئەم سیستمە؟

"سیستمی ڕۆژئاوای کوردستان تاکە تروسکاییە بۆ چارەسەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا"

هاوژین مه‌لا ئه‌مین: لە دوای ئەو هەموو کارەسات و نەهامەتییانەی کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە بەسەر کۆمەڵگاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هێناویەتی، ئێستا تاکە ئومێد و تروسکاییەک بۆ چارەسەریی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ببینرێت، بریتییە لە ئەو پرۆژە دیموکراسییەی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا جێگیربووە، ئێستا تاڕادەیەک کەوتووه‌تە سەرپێی خۆی، سەرباری هەر تێبینی و سەرنجێک کە لە بارەیەوە هەمان بێت، هەروەها سەرباری هەموو ئەو دوژمنکاریی یانەی کە لە دەرەوە و لە ناوخۆ رووبەڕووی دەبێتەوە، هەروەها هەموو ئەو هێرش و هەڕەشانەی لە لایەن دەوڵەت-نەتەوەکانی ناوچەکەوە دەکرێتە سەری و لێیده‌کرێت، بەڵام دەبینین تاکە ئەزموونێکە کە باس لەوە دەکات، کە مرۆڤایه‌تیی و گەلانی ناوچەکە بە هەموو جیاوازی ئیتنیکی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییانەی کە هەن، دەکرێت پێکەوە لە چوارچێوەی خۆبەڕێوەبەریی و خۆسەریی و ئیدارەیەکی دیموکراتیکی هاوبەشدا کە مافی هەموو پێکهاتە و کەمینە جیاوازەکان قبوڵبکات و دانی پێدا بنێت، هەروەها دەرفەتی ئەوە بڕەخسێنێت مرۆڤ بتوانێت لە چوارچێوەی ئەو ئیدارە و بەڕێوبەرێتییە هاوبەشەدا، مانیفێستی ئازادیی ویستی خۆی بەرامبەر بە گەلان و کەمینە و ئیتنیکەکانی تر بکات، پێکەوە بە هاوبەشیی بتوانن ئەزموونێکی سەرکەوتوو بەرهەم بهێنن.

- پرۆژەی خۆسەریی دیموکراتیک کە لە ڕۆژئاوای کوردستان ئێستا جێگربووە، خۆی لە فیکری عبدوڵا ئۆجالاندا دەبینێتەوە، هەروەها لەلایەن گەلانی ناوچەکەشەوە وەک ڕێگای چارەسه‌ریی دەبینرێت، هەر بەم دواییانە لە وڵاتی لوبنان کۆنگره‌ "قەیرانی مەدەنیییەت و ڕێگا بەرەو نوێگەریی و دیموکراسیی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست"دا بەڕێوەچوو، بەڕێزیشتان یەکێک بوون لە ئەندامانی ئەو کۆنگره‌، ئایا پێکهاتە بەشداربووه‌کان نزیکایەتییان لە کۆنگره‌ چۆن بوو؟

"ئەو کۆنگرەیە نموونەیەک بوو لە پێکەوەژیان"

هاوژین مه‌لا ئه‌مین: لە ڕاستییدا ئەو کۆنگرەیە نموونەیەک بوو لە پێکەوەژیان، کە چۆن ده‌توانن پێکهاتە، ئیتنیکە جیاواز، نەتەوەکان، جیاوازییە سیاسیی، کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتوورە جیاوازەکان پێکەوە لە چوارچێوەیەکی لێکتێگەیشتن و کاری هەرەوەزییدا و داننان بە ئازادیی و بە مافەکانی یەکتریدا پێکەوەبژین، خۆشبەختانە تا ڕادەیەکی زۆر ئەوەی کە هەستی پێ دەکرا، ئەو کەمایەتی و نەتەوانەی دیکە بە ئەرمەن، کلدان، ئاشووریی و پێکهاتە و نەتەوە جیاواز و ڕێکخراوە جیاوازەکانی ژنانەوە، تەنانەت بە هەندێک پارتیی سیاسییەوە کە لەوێ ئامادەییان هەبوو، هەموویان پێداگرییان لەوە دەکرد، کە چوارچێوەی ئەم ئایدیۆلۆژیا و فکری نەتەوەی دیموکرات و شارستانی دیموکراتییە، تا چەند دەتوانێت ببێتە چەترێک بۆ ئەوەی کە هەموو ئەو جیاوازیانە پێکەوە کۆ بکاتەوە، هەموومان بتوانیین ئەزموونێکی جیاوا لە دەمارگیریی و لەو میراتە دوور و درێژەی شەڕ و پێکدادان کە لە ناوچەکەدا بە درێژایی مێژوو ڕوویانداوە پێکەوەژیان بونیاد بنێین.

- ئایا ئەو فکر و سیستمه‌ی کە ئۆجالان ڕێبەرایەتی دەکات، ئێستا له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریادا بەڕوونیی دەبینرێت، ئایا چیی بکرێت بۆ ئەوەی ئەم سیستمە ببێتە مۆدێلێک؟

"پێویستی بە پەروەردەکردنی بییری ئازاد و تاکی ئازاد و ڕەواندنەوەی دەمارگیریی نەتەوەپەرستییە‌"

هاوژین مه‌لا ئه‌مین: بێگومان گرینگترین شت بۆ ئەوەی ئەم سیستمە ببێتە مۆدێلێک، بریتییە لەوەی کە ئەم فیکرە بڵاوبکرێتەوە و بانگەشەیەکی ڕاستەقینەی بۆ بکرێت، گەلانی ناوچەکە و ئیتنیکەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و هەروەها ئەو شارستانییەت و پێکهاتە ڕاستەقینانەی کە نوێنەرایەتیی واقیعی شارستانیی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و کولتووریی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکەن، بەباشی بتوانن لەم فکرە و لەم سیستمە تێبگەن، ئەو پڕوپاگەندانەی کە لە دژی ئەم سیستمە دەکرێت لەلایەن هێزە جیاوازەکانەوە بە تایبەتی دەوڵەت-نەتەوە، که‌ بۆ هەڵە تێگەیشتنه‌ لەم سیستمە، پێویستە ئەو پڕوپاگەندە و هەڵەتێگەیشتنانە بڕەوێنرێتەوە، ئەمەش لە پێناوی تێگەیاندنی گەلانی ناوچەکە لە جەوهەری ئەم سیستمە و ناساندنی پڕۆژەکە وەک خۆی و نەهێشتنی ئەو هەڵە تێنەگەیشتنەیە بۆ سیستمەکە، کە یەکێکە لە ئەرکە سەرەکییەکانی ئەم قۆناغە، ئەمەیش لە ڕێگەی ڕاگەیاندن و کۆنگره‌ و کۆبوونەوە و کۆڕ و سیمینار و ڕێگاکانی بییرکردنەوە و بڵاوکردنەوەی فکر دەکرێت، بەبێ تێگەیشتنێکی قوڵ لە سروشتی ئەم پرۆژەیە و تیشکخستنە سەر تایبەتمەندییەکانی هەروەها جیاوازییەکانی لەگەڵ فۆڕمی دەوڵەت-نەتەوە، ئێمە ناتوانین ئەو گەلانەی دیکە بە ئاسانی تێبگەینیین و بیانهێنینە ژێر باری قبوڵکردنی ئەو ئەزموونەی له‌ ڕۆژئاوای کوردستان و باکوری سوریا هەیە، لە دواتردا وەرگرتنی وەک مۆدێلێک بۆ چاولێکردن و پەیڕەوکردنی، پێش پەیڕەو کردنی ئەم مۆدێلە، پێویستی بە پەروەردەکردنی بییری ئازاد و پەروەردەکردنی تاکی ئازاده،‌ هەروەها ڕەواندنەوەی زهنییەتی دەمارگیریی نەتەوە پەرستیییە، لەبەرئەوە بە بێ دەرباز بوون بە پەروەردەیەکی دیموکراسیی ڕاستەقینە و بە بێ تێکۆشانێک لەپێناو نەهێشتنی کۆمەڵێکی زۆر لە ئەو بارودۆخە زهنیانەی کە مرۆڤی تێدا ده‌ژی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، بە هۆی ئەو ململانێ و کێشه‌کانەوە کە سیستمی دەوڵەت-نەتەوە دروستی کردووە، هەروەها پەرتکردنی کۆمەڵگە و ململانێی سیستمی سەرمایەداریی لە ناوچەکەدا دروستی کردووە، ئێمە ناتوانیین کە کادری ڕاستەقینە و ئیرادەی ڕاستەقینەمان هەبێت بۆ ئەوەی، که‌ ئەو ئەزموونە پشتی پێ ببەسترێت، هەنگاو بەرەو فراوان بوونی بهاوێژێت.

-عه‌بدوڵا ئۆجالان لە هەموو ئەو تیۆرانه‌ی کە پێشکەشی کردووە، بە تایبەتی تر ئەو تیۆرانەی کە لەسەر گەلی کورد هەیەتی لە بواری سیاسیی و سەربازییشدا، تیشک دەخاتە سەر یه‌کێنتییی نەتەوەیی لە ئێستادا کە دەستکەوتەکانی گەلی کورد لە مەترسییدایە بەتایبەت لە باشوری کوردستاندا، ئێوە هەڵوێستی هێزە کوردییەکان لەم نێوەندەدا چۆن هەڵدەسەنگێنن؟

"گەلانی ناوچەکە دەتوانن لەسایەی ئەو یەکێتییە نەتەوەیی دیموکراتەدا یەکسانبن"

هاوژین مه‌لا ئه‌مین: ئەو یه‌کێتیی نەتەوەییەی کە عه‌بدوڵا ئۆجالان پێداگیری لەسەر دەکات، ئەو یه‌کێتییە نەتەوەییە نییە بەو تێگەیشتنەی کە لە زهنییەتی ئێمەدا جێگیر بووە، بەڵکو یه‌کێتیی نەتەوەیی دیموکراتە، یه‌کێتییەکە کە هەموو گەلانی ناوچەکە و هەموو پێکهاتە و جیاوازییە ئیتنیکی و کۆمه‌ڵایه‌تیی و سیاسییەکان و کولتورییەکان دەتوانن لە سایەیدا یەکسان بن، لە دۆخێکی هەرەوەزیی ڕاستەقینە و لە ئیرادەیەکی هاوبەشیی گەڵاڵە بوودا، کە لە ئەنجامی پرۆسەیەکی دیموکراسیی و پرۆسەیەکی خۆڕێوەبەریی ڕاستەقینەدا ده‌توانێت گەڵاڵە ببێت، بە بڕوای من بەشێکی زۆری ئەو هەڵوێستە نەخوازراو و دوژمنکارانەی کە لە لایەن هێزە سیاسییە کوردییەکانی ترەوە بەرامبەر بەم پرۆسەیە دەبینرێت، تاڕادەیەکی زۆری پەیوەندی بە ئایدیۆلۆژیای ناسیۆنالیستیی و بییرکردنەوەی کلاسیکی پارتیی سیاسیی کوردییەوە هەیە، وەک هەموو پارتێکی سیاسیی دیکە لە ناوچەکەدا، پرۆژەی نەتەوەی دیموکرات بە بڕوای من حەقیقەتێکە کە دەکرێت هەموومان قسەی لەسەر بکەین و بە باشی لە گەلانی دیکە و لە گەلانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست تێبگەیەنین، کە پرۆژەیەکە جیاواز لە پرۆژەی ئایدیۆلۆژیی نەتەوەی سەردەست، هەروەها جیاواز لەو پرۆژە ناسیۆنالیستییە کلاسیکییەی ئێستا پارتیی خاوەن ڕابردووی ناسیۆنالیستیی پەیرەوی دەکەن، هەندێک لەو دژایەتییانە و لەو قبوڵ نەکردنانە بەشێکی پەیوەندی بە تێنەگەیشتنەوە هەیە، بە بڕوای من لە لایەن پارتە کوردییەکانیشەوە جگە لە خۆ گرێدان بە ئیرادەی دوژمنەوە، هەروەها جگە لە بییرکردنەوە لە ژیانی سیاسیی لە دەرەوەی پێوەر و بەها و پرەنسیپە ئەخلاقییەکان، هەروەها چەندین هۆکاری دیکەی ئابووریی و سیاسیی پەیوەست بە فەلسەفەی ئەخلاقییش لە ڕاستییدا تاڕادەیەکی زۆر پەیوەندی بە تێنەگەیشتنەوە هەیە لە پرۆژەکە، هەروەها پەیوەندی هەیە بە خۆ گرێدان بە پرۆژەی دەوڵەت-نەتەوە وە بە هەمان شێوە.

"بەشێکی زۆری خۆڕادەستکردنە بە ئیرادەی باڵادەستی ئەو دەوڵەتانە، ئەو خۆڕادەستکردنانە بە هەژموونی ئەو دەوڵەتانەی لە ناوچەکەدان، بەشێکی زۆری خۆڕادەستکردن بوونە بە کۆمەڵێک بارودۆخی بەرژەوەندیخوازیانە، کە ئەو هێزە ناسیۆنالیستییە کوردییانەی تێکەوتووە، بە تایبەت لە باشووری کوردستاندا، بە ئەندازەیەکی زۆر ئەزموونی باشوری کوردستان و ئەو ئیدارە خۆجێییەی کە لەلایەن دوو ئایدیۆلۆژیاو دوو حیزبی نەتەوەیی کلاسیکییەوە کە باشووری کوردستان لە ئێستادا بەڕێوە دەبات، کە پارتیی و یه‌کێتیین، باشترین نموونەی ڕوونن لەسەر ئەوەی کە چۆن زهنیەتی ناسیۆنالیستیی کلاسیکیی و سیاسەتکردن لە دەرەوەی پرەنسیپە ئەخلاقییەکان و خۆرادەستکردن بە مۆدێرنیتەی سەرمایەداریی و ئەو بەها و بەرژەوندیخوازیانەی کە تێیدایە، بووەتە هۆکاری ئەوەی کە دوژمنایەتی لە ناو کورددا لە بەرامبەر بە پرۆژەیەکی کوردی ڕاستەقینە کە پرۆژەی چارەسەرییە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست دروست ببێت، هەندێک لە هێزە سیاسییە کوردییەکان بەبێ ئەوەی ئاگایان لێبێت یان هۆشیارییەکیان هەبێت بەرامبەر بە ئەو بەرپرسیارێتییە مێژووییەی لە سەریانە دەکەونە بەرەی دوژمنەوە و لە پەیوەندیدا دەبن بەرامبەر بە ئەو ڕێگەچارە ڕاستەقینەیە کە بۆ کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێشنیار کراوە".

ش.ف