هاوژین مەلائەمین: ئەگەر گوێ لەپەیامەکەی ئۆجالان نەگیرێت پشێوی دروستدەبێت

هاوژین مەلائەمین، نووسەر و توێژەر دەڵێت: ئەگەر لەباشوری کوردستان گوێ لە پەیامەکەی ئۆجالان نەگیرێت و کاربۆ یەکڕیزیی لایەنەکان نەکرێت ئەوا پشێویی لە باشوری کوردستان دروستدەبێت، ئاماژە بەوەشدەکات، کە پەیامەکانی ئۆجالان پەیامێکی گرنگە لەدۆخێکی هەستیاردا.


هاوژین مەلائەمین، نووسەر و مامۆستا لە زانکۆی سلێمانی، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا شیکردنەوە بۆ دوو پەیامی عەبدوڵا ئۆجالان، ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان- پەکەکە دەکات کە لە ڕۆژانی ٢ و ٢٢ی مانگی ڕابردوو لەدوو دیداری لەگەڵ پارێزەرەکانیدا ناردبووی و داوای چارەسەرکردنی کێشەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوڕستی کردبوو بە شێوەی ئاشتی و دانووستانی دیموکراتی لەبەینی لایەنەکانی کوردستاندا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

- خوێندنەوەی ئێوە بۆ دوا پەیامی ئۆجالان چییە؟

"پێداگریی لەسەر چارەسەری ئاشتیانە دەکاتەوە"

هاوژین مەلائەمین: لە ڕاستیدا هەر دوو پەیامەکەی بەرێز ئۆجالان، دوو پەیامی زۆر هەستیاربوون، پەیامەکان لە دۆخێکی زۆر هەستیاردایە و دیسان پێداگریی لەسەر چارەسەری ئاشتیانە دەکاتەوە. ئاشتی بەجێگرەوەی شەڕ و ئاڵۆزی دەبینێت.

 

- پێشبینی دەکرا ئۆجالان لە ڕووداوەکانی دەرەوەی زیندان دابڕێندرابێت، لە پەیامەکەی ئۆجالاندا ئەوەتان بەدیکرد کە ئاگاداری ئەو گۆڕانکاریانە نەبێت کە لەجیهان و ناوچەکەدا ڕوودەدەن؟

"گرنگی پەیامەکانی ئۆجالان لەوەدایە لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ پەیام نادات"

هاوژین مەلائەمین: بە هۆیی ئەو گۆشەگیرییە توندەی لەسەر بەرێز ئۆجالانە گومان دەکرێت بەوردیی ئاگاداری ڕووداوەکان نەبێت، بەڵام گرنگی پەیامەکانی ئۆجالان لەوەدایە لەسەر ڕووداوەکانی ڕۆژ پەیام نادات، ئەو دووپاتی نەخشەی ڕێگاچارەیەکی درێژخایەن دەکات بۆ کۆتایی هێنان بە کێشەکان.

 

- هەڵسەنگانتان بۆ پێشنیارەکەی ئۆجالان لەبارەی دانووستاندن بۆ دۆزینەوەی ڕێگاچارەی دیموکراتی چییە؟

"بەبێ یەکگرتنی هێزەکوردییەکان، کورد ناگات بە ئامانجەکانی"

هاوژین مەلائەمین: بەداخەوە هێزە کوردییەکانی باشوری کوردستان لە پەرتەوازەییەکی گەورەدا دەژین، سیاسەت کردن بە لۆژیکی بەرژەوەندی بووەتە هۆکارێکی ئەوەی هاوبەندی و یەکێتی کورد لە دۆخێکی باشدا نەبێت، بە بڕوای من بەبێ یەکگرتنی هێزەکوردییەکانی ناوچەکە و دروستکردنی ئەو توانایەنەی کە لەم بارودۆخەدا گەلی کورد پێویستی پێیەتی کورد ناگات بە ئامانجەکانی، یەکنەگرتنی کورد دەبێتە هۆی ئەوەی جارێکی دیکە سیناریۆیەکی دیکە ببینین، کە سەد ساڵ پێوەی بناڵێنین، سەرەڕای هەموو ئەو کێشە و ململانێیانەی کە لە نێوان عێراق و ئێران و تورکیا و سوریا هەیە، کاتێک دێتە سەر بابەتی کەمینەکان، نەتەوەیی و پرسی چارەسەری کێشەی کورد، هەموو ئەو کێشە و ناکۆکی و ململانێیانە وەلا دەنرێن و پێکەوە کاردەکەن، بۆ نمونە تورکیا ئەندامی ناتۆیە و ئەمریکا بە فەرمی ڕایگەیاندووە سوپای پاسداران خراونەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام تورکیا پەیوەندی لەگەڵ ئێران خۆش کردووە و ئۆپراسیۆنی هاوبەش دەکات بۆ سەر بزوتنەوەی ڕزگاری خوازی گەلی کورد، کاتێک دێیتە سەر ئەوەی کە کورد بە مافی ڕاستەقینەی خۆی بگات، دەبینیت ئەو دەوڵەت و هێزە فاشیستانەی کە دەوری کوردییان داوە و لەسەر ئەم پرسە دەبن بەیەک، ئێمەی کوردیش دابەش بووین بەسەر دووهێز لەو ناوچەیە و هەموو سیاسەت و ڕێکخستنی ماڵی خۆمان لەسەر بڕیارەکانی ئەوانە.

 

- بەشێک لە پەیامەکەی ئۆجالان، داواکردنی دانووستانە لەنێوان هێزە کوردییەکان و یەکگرتن و لێکنزیک بوونەوەیانە، ئەو داواکارییە چەند گرنگە بۆ باشوری کوردستان؟

"ئەگەر پەیامەکەی ئۆجالان گوێی لێنەگیرێت، ڕەنگە بشێوییەکی گەورە لە باشوری کوردستان ببینین"

هاوژین مەلائەمین: هێزە دەسەڵاتدارەکانی باشوری کوردستان لە پشتی پەردەوە ململانێیانە لەسەر دابەشبوون بەسەر تورکیا و ئێراندا، ئەگەر ئەو ناکۆکییانەی لەنێوان هێزەکانی هەرێمی کوردستاندا هەیە بەردەوامبێت و پەیامەکەی ئۆجالان گوێی لێنەگیرێت، ئەوا دەکرێت لە داهاتوویەکی زۆر نزیکدا بشێوییەکی گەورە لە باشوری کوردستان ببینین، بەشێکی زۆری مانەوەی ئەو هەلومەرجەی لە باشوری کوردستاندا پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ناوچەکەوە هەیە، هەروەها پەیوەندی بە پارێزگاری کردنی تورکیا و ئێرانەوە هەیە لەو قەوارەیەی لەباشوری کوردستان لە سنوورێکی ستراتیژی خۆیان، ئێمە ئێستا لەگەڵ حکومەتی عێراقدا لەناهەموارترین بارودۆخی سیاسی و سەربازیدا دەژین.

 

- ئەگەر ئەو دانووستانەی کە ئۆجالان باسی دەکات ئەنجامندرێت و یەکێتی کورد بەدی نەیەت چی ڕووبەڕووی کورد دەبێتەوە؟

هاوژین مەلائەمین: دەگەڕێینەوە بۆ سەردەمی سایکس بیکۆ، یاخود بە پیلانی دوژمنان چاوەڕوانی شەڕی ناوخۆی خۆمان بین.

 

- هێزەکانی باشوری کوردستان زۆرجار دەڵێن لەبەر ئەوەی هەرێمی کوردستان سنوری کراوەی نییە، بۆیە بۆ ئەوەی گەمارۆ نەخرێتە سەری پێویستە پەیوەندیان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێدا هەبێت، یان بەهۆی داواکارییەکانی تورکیا و ئێرانەوە پەیوەندیان لەگەڵ لایەنەکانی پارچەکانی دیکەی کوردستان سنووردار بکەن، ئەوە پاساوێکی دروستە؟

"پاساوێکی زۆر لاوازە"

هاوژین مەلائەمین: بەبڕوای من پاساوێکی زۆر لاوازە، پەیوەندی ئەم هێزانە لەوە تێپەڕیوە پەیوەندی بە پاراستنی بەرژەوەندی هەرێمی کوردستانەوە هەبێت، ئەمان بوون بە بەشێک لە درێژبوونەوە و ستراتیژیەتی ئەو دەوڵەتە، نەک ئەوان هەرێمی کوردستان دەپارێزن، بەڵکو ئەگەر ئەو بازرگانیی تورکیا لە باشوری کوردستان نەبوایە تورکیا لە کەوتندا بوو، بەهەمان شێوەش بۆ ئێران.

 

- هۆکاری ئەوەی کە هەوڵەکانی دروستکردنی یەکێتی نەتەوەیی ناگەنە ئەنجام ئەوەنییە کە هەندێک لە هێزەکای کوردستان وابەستەی دەوڵەتانی داگیرکەرن؟

"بێگومان ئەوەیە"

هاوژین مەلائەمین: بێگومان ئەوەیە، بۆ نمونە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان هەیە، کە هەموو لایەنە کوردییەکان تێیدا بەشدارن، یەکێک لەوانە یەکێتی نیشتمانی کوردستانە، لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا یادی ٢٠ ساڵەی کۆنگرەی نەتەوەیی بوو، یەکێتی نەیهێشت لەسلێمانی یادی بکرێتەوە، مانای نییە لە باشوری کوردستان، کە تا ڕادەیەک سەربەخۆیە و ئێمە ئومێدێکمان ڕێگا نەدرێت یادی کۆنگرەی نەتەوەیی بکرێتەوە، بەڵام دەزگا سیخوڕییەکانی وڵاتان و ڕێکخراوەکانیان لە ناو هەرێما تەراتێن دەکەن.

د.ع