هاوکارییەکانی پەکەکە و ناکۆکییەکانی یەکێتی و پارتی لەزاری ئارێز عەبدوڵاوە

ئارێز عەبدوڵا ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتیی دەڵێت، ناڕازین لە سیاسەتی پارتی کە دەیەوێت بەشێوەیەکی تاکڕەویی مامەڵە لە حکومەتدا بکات، لەبارەی دۆخی زینی ئەستێرۆکانەوە دەڵێت: ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا پەکەکە وەک دوژمنی سەرەکیی نیشان بدات، ئەو پارتەشی کە هاوپەیمانی تورکیایە لە دیدی تورکیادا ئەویش هەر دوژمنە، دەشڵێت: لە شەڕی داعشدا پەکەکە لە باشور گەلەکەی پاراست و دەبێت لەبەرچاومان بێت.


کێشەکانی نێوان یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و پارتی دیموکراتی کوردستان-عێراق درێژەی هەیە و سەرەڕای ئەوەی چەند جارێکیش بڕیاردراوە کۆبوونەوە بکرێت، بەڵام کۆبوونەوەکان هەڵوەشێندراونەتەوە، ئاڵۆزییەکانی زینی ئەستێرۆکان "زینی وەرتێ" و دانیشتنی ڕۆژی ٧ی ٥ی ٢٠٢٠ی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان، دوو بابەتی سەرەکیی پشت ناکۆکییەکانی نێوان ئەو دوو لایەنەن.

ئارێز عەبدوڵا، ئەندامی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، وەڵامی کۆمەڵێک پرسیار لەسەر تێکچوونی پەیوەندییەکانیان لەگەڵ پارتی و نیگەرانییەکانی یەکێتیی و دۆخی زینی وەرتێ دەداتەوە.

دەقی چاوپێكەوتنەکە:

-ماوەیەکە کێشە کەوتووەتە نێوان پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی، هەروەها هەڵوەشانەوەی کۆبوونەوەکەی ڕۆژی شەممەوە، ئەمانە بۆچی ڕوویاندا و کێشەکان چین؟

ئارێز عەبدوڵا: بێگومان ئەم ماوەیە کێشەکانی نێوان یەکێتی و پارتی زۆرتربوون، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ هەڵوێستی پارتی لەناو حکومەت، ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە پارتی ڕەچاوی هاوبەشی و بەشدارییکردنی یەکێتی و گۆڕانیش ناکات، بەڵکو دەیەوێت تاکلایەنانە سیاسەت و پلانە تایبەتەکانی خۆی جێبەجێ بکات، لەکاتێدا پێویستە کارنامە و پلانەکانی حکومەت ڕەنگدانەوەی ئەو سێ لایەنە بێت، بەڵام کە دەبینین جۆرێک لە تاکلایەنانە هەیە، بێگومان یەکێتیی نیگەرانە لەو دۆخە، بۆیە پارتیش دەبێت بزانێت کە ئەم هەرێمە لەم قۆناغەدا بەبێ یەکێتیی بەڕێوەناچێت.

- یەکێتیی پۆستی باڵای لا هەیە وەک جێگرانی سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و پۆستی سەرۆکی پەرلەمانیش، ڕێگاتان پێنادەن ڕۆڵی خۆتان بگێڕن؟

ئارێز عەبدوڵا: یەکێتی ڕۆڵی زۆرە، بەڵام پارتی کۆڵەکەی سەرەکیی حکومەتەکەیە و جومگە بنەڕەتییەکان لای ئەوە، ڕاستە ئێمە سەرۆکی پەرلەمانمان لایە بەڵام بینیمان چۆن پێشێلی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان کرا و بەبێ ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان دانیشتن بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر پەرلەمانتارێک ئەنجامدرا، ڕەچاوی ئەوە نەکرا کە یەکێتیی دژی هەڵگرتنی پارێزبەندیی بوو لەسەر پەرلەمانتار، پارتی کارێکی کرد ڕەچاوی پەیوەندییەکان و پێویستییەکانی نەکرد، بۆیە پێمان وتوون کە ئێمە لەگەڵ ئەو سیاسەتە نین و لانیکەم قسەدەکەین و هەڵوێستمان دەبێت، لەگەڵ ئەوە نین سیاسەتی بسەپێنێت بەسەر حکومەتدا.

- بەڵام ئێوە لە سەروبەندی پێکهێنانی حکومەت نزیکەی ٨ مانگ دانووستانتان لەگەڵ پارتی کرد و ڕێککەوتن، ئەمانەتان پێوەشخت لەگەڵ باس نەکردوون؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە لە ڕێککەوتن گەورەترمان هەیە لەگەڵ پارتی، بەیەکەوە وڵات بەڕێوەدەبەین و لە بەغدا هاوبەشین و چارەنووسمان یەکە، بەڵام ئەو ڕەچاوی ڕێککەوتن ناکات، چۆن دەکرێ کۆبوونەوەی پەرلەمان بەبێ ڕەزامەندیی سەرۆکی پەرلەمان بکرێت، ئەوە هەڕەشەیە بۆ سەر ئەو ئازادییانەی کە قوربانیی زۆرمان بۆ داون.

- لە سەروبەندی پێکهێنانی کابینەی حکومەتی هەرێمدا ئێوە دەتانوت نابێ بەگوێرەی کورسی مامەڵەتان لەگەڵ بکرێت بەڵکو دەبێت بەپێی سەنگ و قورسایی خۆتان مامەڵەتان لەگەڵ بکرێت، ئەم مامەڵەیەی باسی دەکەن بەگوێرەی کامەیانە؟

ئارێز عەبدوڵا: پارتی دەیەوێت بەپێی ٢١ کورسی لە ١١١ کورسی مامەڵەمان لەگەڵ بکات، بەڵام سەنگی ئێمە لەوە زیاترە، ئەوەش بەشێک لە پارتییە کە ئەو جۆرە ڕێبازەی گرتووەتە بەر، ئەوە بەشەشە کە حکومەتی بەدەستەوەیە ئێستا.

- کەواتە بیرتان لە کشانەوە لە پەرلەمان و حکومەت کردووەتەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە باسی کشانەوەمان نەکردووە، ئێمە باسی دیالۆگ دەکەین، پێمان وایە بە دیالۆگ دەتوانین کێشەکان چارەسەر بکەین، چارەسەرکردنی کێشەکانیش لە بەرژەوەندیی هەموو لایەنەکانە، تا ئێستا ئێمە بڕوامان هەیە کە بە دیالۆگ کێشەکان چارەسەر بکرێت.

- دەوترێت یەکێک لە بابەتەکانی کۆبوونەوەی ڕۆژی یەکشەممەی سەرکردایەتیی یەکێتیی پرسی کشانەوە بووە لە حکومەت و پەرلەمان؟

ئارێز عەبدوڵا: نازانم، هەندێ بابەتی ناوخۆیی هەیە هی باسکردن نییە.

- باشە، کە ئێوە دیالۆگ بە گرنگ دەزانن بۆچی چەند جارێکە وادەی کۆبوونەوە دیاریی دەکرێت بەڵام دواتر هەڵدەوەشێتەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: هەڵوەشاندنەوەی دانیشتنی دووەم بەهۆکاری دانیشتنەکەی پەرلەمان بۆ هەڵگرتنی پارێزبەندیی و کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەی جێگری سەرۆکی پەرلەمان بوو، کە ئێمە نەمانویست دابنیشین، بۆیە جگە لە هەڵگرتنی پارێزبەندیی لەسەر سۆران عومەر، کە لەگەڵ تەبایی نێوان لایەنە سیاسییەکان نەدەهاتەوە، کۆنگرە ڕۆژنامەنووسییەکەش ئەوەندەیتر کارەکەی خراپتر کرد، بۆیە ئێمە کۆبوونەوەکەمان هەڵوەشاندەوە، بێگومان ئێمە بڕوامان هەیە کێشەکان چارەسەر دەکەین، بەڵام ئاراستەیەک لەناو پارتی ڕەچاوی ئەو هەموو کێشە و قەیرانانە ناکات کە ڕووبەڕووی خەڵک بووەتەوە، بەپێچەوانەوە هەوڵ بۆ دروستکردنی قەیران دەدات.

- ئێوە لە دانیشتن لەگەڵ پارتی چی پەیامێکیان پێبدەن، بەتایبەت بە نموونە بارودۆخی زینی وەرتێش هەیە کە ناکۆکییەکانی نێوان ئێوە و پارتی قووڵکردەوە، تیشک دەخەنە سەر ئەو پرسەش؟

ئارێز عەبدوڵا: هێزێکی حکومەت چووەتە زینی وەرتێ و لەسەر بڕیاری سەرۆکی حکومەت بووە، ئێمە ڕامان جیاوازبووە و پێمان وابووە هەندێک شوێن هەیە بە ڕێککەوتن نەبێت نابێت هێزی بۆ ببرێت، پارتی ڕێگانادات هێزی ٧٠ لە هەندێ شوێن جێگیربکرێن، تەنانەت ڕێگا بە هەندێ هێزی حکومیش نادات لە هەندێ شوێن جێگیربکرێن، ئەو کێشەیەش چارەسەر دەبێت و کێشەیەکی زۆر گەورە نییە، بەڵام ئێمە دەمانەوێت ئەمە نەبێتە بەرنامەی پارتی و هەندێ پەلوپۆ بهاوێژێت کە لە بەرژەوەندیی هەردوولا نییە، بردنی هێزیش بۆ ئەو ناوچەیە هیچ پێویست نەبوو، بەڵام ئێمە گومانمان لە بەرنامەیەکی دیکەی پارتی هەبوو.

- گومانتان لەچی هەبوو؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە گومانمان هەبوو کە بەناوی حکومەتەوە هێز بنێردرێتە هەندێ شوێن کە کێشەی لەسەرە، بۆ نموونە ئەمڕۆ دەینێرێتە بناری قەندیل، سبەینێ بینێرێتە دەشتی کۆیە، ئەمانە ئەگەر لە بەرژەوەندیی گشتیی بێت هیچ کێشەمان نییە.

- ئێوە لە سەروبەندی ئاڵۆزییەکانی زینی وەرتێ نووسینێکتان بڵاوکردەوە و باستیان لە بەدەمەوەهاتنی پەکەکە کرد لەکاتی هێرشی داعشدا بۆ باشوری کوردستان، ئێستاش کەجەکە دەڵێت گواستنەوەی هێز بۆ ئەو ناوچەیە لە چوارچێوەی پیلانی دەوڵەتی تورکە بۆ هێرشکردنە سەر قەندیل، وەک خۆت لە نووسینەکەشتدا دەڵێیت بۆچی چاکەی پەکەکە بەمشێوەیە دەدرێتەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: کە داعش هات، بارودۆخی باشور کوردستان زۆر خراپ بوو، ئەوکات پارتی پشتی بە تورکیا قاییم بوو، بەڵام تورکیا هیچ هاوکارییەکی دەرنەبڕی، بەپێچەوانەوە زیاتر داعشی دەنارد بۆ سەر باشوری کوردستان، کە بێن و هەولێر و کەرکوک بگرن، پارتیش بێ ئومێد بوو لەوەی تورکیا هاوکاریان نابێت، لە هەمان کاتدا هێزەکانی پەکەکە ئامادەییان دەربڕی بەرگریی لە هەرێمی کوردستان بکەن، کردیشیان و لە کەرکوک و گەرمیان و مەخمور هێزیان هەبوو، ئامادەیی خۆشیان دەربڕی بۆ ئەوەی هەولێر و دەشتی موسڵ نەکەوێتە دەست داعش، لەوکاتەی کە کوردستان لەژێر هەڕەشەدا بوو پەکەکە ئامادەیی بەرگریی بوو، لەوکاتەی تورکیا پشتیوانیی داعشی دەکرد، ئەوان پشتیوانیی گەلەکەیان دەکرد، دەبێت ئەوانەمان لەبەرچاو بێت.

"نابێت بکەوینە ژێر سیاسەتەکانی تورکیا، چونکە دڵنیام ئەگەر ئەمڕۆ تورکیا پەکەکە وەک دوژمنی سەرەکیی نیشان بدات، ئەو پارتەشی کە هاوپەیمانی تورکیایە لە دیدی تورکیادا ئەویش هەر دوژمنە، واتە ئەو دۆستایەتیی و هاوپەیمانێتییە هیچ کات ستراتیژیی نییە، چونکە ئایدۆلۆژییەتی دەوڵەتی تورک ئینکارکردنی هەموو مافەکانی گەلی کوردستانە، ئەو دەوڵەتە کاری نییە جگە لە پیلانگێڕان دژی کورد، ئەوەندەی دەوڵەتی تورک سەرقاڵی ئەوەیە کە کورد نەبێتە هیچ، ئەوەندە سەرقاڵ نییە بەوەی کە خۆی دەبێتە چی".

- ئێوە وەک یەکێتیی چی دەکەن بۆ ئەوەی ئەو دۆخەی ئێستا لە زینی وەرتێ هەیە چارەسەربکرێت و شەڕی کورد بە کورد ڕوونەدات؟

ئارێز عەبدوڵا: ئێمە دژی هاتنی هێزی تورکیاین، وە دژی ئەوەشین کە هێزەکانی تورکیا لێرەن، پێویستە ئێمە داوا لە تورکیا بکەین ئێرە چۆڵبکەن، کەی داوامان لە تورکیا کرد ئێرە جێبهێڵن ئەوکات هەمان داواش لە پەکەکە دەکەین، بەڵام لەلایەک هاوکاریی تورکیا بکرێت بۆ هێنانی هێز بۆ باشوری کوردستان و لەلایەکی دیکەش داوا لە پەکەکە بکەیت قەندیل چۆڵ بکەن، بۆیە ئێمە بێگومان لەدژی هەبوونی هێزی تورکیاین لە باشوری کوردستان و دژی هەرجۆرە هێرش و پەلامارێکیش دەبین بۆ سەر باشوری کوردستان.

- بێینەوە سەر پەیوەندییەکانتان لەگەڵ پارتی، تاکو کەی کێشەکانتان بەمشێوەیە بە هەڵپەسێردراویی دەمێنێتەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: تا هاوسەنگیی هێز دروست دەبێتەوە لە کوردستان، ئەوەش لە هەڵبژاردنەکاندا دەبێت و دەبێت پشودرێژبین، بۆیە کار و خەبات دەکەین بۆ ئەوەی لە هەڵبژاردنەکانی داهاتوودا هاوسەنگیی هێز دروست بکەینەوە، کاتێک هاوسەنگیی هێزمان دروستکردەوە پارتی ناتوانێت ئەو کارانە بکات کە تا ئێستا کردوویەتی.

- واتا ئەمە ستراتیژی ئێوەیە هاوسەنگیی هێز دروستبکەنەوە؟

ئارێز عەبدوڵا: بەڵێ.

س.ح