وتەبێژی یەکێتی وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوز دەداتەوە

سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان دەڵێت، کە بەهۆی دانووستانەکانی نێوان حزبەکان و کێشەکانی هەڵبژاردنی سەرۆک کۆماری عێراق و کەرکوک، تاوەکو ئێستا حکومەتی نوێی هەرێم پێکنەهاتووە، دەشڵێت، دەیانەوێت حکومەتێکی هاوپەیمان و بەهێز پێکبهێنن، وتەبێژی یەکێتیی دەربارەی بەرتەسککردنەوەی ئازادیی-ش لە سلێمانی، ئامادە نەبوو وەڵامی پرسیاری ڕۆژنیوز بداتەوە.


لەم قۆناغەدا کە دانووستانەکان بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان بەردەوامە، گفتوگۆش لەسەر ناوچە دابڕێندراوەکان دەکرێت، سەعدی ئەحمەد پیرە، وتەبێژی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی ئەو حزبە، دەربارەی هۆکاری دواکەوتنی پێکهێنانی حکومەت، ئەو دانووستانانەی کە بەردەوامە، ناکۆکییەکانی نێوان حزبەکان و کێشەی کەرکوک و ڕووداوەکانی ئەمدواییەی سلێمانیی، چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ ڕۆژنیوز ئەنجامدا.

سەعدی پیرە، وەڵامی سەرجەم پرسەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە، بەڵام وەڵامی پرسیارێکمانی دەربارەی قەدەغەکردنی خۆپیشاندان و دەستگیرکردنی هاوڵاتیان لە سلێمانی نەدایەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:
- سێ مانگ و نیو بەسەر هەڵبژاردندا تێپەڕیوە، هێشتا حکومەت پێکنەهاتووە، بۆچى هەتاوەکو ئێستا حکومەت پێکنەهاتووە؟

سەعدی پیرە: پێکهاتنی حکومەت بەتایبەت ئەگەر حکومەتێکی هاوپەیمانیی بێت، کاتی دەوێت بۆ دانانی چوارچێوەی حکومەت و بەرنامەی کاری حکومەت، ئەوەش لە بەرنامەی حزبەکانەوە دێت کە لە بنەڕەتدا بەپێی ئەو بەرنامانە بەشداری هەڵبژاردن بوون، جگە لەوەش چەند کێشەیەک بۆ پێکهێنانی حکومەت دروستبوو لە بەغدا، کە لەسەر سەرۆک کۆمار کێشە کەوتە نێوان پارتی و یەکێتی، هەروەها کێشەی کەرکوکیش کە لە ئەنجامی ڕیفراندۆم و هێرشی عێراق و ١٦ ئۆکتۆبەر دروستبووە، ئەمانە هەمووی کاتی ویست و ئێستا دەبێت ئەمانە یەک بەیەکی بە وردەکارییەوە کار بۆ چارەسەرکردنی بکرێت.

- بەگوێرەى یاسا، دواى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى پەرلەمان، پەرلەمان کەسێک ڕادەسپێرێت بۆ پێکهێنانى حکومەت، کە لە ماوەى مانگێکدا دەبێت حکومەت پێکبهێنێت، بەڵام تا ئێستا نە دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمان هەڵبژێردراوە، نە کەس بۆ پێکهێنانى حکومەت دیاریکراوە، بۆ تا ئێستا ئەو هەنگاوانە نەنراوە؟

سەعدی پیرە: پۆستی سەرۆکی پەرلەمان بەشێکە لەو پۆستانەی، کە لە ئەنجامی پێکهاتنی لایەنە سیاسییەکان لەسەر شێوەی پێکەوە کارکردن دەستنیشان بکرێت، تاوەکو ئێستا نەگەیشتووینەتە ئەو ڕێککەوتنەی کە کێ بە چی قەبارەیەکەوە بەشداریی لە حکومەت دەکات، کە ئەوەش کلیلی چارەسەرییە، پێشبینیی دەکەم کە لە ماوەکانی داهاتوودا سەرۆکی پەرلەمان هەڵدەبژێردرێت.

- لەسەر پۆستى سەرۆکى پەرلەمانى و دەستەى سەرۆکایەتى پەرلەمانى چ گفتوگۆیەک کراوە؟

سەعدی پیرە: گفتوگۆ لەنێوان یەکێتی و پارتی کراوە، هەروەها گفتوگۆ لەنێوان گۆڕان و پارتی کراوە، لەو ئاستەی کە پەیوەندیی بە یەکێتییەوە هەیە، ئێمە لیژنەیەکمان پێکهێناوە بۆ هەنگاوە کردارییەکانی پێکهێنانی حکومەت، هەروەها شاندێکی باڵاشمان هەیە بۆ بەدواداچوونی پرسەکانی کەرکوک و بەغدا، هەروەها ئامادەکردنی کارتێک، کە چوارچێوەی کاری هاوبەش پێکدەهێنێت.

- یەکێتى کاندیدى بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان هەیە؟ ئەگەر هەیەتى کێیە؟

سەعدی پیرە: ئێمە بۆ هەریەک لەو پۆستانەی کە بەرمان دەکەوێت کاندیدمان هەیە، بەڵام دڵت نەئێشێت ناوت پێ ناڵێم ئێستا، دەبێت یەکێک لە کاندیدەکان لە دیمانەکانیدا پیاهەڵدانی بەخۆیدا کردبێ، بەڵام کەس لەناو ئێمە کودەتای نەکردووە تا ببێ بە سەرۆکی پەرلەمان، هەمووی چاوەڕێیە کە حزبەکەی ڕایبسپێرێت.

- ماوەیەکە دیدار هەیە لە نێوان یەکێتى و گۆڕان و پارتیدا، دانووستانەکانى ئێوە و پارتى گەشتوونەتە چ ئاستێک؟

سەعدی پیرە: کۆبوونەوەکانی ئێمە گەیشتووەتە ئەوەی، کە ئێمە پێمانوایە کە دەبێت پرسەکانی کەرکوک و عێراق و هەرێم بەیەکەوە چارەسەربکرێن، لەناو برادەرانی پارتی بۆچوونیان وایە کە ئەم پرسانە لەیەک جیابکرێنەوە، ئێمە پێمان وایە ئەم پرسانە ناکرێت لەیەک جیابکرێتەوە، چونکە ئێستا زۆربەی ئەو کارە خراپانەی لە کەرکوک دەکرێت، لەلایەن پارێزگاری بەوەکالەتەوە شەرعییەتی پێدەدرێت کە دەکرێت، خۆ ئەگەر ئەنجومەنی پارێزگا کۆببێتەوە دەتوانرێت پارێزگاری نوێ هەڵبژێردرێت، وە هەڵدانی ئاڵایش لە کەرکوک، ئەگەر بە زۆریش بێت، دەبێت جاروبار لە کەرکوک هەڵبدرێت، بۆ ئەوەی لانیکەم ئاڵای کوردستان لە مێشکی خەڵکی کەرکوکدا بمێنێتەوە، پێویستە دۆخی ناوچە کێشە لەسەرەکان و کەرکوک ئاساییبکرێتەوە، پێشمەرگە، سوپای عێراق و حەشدی شەعبیی سەنتەی شار بۆ پۆلیسی ناوخۆیی چۆڵ بکەن.

- دیدارەکان بەردەوامە، پارتى کاندیدى سەرۆک وەزیران و سەرۆکى هەرێمى دیارییکردووە، ئێوە بۆ ئەوە چى دەڵێن؟ یەکێتى لەگەڵ ئەوەدایە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم کارا بکرێتەوە؟

سەعدی پیرە: ئەوەی سەرۆک وەزیران مافی پارتییە، ئەوە ئاساییە هێزی یەکەم لەپاش هەڵبژاردن کاندیدی خۆی دەستنیشان دەکات، چونکە دەبێت پەرلەمان ئەو ڕابسپێرێت، بۆ بابەتی سەرۆکی هەرێمیش ئەویش کاندیدی هەیە، خۆ نەیوتووە خەڵکی دیکە کاندیدی نەبێت، لایەنەکانی دیکەش ئازادن کاندیدیان هەبێت.

- یەکێتى لەگەڵ ئەوەدایە پۆستى سەرۆکایەتى هەرێم کارا بکرێتەوە؟

سەعدی پیرە: ئاساییە، سەرۆکی هەرێم پۆستێکە و دەبێت هەبێت، ئەمە پەیوەندیی بەوەوە نییە بۆ کێ دەبێت.

- پارتى دەڵێت پرسى کەرکوک تێکەڵ بە پێکهێنانى حکومەت کراوە، ئایا یەکێتى چۆن ئەو دوو پرسەى تێکەڵ کردووە؟

سەعدی پیرە: نا تێکەڵکردن نییە، بەڵکو پرسی کەرکوک پرسێکی بنەڕەتییە،  کەرکوک مایەی نیگەرانیی هەموو خەڵکی کوردستانە، خۆ کەرکوک کێشەی یەکێتیی نییە بەتەنها، هەرکەس بڵێ کێشەی من نییە و کێشەی یەکێتییە، ئەوە خۆدزینەوە و ڕاکردنە، کەرکوک جارێک قودسە و جارێک دڵە، خۆ ئەوانە بەخۆڕایی نەهاتووە، پێویستە ئێمە بەرامبەر بە کێشەی کەرکوک بووەستینەوە، بەپێچەوانەشەوە سوپاسی بەرپرسانی کەرکوک دەکەم، کە لە دۆخێکی زۆر ناخۆشدا بەردەوامن.

- بەڕاى ئێوە پێویستە حکومەتێکى چۆن پێک بێت، گۆڕان جێگرى سەرۆک وەزیرانى دەوێت، کۆمەڵ گفتوگۆى لەگەڵ نەکراوە، نەوەى نوێ و یەکگرتوو بەشدار نابن، بەو وێنانەى کە دروست بووە، پێتان وایە ئەو حکومەتەى پێک دێک چۆن حکومەتێک دەبێت؟ یەکێتى چى دەوێت لەو حکومەتەکەدا؟

سەعدی پیرە: هەموو یەکێک لەو لایەنانەی براوەن و لە پەرلەمانن، مافی خۆیانە داوای بەشداریی لە حکومەت بکەن و گفتوگۆیان لەگەڵ بکرێت، بەڵام پێویستە پێشمەرج هەبێت، ئەو پێشمەرجانە ببنە ڕێگر لە دووبارەبوونەوەی هەڵەکانی ڕابردوو، ئەوەش لە ئەنجامی گفتوگۆ و کارایی و تواناکانی لایەنەکان دێت، کە دەتوانن چ پۆستێک ڕابپەڕێنن.

- واتە حکومەتێکی چۆن پێکدێت؟

سەعدی پیرە: حکومەتێکی هاوپەمانیی و بەهێز پێکبێت.

- بزووتنەوەی گۆڕان داوای پۆستی جێگری سەرۆکی حکومەت دەکات، ئێوەش بەهەمانشێوە داوای ئەو پۆستەتان کردووە، لەسەر ئەمە لێکتێگەیشتن لەنێوانتاندا هەیە؟

سەعدی پیرە: ئەوە پێموایە بە داخوازیی نابێت، نەریت وایە حزبی یەکەم سەرۆک هەڵدەبژێرێت، دوای ئەو حزبی دووەم و سێیەم دێن.

- واتە یەکێتی ئەو پۆستە بە مافی خۆی دەزانێت؟

سەعدی پیرە: بێگومان بە مافی خۆمانی دەزانین، یەکێتی حزبی دووەمە، باوەڕیش ناکەم ئەمە کێشە دروستبکات.

- ئەو سەقفە زەمەنییە کەیە، کە پارتى لەدوای کۆبوونەوەکەی ١٤ی ئەم مانگە وتی بۆ پێکهێنانی حکومەت دامانناوە؟

سەعدی پیرە: هیچ سەقفێکی زەمەنیی دانەنراوە، بەڵام دەبێت لە کۆبوونەوەکانی داهاتووی شاندی دانووستانی پێکهێنانی حکومەت، ئەو سەقفە زەمەنییە دابنرێت.

- ماوەیەکە گلەیى هەیە لەسەر بەرتەسکردنەوەى ئازادى لە سنورى دەسەڵاتى یەکێتى، ڕێگرى کراوە لە سەر پەخشکردنى فیلمێک لە یادى ساکینە جانسز-دا، لەسەر ئەو فیلمە سینەما سالم داخرا، ڕۆژى ١١ى مانگ هەر لەسەر نمایشى ئەو فیلمە زیاتر لە ٦٠ کەس دەستگیر کرا، دەوترێت ئەمانە مامەڵەیەکە لەگەڵ تورکیادا و لە بەرامبەر کردنەوەى گەشتى نێوان فڕۆکەخانەى سلێمانى و تورکیادا کراوە، ڕاى ئێوە چییە لەوبارەیەوە؟

سەعدی پیرە: بەخێربێن سەرچاو.


ک.ک