وشیار عەبدوڵا: ئەگەر رۆڵی پەکەکە نەبوایە، کارەساتی شەنگال زۆر گەورەتر دەبوو


ڕۆژنیوز – بێریڤان محەمەد

لەبەشی دووهەمی دیدارێکی تایبەتی سەرۆکی فراکسیۆنی بزوتنەوەی گۆڕان لە پەرلەمانی عێراق وشیار عەبدوڵا، ئاماژە بەوە دەکات کە دۆخی عێراق وابەئاسایی ئارام نابێتەوە.

ناوبراو ئاشکرای دەکات کەلە دۆسیەی کەوتنی موسڵ دا ژمارەیەک بەرپرسی باڵای کوردیش هەیە کە زۆربەیان سەربەر پارتی دیموکراتی کوردستانی عێراقن.

عەبدوڵا لەسەر ڕۆڵی پەکەکە لە کوردستان و عێراق دان بەوەدا دەنێت کە ئەگەر پەکەکە نەبوایە کارەساتی شەنگال گەورەتردەبوو، بۆیە عێراقیەکانیش بە گەورەیی لە ڕۆڵی پەکەکە دڕوانن

کورد لە رۆژئاوا لە کاتی خۆیدا پرۆژەی خۆی لە سوریا خستە روو تا ئێستا نەک هەر لەناو کوردان بەڵکو لەناو پێکهاتەکانی تریش سەرکەوتوو بووە، بۆچی لە عێراق پرۆژەیەکی دیاریکراوی بەتایبەت لە ئێستادا نیە؟

و.عەبدوڵا: لێرە ئەجیندای نەتەوەیی پەرت پەرتە، کۆمەڵێ حزب هەیە ملیان داوەتە بەریەکتر و ئەوەندەی خەریکی ململانیەی حزبین خەریکی پرسەنەتەوەیەکان نین، هۆکارەکەشی یەکێک لە کەموکوڕیە گەورەکان لەم بەشەی کوردستان کە پەیوەندی بە سیاسەتەکانی پارتی دیموکراتی کوردستانەوەیە، پارتی سیاسەتەکانی بۆ چەسپاندنی هەندێ شتە کە بە دەم نایڵێن بەڵام کاری بۆ دەکەن، چەسپاندنی حوکمی بنەماڵەیی و ئاڵوگۆرنەکردنی دەسەڵات ئەمەش وایکردوە کە سەرقاڵبوون بەم پرسانەوە نەهێڵێت دەرەوەی خۆت ببینی، بەڵام لە خۆرئاوا بەم شێوەیە نیە یەک سیاسەتی گشتی هەیە کە توانیوێتی ئاڕاسەتی بکات هەر لە سەرەتاوە هاوسەنگی و پەیوەندی لەگەڵ زۆربەی لایەنەکان راگرت و لە ئێستاشدا موعاناتی هەیە کە مەترسی زۆریشی لەسەرە ئەمەش هەیە و بەڵام ئەگەر پێهاتەی کورد لە هاوکێشەی سوریا بگرین سەرکەوتوانە تر بووە لە هەموو پێکهاتەکان، هەم دەسەڵاتی خۆبەرێوەبەری دروستکردوە و هەمیش کوردی پاراستوە، ئەم خیتابە نەتەوەییە زۆر پەرت نەبووە، ویستیان پەرتی بکەن و یستیان دەستی تێوەردەن، بەڵام هێزەکانی ئەوێ لانی کەم رێگەیان نەدا، بێگومان سەرکەوتوو بوو بەتایبەت لەم قۆناغەدا هەنگاوی گەوەی مێژوویی لە رۆژئاوا نراوە.

لەو پێشنیارەی بۆ کۆبونەوە بە سەرۆکایەتی بارزانی کرا بەشدار نەبوون بۆچی ؟ هەروەها باس لەوەش دەکرێت کە پارتی سودمەنەدە لەم دۆخەی ئێستا.

و.عەبدوڵا: پێشنیارێک بوو لەلایەن سەرۆکی فراکسیونی پارتی کرا، وتی دەکرێت لەگەڵ کاک مەسعود کۆببینەوە، ئێمەش بەروونی پێمان وتن کە کێشی سەرۆکایەتی هەرێم هەیە بە شیاوی نازانین و دواتر برادەرانی کۆمەڵی ئیسلامی وتیان ئێمەش بەشداری ناکەین، بەڵام یەکێتی ئامادەبوو بەشداری بکات و برادەرانی یەکگرتووش بێدەنگیان هەڵبژارد و کۆبونەوەکە نەکرا، بەڵام چی لە بەرژەوەندی پارتییە یان لە بەرژەوەندی نیە من پێم وانیە کە ئەم سیاسەتانەی ئەم دوایەی پارتی سودی سیاسی بە پارتی گەیاندبێت بە پێچەوانەوە زیاتر پارتی خسۆتە ناو گۆشەیەکی داخراوەوە، ئەم هەنگاوانەی پارتی لە دژی گۆران و عەمەلیەی سیاسی لە باشوور ناویەتی هەنگاوی هەڵە بوون، پەکخستنی پەرلەمان یەکێکە لە هەڵە مێژوویەکان، رێگری لە سەرۆکی پەرلەمان و ئیزندانی وەزیرەکانی گۆران جۆرێک لە بێمتمانەیی بۆ پارتی دروست کرد، هیچ حزبێک باوەرری پێ ناکات، راستە چی لە ناوەوە و چی لە دەرەوە وەک ئەمری واقع هەندێ مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت بەڵام ئێمە ئێستا ٢٤ کورسیمان هەیە لە پەرلەمان پارتی بۆ ناتوانێ حزبەکانی تر لە ناو پەرلەمان کۆبکاتەوە چونکە متمانەیان پێ نەماوە، تەنانەت سەفارەتەکانیش باوەریان پێ نەماوە، تەنانەت ئەمەریکاش دەیەوێت بەوەدا بچێتەوە کە دۆخەکە بەمشێوەیە ناکرێ بەردەوام بێ و حزبێکی سیاسی خۆی بسەپێنێت، ئەمە گەشتۆتە دۆخێک پارتی خۆشی دەڵێت هەڵەمان کروە تەمەننا دەکەم ئەمە بوبێتە وانەیەک بۆ پارتی بەڵام باوەر ناکەم پارتی وانە لە مێژوو وەربگرێت.

" ئەوەی لە عێراق ڕوویدا لە هەرێمی کوردستان ڕوویبدایە دنیایەک خەڵک دەکوژران "

هەندێک دەڵێن کە ئەمەی لە عێراق رووی داوە بەتایبەت لە پەرلەمان پیلانگێڕی بووە دژی کورد چەندە راستە؟

و.عەبدوڵا: ئەمە راست دوور و نزیک نیە، کەسانێک هەیە دەیانەوێ لەسەر ئەمە خۆیان بکەن بە پاڵەوانی نەتەوەیی، ئەمەی کە روویداوە، کۆمەڵێ خەڵکی هەژار و برسین عێراقن، راستە سەدریەکان ئاراستەیان کردوون و سواری شەپۆلەکە بوون، بەڵام ئەوەی کە خۆپیشاندان دەکات و دێتە سەر دامەزراوەی پەرلەمان هاووڵاتیە، ئەم هاووڵاتیە دەبێت رێزی لێبگیرێت، راستە تورەیە بەڵام هەقی خۆیەتی تورەبێت، ئەوەی کە روویدا نە دژی کورد بووە و نە دژی پەرلەمانتاری کورد و نە دژی شەخسیکی کورد بووە، هەندێک هەن لە ناو کەوانەیەکدا حەزیان لێیە خۆیان بکەن بە پاڵەوانی نەتەوەیی، بەڵام خەباتی نەتەوەیی ئەمە نیە کە قەزیەیەک هیچ پەیوەندی بە نەتەوەوە نیە و بیکەی بە نەتەوەیی، ئەمە تورە بوون و ململانیەیەکی سیاسیە لە عێراق کورد تێیدا ئامانج نیە، بە ئامانج نەگیراوە، راستە پەرلەمانتاری کورد تێدا ئازاری خواردوە بەڵام ئەوەش بەشێکی پەیوەندی بە بێپلانی خۆیانەوە هەبوە.

ئەوەی لە عێراق رووی دا لە باشور رووی بدایە چی دەبوو؟

و.عەبدوڵا: ١٧ی شوبات و کارەساتەکانی دوای ئەوە سەلماندویەتی کە حزبی کوردی بەتایبەت پارتی و دوای ئەویش کەمتر یەکێتی، هێزی زۆر دیموکراتی نین ئامادەن لولەی تفەنگەکانیان بکەنە سنگی خەڵکی ئەم هەرێمە، هەر بۆیە بەراورد دەکرێ، ئەگەر ئەو پەلامارەی پەرلەمانی عێراق بۆسەر هی هەرێم بکرایە دنیایەک خەڵک دەکوژرا، بۆیە ئەمە یەکێکە لەو لەحزانەی کە دەبێ دەسەڵاتی کوردی و بەتایبەت ئەو دوو حزبە بەخۆیاندا بچنەوە.

" دۆخی عێراق وا بەئاسانی ئارام نابێتەوە "

دۆخی عێراق بەرەو کوێ دەچێت ؟

و.عەبدوڵا: دۆخی عێراق وا بە ئاسانی ئارام نابێتەوە، بەشێکی دەرئەنجامێکی ئاسایی دوای دروستبوونی ئەم هەموو گروپە چەکدارەییە بەناوی حەشی شەعبیەوە، ئەمانە خۆیان بە پارێزەر حوکمی شیعە لە عێراق دەزانن، بۆیە دەرئەنجامێکی ئاساییە کە دوای کەمبونەوەی داعش ئەمانە بەر ببنە گیانی یەکتری، ئەمەش سیناریۆیەکی کراوەیە، نوری مالکی باڵی سەربازی هەیە، بەدر هەیەتی لایەنەکانی تر هەیانە سوننەکانیش بێ خاک و نیشتیمان بوون و هیچ شوێنێکیان بەدەستەوە نەماوە، بۆیە دۆخەکە وا بە ئاسانی ئارام نابێتەوە، ناوچەکەش لە گۆڕانی گەورەدایە بەتایبەت عێراق و سوریا، بەمشێوەیە ماوەیەکی تریش بەردەوام دەبێت و پەیوەندی بە ململانێ نێودەوڵەتی و ناوچەیی و پاشان ناوخۆییەوە هەیە، لایەنە سیاسیەکان کورد، شیعە و سوننە چۆن مامەڵە دەکەن، رەنگە مامەڵەی ئەوان ئەوە دیاری بکات دوای ئەم هەموو ئاڵۆزیە چۆن دۆخەکە ئارام دەبێتەوە.

کەواتە دەبێت هێزە کوردیەکان چی بکەن و چۆن مامەڵە بکەن؟

و.عەبدوڵا: بەداخەوە کوتلە کوردستانیەکان ئەجیندای روونیان نیە بۆ چۆنێتی مامەڵە کردن، ئێمە پێمانوایە باشترین دەرفەتە وەک ساڵی ٢٠٠٣ و ٢٠٠٤ کورد داوا و بەرنامەکانی خۆی جارێکی تر بخاتەوە سەر مێزی گفتووگۆ، کورد بە ئاسانی نەرواتەوە بۆ بەغداد، جارێکی تر کۆبونەوەکانی پەرلەمان نەخاتەوە سەر سکە سیستەمی سیاسی و نیزامی سیاسی لە عێراق ئاسایی نەکاتەوە، کێشەی کورد لە عێراق ئەوە نیە عەبادی کامە وەزیری بەدڵە و کامەی بە دڵ نیە، کۆمەڵێ کێشەی تری هەیە، بۆیە دەبێ سەبر بکات لێگەرێ با هێزە عێراقیەکان بێن بۆ گفتووگۆکردن لەگەڵمان بە ئاسانی نەگەرێنەوە بۆ بەغدا گفتوگۆکان بکەین بە قەزیەی تر، بیکەین بە قەزیەی خاک، پێشمەرگە، بودجە و نەوت و ئەمانە و بیبەین بۆ ئاستێکی تر.

" لەدۆسیەی کەوتنی موسڵدا ژمارەیەک کوردی تێدایە کە زۆربەیان پارتین "

لیژنەی کەوتنی موسڵ کارەکانی بە کوێ گەشت و پرۆسەی ئازادکردنی موسڵ گەشت بە کوێ؟

و.عەبدوڵا: ئێمە وەک لیژنەی کەوتنی موسڵ ڕاپۆرتێکمان ئامادە کردبوو، بەڵێ لەو لیژنەیە کۆمەڵێ بەرپرسی تۆمەتبار تێدا کوردیش هەیە و ئەو دۆسیەیەمان بەرزکردەوە بۆ حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری، ئێمە وەک پەرلەمان ئەرکی خۆمان جێبەجێ کرد و کەسەکانمەن دیاری کرد کە کێن ئەوانەی کەمتەرخەم بوون، لە مالکیەوە تێدایە تیا بەرپرس و سوپاسالاری کورد کە زۆرینەیان پارتین، بەڵام تا ئێستا لای حکومەت و دەسەڵاتی دادوەری نەجوڵاون، بەڵام ئازادکردنی موسڵ دوو ئاستە ئاستێکی سیاسیە و ئاستێکی عەسکەریە، ئاستێکی ئەوەیە کە چۆن ئەو خەڵکانە لە موسڵ دەردەکرێن، چونکە سەرەڕای ئەوانەی بە زۆر کراون بە داعش رەنگە دوو ملیون کەسێکی مەدەنی لێبێت، بۆیە دەبێ عەمەلیەکە ئاگای لە سەروو ماڵی خەڵک بێت، ئاستە سیاسیەکەشی ئەوەیە کە دوای ئازادکردنی موسڵ چی هێزێکی سیاسی موسڵ دەگرێتەوە دەست، ئایا هێزی شیعە کە خەڵکەکە ئەمەی قبوڵ نیە ئایا هێزێک لە خەڵکی ناوچەکە دروست دەکرێت ئەمە روون نیە، بۆیە هەردوو هەنگاوەکە پێکەوە دەڕۆن بەبێ هەنگاوە سیاسیەکە هەنگاوە عەسکەریەکە ناچێتە پێشەوە.

" هەموو هێزە عێراقیەکان لە ڕۆڵی پەکەکە بە گەورەیی دەڕوانن "

هێزەکانی گەریلا لە ئازادکردن و پاراستنی زۆرێک لە ناوچەکانی باشوور رۆڵی سەرەکی هەبووە، ئەگەر لە هەرێم هەندێ هێز دژایەتی دەکات، بەڵام بۆچی لە عێراق بە رەسمی ناناسرێت؟

و.عەبدوڵا: لە کوردستان بەتایبەت لە شەری داعش لە شەنگال تا دەگاتە جەلەولاو و گوڵاڵە رۆڵێکی ئێجگار شەرەفمەندانە و نەتەوەیی بە یەکەوە گرێداوە، بەئەمانەتەوە دەڵێم ئەگەر خەبات و رۆڵی گەریلا لێرە نەبوایە، کارەساتی شەنگال زۆر گەورەتر دەبوو، پێموایە لەجەلەولا و گوڵالەش رۆڵی ئێجگار گەورەیان هەبوو، لە پاراستنی سەنگەرەکان بۆ هاوکاری پێشەمەرگە، بەڵام دیسان ئەو حەساسیەتەی باشوور زۆرجار وادەکات کە ئیعتراف نەکرێت بەو رۆڵەی گەریلا لە بەرەی پاراستنی باشوور لە داعش گێراویەتی، عێراق نایەوێ خۆی بکات بە بەرپرسیار لە هێزێک کە بەهێزی ناو وڵاتەکەی خۆی نازانێت، لەکاتکدا کە لەئاست نێودەوڵەتی و ئیقلیمی پیلانگێڕی بە بەردەوامی لەسەر پەکەکە و پەیەدە و کورد بە گشتی هەبووە، بەڵام هەموو هێزە عێراقیەکان لە رۆڵی پەکەکە بە گەورەیی دەڕوانن، ئێمە لە لیژنەی ئاسایش کاتی باڵیۆزی تورکیا هات و وتی: ئێمە هاتووین بۆ شەری پەکەکە و داعش، بە توندی وەڵامان دانەوە وتمان: پەکەکە تیرۆرست نیە بەڵکو شەری تیرۆر دەکات و شەری تیرۆری دەوڵەت دەکات کە ئەوە وەک تیرۆر شەر لە بەرامبەر پەکەکە دەکات و پەکەکە شەری دژی داعش کردوە، پەکەکە و گەریلاکانن بە فیعلی شەری ئازادکردنی ئەو ناوچانەیان کردوە کە کەوتۆتە دەست داعش و خەڵکانی تر و دەوڵەتانی تر موتەهەمن بە پشتیوانی داعش پشتیوانی ئەو گروپە تیرۆرستانەی کە لە عێراقدان، عێراق نایەوێ دان بەوەدا بنێت، بەڵام گەریلاش پێویستی بە عێراق نیە بۆ دانپێدانانێکی ئەو، بەڵام رۆڵی پەکەکە لە ئاستی نیودەوڵەتی و لە ئیقلیمیش بۆ هەموو لایەک روونە، لەسەر ئاستی هێزە کوردستانیەکانیش بزوتنەوەی گۆران و یەکێتی نیشتیمانی و لایەنە ئیسلامیەکانیش بە تەقدیرەوە رۆڵی پەکەکە دەبینن.

س.خ