" پێویستە هەرێم پەیوەندی ئابووری لەگەڵ رۆژئاوا دروستبکات"


رۆژنیوز- هانا ئازاد

مامۆستایەکی ئابووری رەخنە لە پەیوەندی ئابووری نێوان هەرێم و تورکیا دەگرێت و دەڵێت، کە تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌رێم بکاته‌ پاشکۆى ئابوورى خۆى و له‌کاتى پێویست به‌کارى بێنێت، دەشڵێت:" ڕۆژئاواى کوردستان سه‌رچاوه‌یه‌کى گرنگى داهاتى هه‌یه‌ و هه‌رێم قازانج ده‌کات ئه‌گه‌ر بازرگانیان له‌گه‌ڵ بکات".

د.ئه‌یوب سماقه‌یی مامۆستاى کۆلیژى کارگێرى و ئابوورى له‌زانکۆى سەلاحه‌دین، له‌میانى چاوپێکه‌وتنێک له‌گه‌ڵ ئاژانسه‌که‌مان ڕۆژنیوز تیشک ده‌خاته‌ سه‌ر به‌ربه‌ست و کێشه‌ ئابورییه‌کانى باشورى کوردستان و ده‌ڵێت:" قه‌یرانى ئابورى بوونى نیه‌، چونکه‌ هیچ کاره‌ساتێکى سروشتى ڕووى نه‌داوه‌ و کاره‌ساتى له‌ناکاویش نه‌بووه‌ له‌ڕوى ئابووریه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ گۆڕانکارییه‌ له‌قه‌یرانى چه‌قبه‌ستووى سیاسى".

ئه‌و مامۆستایه‌ی زانکۆ وتى:" حکومه‌تى هه‌رێم قه‌رزى کۆمپانیاکان زۆر به‌گرنگتر ده‌زانێت له‌ قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران و بژێوی خه‌ڵک که‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌کى گه‌وره‌یه‌".

هه‌رله‌وچاوپێکه‌وتنه‌دا ناوبراو ئه‌وه‌شى وت:" هیچ گره‌نیته‌ک نیه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌".

ده‌قى چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

سه‌ربارى هه‌بوونى قه‌یرانى دارایى پێتان وایه‌ ئێستا ڕه‌وشى هاوڵاتیانى هه‌رێمى کوردستان له‌چ ئاستێکى ئابورى دایه‌ ؟

" خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان بێزارن و متمانه‌یان به‌ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌"

- ئێستا خه‌ڵکى هه‌رێمى کوردستان بێزارن و متمانه‌یان به‌ده‌سه‌ڵات نه‌ماوه‌ و له‌ناو گرانیدا ده‌ژین، چینى ناوه‌ڕاستى خه‌ڵک بۆته‌ هه‌ژار و خه‌ڵکى هه‌ژاریش هه‌ژارتر بووه‌، به‌ڵام چینى بچوکى ده‌وڵه‌مه‌ند ده‌وڵه‌مه‌ندتربووه‌ له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا گۆڕانکارییه‌ ئابورییه‌کان گۆڕانکارى چینایه‌تى دروستکردووه‌، بۆیه‌ دۆخى هه‌رێم له‌ڕووى ئابوورى و کۆمه‌ڵایه‌تى زۆر خراپه‌ سه‌ربارى خراپى دۆخى سیاسى.

ده‌وترێت سیاسه‌ت و ئابورى په‌یوه‌ندى به‌یه‌که‌وه‌ هه‌یه‌، پێت وایه‌ به‌چاکبوونى دۆخى سیاسى دۆخى ئابورى چاره‌سه‌ر ببێت؟

" قه‌یرانى سیاسى وایکردووه‌ قه‌یرانى دارایى دروست بێت"

-قه‌یرانى سیاسى وایکردووه‌ قه‌یرانى دارایى دروست بێت، پێم وایه‌ قه‌یرانى ئابورى بوونى نیه‌، چونکه‌ هیچ کاره‌ساتێکى سروشتى ڕووى نه‌داوه‌ و کاره‌ساتى له‌ناکاویش نه‌بوه‌ له‌ڕووى ئابووریه‌وه‌، به‌ڵکو ئه‌وه‌ى هه‌یه‌ گۆڕانکارییه‌ له‌قه‌یرانى چه‌قبه‌ستووى سیاسى که‌ دابه‌شبوون هه‌یه‌ له‌نێوان ئه‌و به‌ره‌ى ده‌یه‌وێت بیگۆڕێت و ئه‌و به‌ره‌ى ده‌یه‌وێت بمێنێته‌وه‌ به‌و دۆخه‌وه‌ ناکۆکى قوڵ دروستبووه‌.

له‌ماوه‌ى چه‌ند ساڵی ڕابردوو تائێستا ره‌وشى ئابورى هه‌رێم له‌هه‌ڵکشاندایه‌ یان له‌داکشاندایه‌ ؟

" به‌رده‌وام بوونی ئەم دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌"

- قه‌یرانى دارایى کاریگه‌رى زیاتر بووه‌ و کارگه‌ى زۆر داخراوه‌ و مووچه‌ زیاتر دواده‌خرێت خه‌ڵک هه‌ژارتر بووه‌ و خزمه‌تگوزارى زیاتر دواخراوه‌، حکومه‌تى هه‌رێم زیاتر قه‌رزارى فه‌رمانبه‌ران و کۆمپانیاکان و وه‌ک خۆشیان ده‌ڵێن قه‌رزارى وڵاتانن که‌واته‌ ئه‌مساڵ کاریگه‌رى قەیرانی دارایى خراپه‌ و ساڵێکى تر خراپتر ده‌بێت، بۆیه‌ به‌رده‌وام بوونی ئەم دۆخه‌ مه‌ترسیداره‌.

ئه‌گه‌ر مه‌ترسیه‌کان به‌وشێوه‌بن، دۆخى ئابورى تاک چۆن خوێندنه‌وه‌ى بۆ ده‌کرێت، بۆچى گومانت هه‌یه‌ له‌هه‌بوونى قه‌یرانى دارایى؟

" متمانه‌ به‌ ژماره‌کانى حکومه‌ت ناکرێت که‌ بڵاویده‌کاته‌وه‌"

-ئه‌گه‌ر هۆکاره‌کانى دروستکردنى قه‌یرانى دارایى به‌رده‌وامبن دۆخه‌که‌ مه‌ترسیدارتر ده‌بێت، به‌ڵام ئه‌گه‌ر چاره‌سه‌ر بۆ دۆخى چه‌قبه‌ستووى سیاسى بکرێت قه‌یرانه‌که‌ خاوتر ده‌بێته‌وه‌، به‌ڵام که‌ فرۆشتنى نه‌وت به‌رده‌وامه‌ و نرخه‌که‌ى به‌رز ده‌بێته‌وه‌ و باج و رسومات زیادکراوه‌ و متمانه‌ به‌ ژماره‌کانى حکومه‌ت ناکرێت که‌ بڵاویده‌کاته‌وه‌ و لایه‌نى سێیه‌م نیه‌ که‌ ڕێکخراوه‌ نێوده‌وڵه‌تیه‌کانن و پشتڕاستى ناکه‌نه‌وه‌ بۆیه‌ متمانه‌م نیه‌ و پێم وانیه‌ قه‌یرانى داراى له‌هه‌رێم هه‌بێت.

به‌رزبوونه‌وه‌ى نرخى نه‌وت په‌یوه‌ندى به‌قه‌یرانى دارایى هه‌رێمه‌وه‌ نیه‌ وه‌ک ئه‌وه‌ى سه‌رۆکى حکومه‌ت ده‌ڵێت؟

-له‌وڵاتانى دونیادا ئۆپۆزسیۆن قه‌یرانه‌کان باسده‌کات و ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ خاڵى لاوازى حکومڕانى، به‌ڵام لێره‌ به‌پێچه‌وانه‌وه‌یه‌ حکومه‌ت خه‌ڵک بێ هیواده‌کات و ده‌ڵێت ناتوانین پاشه‌که‌وتى مووچه‌ هه‌ڵبگرین، خه‌ڵک بێ هیوا کراوه‌، حکومه‌تى هه‌رێم قه‌رزى کۆمپانیاکان زۆر به‌گرنگتر ده‌زانێت له‌ قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران و بژێوی خه‌ڵک، که‌ ئه‌وه‌ مه‌ترسیه‌کى گه‌وره‌یه‌، ده‌سه‌ڵات قسه‌ى ئۆپۆزسیۆن ده‌کات و ئۆپۆزسیۆنه‌ لاوازه‌که‌ى هه‌رێمیش قسه‌ى خه‌یاڵى ده‌کات.

گومانت له‌و قه‌رزانه‌ش هه‌یه‌ که‌باسده‌کرێت بۆ کۆمپانیاکان؟

" گومان له‌هه‌موو کارێکى ئابورى حکومه‌ت هه‌یه‌"

- یه‌کێک قه‌رزار ده‌بێت که‌ کارێک بکات، به‌ڵام حکومه‌تى هه‌رێم ئه‌گه‌ر قه‌رزارى کۆمپانیا بێت ئه‌وه‌ له‌برى ئه‌وه‌ نه‌وت ده‌فرۆشێت، به‌ڵام نازانین بۆچى قه‌رزارى وڵاتانین له‌کاتێکدا حکومه‌ت وه‌به‌رهێنانى نیه‌ و موچه‌ى فه‌رمانبه‌رانیشى نه‌داوه‌ و خزمه‌تگوزارى دابین نه‌کردووه‌، بۆیه‌ گومان له‌هه‌موو کارێکى ئابورى حکومه‌ت هه‌یه‌.

هاوکێشه‌یه‌کى ئابورى هه‌یه‌ ده‌ڵێ 1+1 ده‌کاته‌ 2، بۆ فرۆشتنى نه‌وت له‌هه‌رێم ئه‌و هاوکێشه‌یه‌ دروسته‌ که‌ چه‌ند نه‌وت بفرۆشرێت و ئه‌وه‌نده‌ داهاتى دیاره‌ ؟

-له‌هه‌رێمى کوردستان 1+1 ده‌کاته‌ -1، چونکه‌ هیچ هاوکێشه‌یه‌کى بیرکارى و ئابورى جێبه‌جێ ناکرێت و کارى پێناکرێت، خه‌ڵک هه‌مووى ده‌زانێت که‌ چه‌ند نه‌وت ده‌رده‌هێنرێت و تێچووى چه‌نده‌ و چه‌ند ده‌کات، به‌ڵام حکومه‌ت ئه‌و ژمارانه‌ى لانیه‌، سه‌یره‌ نه‌وت ده‌فرۆشین و داهاتى ناوخۆمان هه‌یه‌ قه‌رزاریشین، له‌هه‌رێم گرتنه‌وه‌ى لێشاوى پاره‌ هه‌یه‌ که‌ ئه‌وه‌ش وه‌ک ئاو وایه‌ بۆ دار و دره‌خت و که‌ پاره‌که‌ گیرایه‌وه‌ وه‌به‌رهێنان وشکى کرد.

ڕێککه‌وتنى سیاسى نێوان یه‌کێتى و گۆڕان هیچ کاریگه‌رى هه‌بووه‌ له‌سه‌ر شه‌فافکردنى پرۆسه‌ى نه‌وت و ئابورى له‌هه‌رێم؟

- ڕێککه‌وتنه‌که‌ تائێستا نه‌گه‌یشتۆته‌ ئه‌و ئاسته‌ و کاریگه‌ریه‌کانى به‌ده‌رنه‌که‌وتووه‌، به‌ڵام هه‌رچه‌نده‌ حزبه‌ سیاسیه‌کان لێک نزیک بن و یه‌ک بۆچوون بن له‌سه‌ر خزمه‌تکردنى خه‌ڵک باشتره‌، ڕێککه‌وتنه‌که‌ به‌ڕوونى کاریگه‌رى له‌سه‌ر ئابورى نیه‌ ته‌نها له‌سه‌ر ڕەوشى سیاسى هه‌یه‌تى.

چاره‌سه‌رى شه‌فافکردنى پرۆسه‌ى نه‌وت گۆڕینى ده‌سه‌ڵاته‌ یان گۆڕینى سیاسه‌تى ئابورییه‌؟

"چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى دانانى فه‌لسه‌فه‌یه‌کى گونجاو و سه‌رده‌میانه‌یه‌"

- گۆڕینى ده‌سه‌ڵات چاره‌سه‌ر نیه‌ بۆ شه‌فافکردنى نه‌وت، چونکه‌ هه‌رکه‌سێک بڕوات که‌سێکى وه‌ک ئه‌و دێته‌وه‌ شوێنى، له‌هه‌رێم فه‌لسه‌فه‌ى ئابورى ڕوون و ورد و ئاسان نیه‌ و خه‌ڵک تێناگات و حکومه‌ت ناتوانێ هه‌نگاو بنێت به‌پێى فه‌لسه‌فه‌یه‌کى دیاریکراو پلانى نیه‌ بۆ دۆخى ئابورى و کاره‌کانى حکومه‌ت ڕۆژانه‌ ده‌ڕوات، بۆیه‌ چاره‌سه‌رى بنه‌ڕه‌تى کێشه‌ى ئابورى دانانى فه‌لسه‌فه‌یه‌کى گونجاو و سه‌رده‌میانه‌یه‌ و هیچ فه‌لسه‌فه‌یه‌کى ئابورى وڵاتان سودى بۆ هه‌رێم نیه‌.

ده‌مه‌وێت هه‌ڵوه‌سته‌ى زیاتر له‌سه‌ر سیسته‌مى پاشه‌که‌وتى مووچه‌ بکه‌ى، ئه‌وسیسته‌مه‌ له‌ سیاسه‌تى ئابورى هه‌یه‌ ؟

" له‌به‌رامبه‌ر بڕینى مووچه‌ خه‌ڵک وه‌ک کۆیله‌ى لێهاتووه‌"

سیسته‌مى پاشه‌که‌وتى موچه‌ نه‌مخوێندۆته‌وه‌ و له‌هیچ وڵاتێکیش نیه‌ 75%ى مووچه‌ ببڕدرێت، به‌ڵام به‌ئیجبارى هه‌یه‌ له‌کاتى ڕوودانى کاره‌ساتى سروشتى و قه‌یرانى ئابوورى و دروستبوونى نه‌خۆشى که‌ خه‌ڵک ناچار ده‌کرێت به‌کڕینى سه‌نه‌داتى بانکى که‌ قه‌واڵه‌ى قه‌رزه‌ که‌ هه‌مان به‌هاى پاره‌ى هه‌یه‌، به‌ڵام له‌هه‌رێمى کوردستان لێ بڕینى پاره‌ پشت به‌هیچ یاسایه‌ک نابه‌ستێت و ڕێژه‌ى بڕینه‌که‌ زۆر زۆره‌ که‌ هیچ فائیده‌یه‌کى له‌به‌رامبه‌ردا نیه‌ و هیچ گره‌نیته‌ک نیه‌ بۆ گه‌ڕاندنه‌وه‌ى قه‌رزى فه‌رمانبه‌ران له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ چونکه‌ به‌ئاره‌زوومه‌ندانه‌ نیه‌ و له‌خانه‌ى ئیجارى تێپه‌ڕیوه‌ و له‌به‌رامبه‌ر بڕینى موچه‌ خه‌ڵک وه‌ک کۆیله‌ى لێهاتووه‌ و ڕێژه‌یه‌کى زۆر له‌موچه‌ بڕدراوه‌.

ئه‌گه‌ر خه‌ڵک وه‌ک کۆیله‌ى لێهاتبێت که‌واته‌ قسه‌ت بۆ ئه‌و حکومه‌ته‌چیه‌ ؟

" سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌دانیشتنێکدا بڕینى مووچه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ به‌یاسا بکات"

- به‌داخه‌وه‌ ده‌ڵێم هه‌رسێ ده‌سه‌ڵاتى یاسادانان و دادوه‌رى و جێبه‌جێکردن زۆر نابه‌رپرسانه‌ و بێ منه‌تانه‌ و ڕوو قایمانه‌ وه‌ستاون به‌رامبه‌ر چه‌وساندنه‌وه‌ى خه‌ڵک، بۆیه‌ داواده‌که‌م له‌سه‌رۆکى په‌رله‌مان له‌دانیشتنێکدا بڕینى مووچه‌ له‌لایه‌ن حکومه‌ته‌وه‌ به‌یاسا بکات، بۆئه‌وه‌ى ئه‌و کابینه‌ به‌یاسا قه‌رزارى هاوڵاتیان بێت و بکه‌وێته‌ کابینه‌کانى داهاتوو، هاوکات داوا له‌داواکارى گشتى ده‌که‌م له‌ڕێگه‌ى تۆمارکردنى سکاڵایه‌که‌وه‌ حکومه‌ت ناچاربکات به‌ قه‌رزدارى فه‌رمانبه‌ران بۆئه‌وه‌ى خه‌ڵک مافى نه‌خورێت، ئه‌وه‌شى ئه‌رکى ئه‌نجومه‌نى وه‌زیرانه‌ داواده‌که‌م بژێوى خه‌ڵک گرنگتر بێت لایان له‌قه‌رزى کۆمپانیاکان، هه‌رکه‌سێک بژێوى خه‌ڵک ببڕێت ڕه‌ش ده‌بێت له‌به‌رچاوان، موقچه‌ى فه‌رمانبه‌ران ده‌بێته‌ قه‌رزى مردوو لاى حکومه‌ت.

هه‌ستده‌کرێت ڕوونتر په‌نجه‌ى تۆمه‌ت ڕوو له‌پارتىیه‌ و بە هۆکار ئه‌و داده‌نرێت له‌دروستکردنى ئه‌و قه‌یرانى داراییه‌ى له‌باشورى کوردستان هه‌یه‌؟

-سه‌رجه‌م لایه‌نه‌کان به‌رپرسن، به‌ڵام ده‌ستنیشانکردنى به‌رپرسیاریه‌تى زۆر بۆ پارتى له‌لاوازى لایه‌نه‌کانى تره‌ و ده‌سه‌ڵات زۆرتر به‌وان دراوه‌ و به‌رپرسیاریه‌تى بۆ ئه‌وقەیرانانه‌ له‌ئه‌ستۆى پارتیه‌ و لایه‌نه‌کانى تر خۆیان به‌لاواز نیشانده‌ده‌ن.

دکتۆر خیانه‌تى ئابورى چیه‌؟

-خیانه‌تى ئابوورى دزینى ماڵى گشتیه‌، سپیکردنه‌وه‌ى پاره‌یه‌ و لێگرتنه‌وه‌ى پاره‌ له‌خه‌ڵک خیانه‌تى ئابوریه‌ و خیانه‌تى ئابورى له‌هه‌رێم زۆر به‌زه‌قى هه‌یه‌ که‌ به‌پێى توێژینه‌وه‌یه‌کم سپیکردنه‌وه‌ى پاره‌ هه‌یه‌ و یه‌کێکه‌ له‌خیانه‌ته‌ ئابوریه‌کان جیاواز له‌گه‌نده‌ڵى و به‌رتیل و واسیته‌ که‌ خیانه‌تى ئابورین.

سه‌ربارى ئه‌و قه‌یرانانه‌ى له‌باشورى کوردستان هه‌یه‌، باسى دروستکردنى ده‌وڵه‌ت ده‌کرێت قسه‌ى تۆ له‌وباره‌یه‌وه‌ چیه‌ ؟

-ده‌وڵه‌تى ئابورى پێش ده‌وڵه‌تى سیاسى و پێش ده‌وڵه‌تى نه‌ته‌وه‌یى و عه‌سکه‌ریه‌، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ناتوانین ده‌وڵه‌تى ئابورى دروست بکه‌ین و ناتوانین ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ دروست بکه‌ین، به‌ودۆخه‌ ئابوریه‌ى ئیستا ده‌وڵه‌ت دروستبکرێت دیکتاتۆریه‌ت باڵاده‌ست ده‌بێت و ده‌بێته‌ پاشکۆ، بۆیه‌ ده‌بێت سه‌ره‌تا ده‌وڵه‌تى ئابورى دروست بکرێت، چونکه‌ که‌س پێمان نابه‌خشێت، ئینجا بیر له‌ده‌وڵه‌تى سه‌ربه‌خۆ بکه‌ینه‌وه‌.

پێشتر تێبینى زۆرت له‌سه‌ر بازاڕى هه‌رێمى کوردستان هه‌بوو، به‌تایبه‌ت ڕۆڵى تورکیا ؟

" خیانه‌تى ئابورى له‌هه‌رێم زۆر به‌زه‌قى هه‌یه‌"

-ڕۆڵى تورکیا له‌بازاڕى هه‌رێمى کوردستان هه‌وڵدانه‌ بۆ ملکه‌چکردن و کۆنترڵکردنى بازاڕه‌که‌، تورکیا ده‌یه‌وێت هه‌رێم بکاته‌ پاشکۆى ئابورى خۆى و له‌کاتى پێویست به‌کارى بێنێت، ئه‌گه‌ر پێشتر داگیرکارى له‌ڕێگه‌ى سه‌ربازى بوبێت، به‌ڵام ئێستا داگیرکارى له‌ڕێگه‌ى بازرگانیه‌وه‌ ده‌کرێت، بۆیه‌ ئێستا په‌یوه‌ندى ئابورى نێوان تورکیا و هه‌رێم زۆر ناهاوسه‌نگه‌ به‌هۆى ئه‌وه‌ى زۆرترین شت له‌وێ ده‌کڕین و که‌مترین شتمان لێ ده‌کڕن ته‌نانه‌ت له‌کاتى فرۆشتنى نه‌وت هه‌رێم تورکیا له‌هه‌رێم قازانجى زیاتره‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا خیانه‌تى ئابورى له‌هه‌رێم زۆر به‌زه‌قى هه‌یه‌ .

تۆپێت وایه‌ په‌یوه‌ندییه‌که‌ هه‌رێمى کوردستان و تورکیایه‌؟

-نه‌خێر په‌یوه‌ندییه‌که‌ تورکیاو به‌شێکى له‌هه‌رێمى کوردستانه‌ که‌ هه‌ولێر و دهۆک ده‌گرێته‌وه‌.

کردنه‌وه‌ى ده‌روازه‌یه‌کى ئابوورى له‌گه‌ڵ وڵاتى ئێران چۆن ده‌بینى؟

" پێویسته‌ هه‌رێم بۆریه‌کى نه‌وتى به‌ ڕۆژئاواى کوردستاندا ببات"

-به‌بڕواى من تورکیا و ئێران هیچ جیازیان نیه‌ بۆ ئابورى هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام پێویسته‌ هه‌رێم بۆڕیه‌کى نه‌وتى به‌ ڕۆژئاواى کوردستاندا ببات ته‌نانه‌ت پێویسته‌ به‌عێراقیش بۆریه‌کى نه‌وتى بڕوات، پێویسته‌ سه‌رچاوه‌کانى داهات جۆراو جۆر بکرێت، بۆیه‌ ده‌مه‌وێت بڵێم ڕۆژئاواى کوردستان سه‌رچاوه‌یه‌کى گرنگى داهاتى هه‌یه‌ و هه‌رێم قازانج ده‌کات ئه‌گه‌ر بازرگانیان له‌گه‌ڵ بکات ئه‌گه‌ر په‌یوه‌ندییه‌کى ئابورى هاوسه‌نگ بێت.

ش.ف