پەروین حەسەن: هەوڵەکانى کەنەکە بۆ یەکێتى نەتەوەیى ئەنجامى هەبووە

ئەندامێکى کۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان- کەنەکە، ئاماژە بەوەدەکات، کە هەوڵەکانى کەنەکە بۆ دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیى ئەنجامى هەبووە و لایەنەکان لە ڕۆژهەڵات و ڕۆژئاوا و باکورى کوردستان لێکنزیکبوونەوەى بەرچاو هەیە لە نێوانیاندا، هەروەها دەڵێت: تاکە گەرەنتى سەرکەوتنى کورد یەکێتى نەتەوەییە.


گۆنگرەى نەتەوەیى کوردستان- کەنەکە، کە لەساڵى ١٩٩٩ وە دامەزراوە بەردەوام هەوڵى لێکنزیکردنەوەى لاینەکان دەدات، پەروین حەسەن، ئەندامى کەنەکە، لەم چاوپێکەوتنەى ڕۆژنیوزدا، ئاماژە بە هەوڵەکانى کۆنگرەى نەتەوەیى دەکات بۆ لێکنزیکردنەوەى لایەنەکان و ئەو ئاستەنگیانەى دێنە بەردەمیان بۆ دروستکردنى یەکێتى نەتەوەیى، هەوەها تیشک دەخاتە سەر هەوڵەکانى دەوڵەتى تورک بۆ لێکترازانى لایەنە کوردییەکان و دروستکردنى ناکۆکى لە نێوانیاندا.

دەقى چاوپێکەوتنەکە

- کەنەکە لە ڕۆژئاواى کوردستان، هەوڵدەدات لایەنەکان پێکەوە کۆبکاتەوە، هەوڵەکانتان بەکوێ گەشتوون و سەرنجتان چییە لەسەر هەڵوێستى لایەنەکان؟

"لەبەرژەوەند گشتیدایە پێکەوە مامەڵە بکەن"

پەروین حەسەن: کەنەکە هەمیشە لە هەوڵى ئەوەدایە لایەنە کوردستانییەکان لەیەک نزیک بکاتەوە، بەڵام فشارى نێودەوڵەتیش هەیە لەسەرلایەنەکان، بەهۆیەوە هەندێک لە لایەنەکان بەشدار نەدەبوون لەو کۆبوونەوانەى ئێمە ڕێکماندەخست لە ڕۆژئاواى کوردستان، بەڵام لە ئێستادا زۆرینەى لایەنەکان بەشدار دەبن، تەنانەت لە نێوان هەندێک لایەنى ڕۆژئاواى کوردستاندا نزیک بوونەوەى بەرچاو ڕوویداوە، چونکە هەموویان لەوەتێگەشتوون، کە بەرپرسیارێتییەکى مێژوویى کەوتووەتە سەرشانیان، لەبەرژەوەند گشتیدایە بەشێوازێکى ئاشتى خوازانە پێکەوە مامەڵە بکەن.

 

- بەدیاریکراویى چ پارتێک بەدەم هەوڵەکانى ئێوەوە نایەت؟

 

"ئەوانەى نزیکن لە تورکیا"

پەروین حەسەن: زیاتر ئەو پارتانەى، کە پێکەوە کۆبوونەتەوە و بە ئەنەکەسە ناسراون، هەوەرها ئەو پارتانەى کە کاریگەریی دەوڵەتانى دەوروبەر لەسەریانە بەتایبەت دەوڵەتى تورکیا، ئەوانە زیاتر ئاستەنگییەکان دروستدەکەن بۆ کارى لایەنەکانى ڕۆژئاواى کوردستان و باشورى کوردستان.

 

- ئەو ڕێگرییانە چ گرفتێکى بۆ کارەکانى ئێوە دروستکردووە؟

 

پەروین حەسەن: بە دڵنییاییەوە گرفتى دروستکردووە، چونکە ئەگەر دروستى نەکردایە ئێستا یەکێتى نەتەوەیى پێک هاتبوو، یەکێتى نەتەوەیى گەرەنتى گەشتنە بە ئامانجەکانمان، بۆیە هەتا یەکێتى نەتەوەیى درەنگ پێک بێت درەنگ دەگەین بە ئامانجەکانمان.

 

- لەباکورى کوردستان زۆرینەى پارتە کوردستانییەکان بڕیاریاندا پێکەوە بەشدارى هەڵبژاردنى شارەوانییەکان ببین، ئەم هەوڵە چۆن دەبینین، ئەو یەکگرتنە هیچ هەوڵێکى ئێوى تێدابوو؟

 

" خۆیان گەشتوونەتە ئەو بڕیارە"

پەروین حەسەن: ئێمە تەنها پێشنیار دەکەین، بەڵام ئەو پارتانە خۆیان بە خوێندنەوەیان بۆ بارودۆخى تورکیا و باکورى کوردستان گەشتوونەتە ئەو بڕیارەى بە یەک لیست بەشدارى هەڵبژاردن بکەن، من لەبەر ئەوەى لە کۆمیتەى دبلۆماسى کەنەکە نیم، بۆیە نازانم هەوڵەکانى چى بوون بۆ لێکنزیکردنەوەى لایەنەکان، بەڵام بە گشتى لێکنزیکردنەوەى لایەنەکان ئەرکێکى کەنەکە یە و بەردەوام هەوڵى ئەوە دەدەین.

 

- هەوڵەکانى کەنەکە بۆ لێکنزیکرنەوەى لایەنەکانى باشورى کوردستان چین؟

 

پەروین حەسەن: ئەو پەرتەوازەییەى لە باشورى کوردستان دروست بووە هۆکارى هەموو ئاڵۆزییەکانى باشورە، کەنەکە بەهیچ لایەنێک ناڵێت کە چى بکات، بەڵام ئەو پارتانەى ئەندامى کەنەکەن بانگهێش دەکات بۆ ئەوەى لەگەڵ یەکتر گفتوگۆبکەن و خۆیان بگەنە ئەنجامى ئەوەى چى بکەن.

 

- پەیوەندى نێوان پارچەکانى کوردستان چۆن دەبینین؟

 

پەروین حەسەن: بەداخەوە باش نییە، بەڵام بارودۆخەکە وا دەخوازێت کە باشبێت، چونکە ئەوە بۆ داهاتووى خۆمان باشترە.

 

- سەرنجتان چییە لەسەر سیاسەتەکانى دەوڵەتى تورک و لێکترازاندنى لایەنەکانى کوردستان؟

 

"هەرگیز ئەوان وەک هاوپەیمان کار لەگەڵ ئێمە ناکەن"

پەروین حەسەن: دیارە دەوڵەتى تورک سیاسەتى خۆى هەیە بۆ فراوانکردنى پاوانخوازى و فراوانکردنى ڕەوتى سونى بەرامبەر بە ڕەوتى شیعى، بۆ ئەوەش توانا و هەرەشە و ئەندامبوونى لە ناتۆدا بەکار دەهێنێت بۆ فشارخستنە سەر لایەنەکان، هەر کاتێک کارى بەلایەنێک هەبوو کارى لەگەڵ دەکات، هەرکاتێک کارى پێى نەما پشتگوێى دەخات، بۆیە پێویستە لاینە کوردییەکان دوربینانە بڕواننە سیاسەتەکانى تورکیا و ئێران، چونکە ئەوان بەپێى ستراتیژى خۆیان کار لەگەڵ ئەمان دەکەن، بۆ بەرژەوەندى خۆیان بەکاریان دەهێنن، هەرگیز ئەوان وەک هاوپەیمان کار لەگەڵ ئێمە ناکەن.

 

- کەنەکە، چەندین کۆبوونەوەى پارچەکانى کوردستان و وڵاتانى ئەوروپا ڕێکخست بە ئامانجى پێکهێنانى یەکێتى نەتەوەیى، ئەنجامى ئەو هەوڵە چى بوو؟

 

"ڕۆژ بە ڕۆژ لێک نزیکبوونەوەى زیاتر ڕوودەدات"

پەروین حەسەن: ئەنجامەکانى ئەو کۆبوونەوانە شتێک نییە یەکسەر دەربکەوێت، بەڵام کاریگەریی هەبووەن بۆنمونە لێک نزیکبوونەوەیەکى باش هەیە لە نێوان لایەنەکانى ڕۆژهەڵاتى کوردستان-دا، هەروەها لە باکورى کوردستان ئەو یەک لیستییە دروستکراوە بۆ بەشداریکردن لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکان، هەروەها خۆشبەختانە لە ڕۆژئاواى کوردستان بەرەى یەکگرتووى زیاترە لە بەرى نایەکگرتووى، ڕۆژ بە ڕۆژ لێک نزیکبوونەوەى زیاتر ڕوودەدات لە نێوان لایەنەکاندا.

 

- ئاستەنگە سەرەکییەکانى بەردەم دروستبوونى یەکێتى نەتەوەیى چییە؟

 

" دوژمنانى گەلى کوردە"

پەروین حەسەن: دوژمنانى گەلى کوردە، زۆرجاریش دوژمنان ئەوە دەکەنە ڕۆژەف کە یەکێتى نەتەوەیی لەناو کورد-دا نییە، بەڵام ئەمە زۆرجار لەلایەن کوردەوە وەڵام دەدرێتەوە، بۆنمونە لە پشتگیرییەکان بۆ مانگرتى لەیلا گوڤەنن کە دژى گۆشەگیریی سەر عەبدوڵا ئۆجالان مانى لە خواردن گرتووە، پشتگیرییەکى فراوانى لێکرا، هەندێک پارت سەر بە تەڤگەرەکەى ئەو نین بەڵام پشتگیریی لێدەکەن، بۆیە دەتوانین بڵێین هەڵوێستى کورد بەرامبەر بە یەکێتى نەتەوەیى باشترە لە ساڵانى ڕابردوو.

 

- ماوەیەکە لە باشورى کوردستان ڕێگا نادرێت بەو چاکییە نەتەوایەتییانەى دەوڵەتى تورک نیگەران دەکات، لەو چوارچێوەیەدا هیچ ئاستەنگێک بۆ کارەکانى ئێوە دروستکراوە؟

 

"هەندێک کارمان دواخراوە"

پەروین حەسەن: هەندێک کارمان دواخراوە، بەڵام ئەوەش لە پێناوى بەرژەوەندییەکى کاتیدایە، پێمان وایە ئەم بارودۆخە تێ دەپەڕێت، بەلانى کەم گەلى باشورى کوردستان نابێت ئەوى بەدەستى هێناوە لەدەستى بات، ئەو دیموکراتییەى کە بەخەباتێکى درێژخایەن بەدەستى هێناوە لەدەستى نەدات، کەنەکە بۆ ئەوەى توشى تەشەنوج نەبێت لەگەڵ یەنەکانى دەسەڵاتدا هەوڵدەدەین بێ مۆڵەت کار نەکەین، یان شێوازى کارەکانمان بگۆڕین.

 

- بۆ ئەم دۆخەى هەرێمى کوردستان چ داواکارییەکتان هەیە لە خەڵکى کوردستان و لایەنەکان؟

 

"داواى پێکهێنانى یەکێتى نەتەوەیى دەکەین"

پەروین حەسەن: تەنها ئەوەى بە دوربینییەوە بڕواننە ئایندەى کوردستان، دڵنیابن لەوەى بەرژەوەندى پارچەیەکى کوردستان بەستراوەتەوە بە پارچەیەکى دیکەى کوردستانەوە، لەسەر ئەو بنەمایە بەردەوام داواى پێکهێنانى یەکێتى نەتەوەیى دەکەین، سەرکەوتنى ڕۆژئاواى کوردستان سەرکەوتنى باشورە، سەرکەوتنى باکور سەرکەوتنى ڕۆژهەڵاتە سەرکەوتنى ڕۆژهەڵات سەرکەوتنى ڕۆژئاوایە، هەرکاتێک دوژمن ببینێت پارچەیەکى کوردستان بەهێز بووە هێرشى بۆدەکات، چونکە لاى دوژمن کورد هەمووى یەکەن بەڵام بۆ بەرژەوەنى خۆى بەکارمان دەهێنن.

د.ع