ڕوسیا و ئۆکرانیا لەسەر ئاگربەست ڕێککەوتن

ئۆکراین و ڕوسیا دوای دانوستانێک لە ئاستی باڵا بە ناوبژیوانی ئەڵمانیا و فەرەنسا لە کۆشکی ئلیزە، لەسەر ئاگربەست لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕێککەوتن.


دوێنێ ڤلادمیر پوتین سەرۆک کۆماری ڕوسیا و ڤلۆدمیر زلنسکی سەرۆک کۆماری ئۆکرانیا، لە پاریسی پەیتەختی فەرەنسا ڕێککەوتن لەسەر ئەوەی تا کۆتایی ساڵی ٢٠١٩ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ئاگربەستێکی تەواو و گشتگیر جێگر بکرێت.

دانوستانەکان لە کۆشکی ئلیزە و بە ناوبژیوانی وڵاتانی فەرەنسا و ئەڵمانیا و بە ئامادەبوونی ئیمانوێل ماکرۆن سەرۆک کۆماری فەرەنسا و ئانگێلا مێرکل ڕاوێژکاری باڵای ئەڵمانیا بەڕیوەچوو.

ئەمە یەکەم دانوستانی ئەو دوو وڵاتەیە لە ئاستی باڵا کە لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوو دوای قەیرانی ئۆکرانیا، لە پێناو کۆتاییهێنان بە شەڕ لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا بکرێت، هەروەها یەکەم کۆبوونەوەی پوتین و زلنسکی-شە.

جێگای ئاماژەیە، دوای ئەوەی ساڵی ٢٠١٤ دوورگەی 'کریمە' پەیوەست کرا بە خاکی ڕوسیا، ناوچەکانی لوهانسک و دونتسک لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیاش کەوتە دەستی جیاییخوازەکانی لایەنگری ڕوسیا، ئۆکرانیا هەوڵیدا ئەو ناوچانە بگەڕێنێتەوە و تا ئێستا لەو کارە سەرکەوتوو نەبووە و لە ماوی پێنج ساڵی ڕابردوو لە ئەنجامی ئەو شەڕانەی لە ڕۆژهەڵاتی ئۆکرانیا ڕوویانداوە نزیکەی ١٣ هەزار کەس کوژراون و ٤٠ هەزار کەسی دیکەش برینداربوون، هەروەها پێنج ملیۆن کەسیش ئاوارە بوون.

س.ح