ڕێبوار ته‌ها: هه‌رێم ته‌نها نه‌وته‌که‌ی ده‌وێت نه‌ک که‌رکوک 


رۆژنیوز ــ سۆران محه‌مه‌د

عێراق‌ له‌ ڕێزبه‌ندى چواره‌م وڵاتى جیهانه‌ بۆ به‌رهه‌م هێنانى نه‌وت که‌رکوکیش ڕێژه‌ى له‌ %28 نه‌وتى عێراق دابین ده‌کات، له‌ ساڵى 1928 به‌ فه‌رمى نه‌وتى لێ ده‌رهێنراوه‌، وه‌ به‌ یه‌کێک له‌ شاره‌ ده‌وڵه‌مه‌نده‌کانى جیهان ئه‌ژمار ده‌کرێت له‌ ڕووى سامانى نه‌وته‌وه‌.

ڕێبوار ته‌ها، نوێنه‌ری شاری که‌رکوک له‌ ئه‌نجومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق و ئه‌ندامی لیژنه‌ى ده‌ست پاکى (نه‌زاهه‌)، ورده‌کارى و شێوازى نه‌وتى شاری که‌رکوک له‌ چاو پێکه‌وتنێکدا بۆ ڕۆژنیوزی ڕوون ده‌کاته‌وه‌ و ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌کات، که‌ نه‌وتى که‌رکوک ئێستا له‌ ڕێگاى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌ڕوات، وه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌یبات و ده‌ستى به‌سه‌ر چه‌ن بیره‌ نه‌وتێکدا گرتووه، هیچ که‌سیش نازانێت چۆن هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وته‌ ده‌کرێت.

رۆژنیوز: ڕۆژانه‌ چه‌ند به‌رمیل نه‌وت له‌ که‌رکوک به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.؟

- سه‌رتا ده‌گه‌ڕێنه‌وه‌ بۆ ڕێکه‌وتنێکى نێوان حکومه‌تى هه‌رێم و عێراق له‌ سه‌ر بابه‌تى نه‌وتى هه‌رێمی کوردستان و له‌ نێوشیدا نه‌وتى که‌رکوک، که‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ وا بوو هه‌رێم ڕۆژانه‌ 550 هه‌زار به‌رمیل به‌رهه‌م بهێنێت، که‌ ده‌بوو هه‌رێم 250 هه‌زار و که‌رکوکیش 350 هه‌زار به‌رمیل بۆ ڕۆژێک به‌رهه‌م بهێنن، وه‌ له‌ ڕێگا‌ى بۆریه‌ نه‌وتیه‌کانى کوردستانه‌وه‌ بڕوات، ئه‌م ڕێکه‌وتنه‌ ئێمه‌ وه‌ک نوێنه‌رانى کورد له‌ به‌غدا توانیومانه‌ له‌ یاساى بوجه‌ى گشتى بۆ ساڵى 2015 جێگاى بکه‌ینه‌وه‌ وه‌ هێزى یاسایشمان پێدا، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌ هۆى ئه‌و کێشانه‌ى، که‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدا ڕوویداوه‌ پابه‌ند نه‌بوونیان به‌ ڕێکه‌وتنه‌که‌ نه‌ما، ئه‌وه‌ى که‌ به‌لاى منه‌وه‌ گرنگه‌ وه‌ک که‌رکوک قسه‌ بکه‌م نه‌وتى که‌رکوکه‌، نه‌وتى که‌رکوک ئێستا له‌ ڕێگاى هه‌رێمى کوردستانه‌وه‌ ده‌ڕوات، وه‌ وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان ده‌یبات و ده‌ستى به‌سه‌ر چه‌ن بیره‌ نه‌وتێکدا گرتووه‌، ئه‌و بیرانه‌ش بریتین له‌ کیڵگه‌ى نه‌وتى باى حه‌سه‌ن، هاڤانه‌یه‌، که‌ به‌داخه‌وه‌ زۆرینه‌ى زۆرى نه‌وتى که‌رکوک و یه‌ده‌گى نه‌وتى که‌رکوک که ‌ڕێژه‌که‌ى ده‌گاته‌ له‌ %46ى رێژه‌ی نه‌وتی چه‌سپاو له‌و دوو کێڵگه‌یه‌، له‌ هاتنى داعشه‌وه‌ له‌ 11 و 12ى 6ی2014 ئه‌م کێڵگانه‌ له‌ لایه‌ن وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کانه‌وه‌ ده‌ستى به‌سه‌را گیراوه‌، وه‌ هیچ که‌سیش نازانێت چۆن هه‌ڵس و که‌وت له‌گه‌ڵ ئه‌م نه‌وته‌ ده‌کرێت و چى ده‌گوزه‌رێت وه‌ ڕۆژانه‌ له‌و ڕێکه‌وتنه‌ى که‌ کراوه‌ 300 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت له‌ که‌رکوک ڕۆیشتووه‌، تاوه‌کو ئێستا ئێمه‌ مافى خۆمان وه‌رنه‌گرتووه‌ وه‌ک بوجه‌ى پترۆڵ دۆلار وه‌ ماوه‌ى پێنج مانگه‌، که‌ نه‌وتى که‌رکوک ده‌فرۆشرێت داهاته‌که‌ى نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ حکومه‌تى ناوه‌ند، تا به‌غدا موسته‌حقات و بوجه‌ى شاره‌که‌ بنێرێت وه‌ نه‌شگه‌ڕاوه‌ته‌وه‌ بۆ ئیداره‌ى شاره‌که‌.

رۆژنیوز: له‌ گێڵگه‌ى نه‌وتى هاڤانه‌ و باى حه‌سه‌ن ڕۆژانه‌ چه‌ن به‌رمیل نه‌وت به‌رهه‌م ده‌هێنرێت.؟

- ئه‌و دوو کێڵگه‌یه‌ پێش هاتنى داعش ڕۆژانه‌ 280 هه‌زار به‌رمیلى به‌رهه‌م ده‌هێنا واتا ئێستا ئه‌م 280 هه‌زار به‌رمیله‌ له‌ ژێر ده‌ستى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کانى هه‌رێمى کوردستانه‌، ئه‌وان هه‌ڵسوکه‌وتى پێوه‌ ده‌که‌ن ئه‌وه‌ى جێگاى مه‌ترسیه‌ هه‌ندێک له‌و بیرانه‌ى، که‌ له‌ سنورى ئه‌و دوو گێلگه‌یه‌ حکومه‌تى هه‌رێم به‌ سنورى ئیداره‌ى شارى هه‌ولێری ده‌زانێت، که‌ ئه‌مه‌ش مه‌ترسیه‌کى گه‌وه‌ریه‌ بۆ سه‌ر که‌رکوکیه‌کان، ئه‌وان بانگه‌شه‌ بۆ ئه‌وه‌ ده‌که‌ن که‌ که‌رکوک شارێکى کوردستانیه‌ و ده‌یگه‌ڕێنه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان، به‌ڵام ئه‌وه‌نده‌ى خه‌میان بێت بیره‌ نه‌وته‌کانى که‌رکوکه‌ نه‌ک که‌رکوک، چونکه‌ کاتێک دێت وه‌ک حکومه‌ت هه‌ڵسوکه‌وت ده‌کات ده‌ڵێت ئه‌م بیره‌ نه‌وتیانه‌ سنورى ئیدارى شارى هه‌ولێره‌ ئه‌ى که‌رکوک؟، ئێستا ئێمه‌ توانیومانه‌ که‌رکوک به‌ هێز و قوربانیدانى پێشمه‌رگه‌ سنورێکى سه‌ربازى بۆ دیاری بکه‌ین، بۆیه‌ ئه‌گه‌ر ئێمه‌ که‌رکوک بگه‌ڕێنینه‌وه‌ سه‌ر هه‌رێمى کوردستان ئه‌وه‌ واتاى ئه‌وه‌یه‌، که‌ بیره‌ نه‌وته‌کانیشمان گه‌ڕاندۆته‌وه‌، به‌ڵام ناکرێت سه‌رۆکى حکومه‌ت له‌ کۆبونه‌وه‌یه‌کدا بڵێت ئه‌و بیره‌ نه‌وتانه‌ له‌ سنورى ئیداره‌ى شارى هه‌ولێره‌ ئه‌مه‌ واتاى ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئیمه‌ نه‌وته‌که‌مان به‌لاوه‌ گرنکه‌ که‌رکوکمان به‌لاوه‌ گرنگ نیه‌ وه‌ ئه‌مه‌ هه‌ڵسوکه‌وتى حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستانه‌.

رۆژنیوز: بۆچى بودجه‌ى که‌رکوک نانێردرێت و بڕاوه‌ ؟

-بوجه‌ى که‌رکوک تا ئێستا نه‌بڕاوه،‌ عێراق له‌ قه‌یرانێکى داریى به‌ هێزدایه‌ وه‌ دیسان له‌ ساڵى 2016 له‌ قه‌یراندا ده‌بێت بۆ شاره‌کانى تریش میزانه‌ و بودجه‌ وه‌ک پێویست نه‌نێردراوه‌ ته‌نها چه‌ند بڕێک نه‌بێت، به‌هۆی ئه‌وه‌ى عێراق له‌ شه‌ڕدایه‌ له‌گه‌ل داعش، هه‌ر بۆیه‌ زیاتر بوجه‌ بۆ فه‌رمانبه‌ران ته‌رخان ده‌کات، بۆیه‌ ناتوانین بڵێین بوجه‌ى که‌رکوک بڕاوه‌،‌ له‌ 2014وه‌ پاره‌ى پترۆل دۆلاری که‌رکوک بڕاوه‌، ئه‌وه‌ى که‌ بابه‌ت بێت لاى ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌، که‌ ئێستا ده‌بێت پاره‌ى پترۆل دۆلار له‌ حکومه‌تى هه‌رێمى کوردستان وه‌ربگرین، چونکه‌ نه‌وته‌که‌مان له‌ ڕێگاى ئه‌وانه‌وه‌ ده‌ڕوات.

رۆژنیوز: ئه‌گه‌ر هاتوو هه‌رێمى کوردستان پاره‌ى پترۆل دۆلارى بۆ که‌رکوک نه‌نارد هه‌ڵویستى ئێوه‌ چى ده‌بیت.؟

له‌ به‌غدا به‌ شێوه‌یه‌کى فه‌رمى به‌ ئێمه‌ یان وتووه‌ بڕۆن پاره‌ى نه‌وت له‌ هه‌رێمی کوردستان وه‌ربگرن، چونکه‌ ئه‌وان نه‌وته‌که‌ ده‌به‌ن و ئه‌وان ده‌یفرۆشن، به‌ دڵنیاوه‌ ئێمه‌ هه‌ڵوێستى خۆمان ده‌بێت، به‌ڵام ئومێده‌وارم، که‌ حکومه‌تى هه‌رێم و وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و مافى که‌رکوک و که‌رکوکیه‌کان بده‌ن و وه‌کو خۆى ڕه‌وانه‌ى بکه‌ن.

رۆژنیوز: ئه‌م جۆره‌ هه‌ڵسوکه‌وته‌ى حکومه‌تى هه‌رێم به‌رامبه‌ر به‌ که‌رکوکیه‌کان چ گاریگه‌رییه‌ک دروست ده‌کات.‌؟

- به‌ دڵنیاوه‌ زۆر گاریگه‌رى هه‌یه‌ خه‌ڵک له‌م شاره‌ بێکاره‌، خزمه‌تگوزارى وه‌ستاوه‌، گه‌نجه‌کانمان بێزارن شاره‌که‌ به‌جێ ده‌هێڵن و نیشتیمانى خۆیان به‌جێ ده‌هێڵن هیچ که‌سێک خاکى خۆی به‌جێ ناهێڵێت ئه‌گه‌ر له‌ خۆشگوزه‌رانیدا بژی، کێشه‌ ئه‌وه‌یه‌ خه‌ڵک خه‌ریکه‌ متمانه‌ له‌ ده‌ست ده‌دات بۆ ئه‌م حکومه‌ته‌ وه‌ هه‌روه‌ها خه‌ڵک متمانه‌ى به‌وه‌زاره‌تێک نیه‌، که‌ ناوى وه‌زاره‌تى سامانه‌ سروشتیه‌کان بێت، هه‌ڵه‌ ناشه‌فافیه‌کانى گوازتۆته‌وه‌ بۆ نه‌وتى که‌رکوک، بۆیه‌ ڕه‌وشه‌که‌ له‌ مه‌ترسیدایه‌ پێوسته‌ له‌سه‌ر سه‌رکردایه‌تى کورد، که‌ کێشه‌که‌ چارسه‌ر بکه‌ین، وه‌ به‌ڕاستگۆیى له‌گه‌ڵ هه‌ریه‌ک قسه‌ بکه‌ین، وه‌‌ ده‌ستوه‌ردان له‌ نه‌وتى که‌رکوک قه‌ده‌غه‌ بکه‌ین و ڕێکه‌وتن بکرێت به‌ ئاگادارى ئه‌نجوومه‌نى پارێزگاى که‌رکوک و پارێزگای ئه‌ندامه‌ په‌رله‌مانه‌کان بێت.

ل.م/ش.ف