ڕێبوار تۆفیق: بەرهەم ساڵح لەگەڵ تورکیا وەک کوردێک مامەڵە ناکات

ڕۆژنامەنووس، ڕێبوار تۆفیق، ئاماژە بەوەدەکات کە ئەگەری ڕێککەوتنی تورکیا و عێراق و وڵاتانی نێودەوڵەتی هەیە دژی کورد، دەشڵێت: بەرهەم ساڵح، لەگەڵ تورکیا وەک کوردێک مامەڵە ناکات و بۆ بەرژەوەندی عێراق و خۆی و حیزبەکەی کاردەکات.


ڕۆژنامەنووس و نووسەر، ڕێبوار تۆفیق، کە تایبەت لەسەر ڕووداوەکانی تورکیا و عێراق کاردەکات، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا ئاماژە بە پەیوەندی نێوان عیراق و تورکیا دەکات و تیشک دەخاتە سەر سەردانەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تورکیا، هەروەها باسی بوونی پیلانێک دەکات، کە ئەگەر هەیە لەدژی کورد لەنێوان تورکیا و عیراق و وڵاتانی نێودەوڵەتیدا ئەنجامدرابێت.

دەقی چاوپێکەوتنەکە

 

سەردانەکانی سەرۆک کۆماری عێراق بۆ تورکیا و هاتنی ئەوان، چی دەگەیەنێت؟

"پەیوەندی بە ڕێککەوتنەکۆن ڕێککەوتنە تازەکانەوە هەیە"

ڕێبوار تۆفیق: بەشێک لە پەیوەندیەکانی نێوان بەغداد و ئەنقەرە پەیوەندی بە ڕێککەوتنە کۆنەکانەوە هەیە و بەشێکیشی پەیوەندی تازەیە، ئەوەی کە پەیوەندی تازەیە بریتییە لەو فشارە سیاسییە ئابوورییە بازرگانییە گەورەیەی، کە ئەمریکا بۆ ئەنقەرەی هیناوە و بەهۆیەوە تورکیا توشی هەڵئاوسانێکی ئابووریی گەورە بووە، ئەوەش وایکردووە پەنا بۆ دراوسێکانی بەرێت، تەنانەت بەم دوایانەش کڕینی نەوتی لەئێران ڕاگرت، بەهۆی سزاکانی ئەمریکا بۆسەر ئێران، ئەونەی دیکە ئەنقەرە ناچاربووە پەیوەندیەکانی لەگەڵ عێراق بە گشتی و هەرێمی کوردستان بە تایبەتی پەرەپێبدات، بۆ ئەوەی دەروازەیەکی دیکەی ئابووریی بکاتەوە و خۆی دەربازبکات لەو قەیرانە گەورەیەی دووچاری بووەتەوە.

بەشیکی دیکەی پەیوەندی بە هەوڵدانی تورکیاوە هەیە بۆ نوێکردنەوەی پەیوەندییە کۆنەکان، کە پەیوەندی بە گەریلاکانی پارتی کرێکارانی کوردستانەوە هەیە، تورکیا دەیەوێت لەگەڵ دەسەڵاتی تازەی بەغدا ئەو ڕێککەوتننامانە کارا باتەوە، تا بتوانێت بەو شێوازەی کەدەیەوێت دەستێوەردان لەهەرێمی کوردستاندا بکاتە، دەیەوێت ڕەزامەندی عێراق وەربگرێت بۆ لێدانی پەکەکە لەناو خاکی عێراقەوە.

 

پێت وایە ڕەزامەندی وەرگرتوە؟

ڕێبوار تۆفیق: پێم وایە دابەزینی بەشیک لە کۆماندۆی تورکی لە ناوچەی برادۆست، بەشێکی پەیوەندی بەو ڕەزامەندییەوە هەیە کە وەری گرتووە.

 

بەرهەم ساڵح لە سەردانەکانی بۆ تورکیا وەک کوردێک مامەڵەی کردووە یان وەک عێراقییەک؟

"بۆ کورد هەوڵنادات"

ڕێبوار تۆفیق: خۆی هەموو کاتێک دەڵێت لەپێش هەموو شتێک من نوێنەرایەتی عێراق دەکەم، هەروەها ئەو سەرۆک کۆماری عێراقە، ئەوەندەی نوێنەرایەتی عێراق دەکات ئەوەندە نوێنەرایەتی کوردبوون ناکات، لەگەڵ ئەوەشدا ئەوندەی بۆ پێگەی خۆیی و حزبەکەی تێدەکۆشێت و بۆ بازرگانی عێراق هەوڵدەدات، بۆ کورد هەوڵنادات.

 

پێتوایە ئەو هێرشانەی تورکیا بۆ سەر هەرێمی کوردستان ڕێکەوتنی سێ لایەنە بێت لەنێوان تورکیا و عێراق و هەرێمی کوردستان؟

"وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان تێیدا هەیە"

ڕێبوار تۆفیق: ئەوەی کە لێرەدا ڕۆڵ دەبینێت پەیوەندی ئیقلیمی نێودەوڵەتییە، کە تاڕادەیەک بەغدا ڕۆڵی کارا دەبینێت، واتا ڕێککەوتنێک نییە بەتەنها لەنێوان عێراق و تورکیا، وڵاتانی نێودەوڵەتی ڕۆڵیان تێیدا هەیە، بێجگە لەوە، ئەردۆغان خۆی دەڵێت، کە پرس بەکەس ناکەین ئەگەر هێزبەرینە عێراق، بۆیە پێم وایە هاوسەنگییەکە زۆر لەوە گەورەترە کە هێزێکی کوردیی بچوک ببێتە ڕێگەخۆشکەر بۆ هاتنی دەوڵەتی تورکیا یاخود ببێتە بەربەست.

 

بەڵام لە هەرێمی کوردستان زیارتر لە ٢٠ بارەگای سوپای تورک هەیە، کێ ڕێی داوە ئەم بارەگایانە لێرەبن؟

"پارتی بۆ بەرژەوەندی خۆی ڕێگەی داوە"

ڕێبوار تۆفیق: باوەڕم وایە پارتی بۆ مانەوەی دەسەڵاتی خۆی و بەرژەوەندییەکانی کاریگەریی هەبووە بۆ بوونی ئەو سەربازگانە و پەیوەندی زۆر بەهێزی لەگەڵ ئەنقەرە هەبێت، بەڵام هەرگیز ناتوانێت ڕێگا لە پاوەنخوازی و لەشکرکێشی دەوڵەتی تورکیا بگرێت.

 

بوونی نێچیرڤان بارزانی بە سەرۆکی هەرێم دەستی دەوڵەتی تورک ئاواڵاتر ناکات لە هەرێمی کوردستان، چونکە لەڕابردوودا ڕەوایەتی بە هێرشەکانی تورکیا دەدا؟

"ئەوەی بەکار هێناوە بۆ پەیوەندییە شەخسییەکانی"

ڕێبوار تۆفیق: ئەوە ڕاستە، ئەوەندەی نێچیرڤان ڕەوایەتی داوە بە لەشکرکێشی تورکیا و ئۆپراسیۆنەکان، بەرپرس و سەرکردە سیاسییەکانی دیکە ڕەویەتییان پێنەداوە، وەک سەرۆکی حکومەت ئەوەی کردوووە و بەکاریهێناوە بۆ پەیوەندییە شەخسییەکان لەگەڵ بەرپرسانی تورکیا، بۆیە دەبێت لەچەند مانگی داهاتوودا و تەنانەت لە چەند ڕۆژی داهاتوودا کاتێک بۆ سەرۆکایەتی هەرێم سوێند دەخوات، یەکەم کاری ئەوە بێت کە ئەو لەشکرکێشیانە کە دەبێت هۆی کوشتنی خەڵک و ماڵوێران کردنیان بوەستێنێت یاخود هیچ نەبێت ئیدانەی بکات و یانیش داوای ڕاگرتنی ئەم پێشێلکارییانە بکات.

د.ع