"ڕێگا نادەین پیلان دژی هاوڵاتیانی شەنگال بەڕێوەببرێت"

قاسم خەلەف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، ئاماژەی کرد، کە هەندێک لایەن کە لە ئیرادەی خەڵکی شەنگال دەترسن و بە زۆر واژۆ کۆدەکەنەوە بۆ گەڕاندنەوەی ئیدارەی پێشووی شەنگال، بەڵام ئەوان قبوڵی ناکەن و ڕێگانادەن پیلان لەدژیان بەڕێوەببرێت.


قاسم خەلەف، ئەندامی دەستەی بەڕێوەبەریی ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال، سەبارەت بە هەوڵدانەکان بۆ گەڕاندنەوەی قایمقامی پێشووی شەنگال و کۆکردنەوەی واژۆ، وەڵامی پرسیارەکانی ڕۆژنیوزی دایەوە.

-ماوەیەک لەمەوبەر قائیمقام و بەڕێوەبەری پێشووی شەنگال ویستیان بگەڕێنەوە ناو شەنگال بەڵام خەڵک ناڕەزایەتییان نیشاندا و نەیانهێشت بگەڕێنەوە، کۆردیناسیونی جڤاکی ئێزدی چەند ڕۆژێک لەمەوبەر بە لێدوانێک ئاشکرای کرد کە لە کامپەکانی پەنابەران بە زۆر واژۆ کۆدەکرێتەوە بۆ گەڕاندنەوەی قایمقام و ئیدارەی پێشوو بۆ شەنگال، ئێوە ئەو هەوڵە چۆن دەنرخێنن؟

قاسم خەلەف:ئیدارەی پێشوو ١٥ ساڵ لە شەنگال بوون، نەیانتوانی خاوەنداریی لە خەڵکی شەنگال بکەن، لە ئێستاش بەدواوە ناتوانن هیچ خزمەتێک بکەن، پێش چوار ساڵ خەڵکەکەمان کۆمەڵکوژ کرا، بە هەزاران کچ و دایکمان کەوتنە دەستی داعش، ئێسک و پروسکی زۆرێک لە شەهیدانمان لە دەرەوەن، بەڵام ئەو ئیدارەیە هیچ شتیکی نەکردووە، گرێدراوی شوێنێکی سیاسییە و بەپێی بەرژوەندیەکانی خۆی کاردەکات، ئیتر لەلایەن خەڵکەوە قبوڵ ناکرێن.

"با گەلەکەمان نەکەونە ژێر کاریگەریی ئەو لایەنە سیاسییانەی پیلانیان بۆ دادەڕێژن"

-واتا کۆکردنەوەی بەزۆری واژۆ لە خەڵکی ئێزدی-ش لەچوارچێوەی ئەو پیلانەدا دەکرێت؟

قاسم خەلەف:خەڵکی ئێمە لەناو کامپەکان بێچارەو ژێدەستەن، بۆیە بە زۆر واژۆیان پێدەکەن و ڕێگەیان پێنادرێت بێنەوە سەر زێدی خۆیان، کامپەکان وەک زیندانە بۆ خەڵکی ئێمە، بەگوێرەی یاسا نێونەتەوەییەکان و عێراق-یش، ئەو واژۆیانەی بەزۆر کۆدەکرێنەوە هیچ بایەخێکیان نیە و قبوڵ ناکرێن، ئێمە ڕێ و شوێنی یاساییمان لەو ڕووەوە گرتووەتەبەر و خەڵکەکەمان دڵنیا دەکەینەوە، کە ڕێگە نادەین کەس پیلان لەدژیان بەڕێوە ببات، وەک خۆبەڕێوەبەری دیموکراتیکی شەنگال ئەو واژۆیانە ڕەت دەکەینەوە و قبوڵیان ناکەین، کۆمەڵگای ئێزدی تەنیا خۆی دەتوانێت بڕیار لەسەر خۆی بدات.

-هەوڵدەدرێت بەڕێوەبەری پێشووی شەنگال بگەڕێندڕێتەوە، لە کاتێکدا ئەوە ٤ ساڵە سیستمێکی خۆبەڕێوەبەریی لە شەنگال هەیە، بۆ ئەو سیستمە بەفەرمی دانی پێدانانرێت، بۆچی؟

قاسم خەلەف: پیلانی دژبە شەنگال بەڕێوە دەبرێت، پەدەکە بە تایبەت لە ناو هەوڵداندایە، بۆیە بە فەرمیی نەبووە، بەڵام سیستمی خۆبەڕێوەبەریی شەنگال لەناوخۆیدا فەرمییە و کاری پێدەکرێت، چونکە ئەمە بڕیاری خەڵکی شەنگالە، لە بواری ئاسایش، ڕێکخستن و کۆمەڵایەتیی دۆخەکە باشتر دەبێت، ئێسا لە هەر گوندێکی شەنگال ئەنجومەن و هێزی پاراستن هەیە، ئەنجومەنی خۆبەڕێوەبەریی دیموکراتیی شەنگال نوێنەرایەتی خەڵکی شەنگال دەکات، ئێمەش بەشێکین لە عێراق، هەزاران ساڵە گەلانی ئێرە پێکەوە دەژین، بۆیە مافی خۆبەڕێوەبەرییمان هەیە و کەسێک ناتوانێت ڕێگەمان لێبگرێت.

-بۆ ڕێگە نادرێت خەڵک بگەڕێنەوە شەنگال و هاتووچۆ ئاستەنگ دەکرێت؟

قاسم خەڵەف: بە بیانووی جیاجیا ڕێگەکانی نێوان شەنگال و باشور دادەخەن و ڕێگە نادەن خەڵک بگەڕێتەوەسەر خاکی خۆی، سەردانی کاربەدەستانی پارێزگای نەینەوامان کرد، ئەوانیش وتیان زیاتر لە ١٠ ڕۆژە رێگە لەلایەن حکومەتی عێراق کراوەتەوە، بەڵام حکومەتی هەرێم هاتووچۆی خەڵک ئاستتەنگ دەکات، ئامانجی حکومەتی هەرێم و پەدەکە ئەوەیە، کە وەک هەڵبژاردنەکانی ڕابردوو بە زۆر لە خەڵک دەنگ وەرگرن، بۆیە ڕیگە نادەن خەڵک بگەڕێتەوە شەنگال، هەڵبژاردنەکانی پارێزگا نزیکە، دەیانەوێت خەڵک بۆ بەرژەوەندیەکانی خۆیان بەکار بێنن و ئێستاش بە زۆر واژۆ کۆدەکەنەوە.

- بەڕای ئێوە چارەسەر چییە، نوێنەرانی خەڵک پێویستە چی بکەن؟

قاسم خەڵەف: ئێمە بانگ لە ئەنجومەنی ڕۆحانی ئێزدییەکان دەکەین، کە خۆیان لەژێر کاریگەریی لایەنە سیاسییەکان دەربخەن و هاوکاری خەڵک بن، هەروەها داوا لە لایەنە سیاسییەکان بکەن ڕێگا لە خەڵک نەگرن و ڕێز لە ئیرادەی خەڵک بگرن، ئێمە لەسەر ڕێگای خۆمان بەردەوامین.

ش.ف