ژینۆ کەریم: رێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرمان بۆ وەڵامدانەوە بەم دۆخە دامەزراند


رۆژنیوز - بێریڤان محەمەد

ژنانی گه‌نجی تێکۆشەر، لە کۆنفرانسێکدا بە بەشداری 70 ئەندام رێکخستنبوونی خۆیان بەشێوەی رێکخراو راگەیاند، ژینۆ کەریم ئەندامی دەستەی بەرێوەبردنی رێکخراوەکە لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنیوزدا رۆڵ و پێویستی رێکخراوەکەیان بۆ ژنانی گەنج دەخاتەروو، ئاشکرای دەکات کە رێکخراوەکەیان لە بەرامبەر بەم باروودۆخە مەترسیدارەی کە ژنانی گەنجی تێدایە دامەزراند.

ژنانی گەنج لە باشووری کوردستان لە ئێستادا لە چی دۆخێکدا دەژین؟

ژینۆ کەریم: باروودۆخی گشتی کۆمەڵگا لە رووی سیاسی و ئابوری و کۆمەڵایەتیەوە خراپە بەڵام ئەم دۆخە رەنگدانەوەی زیاتری لەسەر کچانن یان راسترە بڵێن ژنانی گەنج هەیە، بۆ نمونە ئەوەی ژنانی گەنجن لە کۆمەڵگا زیاتر توندووتیژیان بەرامبەر ئەنجامدەدرێت، بازرگانیان پێوە دەکردێت، لە کاتی هێرشی تیرۆرستانی داعش لە شەنگال بینیمان ئەوەی زیاتر رووبەرووی هێرش بوەوە ژنانی گەنج بوون، بێگومان هۆکاری ئەوەی ژنانی گەنج لە ئێستا و لە رابردووشدا زیاتر بوون بە قوربانی نەبوونی هۆشیاریەکی پێویستە، چونکە خۆیان و هێزی خۆیان باش ناناسن، کۆمەڵگەکەیان ئەو سیاسەتەی لەسەریان بەرێوەدەچێت لێی تێناگەن، شکلێکی ناسکیان پێ دراوە، هەتا لە ناوەندی پەروەدەدا زۆر باش کار لەسەر دوور خستنەوەیان کراوە لە راستی خۆیان و دورخراونەتەوە و سەرقاڵ کراون بە هەندێ شتی بچوکەوە، وایان لێ بەسەر هێنراوە کە ئاگایان لە دۆخی خۆیان نیە و نازانن چی لەسەریان بەرێوەدەبرێت و تا ئاگادار دۆخی کۆمەڵگەکەشیان نەبن، ئەمە سیاسەتێکی سیستەماتیکە لە سەریان بەرێوەدەچێت، بۆیە لە هەموو باروودۆخەکانیشدا گەورەترین و یەکەمین قوربانی دەر دەبن.

دەكرێت بزانین پێش راگەیاندنی رێکخراوەکە خەباتان چۆن بەریوەدەچوو؟

ژینۆ کەریم: رێکخراوەکەمان نزیکەی ساڵێکە کار و خەبات دەکات و هەیە بەڵام بە فەرمی خۆی رانەگەیاندوە، ئێمە کار و خەباتمان بەشێکی لەناو کۆمەڵەی گەنجانی وڵاتپارێز و بەشێکی لەناو رێکخراوی ژنانی ئازادی کوردستان (ڕژاک) بەڕێوەدەبرد، بەڵام لە ١٣- ٥- ٢٠١٦ بە فەرمی خۆی راگەیاند و دەستەی بەرێوەبەری هەڵبژارد، ئەمە یەکەمین رێکخراوە کە تایبەتە بە ژنانی گەنج یان کچان لە باشووری کوردستان، بۆ وەڵامدانەوەیە بەدۆخی خراپ و مەترسیداری ژنانی گەنج و بۆ ئەوەی بەرێکخستن یان بکات و تێکۆشانیان بەهێزتر بکات، لە ئێستا بەدواشەوە کاری هاوبەشمان لەگەڵ هەردوو رێکخراوی ناوبراو دەبێت و لەگەڵ یەک کار دەکەین، هەروەها دەمەوێ ئەوەش بڵێم کە راستە ژنان بە گشتی رێکخراویان زۆرە و هەروەها گەنجانیش بە کوڕ و کچەوە رێکخراویان زۆرە، بەڵام هیچ رێکخراوێک تایبەت بە ژنان بەواتایەکی تر کچان نیە، کچانی گەنج ئەگەر باش ئامادە بکرێن خاوەن وزەی لە رادە بەدەرن بۆ تێکۆشان، ئێستا کە بەمەبەست بە مۆدە و فاشن و شتی لەو جۆرەوە سەرقاڵ دەکرێن بە تێکۆشانەوە سەرقاڵ بکرێن زۆر گرنگە بۆ خۆیان و کۆمەڵگاش.

(ژینۆ کەریم)

بۆچی ناوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرتان هەڵبژارد ومەبەستان لە تێکۆشان چیە؟

ژینۆ کەریم: بێگومان ناو زۆر گرنگە هەموو ناوێک پێناسەی کاری رێکخراو یان رێکخستنەکەیە یاخود روونکردنەوەی کارەکان و ناساندنێتی، ئێمە دەمانەوێ بەو ناوەی کە هەڵمانبژاردوە، کە رێکخراوی ژنانی گەنجی تێکۆشەرە بە هەموو لایەک بڵین تێکۆشان دەکەین بۆ هەموو ئەو ئامانجانەی ژنانی گەنج کە تا ئێستا نەهێنراوەتە دی، لە هەمان کاتدا بۆیە نەمانوتوە کچان چونکە کچ و ژن هەر یەکن و تەنها زهنیەتی پیاوسالاری جیای کردونەتەوە.

کۆنفرانسەکەتان لەژێر دروشمی "بە ڕێکخستنبوونی ژنانی گەنج بەرە و کۆمەڵگایەکی دیموکرات و ئازاد" بوو ئامانجتان چیە و دەتانەوێ چی بکەن؟

ژینۆ کەریم: رێکخراوەکەمان پشت بە هێز و ئیرادەی ژنانی گەنج دەبەستێت، لە کۆنفرانسەکەدا ٢١ خاڵ کە کاری لەسەر دەکریت بۆ چارەسەری کێشەکانی ژنانی گەنج و تێپەراندنی ئەو باروودۆخە ناهەموارەی تێیدا دەژین، پێشهەموو شتێک بۆ هۆشیارکردنەوەی ژنانی گەنج له‌هه‌موو گۆڕه‌پانه‌کاندا له‌رووی ژیانی کۆمەڵایەتی و سیاسی و خۆپاراستن و ئازادی ره‌گه‌زی و دیموکراتی، تێکۆشانی رێکخراوەیی پێشدەخات‌ خرایەڕوو، سه‌ره‌تا له‌ ژنانى گه‌نجى باشورى کوردستان‌ و بەگشتى عێراق ‌و ته‌واوى رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌راست ده‌ستپێده‌کات ‌و هاوخه‌بات دەبین له‌گه‌ڵ‌ ژنانی جیهان، هەروەها له‌سه‌ر بنه‌مای هێزی بنه‌ڕه‌تی خۆیی خۆی به‌ڕێکخستن ده‌کات، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی ئه‌م تێکۆشانه‌ سه‌رچاوه‌ی وه‌رچه‌رخانی کۆمه‌ڵگایه‌، بۆیه‌ گۆڕانی زه‌هنیه‌ت به‌بنه‌ما ده‌گرێت و بۆ ئه‌مه‌ش په‌رورده‌و و خۆپێشخستن له‌سه‌ر بنه‌مای وانه‌ی ئه‌کادیمی ده‌کاته‌ ئامانج بۆ ته‌واى ژنانى گه‌نج، له‌ به‌رامبه‌ر به‌ مۆدێرنیته‌ى سه‌رمایه‌داری و به‌کاڵاکردنى ژنانى گه‌نج تێکۆشانى ده‌کات، له‌به‌رامبه‌ر سیاسه‌ته‌کانی سیسته‌م و زهنیه‌تی پیاوسالاری و پیرسالارى که‌ بێ ئیراده‌کردنى ژنانى گه‌نجه‌، به‌ده‌ستهێنانی مافی ژیانى ئازاد‌ و پێشه‌نگایه‌تى بۆ ژنانى گه‌نج له‌ هه‌موو بواره‌کانى کۆمه‌ڵگادا، بەمەش ژنانی گەنج دەگێرینەوە بۆ راستی خۆیان و دووریان دەخەینەوە لە هەموو داگیرکاری و کۆیلەکردنێک.

کۆنرانسەکەتان هاوکاتە لەگەڵ ساڵیادی شەهیدبوونی لەیلا قاسم دەتانەوێ چۆن سود لەو تێکۆشانانە ببینن؟

ژینۆ کەریم: لە بەرامبەر هەموو ئەو داگیرکاریانەی لەسەر کوردستان هەبوە، لەمێژوودا ژنانی کورد لە هەموو بەشەکانی کوردستان رۆڵی گرنگیان هەبوە، تێکۆشانی بەهێز و کاریگەریان کردوە لە پێناو ئازادی و دیموکراتی بۆ خۆیان و گەلەکەیان و قوربانی گەورەشیان داوە، بۆیە ئێمە تێکۆشانی هەموو ئەو ژنە تێکۆشەرانەی پێش خۆمان دەکەینە مەعنەوێت و سود لە ئەزموونەکانیان وەردەگرین، درێژە بە تێکۆشانیان دەدەین و ئەو تێکۆشەرانە دەکەین بە پێشەنگی تێکۆشانی خۆمان، بێگومان هەر لەو پێناوەدا ساڵیادی ژنە گەنجی شۆرشگێر لەیلا قاسمان بۆ دامەزراندمان هەڵبژارد، بۆ ئەوەی تێکۆشانەکەی بکەینە پێشەنگی خۆمان ببینە درێژە پێدەری ئەو تێکۆشانە.

لە کۆنفرانسەکەتاندا پەیامی ژنانی گەنجی بەشەکانی تری کوردستان خوێندرایەوە، ئەمە بۆچی دەگەرێتەوە؟

ژینۆ کەریم: بێگومان یەکێک لە خاڵەکانی ئامانجی کارکردنمان، تێکۆشانە بۆ پرسە نەتەوەیەکان، سەیری زهنیەتی بەشی زۆری تێکۆشانەکان لەم بەشەی کوردستان بکەین دەبینین سنورێکی بەرتەسک یان پارچەگەرێتی تێدا دەبینرێت، پەیوەندیان زۆر کەم بوە وەک پێویست نەبوە لەگەڵ لایەن و رێکخستنەکانی تر لە بەشەکانی تری کوردستان، یان لەگەڵ ئەو شۆرشانەی لەوێ بەرێوەدەچێت، بەڵام لەگەڵ رێکخراو و رێکخستنانەی بەشەکانی تری کوردستان هەڵدەدەین پەیوەندی باشمان هەبێت، سوود لە ئەزمونەکانیان و ئەو پێشکەوتنانە دەبینین کە بەدەستیان هێناوە، بەتایبەت رۆژئاوای کوردستان کە دەبینین بە پێشەنگایەتی ژنان شۆرش سەرکەوت و لە سیاسەت و پاراستنی خۆیان و وڵاتیان رۆڵی سەرەکیان هەبوو، ئەمەش کوردی بە شێوەیەکی تر بە جیهان ناساند.

پەیامتان چیە بۆ ژنانی گەنج لە باشووری کوردستان؟

ژینۆ کەریم: پێویستە ببنە خاوەن ئامانجی خۆیان، کە لە پێناو ئازادی خۆیان و ئازادی هەموو ئەوانەی تر کە تەنانەت رێگەی هاتنە دەرەوەیان لە ماڵەکانیش پێ نادرێت، چونکە زۆرن ئەوانەی تائێستا توندوتیژی و ستەمیان لەسەرە، رێگری لە حەز و ئامانجیان دەگرێت، مافەکانیان پێشێل دەکرێت، دەبێ لە پێناو هەموو ئەوانەدا و بۆ رزگارکردنیان تێکۆشان بکەن، ئەم رێکخراوەی ئێمە تاکە رێکخراوێکە لە باشووری کوردستان بۆ ژنانی گەنجە و لە پێناوەدا دامەزراوە، بۆ ئەوەیە هەموو ژنانی گەنج بەرێکخستن بکات و بیانهێنێتە لای یەک و بیانکاتە یەک هێز بۆ بەرەنگاربونەوەی هەموو ئەو ستەمانەی کە هەیە لەسەریان، ئەم رێکخراوە بۆ هەموانە و دەرگای واڵایە، دەبێ بە هی خۆیانی ببینن و بەهێزی خۆیانی تێدا ببینەوە ، بۆیە داوا دەکەم چیتر بەم ژیانە پر لە زوڵم و ستەم و چەواشەکاریە رازی نەبن، بێنە ناو ریزەکانی رێکخراوی ژنانی تێکۆشەر بۆ ئەوەی پێکەوە بۆ ژیانی راستەقینە و ئازاد و یەکسان دەست لەناودەست تێکۆشان بگەیەنینە سەرکەوتن.

س.خ