ڤەژین: هەبوون و نەبوونی ڕۆژئاوا هەبوون و نەبوونی بەشەكانی دیكەی كوردستانە

هاوسەرۆکی پژاک، لە بارەی کۆکردنەوەی هێزی سەربازی ئێران لەسەر سنور و دۆخی ناوخۆی پژاک و ڕۆژئاوای کوردستان چەند مژارێکی دیکەی گرنگی ڕۆژ دەدوێت و ڕایدەگەیەنێت، ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپی سیاسی، كۆمەڵایەتی و ئابووریدایە، لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكی تووشی چەقبەستوویی و بنبەست بووە، دەشڵێت: پرۆژەی ئیستراتژیی و درێژخایەنمان هەیە و هەنگاو بۆ جێبەجێکردنی دەنێین، ڕاشیدەگەیەنێت کە كورد لە ڕۆژهەڵات لە ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانكاری و ڕووداوێكدا توانای ئەوەی هەیە لە كورتترین ماوەدا خۆی ڕێكبخات، دەشڵێت: هەبوون و نەبوونی ڕۆژئاوا بەمانای هەبوون و نەبوونی بەشەكانی دیكەی كوردستانە.


لەسەر ناڕەزایەتیەکان لە ناوخۆی ئێران و دۆخی خراپی ئابوری و فشارە دەرەکییەکان لەسەر ئەو وڵاتە بە تایبەتی گرژییەکان لە کەنداو، هەڵویستی گەل و ئۆپۆزیسیۆنی ئێران، هەروەها پرۆژەکەی پژاک بۆ داهاتووی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان و ئەو هەنگاوانەی لەو چوارچێوەیە ناویانە، گواستنەوەی ‌هێز و چەک لەلایەن دەوڵەتی ئێرانەوە بۆ سنورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و سەبارەت بە هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتی تورک بۆسەر رۆژئاوای كوردستان و لێكەوتەكانی وەک ڕۆژنیوز، چاوپێکەوتنێکمان لەگەڵ زیلان ڤەژین، هاوسەرۆکی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان- پژاک، ئەنجامدا. 

ئەمەش دەقی چاوپێکەوتنەکەیە:

- تا دێت ناڕەزایەتییەکان لە ناوخۆی ئێران زیاتر دەبێت و دۆخی ئابووری گەل خراپتر دەبێت، لە لایەکی دیکەشەوە تا دێت فشارە دەرەکیەکان لە سەر ئێران زیاد دەکات و گرژییەکان لە کەنداو قووڵتر دەبێتەوە، لەم دۆخەدا ئێووە داهاتووی ئێران و گەلانی چۆن شرۆڤە دەکەن؟

زیلان ڤەژین: ئەمە ڕاستییەكی حاشاهەڵنەگرە كە ئێران لە دۆخێكی زۆر خراپی سیاسی و كۆمەڵایەتی و ئابووریدایە، ڕەوتی ڕووداوەكان گرژی و ئاڵۆزیی زیاتر بە خۆوە دەبینن، ئێران لە سیاسەتی ناوخۆیی و دەرەكیی تووشی  چەقبەستوویی و بنبەست بووە،  ئەم بنبەستەش بووەتە هۆكاری ئەوەی كە ئێران بۆ خۆ رزگار كردن پەنا بباتە بەر هەر چی زیاتر ئاڵۆزكردنی كێشەكان هەتا سنووری شەڕ و تێكهەڵچوون، بەڵام ئەوەی  كە ڕوون و ئاشكارایە ئێران بە هیچ شێوەیەک نە دەیەوێت و نە توانای شەڕێكی ناوخویی و دەرەكی هەیە، ئامانج لە زەخەت و گوشارە دەرەكییەكان كورت و بێكاریگەركردنی دەست و پەیوەندەكانی ئێرانە لە ناوچەكە، لە ڕاستییدا تێكدانی ڕێککەوتنی ئەتۆمی (بەرجام) لە لایەن ئەمریكاوە هەر لەم چوارچێوەدایە، بەمپێیە چاوەڕوان دەكرێت ئاستی زەختەكان تا دەچێ زیاتر و فراوانتر بكرێن، ئامانج گۆڕینی نەخشەی جوگرافی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دیزاینی نوێی هەرێمەكەیە بەڵام ئێران وەك ئاستەنگی هەرە گەوەرەی بەر ئەم پلانەیە، كەواتە هەتا ئێران بە تەواوی مل بۆ ئەو داواكارییانە دانەنەوینیت ئەم ڕەوتە هەر بەردەوام دەبێت.

- پێویستە گەل چی بکات؟ ڕۆڵی ئۆپۆزیسیۆن بە تایبەتی هێزە ئازادیخوازەکان لەم دۆخەدا چییە؟

زیلان ڤەژین: سەبارەت بە هەڵویستی گەل پێوستە ئەوە بڵێین كە لەم دۆخە ناڕوونەدا ناكرێت گەل تەنیا چاوەڕێ بێت و سەیری ڕووداوەكان بكات و چاوەڕوان بكات، گەلانی ئێران پێویستە ئەمە بەباشی بزانن كە نە دەستتێوەردانی دەرەكی و نە كۆنسرڤاتیزمی ناوخۆیی دەتوانێ چارەسەری لەگەڵ خۆی بێنێت، هەربۆیە خۆ بە ڕێكخستن کردن و ئامادەكاریی لەم قۆناغە قەیراناوییەدا تاکە هەڵویستی ڕاست و كاریگەرە كە دەتوانێت وەڵامدەرەوە بێت.

بێگومان ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی بە هەموو بەشەكانییەوە بۆ خۆیان لە قەیرانیكی زۆر قووڵدان، بە داخەوە پەرتەوازەیی بۆتە بەشێك لە كاراكتەری ئۆپۆزسیۆن، لە لایەكی دیكەوە ئۆپۆزسیۆن لە جیاتی ئەوەی كە جەخت لە سەر هێزی جەوهەری گەل بۆ ئاڵوگوڕ و گۆڕانكاری بكاتەوە بۆ خۆی سیاسەتی چاوەڕوانی گرتووەتە بەر، پێویستە ئۆپۆزسیۆن بەتایبەت ڕەوت و لایەنە ئازادیخوازەكان بەباشی لەوە تیبگەن كە لەم قۆناغەدا یەكگرتن و خستنەڕووی پلان و پرۆژەیەكی ڕوون و تۆكمە و هاوشانی ئەمەش خستنە پراكتیكی خاڵێكی گرنگ و ژیانییە.

- ئێوە وەک (پژاک-کۆدار) پێشتر بۆ چارەسەری کێشەکانی ئێران و ڕۆژهەڵاتی کوردستان پرۆژەیەکتان پێشکەش کردبوو، لە پێناو ئەو پرۆژەیەدا وەک هێڵی سێیەم تا ئێستا چ هەنگاوێکی کردەییتان ناوە و چییتان کردووە؟

زیلان ڤەژین: ئەو پرۆژەیەی ئێمە پرۆژەیەكی ستراتیژی و درێژخایەنە، تەنیا بە ڕەهەندی سیاسییەوە قەتیس نەماوە و هەموو ڕەهەندە ئایدەلۆژی و پارادیگماتیكییەكان لەخۆ دەگرێت، لە ڕاستییدا ئەمە پرۆژەی هێڵی سێیەمە كە نە دۆخی هەنووكەیی ناوخۆی ئێران پەسەند دەكات و نە چاوەڕوانی دەرەوە دەكات، هەر بۆیە هەنگاوەكانمان بۆ بە كردرایكردنی ئەم پرۆژەیە چ لە ناوخۆ و چ لە دەرەوە بەردەوام دەبێت، لە ناوخۆی وڵات هۆشیاركردنەوە و بەڕێكخستنكردنی گەل و لە دەرەوەش پەیوەندی و دانووستاندن لەگەڵ هەموو لایەن و ڕەوتە ئازادیخوازەكان بە بنەما دەگرین و هەوڵ و تیكۆشانی بۆ دەدەین.

- ڕاتانگەیاند کە بۆ دروست کردنی یەکریزی هێزە کوردییەکان، لەگەڵ چەند پارتێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان کۆبوونەتەوە، پێشوازی ئەو پارتانە چۆن بوو؟ ئایا هیوایەک بۆ یەکگرتن و یەکدەنگی هێزە کوردییەکان و کۆتاییهاتن بەو پەرتەوازەیە هەیە؟

زیلان ڤەژین: لەپاش كۆنگرەی پێنجی پارتیمان یەك لە  كارە سەرەكییەكانی ئێمە هەوڵدانە بۆ دروستكردنی بەرەیەكی یەكگرتوو لە نێوان هەموو لایەنە سیاسیەكانی ڕۆژهەڵاتی كوردستان بووە، لەم پێناوەشدا سەردانی هەموو لایەنە سیاسییەكانمان كردووە، ئەم سەردانانەش بەردەوام دەبێت، بە داخەوە ئۆپۆزسیۆنی كوردیش بەدەردی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانی تووشی پەرتەوازەییەكی جددی بووە، پرسیارئەمەیە كە ئایا بەم دۆخەوە ئۆپۆزسیۆنی  كورد توانا و ماتەوەزەی ئەوەی هەیەكە ڕووبەڕووی هەر ئەگەرێكی چاوەڕوان نەكراو لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان  و ئێران بێتەوە یا نا؟ بێگومان نا! كێشە ئەوەیە كە هەموولایەنەكان باس لە یەكگرتن دەكەن بەڵام لە ئەرزی واقع و پراكتیكدا شتێك لە ئارادا نیە، ئەمەش دەگڕێتەوە بۆ ئەوەی كە لایەنەكان بەرژەوەندی تەنگی حزبی بۆیان گرنگترە لە بەرژەوەندییە نەتەوەییەكان، لە بنەڕەتدا بەشێكی زۆری لایەنە سیاسیەكان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان بە دەست نەخۆشی نەبوونی ئیرادەیەكی سیاسی سەربەخۆ دەناڵێنن، ئەمەش ئاستەنگیی هەرەگەورەیە لە بەردەم یەكڕیزی و یەكگرتوویی لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان.

- لە ماوەی ڕابردو و ئێستاشی لەگەڵدا، دەوڵەتی ئێران خەریکی گواستنەوەی ‌هێز و چەکە بۆ سنورە دەستکردەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و لەوێ ئامادەکاری دەکات، هۆکاری ئەم هێز گواستنەوەیە چیە؟

زیلان ڤەژین: ڕۆژئاوای ئێران بەگشتی و بەتایبەتی ڕۆژهەڵاتی كوردستان خاڵی هەرە لاوازی ئێران بووە و ئیستاش هەر وەهایە، هەرچەند ئێمە باس لە لاوازی و پەرتەوازەیی ئۆپۆزسیۆنی كوردی دەكەین، بەڵام ئەوەی كە ڕوون و ئاشكرایە خەڵكی كورد لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان یەكێك لە سیاسیترین گەلانی ئێرانە و لە ئەگەری هەر جۆرە گۆڕانكاری و ڕووداوێكدا ماتەوەزەی ئەوەی هەیە لە كورتترین ماوەدا خۆی بە ڕێكخستن بكات، مژاری گواستنەوەی هێز و چەك بۆ سەر سنوورەكان بەشیكی دەگەڕێتەوە بۆ مەسەلەی كورد بەشێکی دیكەی گرێدراوی نیگەرانی ئێرانە بۆ هەر جۆرە دەستوەردانێکی دەرەكیی، چونكە ئێران بەباشی دەزانێت كە لە ئەگەری هەر چەشنە دەستێوەردانێك خاڵی هەرەلاوازی ئەم ناوچەیە یە و هەربۆیە هەر لە ئیستاوە ئامادەكاری و تەدبیری خۆی دەگرێت.

- سەبارەت بە هێرش و پەلامارەكانی دەوڵەتی تورک بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان و لێكەوتەكانی ڕاوبۆچوونی ئیوە چیە؟

زیلان ڤەژین: ئەوەی كە ڕوونە لە نێوان هیزە هەرێمی و جیهانییەكاندا لەسەر پێگەی سیاسی ڕۆژئاوای كوردستان سازش و لەیەك نزیکبوونەوەیەک هاتووەتە ئاراوە، ئەوەی كە دیارە بەبێ ڕەزامەندی ئەمریكا هێرش بۆ سەر رۆژئاوای كوردستان زۆر ئەستەمە، كە وابوو ڕێککەوتن و هاوئاهەنگییەك لە نێوان توركیا و ئەمریكا لە ئارادایە، ناوەرۆكی ئەمەش هێشتا بەتەواوەتی ڕوون نییە، بەرای ئێمە بگرە ئەگەری ئەوە هەیە كە ئەمریكا بە مەرجی ئەوەی كە توركەكانیش بكێشێتە ناو بەرەی هاوپەیمانی دژ بە ئێران چرای سەوزی هێرشی بۆسەر ڕۆژئاوا بۆ دەوڵەتی تورک هەڵكردبیت، ڕاستیی ئەوەیە كە ڕۆژئاوای كوردستان لە نێوان ئەم قەیران و ئاڵۆزییانەی ڕۆژهەڵاتی ناوین بووەتە كیان و جێگرەوەیەکی جیاواز و ناوازە كە بۆ هیچ لایەنێك هەرس ناكرێت و هەوڵدانیكی چڕوپڕ هەیە بۆ لەناوبردنی ئەم ئەزموونە، بگرە هەبوونی ئەمریكا لە باكوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا پێویستە لەم چوارچیوەیەدا خوێندنەوەی بۆ بكرێت، ئەمریكا دۆستی كوردان نەبووە كە هەڵویستی هەنووكەیی وەك خیانەت پێناسە بكرێت ئەمە دوور لە ڕاستییە، سیاسەتی ئەمریكا بەردەوام لە ئاراستەی بەرژەوندیخوازی و پراگماتیستی بووە ئیستاش هەر بەم پییە هەڵسووكەوت دەكات.

بابەتی رۆژئاوای كوردستان بابەتێکی گرێدراوی ویژدانی جیهانییە و گەلی كورد ناكرێت و لە جێگادا نیە كە چاوەڕوانی پشتیوانی دەرەوە بێت، هەر تاكێكی كورد پێویستە ئەمە بەباشی بزانێت كە هەبوون و نەبوونی ڕۆژئاوای كوردستان دێتە واتای هەبوون و نەبوونی بەشەكانی دیكەی كوردستان، هەربۆیەش ئێمە وەك پژاك هەڵویستمان ڕوونە و لە چواچێوەی هاوكاری و پشتیوانی لە رۆژئاوای كوردستان ئەوەی كە لە تواناماندا بێت و بە پێویستی بزانین پێكیدەهێنین، هاوكات داوا لە گەلەكەمان لە ڕۆژهەڵاتی كوردستان دەكەین كە هەروەها كە پێشتر لە مژاری كۆبانی و عەفرین بوونە خاوەن هەڵویستێكی نەتەوەیی و شۆڕشگێرانە ئیستاش بە هەمان گیان و زیاتریش بە هەر شیوازێك كە بۆیان دەكرێت پشتیوانی و هاوكاری خۆیان پیشانبدەن و جارێكی دیكە ڕۆڵی میژووی و نەتەوەییی خۆیان بگێڕن.

ک.س