کاروان هاشم: دەبووایە زووتر بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوون بدەین


ڕۆژنیوز - قەرەچوغ ئەنوەر

کاروان هاشم، ئەندامی جڤاتی نیشتیمانی بزووتنەوەی گۆڕان ڕایدەگەیەنێت کە دەبووایە زووتر بڕیاری ئۆپۆزسیۆن بدەین، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دوامانخست، پێمانوابوو لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر حزب و لایەنە سیاسییەكان بەخۆیانداچوونەتەوە و وازیان لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی هێناوە، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو.

کاروان هاشم، هەڵسوڕاوی بزووتنەوەی گۆڕان، لە چاوپێکەوتنێکی ڕۆژنیوزدا باسی بارودۆخی ئێستای ناو بزووتنەوەی گۆڕان و کشانەوەیان لە حکومەت و پرسی بوونەوە بە ئۆپۆزیسۆن دەکات.

لە بەشێکی قسەکانیدا کاروان هاشم ئاشکرای دەکات کە: نەگەڕانەوەی دكتۆر یوسف پەیوەندی بەبڕیاری سیاسی بزووتنەوەكەوە هەیە، لە کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی بزوتنەوەکە ئەمەش یەكلایی دەكرێتەوە.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

- حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانییی چییەو بۆچی بێدەنگیتان لێیكرد؟

"نەمانتوانی لەم ئامانجە سەركەوتوو بین"

کاروان هاشم: ئێمە دوای ئەم كارەساتە گەورەی كە لە 16ی ئۆكتۆبەر بەسەر گەلی كوردستاندا هات، لەسەر دەستی حوكمڕانانی هەرێمی كوردستان یەكێتی و پارتی، لە 22ی ئۆكتۆبەر لە كۆبوونەوەی جڤاتی نیشتمانیی داوای حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانییمان كرد، مەبەستمان بوو لەگەڵ بەشێك لە هێز و لایەنە سیاسییەكان ئەم دۆخە و قۆناغەی كەبەسەر گەلەكەماندا هاتووە تێیپەڕێنین، بەداخەوە نەمانتوانی لەم ئامانجە سەركەوتوو بین، ئەویش بەشێکی بەهۆی نەهاتنە پێشەوەی یەكێتی و پارتی بوو، بەشەكەی تریشی بەهۆی دۆخی سیاسی عیراق و ناوچەكەوە بوو کە ئەو كارەساتەی كەروویدا ویست و ئیرادەی هەندێ‌ دەوڵەتی لەگەڵدا بوو، بۆیە لە هێنانەدی ئامانجەكەمان سەرکەوتوو نەبووین.

- بەڕای ئێوە دامەزراندنی ئەم حكومەتە چەند كاتی پێویستە؟

"پێموایە ئەو كاتەش بەسەر چوو"

کاروان هاشم: لە ڕابردووش وتوومانە کە حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخەیە، ئەگەر ویست و ئیرادە هەبێ‌ لەلایەن هێزو لایەنە سیاسییەكان، دامەزراندنی لە پانزە ڕۆژ تێپەڕناكات، بەڵام ویست و ئیرادە نەبێ‌ بە شەش مانگیش دروست نابێ‌، بۆیە پێویستە بە زووترین كات دروست ببێ،‌ ئەگەر درێژەی كێشا، ئەوە هیچ ماهییەتێكی نابێ‌، من بۆخۆم پێموایە ئەو كاتەش بەسەر چوو، ناتوانین ئەو حكومەتە دابمەزرێنین، بۆیە بیر لە بەدیلی تر دەكەینەوە.

- ئەی کەواتە بەنیازی چین؟

کاروان هاشم: لەناوەڕاستی ئەم هەفتەیە جڤاتی نیشتمانیی جارێکی تر كۆدەبێتەوە، ئێستا زۆرینەی ئەندامانی جڤات و هەڵسوڕاوانمان لەگەڵ ئەوەن کە بزووتنەوەی گۆڕان بڕیاری یەكلاییكەرەوە بدات، گرنگترین بڕیاریش بوونەوە ئۆپۆزسیۆن و كشانەوەمانە لەم حكومەتە و دروستكردنی فشاری مەدەنیانەیە.

- ئێستا كە بەڵێنتان وەرنەگرتووە بۆ دامەزراندنی حكومەتی ڕزگاریی نیشتمانیی، کە پێتانوایە ئەم حكومەتە شكستی هێناوە بۆچی لێی دەرناچن؟

"دۆخی سیاسی ناوچەكە وایكرد ئەم بڕیارە هەڵپەسێرین"

ئێمە وتوومانە ئەم حكومەتە شكستی هێناوە، ئەم هەموو شكستەشی ئەم حكومەتە و ئەوانەی لەم هەرێمەی ئەم حكومەتەن لێی بەرپرسیارە، بۆیە ئێمە لە ڕابردوو بڕیاری كشانەوەمان دابوو، بەڵام هەندێک‌ دۆخی سیاسی ناوچەكە وایكرد ئەم بڕیارە هەڵپەسێرین.

- بۆچی لەم كۆتاییە دەتانەوێ‌ ببنەوە ئۆپۆزسیۆن، ئەمە ڕێكلام نییە بۆ هەڵبژاردن؟

"هیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە نییە"

کاروان هاشم: پێمانوایە دەبوو زووتر بڕیاری ئۆپۆزسیۆنبوون بدەین، بەڵام بەهۆی شەڕی داعش و كۆنترۆڵكردنەوەی موسڵ دوامانخست، پێمانوابوو لەدوای ڕووداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەر حزب و لایەنە سیاسییەكان بەخۆیانداچوونەتەوە و وازیان لە بەرژەوەندیی شەخسی و حزبی هێناوە، بەڵام بەداخەوە وا دەرنەچوو، بۆیە بژاردەی بوون بەئۆپۆزسیۆن ئێستاش درەنگ نییە، نەخێر هیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە نییە، چونكە ئێستا ئەگەر هەڵبژاردن بكرێت ئەوە ئێمە وەك بزووتنەوەی گۆڕان تاكە هێزی سیاسین کە هێشتا لەسەر ڕێبازەکانی خۆمانین كە بۆی دروست بووین، لەبەرئەوەی لەسەر بچوكترین دروشممان سازشمان نەكردووە، هەربۆیە ئاشكرایە سزای زۆر دراوین لەسەر ئەوەی سازشمان لەسەر داواكانی خەڵك نەكردووە.

- مەبەستت کام ڕێبازانەیە کە سازشتان لەسەری نەکردووە؟

کاروان هاشم: یەكێك لەو ڕێبازانەی بڕوامان پێی هەبوو، ئەوەبوو کە پێویستە سیستمی ئەم وڵاتە پەرلەمانیی بێت،‌ کە سازشمان لەسەر ئەو ڕێبازە نەکرد، سزای ئەوە دراین كە لەحكومەت دەركراین، ڕێگری لەسەرۆكی پەرلەمان كرا بچێتەوە سەركارەكەی خۆی و پەرلەمانیان داخست، بەڵام ئێمە سوربوین، لەسەر پۆستی پارێزگاری سلێمانی، سوربوین لەسەر ئەوەی ئیمزایەكی ناشەرعی مەسعود بارزانی قبوڵ نەكەین كە چەند ساڵ ئەو پۆستەمان وەرنەگرت تا ئەوكاتەی مەسعود بارزانی وازی لەپۆستەكەی هێنا، سەبارەت بە بڕیاری بوون بەئۆپۆزسیۆنیش هیچ پەیوەندی بەهەڵبژاردنەوە نییە، چونكە ئێستا دۆخی هاوڵاتیان زۆر خراپە و بارودۆخی سیاسیش باش نییە، بۆیە فشاری مەدەنی و جولاندنی شەقام دەستپێدەكەین بۆ هەڵوەشاندنەوەی ئەم حكومەتە و دامەزراندنی حكومەتێكی تازە، یان هەڵبژاردنی پێشوەختە بۆ تێپەڕاندنی ئەم دۆخە.

- گۆڕان بۆ هەڵوێستی جدی نییە؟

"سەرکەوتوو نەبوو لەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانیی"

کاروان هاشم: لە ڕابردوو كۆمەڵێك بڕیاری باشمان دا، بەڵام تەرجەمەكردنی بەشێك لەبڕیارەكانی ئێمە پەیوەندی بەبرادەرانی خانەی ڕاپەراندنەوە هەبوو، ئەوەبوو سەرکەوتوو نەبوو لەجێبەجێكردنی بڕیارەكانی جڤاتی نیشتمانیی، ئێمە لەجڤات بڕیاری ئەوەمان دا كە ئەم ڕیفراندۆمە كارەساتی گەورە بۆ گەلی كورد دێنێت، بۆیە نابێ‌ ببینە بەشێك لەم ڕیفراندۆمە، بەداخەوە لەكۆتاییەكان هەندێ‌ لەبرادەران چوون دەنگیان بە بەڵێ‌ دا.

- هەندێک کەس پێیوایە گۆڕان بوەتە بزووتنەوەی بەیاننامە؟

کاروان هاشم: ئێمە پێمانوابوو یەكێتی نیشتمانیی خیانەتی لە ئیمزای كاك نەوشیروان كرد ئەوەی بە ئامادەبوونی مام جەلال كرا، ئینجا بەشێك لەبرادەرانمان چوون لەگەڵیان دانیشتن، لەبارەی ئەوەی ئێمە هەر بەیاننامە دەردەكەین، ئاشكرایە ئێمە هێزێكی سیاسی مەدەنین، دەرگای پەرلەمانیش داخراوە، ئێمەش هێزێكی مەدەنین و هێزی چەكداریمان نییە، بۆیە بەیاننامەمان دەركردووە، پەیامەكانمان بەخەڵك گەیاندووە، ڕەنگە كەمێكیش كەمتەرخەم بووبین، پێشموایە ئەمە لەغیابی كاریزمای كاك نەوشیروانە.

- د. یوسف محەمەد بۆچی ناگەڕێتەوە پەرلەمان؟ ئەی بۆ دەستبەرداری پۆستەكەی نابێت؟ ئایا ئەمە ئاساییە كە موچە وەربگرێت و دەوام نەكات؟

"ڕۆژی شەممە ئەمەش یەكلایی دەكرێتەوە"

کاروان هاشم: لە12ی ئۆكتۆبەرەوە هێزە چەكدارەكانی پارتی ڕێگرییان لێكرد، تاماوەیەكی زۆر پێداگریان دەكرد كە نابێ‌ دكتۆر یوسف بگەڕێتەوە پەرلەمان، بەڵام ئەوە پێداگری و سووربوونی ئێمە بوو وایكرد پارتی هێزەكانی تر لێمان ئەپاڕانەوە بۆ ئەوەی دكتۆر یوسف بگەڕێتەوە پەرلەمان، بۆیە نەگەڕانەوەی دكتۆر یوسف پەیوەندی بەبڕیاری سیاسی بزووتنەوەكەوە هەیە، بۆیە ڕۆژی کۆبونەوەی جڤاتی نیشتیمانی لە سێ شەمە ئەمەش یەكلایی دەكرێتەوە، سەبارەت بەوەرگرتنی مووچەكەشی، ئەوەیان نایاسایی نییە چونكە دكتۆر یوسف ڕێگری لێكراوە دەوامی خۆی بكات، نەك خۆی دەوام نەكات، بۆیە شتێكی ئاساییە.

د.خ