کامیار سابیر: دەکرێت یەكێتییەکی نیشتمانیی بۆ پرسە ستراتیژییەکان پێکبهێنرێت

کامیار سابیر، نووسەر و لێکۆڵەر پێیوایە دەکرێت لایەنە کوردستانییەکان یەکێتییەکی نیشتمانیی پێکبهێنن لە پرسە ستراتیژییەکاندا، "لانیکەم نۆکەرایەتی بۆ داگیرکەران نەکەن"، هەروەها ستایشی تێزەکانی ئۆجالان دەکات و دەڵێت: ئۆجالان دەیەوێت نەتەوەی دیموکرات بەدیبهێنێت، کە هەموو نەتەوەکانی دیکە لە خۆیدا کۆبکاتەوە.


لە چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ڕۆژنیوز، کامیار سابیر، نووسەر و لێکۆڵەر وەڵامی چەندین پرسیار دەربارەی دۆخی سیاسیی باشوری کوردستان و هەلومەرجی پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی هەرێم و دەستێوەردانە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان لە باشوری کوردستان دەداتەوە، هەروەها سەرنجی خۆشی لەسەر تێزەکانی عەبدوڵا ئۆجالان ڕێبەری پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە بۆ چارەسەریی دەخاتەڕوو.

-٢١٩ڕۆژ بەسەر هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمدا تێپەڕبووە و حکومەت پێکنەهاتووە، پێتان وایە بەربەرستەکان چین؟

"کێشمەکێشمی نێوان ئامۆزاکانە و پەیوەندی بە ژیانی خەڵکەوە نییە"

کامیار سابیر: پێکنەهێنانی حکومەتی هەرێمی کوردستان چەندین خوێندنەوەی جیاوازی بۆ دەکرێت، بۆ نموونە، پارتی ئۆباڵی پێکنەهاتنی ئەم کابینەیە دەخاتە ئەستۆی یەکێتی و جارجاریش گۆڕان و تا ڕادەیەک حزبەکانی دیکەش، بگرە هەندێک جاریش هێزە هەرێمییەکان تۆمەتبار دەکات، بەڵام لەڕاستیدا یەکێک لە کێشە سەرەکییەکان بنەماڵەی بارزانی خۆیانن، ئەو کێشەیەش لە نێوان نێچیرڤان بارزانی و مەسرور بارزانیدایە، کە هەریەکەیان پاڵنەری ستراتیژیی خۆی هەیە، بۆ نموونە نێچیرڤان بارزانی پشتی بە دەوڵەتی تورکیا و تاڕادەیەکیش بە میت بەستووە، ئەوان دەیانەوێت نێچیرڤان بارزانی ئەگەر ببێتە سەرۆکی هەرێمیش دەسەڵاتەکانی سنووردار نەکرێت یان بگرە فراوانتر بکرێت، مەسرور بارزانیش دەیەوێت دەسەڵاتەکانی خۆی پتەوتر بکات و بە ئەندێشەی خۆیان جۆرێک لە چاکسازیی بکات، بە کورتییەکەی کێشمەکێشمی نێوان ئامۆزاکانە و دورونزیک پەیوەندی بە چارەنووسی خەڵکی کوردستان و باشترکردنی ژیانی خەڵکەوە نییە.

-بەشێک لە چاودێران هۆکاردەگەڕێننەوە بۆ قەیرانی سیاسیی لە هەرێم، تاچەند لەگەڵ ئەم بۆچوونەدان؟

"لەدوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کێشە سیاسیی و ئابوورییەکانی هەرێم گەورەتر بووە"

 

کامیار سابیر: هەرێمی کوردستان لەدوای ڕیفراندۆم و ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، کێشە سیاسیی و ئابوورییەکان تێیدا گەورەتر بووە، لە ڕاستیدا حکومەتی ئێستای هەرێمی کوردستان تەنها بەناو حکومەتە، لە سەردەمی دوو کابینەییشەوە تا ئێستا فۆرمەڵەی ئەوە کراوە کە کابینەیەک لە هەولێر هەیە و سەرپەرشتیی هەموو هەرێمی کوردستان دەکات، بەڵام لەڕاستیدا لە واقعدا دوو ئیدارە و دوو حکومەت و دوو حزب هەیە، تەنها لە هەندێک شتدا هاوبەشن کە بەناو حکومەتی هەرێمی کوردستانە.

- ئەم قەیران و کێشانە لە چییەوە سەرچاوەیان گرتووە؟

"تورکیا و ئێران بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیان لەم ناوچەیەدا هەیە"

کامیار سابیر: سەرچاوەی ئەم قەیرانانە بەشێکی پەیوەندی بە خوێندنەوە و مامەڵەکردنە لەگەڵ هێزە سیاسییەکانی عێراق و دەوڵەتی عێراق، بەشێکیشی پەیوەندی بە کێشمەکێشمە سیاسییە مێژووییەکانی ئەم دوو بنەماڵەیەوە هەیە، بەتایبەتیش دەوڵەتی تورکیا و دەوڵەتی ئێران بەرژەوەندیی ستراتیژیی خۆیان لەم ناوچەیەدا هەیە و هەریەکەیان دەیانەوێت بە ویست و تێڕوانین و بەرژەوەندی خۆیان بیشکێننەوە، یەكێتی و پارتیش وەک دوو داردەست کار بۆ ئەم دوو دەوڵەتە دەکەن، بەڵام بەشی هەرە زۆریان پەیوەندی بەو بازرگانیی چەندین ملیار دۆلارییەوە هەیە، کە بەم دەوڵەتانەوەیان دەبەستێت بە تایبەتیش تورکیا.

- ڕۆڵی حزبەکان بەگشتیی لەم دۆخەدا چییە؟

"ئەمانیش بوون بە بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسییەی کە پێی دەوترێت کوردایەتیی"

کامیار سابیر: پارتی و یەکێتی دەیانەوێت هەژموونی سیاسیی و سەربازیی و ئابووریی خۆیان بپارێزن و گەشەی پێبدەن، بەتایبەتیش پارتی لەمەدا دەستواڵاترە، چونکە وەزارەتی سامانە سروشتییەکانی لایە، نەوت بە ئارەزووی خۆی دەفرۆشێت و داهاتەکەشی جگە لە خۆی و چەند کەسێک لەناو خۆیاندا نەبێت کەسیتر نازانێت چی لێدێت، ڕۆڵی قوباد تاڵەبانیش تەنها ڕووکەشکردنی ئەو هەموو گەندەڵی و چەتەگەرییەیە، کە کابینەی نێچیرڤان بارزانی پێی هەڵدەستێت، جا ئەگەر خۆی هاوبەشبێت یان بە هاوبەشییەکی کەم ڕازییان کردبێت، ئەگینا یەکێتی بازرگانییەکی لاوەکیی دەکات و بە ڕێژەیەکی کەمتری ئەو بازرگانییە چەتەگەرییە ڕازییە، سەبارەت بە حزبەکانی دیکەش، بینیمان یەکگرتووی ئیسلامیی لە ڕیفراندۆمدا وەکو پرۆکسی تورکیا و پرۆکسی پارتی کاری دەکرد و ڕۆڵێکی زۆر نێگەتیڤانەی بینی، گۆڕان بوێریی نەکرد لە ڕیفراندۆمدا تێڕوانینێکی واقعیی هەبێت و بگرە دوای هەڵای ناسیۆنالیزم و دەوڵەتی کوردیی مەسعود بارزانی کەوت، ئەمە بەشێکی ڕەنگە پەیوەندیی بە نەبوونی دونیابینینی سیاسیی و نەبوونی ئەڵتەرناتیڤێکی سیاسیی هەبێت بۆ دۆخی کوردستان، بەڵام بەشێکی هەرە زۆری پەیوەندی بەوەوە هەیە کە ئەمانە هەر بەڕاستیی باوەڕیان وابوو کە مەسعود بارزانی خورافەی دەوڵەتی کوردیی و ئابووریی سەربەخۆ بە کەناری دڵنیایی دەگەیەنێت، وە ئەمانیش بوون بە بەشێک لەو بزووتنەوە سیاسییەی کە پێی دەوترێت کوردایەتیی، هەڵپەی ئەوەیان بوو کە دانەبڕێن و لەو شیرینیی و خۆش خەیاڵییەی مەسعود بارزانی بێبەریی نەبن.

-ڕۆڵی وڵاتانی دەرەوە بەگشتیی و وڵاتانی هەرێمیش بەتایبەت لێرەدا چییە؟

"عێراق بووە بە مەیدانی تەراتێنی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان"

کامیار سابیر: ئەمریکا بەشوێن ئەوەوەیە ئارامی سیاسیی لە عێراقدا هەبێت، بۆئەوەی بتوانێت بازرگانیی باشتر و سیاسەتی باشتر لە عێراقدا بکات، وە عێراقیش بەشێک بێت لە قەڵەمڕەویی ئەمریکا لە ناوچەکە، کە بتوانێت دەستی ئێران لە ناوچەکە و لانیکەم لە عێراقدا کورت بکاتەوە، هەرچەندە ئەمریکا لەمەدا پێشکەوتنێکی ئەوتۆی بەدینەهێناوە، بەدڵنیایشەوە هێزە شیعەکان بەرژەوندیی ئێران زیاتر لەبەرچاو دەگرن، ئێران ئێستا دەستێکی باڵای لە تەواوی عێراقدا هەیە، تورکیاش دەستی لەناو حزبە کوردییەکاندا و بەتایبەتیش لەناو پارتی و هێزە سوننییەکانی عێراقدا هەیە، ئەمانە هەمووی وایکردووە تاڕادەیەک سعودییە و ئیماراتیش بە کەناڵی جۆراوجۆر دەستێوەردانیان کردووە، عێراق بووە بە مەیدانی تەراتێنی هێزە هەرێمیی و نێودەوڵەتییەکان، کە خەڵکی عێراق باجەکەی دەدات.

-تورکیا دەیەوێت لە گۆڕەپانی باشوری کوردستاندا چی بکات؟

"تورکیا ڕیفراندۆمی وەکو کارتی دووەمی داعش بەکارهێنا"

کامیار سابیر: تورکیا کۆمەڵێک ئامانجی سیاسیی و ئابووریی هەیە، ئامانجە سیاسییەکانی ئەوەبوو کە ڕیفراندۆمی وەکو کارتی دووەمی داعش بەکارهێنا، ڕیفراندۆم ئەجێندایەکی هەواڵگریی تورکیا و شەخسیی ئەردۆغان بوو، هەندێ کەس پێیوابێ کە ئەردۆغان لەپشتی نەبووە یان دژی بووە، پێموایە جۆرێکە لە خراپ خوێندەوەی ئەو پێشهاتە سیاسیی ئابوورییانەی کە بارزانی و ئەردۆغان بەیەکەوە دەبەستێتەوە، تورکیا لە باری ئابوورییەوە دەیەوێت باشوری کوردستان و عێراقیش بەگشتیی بکاتە بازاڕێکی گەورەی کاڵاکانی و لەمەشدا سەرکەوتووبووە، بۆ نموونە لە سلێمانی کە هاوسنووریشە لەگەڵ ئێران، بازاڕەکەی بە کەلوپەلی تورکیی تەندراوە، لەڕووی سیاسیشەوە تورکیا بەتەواویی کۆنترۆڵی زۆنی زەردی کردووە و بۆ ئەجێندا سیاسیی، هەواڵگریی و سەربازییەکانی خۆی بەکاریبهێنێت.

-لە سەردانەکەی ئەم دواییەیدا، چاوش ئۆغڵو بە بەرپرسانی عێراقی وتووە، هێزەکانی خۆیان لە ناوچە سنوورییەکانی باشوری کوردستان و بەعشیقە دەکشێننەوە، کە هێزی عێراقی بچنە شوێنەکانی ئەوان، ئێوە ئەمە چۆن لێکدەدەنەوە؟

"ڕەنگە جۆرێک بێت لە فێڵی سیاسیی و هەڵخەڵەتاندنی دەوڵەتی عێراق"

کامیار سابیر: ئەگەر وەک سیادەی نیشتمانیی دەوڵەتی عێراق تەماشای بکەین ئەمە کارێکی باشە، ئەگەر هێزە ئەمنیی و سەربازییەکانی دەوڵەتی عێراق بچنە شوێنی هێزەکانی تورکیا، کە دەکرێت وەک داگیرکەر مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت، چونکە هاتووەتە ناو وڵاتێکی دیکەوە، باشوری کوردستان بەشێکە لە دەوڵەتی عێراق، بەبێ ڕەزامەندی دەوڵەتی عێراق و تەنانە بەبێ ڕەزامەندی حکومەتی هەرێمیش هاتوون، تەنها بە ڕەزامەندی پارتی هاتوون، لەڕووی سیادییەوە باوەڕم وایە کارێکی باشە، بەڵام پێموایە ئەمە جۆرێکە لە پاشەکشەی سیاسیی و سەربازیی دەوڵەتی تورکیا لە ناوچەکە، وە ڕەنگە جۆرێکیش بێت لە فێڵی سیاسیی و هەڵخەڵەتاندنی دەوڵەتی عێراق، بەڵام باوەڕناکەم بەشێوەیەکی واقعیی بییەوێت ئەم کارە بکات.

-ئەم وێنایەی کە ئێستا لە باشوری کوردستان دەیبینن، لە ناکۆکیی و پەرتەوازەیی لایەنەکان، چ زیانێک بە سەرجەمی کوردستان دەگەیەنێت؟

"کێشمەکێشمی دەستەبژێرێکی چاو لە پۆست و پارەیە"

کامیار سابیر: لە ڕاستیدا ئەمە کێشمەکێشمی خەڵکی کوردستان نییە، کێشمەکێشمی دەستەبژێرێکی چاو لە پۆست و پارەی حزبەکانن، بۆنموونە بزووتنەوەی گۆڕان کە ئێستا زۆر بە خۆشحاڵییەوە دەچێتە ناو حکومەتی هەرێمەوە، ئەوەندەی بەشوێن ئەوەوەیە کە کۆمەڵێک وەزیر و پۆست بەدەستبهێنێت، ئەوەندە بە شوێن بەرژەوەندی گشتییەوە نییە.

-زۆر کەس و لایەن بەگرنگییەوە باس لە یەکێتیی نەتەوەیی کورد دەکەن بۆ دۆخی ئێستا، بەڵام هەتا ئێستا ئەم یەکێتییە پێکنەهاتووە، بۆچی یەکێتیی کورد پێکنایەت؟

"لە ڕوانگەی سیاسیی و فکریی و کلتوورییەوە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەم"

کامیار سابیر: من لە ڕوانگەی سیاسیی و فکریی و کلتوورییەوە پێچەوانەی ئەو بۆچوونەم، کە لەگەڵ یەکێتیی نەتەوەیی کورد-دایە، ئەگەر ئەمە بە ئاقاری نەتەوەگەرایی و نەتەپەرستیی بێت، پێچەوانی فکری عەبدوڵا ئۆجالانیشە، ئۆجالان هێندەی لە ڕوانگەی هاوڵاتیی و نیشتیمانیی و پێکەوەژیانەوە لە پرسەکانی ڕوانیوە، ئەگەر بمانەوێت یەکێتیی نەتەوەیی کورد بەو تێگەیشتنە کلاسیکییەی جاران بخوێنینەوە، هەرگیز نە کورد و نە تورک و نە عەرەب نابنە یەک، لە هیچکوێیەکی دنیاش ئەمە نەماوە کە نەتەوەیەک لەسەر ئەساسی نەژاد یەکبگرن بۆ ئەجێندای هاوبەش، کە لەڕاستییدا لەناو کورد-دا ئەنجێندای هاوبەش لە بنەڕەتدا نییە، ئەجێندای یەکێتی جیاوازە لە ئەجێندای پارتی، ئەجێندای پارتی جیاوازە لە ئەجێندای پەکەکە، ئەجێندای پەکەکە جیاوازە لە ئەجێندای گۆڕان، بەڵام لەناو خەڵکی کوردستاندا زۆر بەدەگمەن کۆمەڵە کوردێک دەدۆزیتەوە کە بۆنموونە لە باشور یان ڕۆژهەڵاتی کوردستان، دژی ڕۆژئاوای کوردستان بن، بەڵام هەر لەناو باشور و ڕۆژهەڵاتی کوردستان، پارتی دیموکراتی کوردستان و حزبەکانی دیموکرات، لە ناخەوە پێیان خۆش بوو کە دەوڵەتی تورکیا سەرکەوتن بەسەر پەیەدە-دا بەدەستبهێنێت، لەبەر ئەوەی ڕقێکی سیاسیی و ئایدۆلۆژییان بەرامبەر فکری ئۆجالان هەیە، بۆیە دەکرێت لەسەر ئەرزی واقیع یەکێتییەکی نیشتمانیی دروست بکەین، بۆ نموونە بەرژەوەندیی سیاسیی گەلی کورد لەم پارچەیە جیاوازە لە بەشەکانی دیکە، لە پارچەیەک بۆ پارچەیەکی دیکە جیاوازە، من لەگەڵ ئەو بۆچوونەی ئۆجالاندام کە دەبێت هەر پارچەیەکی کوردستان گوتاری سیاسیی جیاوازی هەبێت، بەڵام دەکرێت لە پرسە ستراتیژییەکاندا لانیکەم نۆکەرایەتیی بۆ داگیرکەران نەکرێت.

-ئۆجالان خاوەن کۆمەڵێک تێزە بۆ چارەسەریی، بۆچوونی ئێوە لەسەر تێزەکانی چییە بۆ چارەسەریی؟

"دەیەوێت نەتەوەی دیموکرات بەدیبهێنێت، کە هەموو نەژاد و نەتەوەکانی دیکە لە خۆیدا کۆبکاتەوە"

کامیار سابیر: من بە نووسینیش ئەمە نووسیوە، عەبدوڵا ئۆجالان لەناو هەموو سیاسییەکانی کورد و تەواوی گەلی کورد-دا، تاکە سیاسییە کە توانیویەتی گوتارێکی پێچەوانی ئەم گوتارە زاڵەی کە ناونراوە کوردایەتیی هەیبێت، بەدەر لەوەی ئۆجالان ٢٠ ساڵە لە زینداندایە و دەستی بە داتا ئەکادیمییەکان و کتێبی هاوچەرخ ناگات، بەڵام بە تێفکرینی خۆی کۆمەڵێک بۆچوونی زۆر جوانی هێناوەتە ناو کایەی ئەدەبی سیاسیی کوردەوە، یەکێک لە بۆچوونە جیاواز و جوانەکانی، پێشخستی خەباتی نەتەوەکانی دیکەیە هاوشانی خەباتی کورد، دەیەوێت نەتەوەی دیموکرات کە هەموو نەژاد و نەتەوەکانی دیکە لە خۆیدا کۆبکاتەوە بەدیبهێنێت، ئەو دۆخەشی کە لە ڕۆژئاوای کوردستان هەیە، چەندێک ئازایەتیی شەڕڤانان و گەریلاکانی پەکەکە و خەڵکەکەیەتی، لە پشت هەموو ئەمانەشەوە دەیان کێو لە تووراسی سیاسیی و فکریی ئۆجالان هەیە، کە دەکرێت بڵێین داینەمۆی سەرەکیی ئەو شۆڕشە فکری ئۆجالانە، ئازایەتی خەڵکی ڕۆژئاوای کوردستان و تەواوی پێکهاتەکانی دیکەش، کە شانبەشانی کورد دژ بە دەوڵەتی تورک و چەتەکانی داعش و گروپە تووندڕەوەکانی دیکە شەڕیان دەکرد، هەمووی لە فکرەکانی ئۆجالانەوە سەرچاوەی گرتووە.

- کەواتە دەتوانرێت وەک چارەسەریی بۆ ئێستا تەماشای بکەین؟

"بەدڵنیاییەوە"

کامیار سابیر: بەدڵنیاییەوە ئەو چارەسەرییانەی کە لە فکری ئۆجالان هەیە بۆ باشوری کوردستان جێگیربکەین، بە هەزاران جار لەم کوردایەتییە تاڵانچێتیی خێڵەکیی و بنەماڵەییەی باشوری کوردستان باشترە.

س.ح