کورکچوو: لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخی تورکیا ئاڵۆزتر دەبێت


ڕۆژنیوز - سلێمانی

هاووتەبێژی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان، لەسەر کودەتای 15 تەمووز و هەوڵدانەکانی دوای کودەتا قسەی بۆ ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز کرد و ئاماژەی بەوەکرد کە کۆمەڵگا لە جیاوازیەکی قوڵدا دەژی و دەڵێت: بۆ ئەوەی چیدیکە ئەردۆغان کۆمەڵگا پەرتەوازە نەکات و بەیەکیاندا نەدات، دەبێت کەسێک هەبێت پێشەنگایەتی بکات.

هاوسەرۆکی کۆنگرەی دیموکراتی گەلان ئەرتوغروڵ کورکچوو، لەدیمانەیەکی تایبەتدا بۆ ئاژانسەکەمان باس لە بارودۆخی نائاسایی لە تورکیا و باکوری کوردستان دەکات کە دەسەڵاتداری ئاکەپە سەپاندویەتی، هەروەها ڕووداوەکانی کاتی کودەتا و دوای کودەتاکە و هێرشی لایەنگرانی ئاکەپە و ئیسلامیەکان بۆسەر کوردانی باوەڕمەندی عەلەوی و پێکهاتەکانی دیکەی کۆمەڵگا شرۆڤە دەکات.

لە 15 تەموزدا هەوڵدانێک بۆ کودەتا ڕوویدا گەلۆ ئێوە چاوەڕوانی شتێکی وەهاتان لەتورکیا دەکرد؟

کورکچوو: ڕاست نیە ئەگەر بڵێین ئێمە چاوەڕێی شتێکی وەهامان نەدەکرد، لەبەر ئەوەی ڕژێمەکەی ئەردۆغان گوشارێکی زۆری دروست کردووە، ناکۆکیەکانی ناو دەوڵەت قوڵتر دەبوەوە ڕێگەی بۆ شتێکی وەها خۆش کردبوو، بەڵام ئەگەری کودەتا کەمتر هەبوو، لەبەر ئەوەی ئەردۆغان هێزە سەربازیەکانی خستبووە ژێر کۆنتڕۆڵی خۆیەوە، بەڵام دەوترا کە ئەو کۆنتڕۆڵە زۆر بەهێز نییە، لەلایەکی دیکەوە دژبەرانی ئەو بۆ بەرگرتن لە ناوچوونیان کەوتبوونە خۆیان و چاوەڕێی هەلێکیان دەکرد، دەتوانین کودەتاکە بەم شێوەیە جیابکەینەوە، فەرماندارانی هێزە چەکدارەکان ناتوانن لەسەر گشتی پێکهاتەی کۆنتڕۆڵەکان ببنە دەسەڵاتدار، چونکە لەناو هێزە چەکدارەکاندا پێکهاتەکان وەک یەک نین، لەلایەکی دیکەوە پلانەکەیان ئاشکرابوو، لەبەر ئەوە ناچاربوون زووتر بکەونە حەرەکەت، بەڵام هیچ پێکهاتەیەکی کۆمەڵگا چاوەڕێی کودەتایەکی لەو شێوەیە نەبوو، لەئاستی نێونەتەوەیشدا هیوایەک نەبوو کە کودەتایەک دروست بێت بتوانێت هەموو کارەکانی جێبەجێ بکات، ئەو کودەتایە بووە سەرهەڵدانێکی سەربازی، بەهۆی بێهێزی ناوخۆیی و نێونەتەوەییان سەرکەوتوو نەبوون، لە تورکیاش چارسەری پرسەکان نەمان، ئێستا هەموو بەرهەڵستکاران بە ناوی کودەتاوە لە تورکیا سەرکوت و تاوانبار دەکرێن، ئەو کودەتایە نەک شکستێک بوو بۆخۆیان، بەڵکو ئۆپۆزسیۆنی وڵاتەکەشی خستە زەحمەتیەوە.

ڕاستە دەڵێن ئەو کودەتایە پیلانێک بووە بۆ پاکسازی ناوخۆیی؟

کورکچوو: منیش گومانێکی وەهام هەیە، پێموایە لانی کەم هەفتەیەک پێش کودەتاکە ئەوان زانیاریان هەبووە، خۆیان پێشووتر لە کۆبونەوەی باڵای شورای سەربازیدا ئاشکرایان کردبوو کە چاکسازی لە سوپادا دەکەن، هەمان پلان بۆ پاکسازی لەناو دەزگاکانی دادوەریشدا هەبوو، بۆیە ئەوانە هۆکارگەلێک بوون کە دەستوبرد لە کودەتاکە بکرێت، ئەوەش ئاشکرایە چۆن تەنها یەک ڕۆژ دوای کودەتاکە دووهەزار دادوەر لەسەر ئەو ڕووداوە دەگرن؟ من لەو باوەڕەدام کە کودەتاچیەکان خرانە بۆسەوە، ئەوان بناغەیەکیان بۆ کودەتا دروست کردبوو، دەنا ئەو هەموو قوربانیە نەدەبوو، بەڵام ئەوانیش پێشتر نیازی دژبەرەکەیان بۆ ئاشکرا ببوو، لێگەڕان تا بیانخەنە بۆسەوە، ئەردۆغان شەش ڕۆژ پێش کودەتاکە وتبووی، من دەچم بۆ پشوودان، ماوەی شەش ڕۆژ ئەو کەسە دیار نەما، پاشان بینیمان لەناوچەی مەرمەرە دەرکەوت، ئەوانە هیچی ڕاست نەبوون، نەک ئەردۆغان بەڵکو کاتێک کودەتاکە ڕوویدا سەرۆک وەزیران بینالی یڵدرم و زۆربەی وەزیرەکانیش لە ئەنقەرە نەبوون، بۆیە من وای دەبینم، کە گەمەیەک بوو بە ئاگاداری خۆیان ڕوویدا.

کاتێک ئەردۆغان لە تەلەفزیۆنەکانەوە داوای لە خەڵک کرد بڕژێنە شەقامەکان، بینیمان ئەوانەی هاتنە سەر شەقام کێ بوون، ئاشکرا بوو کە چەکدار و میلیسەکانی ئاکەپە بوون و سەربازەکانیان سەربڕی، لەبەر بارەگا و ئاواییەکانی پۆلیس و ئاسایش کۆبونەوە، دیاربوو پێشووتر ئامادەکاریان کردبوو.

ئاکەپە دەڵێت جەماعەتی گیولەن ئەو کودەتایەیان ئەنجامداوە، بەڵام وەک دەزانرێت سوپا زیاتر لە دەستی کەمالیستەکاندا بوو، ئێوە لەو باوەڕەدان کە گویلەنیەکان سوپایان خستبێتە دەستی خۆیانەوە؟

کورکچوو: من دەڵێم ئەگەر لەناو سوپادا بەشێکی گیولەن هەبووبێت، ئەوا پێشووتر هەندێک شتی جیاوازیان دەکرد، من لەوباوەڕەدام ناڕازیی بونەکانی ناو سوپا و کۆمەڵگا، بەو شێوەیە دەرکەوت، کەسانێک کە پێشووتر دژبەری یەکتربوون و هەتا لەلایەنی ئایدۆلۆژی زۆر جیاوازیان هەبوو، بەڵام لە بابەت دژایەتی ئەردۆغان بوونە یەک، ئەوەش لە ڕاگەیەندراوەکەیاندا دیاربوو، بەفەرمانی سەرفەرمانداری گشتی سوپا بەشێکی مەزن لە ئەندامانی باڵای سوپا لەدەرەوەی کودەتاکە هێڵدراونەتەوە.

لەتورکیا جگە لەسوپا چەندین تیمی تایبەت و سیخوڕی لەلایەن ئاکەپەوە دروست کراون، ئەگەر کودەتا سەربکەوێت و دەست بەسەر وڵاتدا بگرێت، دۆخەکە چی لێ دێت؟

کورکچوو: ئێمەش بیرلەوە دەکەینەوە کە کێ سەرکێشی کودەتاکەی کرد؟ زۆر کەس دەتوانێت کودەتا بکات ئاکەپەش لەناویدا، هەتا لە تورکیا هێزی چەکداری لەو شێوەیەدا هەبێت، هێزی دیکەش دەردەکەون کە بەرژەوەندیەکانی خۆیان بپارێزن، لەتورکیا شەڕی دەسەڵاتداری لەسەر دەستی سوپا پێکدێت، بۆیە پێدەچێت لە داهاتوودا هەوڵی پێکهێنانی کودەتایەکی دیکە ببێتە شەڕی ناوخۆ، لەبەر ئەوەی هەوڵدان هەیە کەلە دۆخێکی وەهادا یەکپارچەبوونی سوپا زەحمەت دەبێت، پێدەچێت ناڕەزایی بوونی کۆمەڵایەتی هێزی چەکداری زیاتر بکات، بۆیە لەوانەیە لە ڕۆژانی داهاتوودا دۆخێکی ئاڵۆزتر بێتە ئاراوە، حکومەت چەندە هەوڵ بدات ناتوانێت ئەو کێشانە بشارێتەوە کە هەن، ڕێبازەکانی داعش لە تورکیا پیادە دەکرێن، ئەو کەسانە سەردەبڕین کە گوایە پێشووتر سەرباز بوون و خەڵک و گەلیان دەپاراست، لەناو گەلدا وانیشان دەدرا کە سوپا خوێن ناڕێژێت، بەڵام هەردوولایان دەستیان لە خەڵک نەپاراست، لەماوەی نیوو ڕۆژدا سەدان کەس یان کوشت، ئەوانەی دژی کودەتا بوون دەستیان کرد بەتۆڵە سەندنەوە، دەیانگوت ژنەکانیان بۆئێمە حەڵاڵە و سەریان ببڕن، بۆیە ئێستا ڕوبەڕووی مەترسیەکی گەورە بوینەتەوە، باوەڕ ناکەم ئەوانەی ژێر کەوتوون بێدەنگبن، لە جەنەراڵەکانی سوپاوە بگرە تا خوارەوە زۆر شتی خراپیان بەسەرهات، ئەوەش ڕێگە لە بەر تۆڵەسەندنەوە دەکاتەوە، ئەگەر ئەو کێشانە چارەسەر نەکرێن، ئەوا دۆخە خراپەکە سیستەماتیک ئاڵۆزتر دەبێت.

لەدوای کودەتاکە هێرش کرایە سەر باوەڕمەندانی عەلەوی، ئەگەر ئەو هێرشە بۆسەر باوەڕ و پێکهاتە جیاوازەکانی کۆمەڵگا بەردەوام بێت، ئەنجام چی ڕوودەدات؟

کورکچوو: ئەردغان کە بانگی لە خەڵکەکە کرد وتی، بڕژێنە شەقامەکان، ئەگەر ئەو نەیگوتبێت ماڵی عەلەویەکان بسوتێنن، بەڵام ئەوەی ئەو بانگێشی شەقام و کۆڵانەکانی کردن شێکی وەهایان هێنایە ئاراوە، ئەردۆغان خۆشی زهنیەتێکی لەو شێوەیەی هەیە، ئەوانەی ڕژانەی شەقامەکان لیستەیان ئامادەکردبوو، هەرچیان ویست کردیان، هەتا لە ئستەمبوڵ لەو کاتانەدا تیزابیان کردبوو بەڕووی چەند ژنێکدا کە شۆفێری تەکسی بوون و دەستدرێژیان کردبووە سەر چەندین ژن، ئەگەر ئەو ڕووداوانە کەمیش بووبن، نیشانەی مەترسیەک دەردەخات، ئێستا خەڵک بیر لەوە دەکاتەوە کە چۆن خۆی بپارێزێت، جێگری وەزیرێکی ئاکەپە دەڵێت ئەگەر وابڕوات ڕێگە دەدەین هەر کەسێک بیەوێت چەک هەڵگرێت، ئەوکاتە هەموو کەسێک دەڵێت چەکم پێویستە، نازانم حکومەت بەنیازی چییە، بەڵام ئەوەندەی دەزانم نە ڕای نێونەتەوەیی و نەڕای ناوخۆیی تورکیا ئەم دۆخەی ئێستا خولقاوە قبوڵ ناکەن، لەناتۆشدا تەنها وڵاتانی دیموکراتیک دەتوانن جێگەیان بێتەوە، ئەگەر ئاکەپە لە دەسەڵاتداری بمێتەوە ئەوا لەسایەی سەرداخستنی کەمال کلیچدارئۆغڵووی جەهەپە دەمێنێتەوە، بەڵام نابێت هەموو کەسێک وەک کلیچدار ئۆغڵوو سەرداخات، ئەوان بەنیازن سزای لەسێدارەدان بگەڕێننەوە تورکیا، ئەردۆغان دەیەوێت بنەماڵەکەی خۆی تورکیا بەڕێوە ببات، بەڵام عەشیرەت و بنەماڵەش ناتوانن بەڕێوبەرایەتی وەها بکەن، ئەگەر بەنیازن سزای سێدارە بگەڕێننەوە و بڵێن ئەوانە لەسێدارە دەدەین کەلە ڕابردووشدا تاوانیان کردوە، ئەو بەو مانایە دێت کە هەموو کەسێک دەخەنە مەترسی و هەڕەشەوە، بەو شێوەیە ناتوانرێت کۆمەڵگا لەسەر قاچی خۆی بوەستێت، کودەتا کراوە بەبەهانەیەک بۆ تۆڵەسەندنەوە، ئێستا مەترسی ئەوە هەیە کە وڵات بکەوێتە دەست ڕژێمێک کە دەسەڵاتەکەی وەک چەقۆیەکی تیژ بۆ سەربڕینی هاوڵاتیان بەکاربهێنێت، کۆمەڵگا بەرەو مردن دەبەن.

س.خ