کۆمەڵە: هەل و مەرج بۆ خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لەبارنییە


ڕۆژنیوز - ئاوات هاوار

لە چوارچێوەی قۆناغێکی نوێی خەبات و تێکۆشانەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان، حزب و لایەنەکانی ئەو پارچەیەی وڵات، بۆچوون و ڕوانینی جیاوازیان هەیە.

ڕێکخراوی کوردستانی حزبی کۆمۆنیستی ئێران (کۆمەڵە) یەک لە حزبە دێرینەکانی رۆژهەڵاتە، لەگەڵ ئەوەی هێزی چەکداری هەیە بەڵام زیاتر گرنگی بەتێکۆشانی مەدەنی و سیاسی دەدەن و ڕوانگەی ئەوان بۆ تێکۆشانی چەکداری جیاوازترە لە لایەنەکانی دیکەی ڕۆژهەڵات.

ڕۆژنیوز لەبارەی هەڵوێستی حزبەکەیان دیدارێکی تایبەتی لەگەڵ عادل ئیلیاسی ئەندامی کۆمیتە ناوەندی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران (کۆمەڵە) ئەنجامداوە، لەم چاوپێکەوتنەدا ناوبراو باس لە مەرجەکانی دەستپێکردنەوەی خەباتی چەکداری و پێویستی ئێستای ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە بەڕێوەبردنی خەباتێکی مەدەنی دەکات.

هەڵوێستی ڕێکخراوی کوردستانی حیزبی کومونیستی ئێران لەبارەی شەڕەکانی ئەم دواییانەی دیموکراتەکان و سوپای پاسداران چیە، کۆمەڵە لە بارەی خەباتی چەکداری چۆن بیر دەکاتەوە؟

ئیلیاسی: پێش هەموو شتێک سەرەخۆشی لە بنەماڵەی ئەو پێشمەرگانەی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران دەکەم کە لە شەڕ و تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەدا گیانیان لە دەستداوە، هەروەها ئەمە دەرفەتێکە بۆ ئەوەی وەبیر بێنینەوە کە ئەوه خەسڵەت و ڕەفتاری سەرکوتگەرانەی کۆماری ئیسلامی ئێرانه کە هیچ ڕێگەیەکی بۆ نەیارانی خۆی نەهێشتۆتەوە تا خەباتی سیاسی و مەدەنی بەڕێوه بەرن به بێ ئەوەی که ژیانیان نەکەوێته مەترسییەوه، هەر بۆیه سەرەڕای هەر ڕخنە و تێبینیێک کە لە سەر شەڕی چەکداری لە هەلومەرجی ئێستای ڕژهەڵاتی کوردستاندا هەمان بێت، نابێت له بیرمان بچێتەوه کە تاوانباری سەرەکی هەر چەشنه توندوتیژیێک کۆماری ئیسلامییە.

تا ئەو شوێنەی به پرسیارەکەی ئێوه دەگەڕێتەوه، پێویسته وەک سەرەتاییەک ئەوە بوترێت که خەباتی چەکداری بۆ کۆمەڵە هەمیشە شێوازێک له خەبات بووە بۆ هەموار کردنی ڕێگای خەباتی جەماوەری، سیاسی و مەدەنی، به واتایەکی تر خەباتی چەکداری بۆ خۆی ئامانج نەبووه، بەڵکو ئامرازێک بووه بۆ گەیشتن به ئامانج. تەنانەت لە هەشتاکانیشدا کە کۆمەڵە زۆرترین چالاکی چەکداری له خۆ دەنواند، مەبەست هەمان هەموار کردنی ڕێگا بوو بۆ خەباتی جەماوەری و خزمەتکردن به بزووتنەوه کۆمەڵایەتییه پێشکەوتووخوازەکان. بۆیە بەڕای ئێمە هەر هێزێکی سیاسی کە خەباتی چەکداری هەڵدەبژێرێت پێویستە دۆخی کۆمەڵایەتی و سیاسی ناو کۆمەڵگاکەی خۆی بە باشی هەڵبسەنگێنێت و وڵامی ئەو پرسیاره بداتەوه که ئاوا چالاکیێک له هەر دەورەیەکدا چەنده یارمەتی دەکات به کۆمەڵانی خەڵکی چەوساوە تا ئاسانتر و به ڕەنج و ئازارێکی کەمترەوه خەباتەکەیان له دژی چەوسێنەران بەرەوپێش بەرن.

لە ڕوانگەی ئێمەوە خەباتی چەکداری لە هەلومەرجی ئێستای کوردستاندا دەتوانێت بەهانە بە دەستی کۆماری ئیسلامییەوه بدات تا هێرش بکاتە سەری ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییه پێشکەوتووخوازیانەی که سەرەڕای کەش و هەوای دیکاتتۆرانەی ژێر حاکمیەتی ئەم ڕژیمه، بوونیان ئینکار ناکرێت و هیوابەخشی ڕزگاری ئەو کۆمەڵگایەن.

شەڕی چەکداری له کوردستان پێویستی به پشتیوانی جەماوەری هەیه، به واتایەکی تر ڕاپەراندنی سەرکەوتوانەی ئاوا چالاکیێک له گرەوی پشتیوانی کۆمەڵانی خەڵک دایه. خەڵکێک کە بڕیارە خەباتی چەکداری لە شار، له گوند، له ماڵ، له گەڕەک، له مەزراو و له شوێنی دیکەی کار و ژیانی ئەواندا بەڕێوە بچێت، پێویسته پشتگیری لەو هێزه بکەن که خەباتی چەکداری دەکات، پێیان وابێت کە ئەم خەباتە خەباتی ئەوانیشه و ئامادەبن هەزینەی بۆ بدەن، ئاماده بن ماڵیان له پێناویدا وێران بکرێت، ئازیزانیان لە دەست بچێت و تەحەموولی ئاوارەیی، زیندان و هەژاری بۆ بکەن، هەست بەوه بکەن که چالاکی چەکداری لەو سەردەمە تایبەتەدا یاریدەری خەباتی ڕۆژانەی ئەوانە له دژی کۆماری ئیسلامی، پێ ناچێت که هەلومەرجی ئێستای کوردستان گونجاوی ئاوا چالاکیەک بێت و کۆمەڵانی خەڵک ئەم رەوشه له خەبات بە کەڵک بزانن، دیاره لێکدانەوەی بڕیاردەرانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێرانه شتێکی جیاواز لەم لێکدانەوەیه که من عەرزتانم کرد."

دەوترێت کە شەڕی چەکداری بۆ حدکا هەڵبژاردنێکی سەربەخۆ نیە و ڕۆڵی دەوڵەتانی دراوسێی تێدایە، ئێوە وەک کۆمەڵە پێتان وایە ئەم قسانە تا چ ڕادەیەک ڕاستە؟

ئیلیاسی: تا ئێستا هیچ بەڵگەیەک ڕوو نەخراوە نیشان بدات کە ئاوا دەنگۆیەک ڕاسته، بەڵام خاڵی هەستیار و گرینگ لێرەدا ئەوەیه که هەر جوڵانەوەیەک کە بە ئەستەم لە دژی کۆماری ئیسلامی بێتە ئاراوه دەست بەجێ ڕژیمی ئیسلامی ئێران دەیخاته خانەی گرێدراو به ئەم دەوڵەت و بوون به دارودەستەی ئەو دەوڵەتەوه، هەر بۆیه سەبارەت به تێکهەڵچوونەکانی ئەم دوایانەی پێشمەرگەکانی حیزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران له گەڵ هێزەکانی ڕژیمی ئیسلامی، دەبێت ئەوه له بەرچاو بگیرێت که ئەم ڕژیمه پەنا بۆ ئاوا پڕۆپاگەندەیەک دەبات، ئێمە سەرەڕای هەر ڕخنەیەک کە لە سەر سیاسەتی ئەم یا ئەو حیزبی چالاک له کوردستان هەمانه ڕێگە بە خۆمان نادەین بەبێ بەڵگه تۆمەتی لەم چەشنه بخەینه پاڵ هیچ لایەنێک، ئێمه ڕەخنەمان له سیاسەت، ڕێباز و ئێستراتیژی حزیبەکانی تر هەیه، بەڵام ئەوه بەو واتایە نییه که بەبێ بەڵگه و لێکدانەوەی کۆنکرێت بەگرێبەستراوی دەوڵەتانیان بزانین، لەلایەکی تریشەوه له هەلومەرجی هەستیاری ئێستادا ئەرکی ئێمە ئەوەیه ڕێگری بکەین لە سیاسەتی پیلانگێڕانەی ڕژیمی ئیسلامی، که نە هەر حیزبه سیاسییە نەیارەکانی خۆی، بەڵکوو چالاکوانانی مەدەنیش به تۆمەتی سیخوری و گرێبەستراو به دەوڵەتانی تر زیندانی و ئەشکەنجە دەکات و لە سێدارە دەدات، بەهەموو شێوەیەک هەوڵ دەدات درز بخاته نێو ڕیزی خەباتی ڕەوای خەڵکی کوردستانەوه، هەربۆیه ناکرێت تەنها له سەر ئەساسی هەندێک گومان و دەنگۆ هیچ حیزبێکی سیاسی نەیاری کۆماری ئیسلامی له کوردستان به گرێبەستراوی ئەم دەوڵەت و ئەو دەوڵەت بزانرێت، دیاره ئەمه بەو واتایە نییه که ئەگەر حیزبێکی سیاسی به پەیوەندی گرتنی له گەڵ لایەنێکی تر، لەوانه دەوڵەتان، زیان به بزووتنەوەی شۆڕسگێڕانەی کوردستان بگەیەنێت ئێمه بێدەنگ دەبین، نەخەیر، ئەو کات به ئەرک و مافی خۆمانی دەزانیین ئاوا ڕەوشێک لەقاو بدەین، مەترسییەکانی ئەو پەیوەندییه بۆ خەڵکی کوردستان ڕوو بخەین و ڕەخنەی بێ ڕاڕایی خۆمان دەرببڕین.

بەڵام ئەوەی که ئێستا ڕوونه و بەڵگەکان دەیسەلمێنن پیلانگێڕی ڕژیمی ئیسلامی و دەوڵەتانی تری ناوچەکەیه له دژی خەڵکی کوردستان، لەلایەکی تریشەوه پیلانگێڕی ئەم دەوڵەتانه له دژی یەکتر، ئێستا ئەوه هاوکاری ڕژیمی ئیسلامی و دەوڵەتی تورکیا، یا هاوکاری دەوڵەتی سوریا و ڕژیمی ئیسلامی ئێرانه که مەترسیەکی جدی تره له سەر خەباتی خەڵکی کوردستان له دژی ئەم دەوڵەتانه.

ئێوه سەرنج بدەنه پیلانگێڕی کۆماری ئیسلامی له ناوچەکه. کۆماری ئیسلامی لە یەمەن و بەحرەین ڕۆل دەگێڕێت و ئەم ڕۆڵگێڕانەش بۆ باشتر کردنی ژیانی خەڵکی ئەم وڵاتانه نییە بەڵکوو بەشێکه له ململانێی لەگەڵ دەوڵەتانی ئەم وڵاتانه. لە سوریا، عێراق، لوبنان و فەلەستین کۆماری ئیسلامی هەر بەم شێوەیە و وەک بەشێک له سیاسەتی پتەوکردنی پێگەی خۆی له بەرانبەر نەیارانیدا پیلان دەگێرێت و دەست تیوەردان دەکان. ئەگەرچی دەوڵەتانی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان ناوبەناو دەکەوێته کێشه له گەڵ یەکتر، بەڵام ئەو کاتەی که دژایەتی خەباتی خەڵکی کوردستان دێتە ئاراوە یەکدەست و یەک هەڵوێست دەبن و پیلانی هاوبەش له دژی ئەم خەباته دادەڕێژن.

له هەلومەرجێکی ئاوادا ئەوەی که پێویسته حیزبه سیاسییەکانی چالاک له کوردستان بیری لێ بکەنەوه هەوڵی هاوبەشه بۆ پوچەڵ کردنەوەی ئەو پیلانانەی که ئەم دەوڵەتانه له دژی خەڵکی کوردستان بەڕێوەی دەبەن، پێکهێنانی میکانیزمێک بۆ هاوکاری و هاوئاهەنگی ڕەوشێکی گونجاوه بۆ وەڵام دانەوە بەم هەلومەرجه و بۆ ئەوەی که خەڵکی کوردستان بتواننن خەباتەکەیان به هەزینەیەکی کەمترەوه به ئەنجام بگەیەنن و بەردەوام بتوانن له مافەکانی خۆیان پارێزگاری بکەن، ئاوا میکانیزمێک دەتوانێت لەسەر ئەساسی هەندێک پرینیسیپی حاشا هەڵنەگر دابمەزرێت، بۆ نموونه یەکێک لە پرنسیپە سەرەکییەکان ئەوەیه کە هیچ حیزبێک نابێت لەسەر پرسی کورد بچێته پال دەولەتێکی سەرکوتگەری خەڵکی کوردستان و بە شێوەی یەك لایەنه، دانوستانی له گەڵ بکات و مەبەست و ئامانجی ئاوا دانوسانێک له خەڵک و له حیزبه سیاسییەکانی تر بشارێتەوه، ڕێکخراوی ئێمە لە مێژووی خۆیدا لەگەڵ هیچ لایەنێکی دەوڵەتی دانوستانی نەبووه بە بێ ئەوەی خەڵکی کۆمەڵگای خۆمان له بنەما و پرینسیپەکانی حاکم به سەر ئەو پەیوەندییە ئاگادار نەکردبێتەوه."

ئیلیاسی: کەوایە ئێوە ڕخنەتان لەسەر شەڕەکانی حدکا هەیە، وردتر باس لەم ڕخنانە دەکەن؟

ئێمە ئێستا وەکوو ڕخنە و تێبێنی باس لەوە دەکەین کە هەل و مەرج بۆ خەباتی چەکداری لە ڕۆژهەلاتی کوردستان لەبارنییە، پێمان وایە ئەگەر خەباتی چەکداری لە ئێستادا ڕووبدات زیان بەدەستکەوتەکانی خەباتی چەکداری کەتا ئێستا بەدەستخراوە زیان بگەیەێنێت، لە لایەکی دیکەوە، هەر وەک پێشتریش ئاماژەم پی کرد، کۆماری ئیسلامی دەتوانێت ئەم تێکهەڵچوونانه بکاته بەهانە بۆ هێرش کردنه سەر ئەو بزووتنەوە کۆمەڵایەتییانەی کە ئەمڕۆ وەکوو شمشێرێک لەسەر ملی کۆماری ئیسلامی وەستاون.

ڕخنە دەبێت بەرپرسیارانە بێت، نابێت بچێتە خانەی شەڕەحیزبیەوە و پاشان خەڵک بڵێن کە حیزبەکانی ئێمە لە جیاتی ئەوەی کە هاوئاهەنگی پێویست لە دژی کۆماری ئیسلامی پێک بێنن کەوتوونەته گیانی یەکتر، له رووی هەستی یەکگرتووییەوە خەڵک پێیان خۆشه حیزبەکانی چالاک له کوردستان لە دژی ڕژیمی ئیسلامی یەکدەست و یەکدەنگ بوەستن و پیلانگێڕی ئەم ڕژیمه، و یا ناکۆکییه سیاسییەکان، درز نەخاته ناو ئەم هاوئاهەنگییەوه و لەم رێگایەشەوه درز نەکەوێته ناو ڕیزی خەباتی سەرجەمی خەڵکی کوردستان له دژی کۆماری ئیسلامییەوه، خەڵک پێیان ناخۆشە بەرەی دژی ڕژیمی ئیسلامی لاواز بێت، لەبەرئەوەی کە ڕۆژانە لە لایەن ئەم ڕژیمەوە سەرکوت دەکرێن، دەچەوسێنەوە و زیان-دەبینن، کەسێکی کۆمەڵەیی لە کوردستان هیچ کات ئەم یا ئەو حیزبی کوردستانی نەیاری کۆماری ئیسلامی ناخەته خانەی دوژمنی خۆیەوه، ئەگەر چی ناکۆکی له ڕێباز، سیاسی و ئیستراتیژی دەبینێت. ئەو کۆماری ئیسلامی بە دوژمن دەزانێت و به شوێن هاوپەیماندا دەگەڕەێت تا به شێوەیەکی شۆڕشگێڕانه و بە هێزی جەماوەر ئەم ڕژیمه به زبڵدانی مێژوو بسپێرێت، به کورتی پەیامی ئێمە ئەوەیه کە نابێت بهێڵین کۆماری ئیسلامی لە ناکۆکی سیاسی نێوان حیزبەکان کەڵک وەربگرێت بۆ شێواندنی ڕیزی خەباتی خەڵکی کوردستان له دژی کۆماری ئیسلامی.

ئیلیاسی: واتە شەڕی چەکداری بۆ هەمیشە دەبێت وەلابنرێت؟

پێش هەموو شتێک دەبێت ئەوە ڕوون بکەمەوە کە کۆمەڵە دەستی لە خەباتی چەکداری هەڵنەگرتووە، لە سەرەتاشدا وتم کە خەباتی چەکداری بۆ ئێمە شێوازێکی خەباته که به لە بەرچاو گرتنی ئاستی خزمەتکردنی به خەباتی جەماوەری و خەباتی بزووتنەوه پێشکەوتووخوازەکان به کاری دەهێنین، ئێمە فێرگەی پێشمەرگایەتیمان هەیە که بەردەوام کچان و کوڕانی شۆرشگێر پەروەردە دەکات بۆ کاتی پێویست، هێزی پێشمەرگەی کۆمەڵه هێزێکی چەکداره و ئامادەیی ئەوەی هەیه لە کاتی گونجاودا خەباتی چەکداری ڕاپەڕێنێت، تا ئێستاش ئێمە هیچ شێوەیەک له ئاگربەستمان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕانەگەیاندوە و له توانا و ئیرادەی چەکداری خۆمان هیچمان کەم نەکردۆتەوه، به پێویستم زانی پێش له وڵامی پرسیارەکەتجەخت لەسەر ئەمەش بکەم.

ئێمە دەبێت سیمای شۆڕشگێرانەی خۆمان لەبەرانبەر کۆماری ئیسلامیدا ڕابگرین، ئەو ڕۆحییه و ڕەفتاره شۆڕشگێرانە و بوێرانەیەیی کە خەڵک لە پێشمەرگەدا بینیویەتی و لای زۆر کەس بووه به ئەفسانه نابێت بە هەڵەی سیاسی و سەربازی بشکێنرێت، کاتی خۆی تیمێکی ١٠ کەسی پێشمەرگە دەڕۆشتەوە ناوخۆی ئێران و بەساڵان خەباتی ڕێکخستن و پێشمەرگانەی دەکرد و ژیانی لە هێزەکانی کۆماری ئیسلامی حەرام دەکرد به بێ ئەوەی که زیانێکی ئەوتۆ ببینێت، ئەمانە لە بیرەوەری خەڵکدا وەکوو ئەفسانەیان لێ هاتووە و تا ئێستاش ورەبەخشی خەباتیانه و تین و توانیان پێ دەبەخشێت، هەرچەشنه چالاکیێکی چەکداری و پێشمەرگانه پێویسته به چەشنێک ئامادەکاری بۆ بکرێت تا به گیان له دەستدانی بەردەوامی پێشمەرگه، ئەم ورە و هیوای کۆمەڵانی خەڵکه زیان نەبینێت."

ئیلیاسی: ئێوە باس لە پێویستی کۆبوونەوە و دامەزراندنی ڕێکخراوێک دەکەن بۆ ئەوەی لە دۆخێکی بەم شێوەیە هەستیاردا بڕیاری هابەش بدرێت، چەندە بۆ بەڕێوەبردنێکی ڕێککەوتنێکی ئاوا هەوڵ دراوە؟ کۆنگرەی نەتەوەیی توانیوتی ئەم ڕێککەوتنانە بەجێ بهێنێت؟

بەداخەوە کۆنگرەی نەتەوەیی دەرئەنجامێکی نەبوو، بەڵام دانیشتنی پڕژوبڵاو له نێوان لایەنەکاندا بووه و ئێمه هەوڵمان داوە لە سەر ئەساسی هێندێک پڕەنسیپ، که پێشتر چەنددانەیەکیانم ناو لێ بردن، لایەنەکان کۆ ببنەوە و نەهێڵین بیرۆکەی هاوکاری و هاوئاهەنگی هێزە سیاسییەکان له دژی کۆماری ئیسلامی و دەوڵەتانی تری دوژمنی خەڵکی کوردستان له ناو بچێت، ڕاستییەکەی ئەوەیه ئەم هەوڵانە هیشتا له پلەی ساواییدان و ئەنجامەکانیان ڕەزایەت بەخش نیین، ئایا جوڵانەوەیەکی تازە پێویستە تا به سەرەنجامێک بگەین یا خود چۆن دەتوانین لەم کۆبوونەوانەدا پێشکەوتن به دەست بێنین، پرسیارێکه که له داهاتوودا دەتوانین وڵامەکەی وەربگرینەوه.

خاڵی دەستپێک له هەر کۆبوونەوەیەک لەگەڵ حیزبە سیاسییەکان بۆ ئێمە ئەوەیه کە سەرەڕای جیاوازی له ڕێباز و ئستراتیژیماندا پێویستە و دەتوانین له سەر بنەمایی پتەوکردنی ڕیزی خەباتی خەڵکی کوردستان له دژی ڕژیمی ئیسلامی کۆدەنگی به دەست بێنین، بۆ ئەم مەبەستەش بەرژەوەندی حیزبی نابێت ئەرجەحیەتی هەبیت به سەر پاراستنی ئەو یەکڕیزییەدا، دەنا هەوڵەکانی داهاتوومان، وەک هەوڵەکانی تا ئێستا، بێ ئاکام دەمێننەوه.

ئیلیاسی: ڕۆڵی کۆمەڵە لە یارمەتیدان بە ڕێکخراوە مەدەنیەکانی ناوخۆی ئێران چۆنە؟

له وڵامی پرسیارەکەتدا دەتوانم ئەوە بڵێم که، خەڵکی چەوساوەی کوردستان دەبێت بۆ پاراستنی ماف و بەرژەوەندیەکانی خۆیان ڕێکخراوی سەربەخۆییان هەبیت، بەرژەوەندی خەڵکی ستەم لێ کراو، کرێکاران، ژنان، خوێنداکاران و مامۆستایان، به تاکە کەسی و به پەرژ و بڵاوی ناپارێزرێت، به هەر ئەندازە ڕێکخراوبوون بۆ کرێکاران ئامرازێکی کارا و حەیاتییه، به هەمان ئەندازه بۆ ڕژیمی ئیسلامی و بۆ سەرمایەداران پڕ مەترسیی و وێرانکەره، هەر بۆیه ئەم رژیمه و سەرمایەداران به دڕندانه ترین شێوه هەڵسوکەوت له گەڵ کۆدەنگی و ڕێکخراو بوونی کرێکاران دەکەن.

دەبینین که کۆبوونەوەیەکی ئاسایی، ناڕەزایەتیێکی سەرەتایی، مانگرتنێکی ڕەوا بۆ وەرگرتنی موچەی وەدواخراوی کرێکاران له گەڵ تۆمەتی چالاکی له دژ ئاسایشی نەتەوەیی و سیخوڕی بۆ دەوڵەتانی بێگانه ڕووبەڕوو دەبێتەوه تا قورسترین سزایان به سەردا بسەپێندرێت، بۆ هەڵسوڕاوانی کرێکاری سزای درێژماوەی زیندان دەردەکرێت، ئەشکەنجه دەکرێن، قامچیان لێ دەدرێت، له شوینی کار دەر دەکرێن و له هەموو مافێکی شارۆمەندی بێ بەهره دەکرێن، بۆیە کرێکاران بۆ بەدەست هێنانی ئاسایی ترین و سەرەتایی ترین مافەکانییان به ناچار لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ڕووبەڕوو دەبنەوه و به کردەوه دەکەونه خانەی دوژمنانی پله یەکی ئەم ڕژیمەوه.

بۆیه دەرکی ئەو ڕاستییه زۆر دژوار نییه که بە مانگرتن و ئاڕەزایەتی دەربڕینی سەراسەری و گشتگیرانەی کرێکاران ڕژیمی ئیسلامی تووشی قەیران دەبێت و کۆڵەکەکانی دەسەڵاتی دەکەونه لەرزین. به سەرهاته مێژووییەکانیش گەواهی ڕاست بوونی ئەم قسەیەن، لە ڕاپەڕینی ١٩٧٩ له ئێران ڕژیمی شا بە مانگرتنی کرێکارانی پیشەسازی نەوت پشتی شکا، هەر بۆیه خزمەتکردن به خەباتی بزووتنەوەی کرێکاری، خزمەتکردن به بردنه سەرەوەی ئاستی ئاگاهی چینایەتی کرێکاران و خزمەتکردن به ڕێکخراو بوونی کرێکاران وتنەوەی چەند دروشمی ئایدیولۆژیک نییه، بەڵکوو پێویستیێکی سەردەمیانەی کۆمەڵگای ئێرانه که به جێ هێنانی سەرجەمی ئەو کۆمەڵگایه له نەهامەتییەکانی ئێستا ڕزگار دەکات، بۆیه هەر مرۆڤێکی پێشکەوتووخواز و دژی ستەم و چەوساندنەوه، که له هەلومەرجی ئێستا زەجر دەبات، پێویسته ببێت به چالاکی ئەم رێبازه."

س.خ