کەیوان ئازاد: لەهەموو قۆناغەکانى مێژوودا کورد باجى یەکڕیزنەبوونى داوە

دکتۆر کەیوان ئازاد، پسپۆڕێکى بوارى مێژوو و مامۆستاى زانکۆ، ئاماژە بەوەدەکات، کە کورد لە هەموو قۆناغەکانى مێژوودا باجى یەکنەبوونى داوە، دەشڵێت: کورد ئەگەر نەشتوانێت یەکڕیزبێت، پێویستە ڕیزەکانى نزیک بکاتەوە، هەروەها سەرنج دەخاتە سەر ئەو هەوڵانەى پەکەکە داویەتى بۆ یەکێتى نەتەوەیى.



دکتۆر کەیوان ئازاد، مامۆستاى بەشى مێژوو لە زانکۆى سلێمانى و پسپۆڕى بوارى مێژوو، لەم چاوپێکەوتنەى ڕۆژنیوزدا- ئاماژە بەو هەوڵانە دەکات، کە لە مێژووى کورد-دا دراون بۆ یەکێتى نەتەوەیى کورد، هەروەها سەرنج دەخاتە سەر ئەو زیانانەى کورد کردوویەتى لە مێژوودا بەهۆى ئەوەى یەک ڕێز نەبووە، جەخت لەوەشدەکاتەوە، کە هەر بەهۆى یەک ڕیز نەبوون و پەرتەوازەییەوە بووە، کە خیانەت لەناو کورد-دا سەریهەڵداوە.

- دکتۆر با لەوەوە دەستپێبکەین، ئەو هەوڵانە کامانەبوون دراون بۆ یەکڕیزى و یەکێتى کورد لە مێژوودا؟

" پەکەکە یەکەم حزب بوو، کە لە ساڵى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا هەوڵى ئەوەیدا کورد یەک پەرلەمانى هەبێت"

کەیوان ئازاد: بەداخەوە یەکێک لە کێشەکانى مێژووى کورد یەک نەبوونى کوردە، ئەوەش هەمیشە ڕێگر بووە لەبەردەم سەرکەوتنى کورد، لە مێژوودا هەوڵ زۆردراوە بۆ یەکبوونى تیرە و هۆز و حزبەکوردییەکان، بەڵام هەوڵەکان بۆ یەکێتى نەتەوەیى هەوڵى نوێن، پەکەکە یەکەم حزب بوو، کە لە ساڵى نەوەدەکانى سەدەى ڕابردوودا هەوڵى ئەوەیدا کورد یەک پەرلەمانى هەبێت، پەرلەمانى کوردستان لە تاراوگە دامەزرا، هەوڵیدا کۆنگەى نەتەوەیى کوردستان دروستبکات، هەموو پارتە سیاسییەکان بە یەک پەیام و یەک بەرنامە کاربکەن، ئەو هەوڵە گەشتە ئەوەى کۆنگرەى نەتەوەیی  کوردستان ببەسترێت، لە باشورى کوردستان، بەڵام ئەو هەوڵە شکستى خوارد.

بەکورتى دەتوانین بڵێین هەوڵەکان بۆ یەکڕیزى کورد لاواز و ناوچەیى بووە، لە ٧٠ ساڵى ڕابردوودا کە پارتى سیاسى لە کوردستان دروست دەبێت، هەوڵەکان بۆ یەکێتى نەتەوەیى هەوڵى تاک لایەنە بووە، هەندێک جار پارتى سیاسى بەدەمیەوە هاتووە، بەڵام کێشەکە ئەوە بووە هێزێک تەنها ویستوویەتى خۆى ڕابەر و کەسى یەکەم بێت، نەیانوتنیوە بەرامبەر یەک سازش بکەن، بۆیە هەوڵەکانى یەکێتى نەتەوەیى بە ئاکام نەگەشتووە.

- ئەو قۆناغانە کامانەن لە مێژوودا کە کورد بەهۆى نەبوونى یەکێتى نەتەوەییەوە زیانى تێدا کردووە؟

"هیچ قۆناغێکى مێژووی کۆن و ناوڕاست و هاوچەرخمان نییە، کورد زیانى بەرنەکەوتبێت بە هۆى یەک نەبوونییەو"

کەیوان ئازاد: گەورەترین زیان کە کورد کردوویەتى لە مێژوودا بەهۆى پەرتەوازەییەکەیەوە بووە، هەر بەهۆى پەرتەوازەییەوە بووە، ، کە خیانەت لەناو کوردا دروستبووە، ئەو هێزە سیاسەى کە دەیەوێت لە هێزە کوردییەکەى بەرامبەرى بدات و تواناى نییە، دەگەڕێتەوەبۆلاى دوژمن بۆ ئەوەى هێز پەیدا بکات، ئەوەشیان ناو ناوە تاکتیکى سیاسى.

هیچ قۆناغێکى مێژووی کۆن و ناوڕاست و هاوچەرخمان نییە، کورد زیانى بەرنەکەوتبێت بە هۆى یەک نەبوونییەوە، هەرچى شۆڕش و ڕاپەڕین و ئەزمونى سیاس حزبى هەیە، پەرتەوازى زیانى پێگەیاندووە.

- ئەگەر باس لە چەند نمونەیەکى مێژووی بکەین دەتواین چى بە نمونە بهێنینەوە؟

" هەمیشە دوژمنانى کورد سودیان لە یەکنەبوونى کورد بینیوە"

کەیوان ئازاد: ئەگەر باس لە مێژووى ١٠٠ ساڵى ڕابردوو بکەین، شێخ مەحمود، دەبێتە مەلیکى کوردستان، لە ساڵى ١٩٢٢دا ئەم حکومەتەى شێخ مەحمود، لەلایەن عادیلە خان، لە هەڵەبجە دانى پێداناندرێت، لەلایەن بابەکر ئاغاى پشدەریی لە  قەڵادزێ و ڕانیە دانى پێداناندرێت، لەلایەن تاڵەبانییەکانى کەرکوک دانى پێداناندردێت، بۆیە بەهۆى ئەوەوە حکومەتەکە شێخ مەحمود شکست دەهێنێت.

شۆڕشى شێخ سەعیدى پیران، لە ساڵى ١٩٢٥ لە باکورى کوردستان، بەهۆى ناکۆکى نێوان فەرماندە سەربازییەکان و کەسایەتییە ئاینییەکانى دەوروبەرى شێخ سەعید، شکست دەهێنێت و شێخ سەعیدى پیران و ٥٢ هاوڕێى لە سێدارە دەدرێن

لە ڕۆژهەڵاتى کوردستان، کە قازى محەمەد، لە ساڵى ١٩٤٦ دا کۆمارى مهابات ڕادەگەیەنێت، دواى ١١ مانگ، بەهۆى ئەوەى هۆز و تیرەکان پشتى قازى محەمەد بەردەدەن و دەچنە پاڵ دەوڵەتى ئێران، کۆمار شکست دەهێنێت، دەتوانین بڵێین کورد ئەزمونکى خراپى لە نەبوونى یەکڕیزیدا هەیە.

ئێمە وەک پسپۆڕان و مامۆستایانى مێژوو، چەندین ساڵە هاوار دەکەین، کورد ئەگەر ناتوانێت یەکڕیزبێت با لانى کەم ڕیزەکانیان نزیک بێتەوە، مەرج نییە پەکەکە و پ- د- ک و ى- ن- ک، یەک ستراتیژ و یەک ئامانجیان هەبێت، بەڵام دواجار ئەمانە بۆ کورد خەبات دەکەن، بۆ یەک ئامانج خەبات دەکەن، بەڵام ئەوە لەبەرچاو نەگیراوە، بۆیە هەتاوەکو ئێستا کورد نەبووەتە ژمارە و ڕەقەم، هەمیشە دوژمنانى کورد سودیان لە یەکنەبوونى کورد بینیوە، هەوڵیانداوە لایەنەکوردییەکان بکەن بە دوژمنى یەک، هەمیشە بە هێزێکى کوردی لە هێزێکى دیکەى کوردیان داوە، کاتێک پەکەکە لە باکورى کوردستان دێتە مەیدان بە هێزێکى دیکەى کوردیی لێى دەدرێت،کاتێک پ- د- ک، لە باشورى کوردستان خەبات دەکات بە هێزێکى دیکە لێى دەدرێت، کاتێک ى- ن- ک، دەیەوێت لە قۆناغێکى نوێدا خەبات بکات بەهێزێکى دیکە لێى دەدرێت.

لەبەر ئەوەى دوژمنەکانى ئێمە دەوڵەت و هێز و پارەو پەیوەندى نێودەوڵەتییان هەیە، هەموو کاتێک هەوڵیان داوە کورد پەرتەوازە بکەن و پارتە کوردییەکان بە فشار و بە پارە و بە پیلان دژى یەک بەکار بهێنن.

- ئەم لایەنە کوردییانە توانیوویانە هیچ ئەزمونیک لەو نمونە مێژوویانە وەربگرن، کە کورد بەهۆى یەک نەبوونییەوە شکستى تێدا خواردووە؟

" چەندین جار ئەمانەمان پێوتوون بەڵام بەگوێیان نەکردووین"

کەیوان ئازاد: بەداخەوە نەیانتوانیوە، ئێمە چەند پێیان دەڵیین پاساو دێننەوە بۆ ئەوە، دەڵێن دۆخى ئێمە وەک دۆخى ئێوەى ئەکادیمى نییە، ڕاستە کاتێک سیاسى کار دەکات ناتوانێت وەک ئەکادیمییەک کار بکات، بەڵام دەتوانێت سود لە ئەزمونەکان ببینێت، بۆنمونە من دەڵێم با یەکڕیزبین، یەکڕیزبوون بەوەدەبێت، کارێک بکەیت بەرژەوەندییەکانى خۆت بەسەر بەرژەوەندییەکانى بەرامبەردا نەسەپێنیت، کەسێک کە لە پارتەکەى تۆ نییە، پەراوێزى نەخەیت، سود لە تواناکانى وەربگریت، بۆنمونە کەسێک هەیە ئیدارییەکى باشە، فەرماندەیەکى سەربازى باشە، توانایەکى دیکەى هەیە، ئەگەر لە پارتەکەى تۆش نەبێت پەراوێزى مەخە و سود لە تواناکانى وەربگرە، چەندین جار ئەمانەمان پێوتوون بەڵام بەگوێیان نەکردووین.

- باشە دکتۆر، ئەگەر بە گوێى ئێوە و داواکارییەکانى هاوڵاتیان نەکەن، کە داواى یەکێتى نەتەوەیی و یەکڕیزیان لێدەکەن، چ زیانێن بە خۆیان و کورد دەگەیەنن؟

" گەشتنى کورد بە ئامانجەکانى دوادەخات"

کەیوان ئازاد: بەبڕوا من، ڕەوشى کورد لە ١٠٠ ساڵى ڕابردوو جیاوازە، کوردستان وەک خاک، بایەخێکى گرنگى هەیە بۆ وڵاتان هەتا تورکیا و ئێران و سوریا و عێراق-ش دەیانەوێت کێشەى کورد بەپێى بەرژەوەندییەکانى خۆیان چارەسەربکەن، بۆ نمونە تورکیا دەیەوێت، لە باشورى کوردستان، هێزێکى ناوچەیى هەرێمى هەبێت، بەڵام بۆ بەرژەوەندییەکانى تورکا کار بکات، ئێران دەیەوێت هەرێمى کوردستان دەروازەکانى ڕۆژهەڵاتى بۆ بپارێزێت، عێراقیش دەیەوێت هەرێمى کوردستان بمێنێتەوە بۆ ئەوەى لە داهاتوودا لە تورکیا و ئێرانى پێبدات، لە بەرامبەریشدا وڵاتانى نێودەوڵەتى دەیانەوێت دەسەڵاتێکى سیاسى دروستبکەن کە بەرژەوەندییەکانیان بپارێزێت، چونکە خاکى کوردستان خاکێکى ستراتیژییە خەڵکى کوردستان خەڵکێکى ئازا و کۆڵنەدەرە، دژى ستەم تێدەکۆشێت و ماندوو نابێت، بەڵام کێشەکە ئەوەیە هێزەکانى یەک نین، ئەم خاکە مێژوویى و ستراتیژى و خەڵکە بوێرە هێزێکى سیاسى یەکگرتووى نییە، ئەوەش گەشتنى کورد بە ئامانجەکانى دوادەخات.

- لەباکورى کوردستان هەشت پارتى کوردى بڕیاریان داوە بەیەکەوە بەشداریی لە هەڵبژاردنى شارەوانییەکاندا بکەن، ئەوە تاچەند گرنگە، چۆن دەکرێت ئەو یەکڕیزییەى ئەو پارتانە بکرێتە نمونەیەک بۆ هەموو کوردستان؟

" ئەوەدەکرێت بکرێتە نمونەیەک بۆ هەموو کوردستان"

کەیوان ئازاد: ئەوە سود وەرگرتنە لە ئەزموونە مێژوویەکان، بۆیان دەرکەوتووە ئەگەر پەرتەوازەبن شکست دەخۆن، کورد ٣٠%ى دانیشتوانى تورکیا پێک دەهێنێت، بۆیە ئەگەر پەرتەوازەبن ناتونن سەربکەون، ئەوەدەکرێت بکرێتە نمونەیەک بۆ هەموو کوردستان، ئەگەر ئەو پارتانە یەکڕیزیی خۆیان تێکنەدەن و لەدەرەوەش پەکەکە وەک هێزێکى سیاسى شۆڕشگێڕ پشتگیرییان بکات، سەردەکەون و ئەزمونى باکورى کوردستان بە ئاقارێکى باشتردا دەبات.

- چەند گرنگە بە خێرایى یەکێتى نەتەوەیى پێک بێت؟

" ئەگەر کۆنگرەى نەتەوەیى نەبەستین بە ئەنجام ناگەین"

کەیوان ئازاد: جا ئەوە هیواى ئێمەیە، بەبڕواى من چەند زوتر کۆنگرەى نەتەوەیى ببەسترێت، ئەزمونى کوردایەتى ئەوەندە دەچێتە پێشەوە، ئەو کاتە ڕەنگە ئێمە دەوڵەتى کوردیی ببینین، ئەگەر ئەوە دوابکەوێت ڕەنگە چەند نەوە دواى ئێمەش دەوڵەتى کورد نەبینن، هەموو کورد دەبێت ئەوە بزانێت، کە دوژمنەکانى ئێمە بەهێزن، لاواز نین، بۆیە ئەگەر ئێمە پەرتەوازەبین و یەک ڕیز نەبین و کۆنگرە نەتەوەیى نەبەستین، ئەوا بەئەنجام ناگەین.

د.ع