گۆنا سه‌عید: گۆڕینی ریشەیی دۆخی ژنان بەندە بە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا‌


رۆژنیوز – بێریڤان محەمەد

گۆنا سەعید چالاکوانی مافەکانی ژنان، لە چاوپێکەوتنێکی رۆژنیوز دا پەراوێزخستنی ژنان و بەکارهێنانی پرسی ژنان بۆ دەستکەوتی حزبی لەناو دەسەڵاتی هەرێمی کوردستان بەوردی دەخاتەڕوو، باس لەوە دەکات کە سیاسەتێکی دووڕوو سایەی کێشاوە بەسەر هەموو بابه‌‌ته‌ گرنگەکانی کۆمەڵگەدا، لەوانە مه‌سه‌له‌ی مافەکانی ژنان.

ده‌قی چاوپێکه‌وتنه‌که‌:

رۆژنیوز: هەمیشە رەخنەی پەراوێزخستنی ژنان هەیە لە گۆڕەپانی سیاسی هەرێم، ئێستا لەم دۆخە ئاڵۆزەی هەرێمدا ژنان لە کوێی مەیدانی سیاسیدان.؟

- ژنان وەک ژمارە لە مەیدانی سیاسەتدا زۆرن، بەڵام لەوێ نوێنەرایەتی بەرژەوەندی چینایەتی و حزبی و تاکە کەسی خۆیان دەکەن نەک مافەکانی ژنان، تەنانەت زۆربەی کات ئەو بەرگریکردنەیان لە بەرژەوەندی دەسەڵاتی حزبی و سیاسیدا وا دەکات کە دژی ماف و ئازادییەکانی کۆمەڵگە و ژنان بوەستنەوە و لەوەش زیاتر رێگە بدەن، کە ئەوان وەک رەگەزی مێ و ژنی سیاسی بەکاربهێنرێن، بۆ جوانکردنی رووی ئەو دەسەڵاتە و داپۆشینی پیشێلکاریییەکانی لەبەردەم جیهانی دەرەوە.

"بەشداری ژن لە سیاسەتدا لەگاڵتەیەکی ناخۆش دەچێت"

لە دوای راپەڕین و تا ساڵی ٢٠٠٣ ئەو ژنانەی شانسی بەشداری سیاسیان لە نێو حزبەکاندا هەبوو زۆر کەم بوون، تەنها ئەو ژنانە بوون کە خۆیان و خیزانیان تێکەڵاو بە نوخبەی سەرکردایەتی ئەو حیزبانە بوون و خزم وکەسی نزیکیان بوون، خۆشیان بەشێک بوون لە دامەزراندنی ئەو سیستمی دەسەڵاتەی هەرێم لەگەڵ یەکێتی و پارتیدا، لەدوای ٢٠٠٣ ەوە ئیتر سیستەمی کۆتا هات وەک بەشێک لە دروستکردنەوەی سیستەمی حوکمرانی لە عێراق و هه‌رێمی کوردستان، مەرجی %٣٠ نوێنەرایەتی ژنان یان بۆ حزبەکانی بەشداری دەسەڵات دانا، لەم نێوەدا حزبەکان پێویستیان بە پڕکردنەوەی ژمارە بوو، واتە بەشداری فراوانی ژنان بەڕێژەی ٣٠% پەیوەندی بە بەکارهێنان و گەشەدان بە توانا و بەهرەکانی ژنان لە سیاسەتدا وەک بەشێک لە بونیاتنانی کۆمەڵگەیەکی پیشکەوتنخواز و دەسەڵاتێکی مەدەنی نەبوو، هەرچەند سیستەمی کۆتا بە مانای هەڵاواردنێکی ئه‌رێنییانه‌ بە قازانجی ژنان لە کۆمەڵگەیەکی وەک عێراق و هه‌رێمی کوردستان کارێکی ئه‌رێنییه‌ و بە قازانجی مەدەنییەتی کۆمەڵگەیە، بەڵام نە لە عێراق و نە لە هه‌رێمی کوردستان ئەمە نەیتوانی ببێتە هۆی نوێنەرایەتیکردنی کێشە و مەسەلەکانی ژنان لەنێو کایەی سیاسی و سیستەمی دەسەڵاتدا، بەڵکو لەدوای چەند ساڵێک لە سیستەمی کۆتا، بەشداری ژنان لە سیاسەتدا لە گاڵتەیەکی ناخۆش دەچێت، چونکە بارودۆخی خراپی ژیانی ژنان و بێ مافیەکانیان و توندوتیژی لەبەرامبەریان زیادیکردووە و کەمینەکردووە، ئەم کۆتایە یەک ئامانجی پێکا، ئەویش بوونی ژن بوو لە پەرلەمان، بەڵام نەک ژنی خەباتگێڕ و پێداگر لەسەر مافەکانی ژنان، بەڵکو نوخبەیەک لە ژنانی سیاسی حزبی سیکتاریست و بەرژەوەندخواز.

"لەدەرەوەی بەرژەوەندی حزبەکانیان ژنان ناتوانن کاریگەرییەکی ئەرێنییان هەبێت"

لەنێو ئەم سیستەمە حزبی میلیشیایەدا یەک جۆر مرۆڤی سیاسی بەرهەم دێت بە ژن و پیاوەوە، سیاسی گوێرایەڵی بنەماکانی حزبەکەی خۆیان دەبن کە ئەوانیش هەموو لەسەر بنەماکانی بنەماڵەیی و میلیشیایی و خێڵەکی دامەزراون، نەک بنەما مەدەنییەکان، ئەوەی گرنگە بەرژەوەندی حزبییە نەک خەڵکی، ئاکامی ئەم جۆرە لە سیاسەتکردن ئەوەیە، کە ژنانی سیاسی ئەگەر وەک تاکە کەسیش بیانەویت هەوڵ بدەن، لەباشترین حاڵەتدا ناتوانن هیچ کاریگەرییەکی ئەرێنیان بۆ سەر مەسەلەی مافەکانی ژنان هەبێت مەگەر لەچوارچێوەی بەرژەوەندی حزبەکەیاندا جێگای بێتەوە، چونکە لە کۆتاییدا ئەم ژنانە لەپێناو مانەوەی پۆستەکانیان ملکەچی بەرنامە و سیاسەتی دینی و خێڵەکی و دواکەوتوانەی حزبەکانیان دەبن.

رۆژنیوز: کەواتە دەتوانین بڵێن ژنان لە گۆرەپانی سیاسی بە رەنگی خۆیان وەک ژن ئامادەییان نییە؟

- ژن بەفراوانی ئامادەیی هەیە لە گۆرەپانی سیاسی وەک تاکێکی کۆمەڵگە، بەڵام ژنان نوێنەرایەتی مەسەلەی ژنیان لەسیاسەتدا نەکردووە، بەدوو بەڵگەوە، یەکەم هیچ حزبێکی نێو دەسەڵات و ئۆپۆزسیۆنی پێشتر نییە کە بە تایبەت بۆ بردنە پێشەوەی دۆزی ژن دروستبووبێت، یان مەسەلەی ژنان یەکێک لە خاڵە سەرەکییەکانی خەباتی سیاسی بێت، دووەم "بنمیچێک" هەیە بۆ هەر سیاسییەکی نێو ئەم حزبانە کە ناتوانێت سەری لەوە زیاتر بەرزکاتەوە، ئەویش بەرژەوەندی حزب و بنەما سەرەکییەکانی کاری حزبەکەی خۆیەتی، حزبەکانی هه‌رێمی کوردستانیش یان بورژوا - ناسیۆنالیستێکی عەشایەرن یان هێزێکی ئیسلامی سیاسین، ئەمانەش هەردووکیان مەسەلەی رزگاری ژنیان پەراوێزخستووە و هەر بەبابەتی نازانن و بگرە بە پێچەوانەوە زیاتر لە دژی وەستاونەتەوە، بۆیە ئەمە ئەو بنمیچەیە کە ژنانی سیاسی نێو ئەو حزبانە ناتوانن تێیپەڕێنن، هەر باسکردنێک لە یەکسانی ژن و پیاو و چەسپاندنی مافە مەدەنییەکان و دەسەڵاتی مەدەنی و سێکولار، لە به‌رنامه‌ و باسی ئەواندا نییە، ئەگەر هەشبێت تەنها کاتی هەڵبژاردنەکانە، کە باس لە مافەکانی ژنان دەکەن، چونکە پێویستیان بە دەنگی ژنان دەبێت.

رۆژنیوز: لەڕووی سیاسییەوەوە ژنان چ زیانێکی لەم دۆخە سیاسییە کردووە؟

- لەساڵانی نەوەدەکان خەباتکردن بۆ مافەکانی ژنان و سیاسەتکردن زۆر روون و راستەوخۆتر بوو، بە مانایەکی تر تۆ شەفاف و ئاسان دەتتوانی دیاری بکەیت کە کێ دژی مافەکانی ژنانە و پیشێلیان دەکات، کام حزب، کام ئایدیۆلۆجیا، کام هێزی سیاسی و کام یاسا، بە ئاسانی دەمانتوانی لەدژیان بێێنە دەنگ، بۆ ژنێکی ئاسایی نێو کۆمەڵگە زۆر ئاسان بوو تێبگات کێ کۆنەپەرستە و دژی مافەکانی ئەوە و کێ بە پێچەوانەوە باس لە رزگاری راستەقینەی ژنان و ماف و ئازادییەکانیان دەکات، بەڵام لەم بارودۆخەی ئەمڕۆدا ئەم مەسەلەیە تەواو هەوری لێ نیشتووە و مرۆڤی ئاسایی نێو کۆمەڵگە بە ئاسانی ئەمانە لە یەک جیاناکاتەوە، بۆنمونە بە سەدان ژن هەن کە پێیان دەڵێن چالاکی بواری ژنان، هەریەکە و لە ئاوازێک دەخوێنێت، هەیە لە حزبێکی ئیسلامیدا بەرگری لە فرەژنی دەکات وەک مافێکی ژنان، ژنێکی تری ئیسلامی لەژێر ناوی مافی ژندا باس لە ئازادی حیجاب و مافی مارەیی دەکات، ژنێکی سفور باس لە جێگیرکردنی سەوابتی ئیسلامی دەکات، پیاوێکی قۆزی قات و بۆینباخ بە کۆڵێک مکیاجەوە بەردەوام مەلاکان دێنیتە سەر شاشەی کەناڵەکەی تا دژی ئازادی تاکە کەس و خۆڕازاندنەوەی گەنجان و جلوبەرگ لەبەرکردنیان قسە بکات، ژنێکی سێکولار لە نێو حزبێکی بنەماڵەیی وخێڵەکیدا پاساو بۆ تیرۆری ئازادی ودەنگی ئازاد دێنێتەوە، ئەمە یەکێکە لە گەورەترین زیانەکان کە بەر مەسەلەی ژنان کەوتووە و دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان زۆر وریایانە کاری لەسەر ئەم بەلاڕێبردنەدا کردووە.

رۆژنیوز: ئەو عەقڵێتە یان مۆدێلە سیاسییە چییە لەم بەشەی کوردستان کە ناهێڵێت ژنان بێنە پێشەوە؟

- عەقڵیەتی دەسەڵاتی سیاسی لە هەرێمی کوردستان لەپشتی ئەم پەراوێزخستنەی ژنانه‌نه‌وه‌یه‌، با وەسفێکی گشتی ئەو عەقڵیەتە بکەم، سیستەمی سیاسی لە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی میلیشیایی و نامەدەنی یە، لە باری ئابوورییەوە نیو – لیبرالیزم بەکاردێنیت بۆ چەرخاندنی بازاڕ و دروستکردنی کۆمپانیاکانی کەرتی تایبەت کە لەڕاستیدا کۆمپانیای حزبەکانە و بۆ بازرگانی نەوت و دەرمان و جگەرە و خواردن و خواردنەوە و ..هتد بەکاردێن، ئامانج لەمە تەنها کۆکردنەوەی قازانجی خێرا و لە رادەبەردەرە بۆ چینی دەسەڵاتدار، ئەم سیستەمە نەک تەنها ژنان بەڵکو بەشی هەرە زۆربەی کۆمەڵگەی پەراوێزخستووە و هیچ کاتێک دەست نابات بۆ بونیادنانی ژێرخان و دروستکردنی کار و پیشە بۆ نەوەکان و بوژانەوەی پێشەسازی، چونکە هیچ قازانجێکی خێرا و بەردەست لەمانە ناکات.

لە باری سیاسیەوە بنەماکانی هەڵبژاردن و دیموکراسی تەنها روکەشێکن بۆ داپۆشین و جوان نیشاندانی ئەم دەسەڵاتە میلیشیای یە لە دنیای نێودەوڵەتیدا و لەبەر چاوی خەڵک، پەرلەمان و حکومەت لە کەسانی حزبی پێکهاتوون، کە کاریان پاراستنی بەرژەوەندی خەڵکی نیە، بەڵکو بەرژەوەندی حزبە و لەو نێوەندەشدا بەرژەوەندی بنەماڵەکان و سەرکردە حیزبییەکان و خۆشیان.

لە سەرخانی کۆمەڵگەدا ئەم حزبانە کەلتوری گشتی کۆمەڵگەیان راده‌ست بە هەژموونی دینی ئیسلام و سەلەفیەت و زیندووڕاگرتنی داب و نەریتە خێڵەکیەکان کردووە، هەموو کۆمەڵگەیان سه‌رقاڵکردووە بە مەسەلەکانی ئەخلاق و سێکس و دین-ەوە ، لەم نێوەدا ژن گەورەترین قوربانیە و دووبارە بەکاری دێننەوە بۆ ئەم ئامانجە، لەسەر ئاستی خیزان و کۆمەڵگەشدا ژنیان کردۆتە بونەوەرێکی بێ دەسەڵات و دەستەمۆ، ئەرکی ژنی ماڵیان کردوەتە گەورەترین و پیرۆزترین ئەرکی ژن، چاودێریکردنی جل و بەرگ و هەڵسوکەوتی ژنان و ئازادیە تاکه‌که‌سییه‌کان و تەفسیری دینی و دواکەوتوو بۆ هەموو دیاردە مەدەنی و کۆمەڵایەتییەکان، هەروەها مەسەلەکانی تری وەک مەسەلەی ستەمی میللی و سەربەخۆیی کوردستان و مەلەفەکانی حزبی بەعس و کەیسەکانی گەندەڵی و لێدانی بەرژەوەندییەکانی یەکتریان کردۆتە بابەتەکانی رۆژ بۆ خەڵک، میدیا و دام و دەزگاکانی پڕوپاگەندە و هێزەکانی ئاسایش و دەزگا سیخوڕەکانیان لەپێناو ئەمانەدا وەک مه‌کینەیەکی مەزنی دەستبەسەراگرتن و ئاڕاستەکردن و کۆنترۆڵکردنی سەرنجی کۆمەڵگا و رای گشتی کار پێدەکەن، سەرکوتی ئازادی و دانانی یاسای کۆنەپەرستانە و سنوردارکردنی هەموو جۆرە ئازادییەک و چالاکییەکی مەدەنی و جەماوەری ئامرازێکی تری دەستی ئەم دەسەڵاتەن کە بۆ مانەوەیان پێویستییانە.

رۆژنیوز: بەرامبەر بەم دۆخە و بۆ بەدەستخستنی مافەکانی ژنان دەبێت ژنان چ شەڕێک بکەن و چۆن دەتوانن سەربکەون؟

- رێگای رزگاربوونی ژنان لەم بارودۆخە پێویستی بەهاتنە مەیدانی کردەیی خودی ژنانە بە هاوخەباتی و هاوپشتی چینایەتی پیاوانی ئازادیخواز و یەکسانیخواز بۆ بەرەنگاربوونەوە و هەڵوەشانەوەی میکانیزمەکانی ستەم لەسەر ژنان، هەروەها لە بناغەوە هەڵتەکانی تەواوی بنەما فکری، سیاسی، کۆمەڵایەتی، ئابوری و کولتورییەکانی چەوسانەوە و هەڵاواردنی ژنان، دۆخی ژنان لە هه‌رێمی کوردستان دابڕاو نیە لە دۆخی گشتی کۆمەڵگە، کۆمەڵگەی کوردستان بەرەو رووی دەسەڵاتێکە، کە چاکسازی هەڵناگرێت و خەڵکی خوازیاری گۆڕینی ڕیشەیین لە سیستەمی دەسەڵاتدا، ژنان دەبێت رێکخراوبن لە بزوتنەوەیەکی سیاسی و کۆمەڵایەتی و جەماوەریدا، تا بتوانن وەک هێزێکی ناڕازی و بەشێک لە ناڕەزایەتی گشتی کۆمەڵگە لە هەمانکاتدا هەم لە هەوڵی باشکردنی دۆخی ژناندابن لەژێر سایەی ئەم دەسەڵاتەدا، هەم بەشداری کارایان هەبێت لە دروستکرددنی ئاڵوگۆڕێکی ڕیشەیی لە سیستەمی دەسەڵاتدا.

"گۆڕینی دۆخی ژنان بەندە بە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا"

مەیدانی شەڕی ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان زۆر بەرفراوانە و هەموو مەیدانەکانی تری کۆمەڵگە دەگرێتەوە، چونکە لەبنەڕەتەوە گۆڕینی ریشەیی بارودۆخی ژنان بەندە بە گۆڕینی دەسەڵاتی ئێستا بە دەسەڵاتێکی راستەقینە لە نوێنەرانی خەڵکی، کە نە دینی بێت و نە قەومی و سێکولاریست بێت، هەرچی سیمای خێڵەکی بوون و پیاوسالارییە لە خۆی داتەکێنێت، لە هەنگاوی یەکەمیدا ئەرکی ئەوە بگرێتە ئەستۆ کە یەکسەر هیچ جۆرە هەڵاواردنێک لە یاسا و دەستوردا بەرامبەر ژنان نەهێڵێت، ماف و ئازادییە تاکە کەسییەکانیان مسۆگەر و پارێزراو بکات، لە سیستمی خوێندن و پەروەردەدا مافی هاوڵاتیبوون و یەکسانی ژن و پیاو جێگیربکات، موچە و دەرماڵەی یەکسان بدات بە ژنان و پیاوانی کرێکار و کارمەند، ژیانی ژنان وپیاوانی بێکار و ئامادە بەکار وەک یەک دابینبکات و بیمەی کۆمەڵایەتی تێر و تەسەلیان پێ بدات، دایەنگا و پێویستییەکانی دایکایەتی بۆ ژنان دابین بکات تا دانەبڕێن لەبواری ژیانی سیاسی و کۆمەڵایەتی و بتوانن کاریگەرانە بەشداری بکەن، ئەمەش بە خەبات و شۆڕشی بەشی پێشڕەو و چین و تویژە چەوساوەکانی کۆمەڵگە دێتە دی.

س.خ/ش.ف