گەریلا زنجیرەیەک چالاکی ئەنجام دا

لە ڕاگەیەندراوێکدا هەپەگە ڕایگەیاند، لە جولەمێرگ لە زنجیرە چالاکییەکی گەریلاکانیاندا سێ سەرباز و دوو بەکرێگیراوی تورکیا کوژراون.


دەربارەی دوواین چالاکییەکانی گەریلا، ئێوارەی دوێنێ هەپەگە ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و تێیدا ئەنجامی چالاکی گەریلاکانی لە پارێزگای جۆلەمێرگی باکوری کوردستان ڕاگەیاند، کە گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار تێیدا بەشدارییان کردووە.

دەقی ڕاگەیەندراوەکەی هەپەگە بەمشێوەیە:

"لە هەرێمەکانی پارستنی مەدیا و لە چوارچێوەی هەڵمەتی شۆڕشگێڕی شەهیدان باگەر و ڕووناهی دا، گەریلاکانمان لە دژی سوپای کۆماری تورکیای داگیرکەر زنجیرە چالاکییان ئەنجام داوەتەوە و گورزی قورسیان لەو سوپایە داوە"

لە چەلێ سێ سەربازی داگیرکەر کوژران

"لە کاتژمێر ۰٤:۰۳۰ی بەرەبەیانی ڕێککەوتی ۱٤ی ئەم مانگە، لە گردی دەڤێ ماسی سەر بەناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ، بارەگا و ئامێر و تفاقی سەربازی سوپای تورکیا بوونەتە ئامانجی چالاکیی گەریلا و خاپوور کران، دوای چالاکییەکە سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا لە هەمان شوێن ئۆپەراسیۆنی ئەنجام داوە و بەو ئامانجەی بگاتە گردەکە و بەهانای سەربازەکانی ئەوێوە بچێت، بەڵام لە لایەن گەریلاوە بە قورسی لە ئۆپەرسیۆنکاران دراوە و لە ئاکامیدا هێندەی زانراوە سێ سەربازی دووژمن کوژراون و دوو سەربازی دیکەش بریندار بوون، دوابەدوای ئەوەش دووژمن بێسەروبەرانە بە هاوەن و ئوبوس تۆپبارانی ناوچەکەی کردووە، سەرەنجام گەریلاکانمان بە سەلامەتی لە ناوچەکە دوور کەوتوونەتەوە و گەڕڕاونەتەوە بارەگاکانی خۆیان"

لە چالاکی ژنە گەریلاکاندا ۲ کۆنترا (بەکرێگیراو) کوژراون

لە ڕێککەوتی ۹ی حوزەیراندا، لە دژی کاروانێکی چەکدارانی کۆنترا (بەکرێگیراو) کە لە گردی پاراستنەوە بەرەو سەربازگەی وارگەنمی ناوچەی گەڤەری جۆلەمێرگ دەچوو، ژنە گەریلاکانی یەکینەکانی ژنی ئازاد یەژاستار چالاکییان ئەنجامداوە و لە ئاکامیدا دوو کۆنترا کوژراون، کەچی سوپای تورکیا بانگەشەی کردووە لەو چالاکییەدا دوو هاوڵاتی سڤیل کە پیشەیان کرێکاری بووە لە سەربازگەیەدا کوژراون، بەڵام ئەو بانگەشەیە دوورە لە ڕاستییەوە، چونکە پێشتر چەندین جار ئەو دوو چەکدارە بەکرێگیراوە لە لایەن هێزەکانمانەوە هۆشیار کرابوونەوە تا دەستبەرداری کۆنتراگەریی ببن، بەڵام ئەوان هۆشدارییەکەی ئێمەیان بەهەند وەرنەگرت و چالاکانە بەردەوام بوون لە دژایەتیکردنی گەلی کورد و تەڤگەرەکەی و بۆیە دەرەنجام بە سزا گەیەندران، دەبێت گەلەکەشمان وریا بێت و فریوی ئەو جۆرە هەواڵە چەواشەکارانەی دوژمن نەخۆن.

دوو گەریلا شەهید بوون

لە کاتژمێر ۲۳:۰۰ی ۷ی ئەم مانگە، لە گوندی لیجۆکی سەر بە ناوچەی لیجەی پارێزگای ئامەد، سوپا داگیرکەرەکەی تورکیا بە پشتیوانی فڕۆکەی پشکنین و یەکینەی نهێنی ئۆپەراسیۆنی سەربازی دەست پێکردبوو، لە کاتژمێر  ۰۱:۲٥ خولەکی بەرەبەیانیشدا دوژمن بە فڕۆکەی جەنگی بۆردومانی ناوچەکەی کرد و لە ئەنجامی ئەوەشدا دوو هاوڕێی گەریلامان شەهید بوون، کە دواتر ناسنامەکایان بۆ ڕایگشتی بڵاو دەکەینەوە.

فڕۆکە جەنگییەکانی قەندیلیان بۆردومان کرد

"لە کاتژمێر ۲۰:۰۰ تا ۲۳:۰۰ی شەوی ۱٥ی ئەم مانگە، فڕۆکە جەنگییەکانی ڕژێمی تورکیا گوندی ئنزێی سەر بە هەرێمی قەندیل-یان بۆردوومان کردووەتەوە، بۆردوومانەکە زیانی گیانی و ماددی بۆ هێزەکانمان نەبووە، بەڵام زیانی زۆری ماددی بە ڕەز و باخی هاوڵاتیانی مەدەنی گوندەکە گەیاندووە".

س.ح