گەڵاڵی: کاتێک پێشمەرگە لەشەنگال کشانەوە گەریلا ئێزدیەکانی لە داعش پاراست


رۆژنیوز ـ وەهبی دەمیر/ مەزلووم ئامەد

بەرپرسی مەڵبەندی یەکێتی نشیتمانی کوردستان لەناوچەی مەخمور رەشید گەڵاڵی سەبارەت بەدەست پێکردنی ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ، ئەو لایەنانەی بەشداردەبن و بەشدارنابن، ئەنجامە بەدەستخراوەکانی ئەو ئۆپەراسیۆنانە و لێدوانی مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی لەسەر دژایەتی خۆی بۆ بوونی گەریلا لەشەنگاڵ و بەشداری گەریلا لەئۆپەراسیۆنی موسڵ، رەوشی ئێستای هەرێمەکە و کۆنگرەی نەتەوەیی، وەڵامی پرسیارەکانی ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوزی دایەوە.

بەگوێرەی وتەکانی هەندێ لایەن ئۆپەراسیۆنی موسڵ تا ئێستا دەستی پێ نەکردوە، ئایا بەشێوەیەکی فەرمی ئەو ئۆپەراسیۆنە دەستی پێکردوە یان نا و کام لایەن بەشداری دەبن؟

گەڵاڵی: بەڵێ ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ لەباشور و رۆژئاوای ناوچەی مەخمورەوە دەستی پێکردوە و تا ئێستا لەلایەن سوپای عیراق بەهاوکاری فرۆکە شەڕکەرەکانی ئیف 16 ی هێزەکانی هاوپەیمانان چەند گوندی دەڤەری مەخمور رزگارکراون.

بۆچی هێزی پێشمەرگە بەشداری ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ نەبوون؟

گەڵاڵی: پێشمەرگە لەماوەی ساڵ و نیوێکدا ناوچەی مەخموریان لەداعش پاراست و پێشمەرگە لەنزیک ئۆپەراسیۆنەکەوە زۆر دڵگران بەوەی بەشداریان پێنەکراوە، بەداخەوە لەئێستادا ئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسڵ بەبێ پێشمەرگەی هەرێمی کوردستان دەستی پێ کردوە، رۆڵی پێشمەرگە لەو ئۆپەراسیۆنەدا لەبەرچاو نەگیراوە و ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەرلایەنە سیاسیەکانی باشور، پێشمەرگە و بەتایبەتی کاریگەری لەسەر بەرەی مەخمور دادەنێت، هەر چۆن بەشداربوونی پێشمەرگە بۆ رزگارکردنی ئەو گوندانەی لەلایەنی ئیداریەوە گرێدراوی ناوچەی مەخمور بوون بەگونجاو بینرا، دەبێت مرۆڤ ئەم پرسیارە لەخۆی بکات، لەبەر ئەوەی ئەو گوندانەی لەدەوروبەری مەخمور رزگار دەکرێن لەلایەن سوپای عیراقەوە رزگار دەکرێن، گوندی کوردانن، مەگەر دەبێت کەسێکی تربێت و خانووی تۆ رزگار بکات، ئەمە کاریگەری نەرێنی لەسەر هەموولایەک و بەتایبەتی لایەنە سیاسی و دام و دەزگا کۆمەڵایەتیەکان و بەتایبەتیش خەڵکی مەخموریش دروست کردوە.

ئاخۆ رێکەوتنێک لەسەر داهاتووی و چارەنوسی موسڵ پێکهاتووە؟

گەڵاڵی: تا ئێستا لەنێوان حکومەتی ناوەندی و عیراق و حکومەتی هەرێم رێکەوتنێکی روون و ئاشکرا لەسەر چارەنوسی موسل نیە، ئەمەش هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ خاڵێک، بەڵام هێزە کوردیەکان پاش ئەوەی موسل رزگارکرا ئەو کاتە ئەمە دەخەنەوە رۆژەڤ و گفتوگۆی لەسەر دەکەن. چونکە تا ئێستاش لەلایەن هێزە کوردیەکانەوە چارەنوسی موسل بەو شێوەیەی ئێستادا هیچ قەبوڵ نەکراوە و مایەی قەبوڵکردنیش نیە، موسل شارێکە لەلایەنی نەتەوەی، چاندی و ئاینی، زۆر دەوڵەمەندە و دەبێت چارەنوسی شارەکە بەگوێرەی ئەو راستیە مێژوویە رێکبخرێتەوە، لەشاری موسل کوردانی ئێزیدی، کاکەیی، شەبەک لەلایەنی مەزهەبیەوە شیعەن، مەسیحی، سوریانی، عەرەب و کورد و تورکمان و نەتەوەی دیکە هەیە. کەرکوکیش وەکو شارێک لەنەتەوەکان بەناو دەکرێت، بەڵام موسل لەکەرکوک لەو رووەوە زۆر دەوڵەمەندترە، چونکە لەکەرکوک ئێزیدی نیە، بەڵام لەموسل کوردانی ئێزیدی و شەبەکیش هەیە، لەبەر ئەوەش دوپاتی دەکەمەوە دەبێت بۆ چارەنوسی موسل راستینەی مێژوویی کوردان لەبەرچاو بگیردرێت.

بونی سوپای تورک لەباشوری کوردستان، بەتایبەتی لەبەعشیقە و دەڤەری بادینان و داواکاریان بۆ بەشداریکردن لەئۆپەراسیۆنی موسل بۆ داهاتووی باشوری کوردستان چۆن دەبێت؟

گەڵاڵی: بونی سوپای تورک لەزۆر شوێن لەباشوری کوردستان و بەتایبەتی لەم دوایانەدا هاتنیان بۆ هەرێمی بەعشیقە و بارزان دڵگرانیەکی بۆ حزبەکەمان و زۆر لەحزب و دام و دەزگای مەدەنی لەباشوری کوردستان دروست کردوە، چونکە سوپای تورک بەهەموو چەکە قورسەکانیانەوە تۆپ و تانک و فرۆکەی شەڕکەر بەشێوەیەکی ئازادانە و بەبێ ئەوەی ئیرادەی باشوری کوردستان لەبەرچاو بگرن و حیسابێکی بۆ بکەن خاکەمان پێشێل دەکات و سەربازگەی خۆی لەباشوری کوردستان دروست دەکاتەوە، دەبێت هەندێ لایەنەی باشوور پشتگیری سوپای تورک لەباشوور بکەن، دەبێت هەندێ لایەنی سوننە بیانەوێت سوپای تورک لەسنوری موسل بەجێبکرێت و بۆ هەمیشە لەوێبن، بەڵام زۆرینەی لایەنی سیاسی باشوری کوردستان بەتوندی دژی بونی سوپای تورکن لەسەر خاکی کوردستان و هیچ کاتێکیش ئەمە قەبوڵ ناکەن، چەندە سوپای تورکیش بیەوێ بەشداری ئۆپەراسیۆنی موسلیش ببێت و بەو بەهانەیەی لەچارەنوسی و داهاتووی موسل خاوەن رۆڵ بێت، بەڵام ئەو داوایە لەلایەن حکومەتی ناوەندیەوە بەشێوەیەکی توند رەدت کراوەتەوە.

تا ئێستا بەدەر لەشەرڤانانی یەبەشە بەشێوەیەکی فەرمی هیچ هێزێک بەشداری رزگارکردنی ئۆپەراسیۆنی موسل نەبووە، بەگوێرەی ئێوە ئاخۆ پێشمەرگە بەشداری رزگارکردنی موسل دەکات؟

گەڵاڵی: تائێستا بۆ بەشداربوونی پێشمەرگە لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسلدا رێکەوتن و لێتێگەیشتنێک لەنێوان لایەنەکاندا پێکنەهاتووە، بەلام من لەو باوەڕەدام کە هێزی کوردیش لەمەوبەدوا هەبوونی داعش لەموسل قەبوڵ ناکەن و لەرێ و رێبازی بەشداربوونی ئۆپەراسیۆنەکەش دەگەڕن، بەڵام لەلای رۆژئاوای موسل شەرڤانانی یەبەشە (یەکینەکانی بەرخۆدانی شەنگاڵ) بەشێوەیەکی فەرمی بەشداری ئۆپەراسیۆن بوون و تا ئێستا ژمارەیەک گوند و شوێنی ستراتجییان لەدەست چەتەکانی داعش رزگار کردوە، ئێمە وەکو یەکێتی پشتگیری ئەوە دەکەین کە هێزی کورد بەشداری ئۆپەراسیۆنی موسل ببن، چونکە رزگارکردنی موسل لەدەست چەتەکانی داعش نەک بەرژەوەندیەکی سیاسی بەپێچەوانەوەی ئەوە ئەرکێکی نەتەوەیی هەموو هێزە کوردیەکانە و دەبێت کوردیش لەسەر ئەم بنەمایە نزیک ببنەوە، بۆ ئەوەی هەموو خاکی کوردستان لە داعش پاک بکرێتەوە دەبێت هەرچوار بەشی کوردستان بەرۆحی هەمەلایەنە ئەرکی نەتەوەیی و مێژوویی خۆیان بەجێ بێنن.

بەگوێرەی ئەو کەشە سیاسی و سەربازیەی ئێستا لەباشور و عیراقدا هەیە چارەنوسی ئەو هەرێمانەی دەکەونە ناو ماددەی 140 چۆن دەبێت؟

گەڵاڵی: تا کەسێک کێشەکانی ناو ماڵی خۆی چارەسەر نەکات، ناتوانێت شتێک لەدەوروبەر بخوازێت و کەسێکیش ئەو بەجددی وەرناگرێت، رەوشی سیاسی، ئابوری لەباشور لەبەرچاوانە، هەموو جیهان دەبینێت، قەیرانێکی ئابوری ـ سیاسی لەباشور هەیە، پەرلەمان ناتوانێت رۆڵ و ئەرکی خۆی ئەوەی دەکەوێتە سەرشانی جێبەجێ بکات، کابینەکەی حکومەت هەڵوەشاوەتەوە، ئیرادەی سیاسی باشوری کوردستان کەلەلایەن هەموو پارتەکانەوە پەسەندکراوە بوونی نیە. ئەوەش بنەمای خۆی لەسەر بەرژەوەندی حزبی و بنەماڵەیی دەگرێت، لەبەرئەوەش دەبێت ئێمە حزبەکانی باشوری کوردستان پێش هەرشتێک خۆمان لەناکۆکی و بەرژەوەندی حزبی رزگار بکەین، لەبەرامبەر بەداگیرکەر و هێزە دەرەکیەکان یەکگرتوو و یەک ئیرادەبین، ئەو کاتە هەموو مافە رەواکانی خۆمان بەشێوەیەکی ئاسان بەدەست دێنین، ئەو هەرێمانەشی دەکەونە ناو مادەی 140 هەر بەمەوە گرێدراوە، ئەگەر بمانەوێت بەفەرمی بیانگەڕێنینەوە سەر خاکی باشوری کوردستان پێویستە حزبەکانی باشوری کوردستان یەک ئیرادە، یەک دەنگ و یەک بڕیاربن و ئەو کاتە بێگومان سەرکەوتن بەدەست دەهێنین.

لێدوانی مەسعود بارزانی لەسەر بوونی گەریلا لەباشوری کوردستان و بەتایبەتی شەنگاڵ و بەشداری کردنیان لەئۆپەراسیۆنی موسل چۆن هەڵدەسەنگێنین؟

گەڵاڵی: بێ ئەوەی باس لەلێدوانەکەی بارزانی بکەم دەمەوێت باس لەهەندێ راستی گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بکەم. لەرزگارکردنی هەرێمەکانی وەک خانەقین، جەلەولا، کەرکوک، مەخمور، شەنگاڵ و زۆر شوێنی تر لەباشوری کوردستان گەریلاکانی هەپەگە و یەژاستار بەقوربانیەکی زۆر و تێکۆشانێکی بێوێنە رۆڵی کەرامەت و مێژووییان لەئەستۆگرت و بەرخۆدانێکی باشیان نیشان داوە، ئەمەش راستیەکە و کەس ناتوانێت نکۆڵی لەو راستیە بکات. کاتێک پەکەکە گەریلاکانی خۆی بۆ رزگارکردنی ئەو هەرێمانەی لەژێر دەستی داعشدابوون رەوانە کرد بۆ بەدەستخستنی بەرژەوەندیەکی حزبی نەبوو، بەڵکو وەکو ئەرکێکی نەتەوەیی بینی، بۆ ئەوەش هەر پارتی و لایەنی باشوری کوردستان نکۆڵی لەو راستیە بکات بێواتایە، چونکە ئەو راستیە لەهەموو جیهان بینرا و بیسترا و دەزانرێت و کەسیش ناتوانێت نکۆڵی بکات، بۆ نمونە پاش ئەوەی پێشمەرگە لەشەنگاڵ کشانەوە، کام هێز توانی کوردانی ئیزیدی لەدەست داعش بپارێزێت؟ کام هێز توانی کوردانی ئێزیدی لەچیای شەنگاڵ کۆبکاتەوە و بیانپارێزێت؟ کام هێز توانی کوردانی ئێزیدی لەژێر کۆمەڵکۆژی داعش بەشێوەیەکی پارێزراو دەربازی رۆژئاوا و باکور و هەرێمی کوردستان بکات؟ بێگومان وەڵامی هەموو ئەو پرسیارانە هەمووی گەریلایە، راستیەکەش ئەوەیە. لەبەر ئەوەش لێدوانی وەها گوایا دەبێت گەریلا لەباشوری کوردستان یا خود شەنگاڵ دەرکەون ناکەوێتە خزمەت بەرژەوەندی گەلەکەمان و یەکێتی نەتەوەیی و کوردستان، دەبێت مرۆڤ لەلێدوانی وەها خوی بەدور بگرێت.

لەراگەیاندنی پارتیدا دژە پرۆپاگەندەیەکی زۆری سوپای عیراق لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسلدا دەکرێت، ئێوە ئەو بابەتە چۆن دەبینن؟

گەڵاڵی: ماوەی ساڵ و نیوێک زیاترە ناوچەی مەخمور لەداعش پاککراوەتەوە، بەڵام لەو ماوەیەدا پێشمەرگەکانمان نەیانتوانی دە دوازدە گوندی گرێدراو مەخمور رزگار بکەن، ئەگەر پێشمەرگە بیتوانیبا لەکاتی خۆیدا ئەو گوندانەی رزگاربکردایە، ئێستا پێویستی بەسوپای عیراق بۆ دەوروبەری مەخمور نەدەبوو، لەبەر ئەوەش ئەگەر ئێستا سوپای عیراق هاتوەتە دەوروبەری مەخمور بۆ رزگارکردنی ئەو گوندانە و ئەوەی کردوەتە ئامانجی خۆی پێویستە کورد لەمە خۆشحاڵ بن و ناڕەزایەتی نیشان نەدەن، چونکە بۆ ئێمەی مەخموری رزگارکردنی گوندەکانی مەخمورە، ئەگەر ئەو دە دوازدە گوندە رزگارکران، ئێدی ناوچەی مەخمور ناکەوێتە بەر چەکە قورسەکانی داعش و ئەوەش بۆ ئێمە سەرکەوتنێکی گەورەیە و جێگای شانازیە.

بەشێوەیەکی بەربەچاو ئەنجامی ئۆپەراسیۆنی موسل چین و چی کراوە؟

گەڵاڵی: بەگوێرەی پلانی سوپای عیراق دەبێت 14 بۆ 15 گوندی دەوروبەری مەخمور لەدەست داعش رزگار بکرێن، سوپای عیراق لەو بەروارەوە تا ئێستا 5 گوند بەتەواوی رزگارکردوە، بەڵام سوپا بەشێوەیەکی لەسەرخۆ و قوربانی کەم بەرەو سەرکەوتن هەنگاودەنێت، تا ئێستا شەش کوژراو و 50 برینداری سوپای عیراق هەیە، بەڵام بەدەیان داعش کوژراون، لەگوندی خێربەدران زیاتر لە 20 تەرمی داعش کەوت دەست هێزەکانی سوپای عیراق، هاوکات لەنێوان گوندی مەهانە و گوندی خێربەدران چەتەکانی داعش ویستیان هێرش بکەن لەئەنجامدا پێکدادان روویدا و ژمارەیەکی زۆر چەتە کوژران و تەرمی 12 چەتە کەوتە دەست سوپای عیراق. بەڵام پاش رزگارکردنی ئەو گوندانە هێزە عیراقیەکان لەو هەرێمە کشانەوە، لەئێستادا کەلەگەڵ ئاژانسەکەی ئێوەدا قسەدەکەم، زانیاری زیاتر بەدەستخراون سوپای عیراق لەبەرامبەر بەچەتەکان لەگوندی نەسیر و هومێدان هێرشێکی بەرفراوانی دەست پێکردوە، چەتەکان لەهەردوو گوند توشی شکستێکی گەورە بوون و تەرمی دەیان چەتە کەوتوە دەست سوپای عیراق. بەکورتی لانی کەم 60 چەتە لەئۆپەراسیۆنی رزگارکردنی موسل لەگوندەکانی ناوچەی مەخمور کوژراون، بەڵام لەگەڵ 18 گوندی گرێدراوی شارۆچکەی قەراج کەلەلایەن ئیداریەوە سەربەناوچەی مەخمورن نزیکەی 50 گوندی تری گرێدراوی شارۆچکەکە و ناوچەی مەخمور لەدەست داعشدان.

بۆ ئەوەی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەکاتێکی زۆتردا ببەسترێت، داواکاریتان بۆ لایەنە سیاسیە کوردستانیەکان لەم روەوە چیە؟

گەڵاڵی: ئەوەی من بۆ یەکدەنگی و یەکهەڵوێستی و یەک ئیرادەیی سیاسی لایەنەکانی باشور باسم کرد، هەمان شت لەبەشەکانی تری کوردستان بۆ لایەنە سیاسیە کوردیەکانیش پێویستە، چونکە بۆ ئەوەی بتوانین کۆنگرەی نەتەوەیی ببەستین و لەبەرامبەر دۆست و دوژمنی وڵاتەکەمان یەکبین، دەبێت پێش هەرشتێک دەست لەبەرژەوەندی حزبی بەردەین و لەسەر بنەمای کوردستانێکی ئازاد و یەکێتی نەتەوەیی گەلەکەمان لەدەوروی یەکدا کۆببینەوە و بۆ بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی، ئەگەر توانیمان ئەوە ئەنجام بدەین، لەو باوەڕەدام لەرۆژهەڵاتی ناوین و جیهان ببینە خاوەن رۆڵ و پێگەیەکی بەهێز و مێژوویی.

س.خ