یاسین تەها: تورکیا و ئێران بە ئاو و کارەبا عێراق ئاڵۆزتر دەکەن

توێژەرێکی سیاسی پێی وایە، کە بێجگە لە نەبوونی خزمەتگوزاری دەستی دەرەکیش لە پشتی خۆپیشاندانەکانی عێراقەوە هەیە، ئێران بە بڕینی کارەبا و تورکیاش بە گرتنەوەی ئاو ڕەوشی عێراق ئاڵۆز دەکەن، دەشڵێت: ئەگەر هەیە ببێتە سەرچاوەی وزە بۆ خۆپیشاندان لە هەرێم.


یاسین تەها، ڕۆژنامەنووس و توێژەری سیاسی و شارەزا لە بارودۆخی عێراق، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا وەڵامی چەندین پرسیاری گرنگ دەداتەوە لەبارەی خۆپیشاندانەکانی عێراق، هەروەها تیشک دەخاتە سەر ڕۆڵی لایەنەسیاسییەکانی عێراق لە خۆپیشاندانەکاندا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە:

-ئێستا خۆپیشاندانەکان لە چ ئاستێکدان؟

"خۆپیشاندان بەردەوامە و هێزە ئەمنییەکان توندوتیژی بەکاردێنن"

یاسین تەها: خۆپیشاندانەکان ماوەی نۆ ڕۆژە دەستیپێکردووە، کە سەرەتا لە بەسرەوە دەستیپێکرد و دواتر گوازرایەوە بۆ نەجەف، هەروەها لە هەندێ پارێزگای وەک میسان و زیقار و پارێزگاکانی دیکەی باشووری عێراق بەردەوامن، ناوبەناویش هەندێ قوربانی  لێکەوتووەتەوە، کە لە ئەنجامدا چەند کەسێک کوژران و هێزە ئەمنییەکان هێزی داپڵۆسەر بەکار دەهێنن لە دژی خۆپیشاندەران، ئێستا زانیاری کەمترمان دەستدەکەوێت بە هۆی بڕینی ئینتەرنێت، هەواڵەکان بە دروستی ناگەن، ئەوەش ئاماژەیەکی نوێیە لە توندوتیژی و سەرکوتکردنی خۆپیشاندەران.

-خۆپیشاندەران دەستیان بەسەر هیچ شوێنێکدا گرتووە؟

یاسین تەها: لە بەسرە خەڵک هەوڵدەدەن بچنە ناو پارێزگاوە چونکە ڕەمزی دەوڵەتە و باڵاترین دەسەڵاتی ئیداری شارەکەیە، لە نەجەفدا فڕۆکەخانە گیراوە، چونکە پارێزگاری شارەکە هاوهەڵوێستە لەگەڵ خەڵکی خۆپیشاندەر، بۆیە فڕۆکەخانە دەسەڵاتێکە لە نەجەف کە سەربە حکومەت نییە و لەلایەن پێنج لایەنەوە ئیدارە دەکرێت کە لە لایەنی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفەوە دیاریکراون، حزبەکانیش سەدر، ڕەوتی حکمە، دەعوە و لە گەڵ دوو حزبی تر عادیلە و حزبێکی تری ناو نەجەف، کە ئەمانە لە ڕێگای ئەنجومەنی پارێزگای نەجەفەوە ئیدارەیەکی فڕۆکەخانەیان دروستکردووە، دوو جاریش عەبادی فەرمانی هەڵوەشاندنەوەی دەرکردووە، بەڵام هەڵناوەشێتەوە، داهاتی فڕۆکەخانە ٧٠٠ ملیارد دینار بووە لە سێ ساڵی ڕابردوودا، ئەو پارەیە لەلایەن ئەو پێنج حزبەوە خەرج کراوە تا ئێستا، دامەزرانیش لە فڕۆکەخانە بەدەستی ئەو پێنج حزبەیە و هیچ کۆنتڕۆڵێکی دەوڵەتی بە سەرەوە نییە، ئەو فڕکەخانەیە ڕەمزی دەوڵەمەندبوونی کۆمەڵیک خەڵکە لە دەرەوەی دەسەڵاتی دەوڵەت، بۆیە هێرشی کراوەتە سەر.

-ئایا ئەم خۆپیشاندانە یەکەمین خۆپیشاندانە کە بەڕێبەرایەتی سەدر نەکرێت؟

"ئەمە دژ بە سەدر نییە و ڕێبەرایەتییەکەشی سەدر نییە"

یاسین تەها: ئەمە دژ بە سەدر نییە و ڕێبەرایەتییەکەشی سەدر نییە، بە بەڵگەی ئەوەی لە میسان چونەتە سەر پارێزگار، کە پارێزگارەکە سەر بە سەدرە، هەروەها یەکێکە لەو کەسانەی کە سەدر کاندیدی کردووە بۆ وەرگرتنی پۆستی سەرۆک وەزیران،  کەواتە سەدر بەدەر نییە لە تووڕەیی خەڵک، ئەم خۆپیشاندەرانە ئەو گەنجانەن کە ئامادەن گیانی خۆیان بکەنە قوربانی لە پێناو داواکارییەکانە و هیچ ڕێبەرایەتییەکیان نییە، ئەمەش تا ڕادەیەک ئەیسەلمێنێت خۆپیشاندانەکە گەنجانەیە.

-پێتانوایە کە دەستێکی دەرەکی لە پشت ئەم خۆپیشاندانانەوە نییە؟

 "دەوترێت کە دەستی تورکیا و ئێرانی تێدایە"

یاسین تەها: زۆر شیکردنەوە هەیە لەوبارەیەوە، دەوترێت یەکێک لەودەستانە ئێرانە، بە تایبەت کە کارەبای ئەو پارێزگایانەی بڕیوە لە مانگی تەمووزدا، هەروەها باس لە دەستی تورکیا دەکرێت، لەبەر ئەوەی ئاوی دیجلەی گرتووەتەوە، بێجگە لەوە مانگی تەمموز لە عێراق مانگی ناڕەزایەتی و بێزارییە، لە بەر ئەوەی پلەکانی گەرما دەچنە پەنجا، هاوڵاتیان کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، چونکە ئێستا لە جیاتی ئاو خوێیاویان بۆ دەڕواتە ماڵەوە، ئێستا خەڵک بێ هیوابوون بە گۆڕانکاری کردن لە لایەن حکومەتەوە.

- تۆ پێتوایە دەستی دەرەکی تێدایە؟

"بەڵێ دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە"

یاسین تەها: بەڵێ دەستی دەرەکی لە پشتە و لێکۆڵینەوەیەکی حکومەت هەیە، کە کۆنوسەکەی دزەی پێکراوە و باس لەوە دەکات کە لە ناوخۆپیشاندەران فەرمانبەری ئەمنی و بەرپرسانی ئیداری هەن، کە هانی خۆپیشاندەوران دەدەن، هەروەها لەوشتانەی کە جێی باسە ئێران بییەوێت لە ڕێگای تێکدانی دۆخی عێراقەوە پەیام بە ئەمریکا بگەیەنێت بۆ ئەوەی چاو لە سەر ئێران لاببات.

-باشە بۆ لەبەسرەو باشوری عێراقەوە خۆپیشاندان دەستیپێکرد؟

"جۆرێک لە ململانێی مەزهەبی و ناوچەگەرییەتی لەو ناوچانەدا زاڵە"

یاسین تەها: ئێستا کە هەناردەکردنی نەوەتی کەرکووک وەستاوە، ٩٥% نەوتی هەناردەکراوی عێراق لە بەسرەوە دابین دەکرێت، بەسرە لە ساڵی ٢٠٠٣ وە ترلیۆنێک دۆلار داهاتی بۆ عێراق هەبووە، چونکە بەسرە بەندەری هەیە، نەوتێکی بێ شوماری هەیە، بەڵام ئێستا کار بەوە گەیشتووە ئاوی خواردنەوە نییە و حکومەت ئەوپەڕی هێزی داوەتە بەرخۆی کە ئاوی پاک بە تەنکەر بۆ خەڵک دابین بکات کە دیمەنێکی کۆمێدییه، هاوکات کێشەی بەردەوامی بچڕانی کارەبایان هەیە، بێجگە لە  بەرزبوونەوەی پلەی گەرما ڕێژی شێ لە بەسرە زۆرە، کە خەڵک کێشەی هەناسەدان و خنکانیان هەیە، لەبارەی پارێزگاکانی دیکەوە ڕاستە پارێزگای میسان و دیوانیە ئەکتیڤن بەڵام نمونەی پارێزگا هەرە هەژارەکانن و خاوەن پڕۆژەی ستراتیژی نیین، هەروەها جۆرێک لە ململانێی مەزهەبی و ناوچەگەرییەتی لەو ناوانەدا زاڵە.

-ڕۆڵی مالیکی چییە لە خۆپیشاندانەکاندا؟

"دەیەوێت بچێتە سەر ڕەوتی ناڕەزاییەتییەکان"

یاسین تەها: مالیکی و عەسائبی ئەهلی حەق، یەک دوو بەیاننامەییان دەرکردووەو دەیانەوێت بچنە سەر ڕەوتی ناڕەزاییەتییەکان، بەڵام هەموو هێزە سیاسییەکان ئێستا لە قۆناغی چاودێریکردنی دۆخەکەدان، چونکە دەترسن دۆخەکە لە کۆنتڕۆڵ دەرچێت، خۆپیشاندانەکان بەجۆرێک لە کۆنتڕۆڵ دەرچووە، بەڵام لە سەر ئاستی گشتی عێراق وانییە، چونکە خۆپیشاندانەکان لە بەغدا نین و لە هەموو جومگەیەکی پایتەخدا هێزی ئەمنی بڵاو بووەتەوە، عێراق لە بەر شەڕی داعش هێزی ئەمنی پێویستی نییە  تا بە چڕی بڵاوی بکاتەوە لە پارێزگاکاندا، بۆیە ئێستا نزیکەی ٣٠-٤٠ هەزار سەربازی لەو بەرانە کێشاوەتەوە کە بردوونی بۆ شەڕی داعش.

وتیشی: مەترسی هەیە لە بەغداش خۆپیشاندان بکرێت، بەڵام لە بەغدا شیعەکان مەترسی ئەوەیان هەیە کە ئەگەر لەوێ خۆپیشاندان بکەن، دۆخەکە بقۆزرێتەوە بۆ ئەوەی دۆخی ئەمنی پێ تێک بدرێت، بۆیە جۆرێک لە شعوری مەزهەبی ڕێگرە لەوەی خۆپیشاندان لە بەغدا بکرێت.

-خۆپیشاندانەکان کاریگەریی لە سەر هەرێمی کوردستان دەبێت؟

"ئەگەرێکی کراوەیە"

یاسین تەها: ئەگەری زۆرە کاریگەری هەبێت، بەتایبەت ئەگەر لە بەسرە هەناردەی نەوت ڕابگیرێت، کاریگەری لە سەر بودجەی عێراق و هەرێمیش دەبێت،  کە زۆربەی کۆمپانیا بیانییەکان چۆڵیان کردووە.

وتیشی: ئەگەرهەیە ببێتە سەرچاوەی ئیلهام، لەبەرئەوەی ئەم ناوچەیە هەمووی کاریگەری لەسەریەک هەیە، لەم ناوچانە ڕووداوی وڵاتان کاریگەری بەسەر وڵاتانی دیکەوە دەبێت، چ جای ئێمە کە یەک وڵاتین، ئێستا لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان زۆرکەس ئاوات دەخوازێت کە ئەوەی لە خواروی عێراق ڕوودەدات لێرەش ڕوو بدات، لەبەر ئەوەی ئەو کێشانەی لەوێ هەیە بەجۆرێک لە جۆرەکان لێرەش هەیە.

-چاکسازییەکانی عەبادی کاریگەری هەیە لە سەر دامرکاندنەوەی ناڕەزاییەتییەکان؟

 "ئەوانە هەوڵی کاتین"

یاسین تەها: ئەو چاکسازیانەی عەبادی هەوڵی کاتین، ئەگەر ناڕەزایەتیەکانیش ئێستا بێدەنگ بکرێن هەر سەرهەڵدەدەنەوە، کپکردنەوەی ناڕەزایەتییەکان پێویستییان بە پڕۆسەی چاکسازی درێژخایەن هەیە، کە ئەوە  بە عەبادی ناکرێت، چونکە لە ساڵی ۲۰۱٤و۲۰۱٥ پەرلەمان هەموو دەسەڵاتێکی پێدا لە دژی گەندەڵکاران و ڕێکخستنەوەی حکومەت، بەڵام پێی نەکرا و ئیتر ئێستا چۆن پێیبکرێت کە حکومەت کۆتایی هاتووە، تاکە ڕێگە بۆ کپکردنەوەی خۆپیشاندانەکان بەکارهێنانی هێزە، کە ئێستا بەکاری دەهێنێت، چونکە چاکسازی پێناکرێت.

س.ح