یاوەر: ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداری داهاتووی موسڵ پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نیە


ڕۆژنیوز - ھانا ئازاد

جەبار یاوەر مەندە ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی ھەرێمی کوردستان ئاماژەبەوەدەکات، وادەی دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ دیارنیە، بەڵام بەشێوەیەکی پراکتیکی ھێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کردووە و توانیویانە ٤٠% ناوچەکان پاک بکەنەوە.

لەمیانی چاوپێکەوتنێکدا لەگەڵ ئاژانسەکەمان ڕۆژنیوز جەبار یاوەر وتی:" پێشمەرگە بڕیاریداوە وەک ھێزێکی کاریگەری بەشداری شەڕی موسڵ بکات، ئەمریکا لەم مانگەوە ٤١٥ ملیۆن دۆلار دەنێردرێت بۆ موچەی پێشمەرگەیە و چیتر موچەی وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم دواناکەوێت " .

تائێستا پرسیار لەسەر ئەوەدەکرێت ئایا ھێزی پێشمەرگە تەواوی ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵکردۆتەوە کە پێشتر خاکی ھەرێم بوون و چەتەکانی داعش کۆنترۆڵیانکردن؟

یاوەر: نەخێر پێشمەرگە لەتەواوی میحوەرەکان لەپێشڕەوی بەردەوامە، بەڵام تائێستا ٢-٣% ئەو ناوچانە ماون کە خاکی ھەرێمن و لەژێر کۆنترۆڵی داعشن، بۆئەوەی لەلایەن پێشمەرگەوە کۆنترۆڵبکرێنەوە .

ئەگەر ھەڵوێستە لە سەر دەسپێکردنی ئۆپەراسیۆنی موسڵ بکەین، کەی دەسپێدەکات و چۆن ئامادەکاری بۆ کراوە ؟

یاوەر: ئۆپەراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ لەسەرەتای ساڵی ٢٠١٥ەوە لەلایەن ھەرێمی کوردستانەوە دەستی پێکردوە، چونکە لەوکاتەوە توانیومانە ناوچەیەکی فراوانی کوردستانی و ئیدارەی موسڵ کۆنترۆڵبکەینەوە، ناوچەکانی شنگال و زوممار و دەشتی نەینەوا و ھەندێ ناوچەی تر لەپشتی مەخمور و خازر، بۆیە لەوماوەیەوە توانراوە زیاتر لە ٤٠%ی ناوچە جوگرافییەکانی سەر بەپارێزگای موسڵ کۆنترۆڵ بکەینەوە، واتە بەشێوەیەکی پراکتیکی ھێزەکانی پێشمەرگە دەستیان بە ئۆپراسیۆنی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ کردووە، موسڵ تەنھا ناوەندی شارەکەی نیە و ٩ قەزا و ١٦ ناحیەیی ھەیە و پێشمەرگە تائێستا ٣ قەزا و ٦ ناحیەیی رزگارکردوە کەسەر بەھەرێمی کوردستانن، حکومەتی عێراق لەوماوەیەی دوایدا فرقەی ١٥ی ڕەوانەی مەخمور کرد و دەستی کردووە بەئۆپەراسیۆن کە تا سەر رووباری دیجلە رۆیشتوون و فرقەی ٩ی سوپای عێراقیش گەیشتۆتە سەربازگەی گەیارە لەئێستادا ھەندێ ناوچەی تر ماوە دواتر دەست بەئۆپراسیۆنی ناوەندی موسڵ دەکرێت و پێشمەرگە بڕیاریداوە وەک ھێزێکی کاریگەری بەشداری بکات .

" ئەو ھێزانەی ھاتوونەتە مەخمور ھێزی سەرەکین بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ"

(جەبار یاوەر)

دەمەوێت بزانم لای خۆتانەوە وادەی گەیشتن بەناوەندی موسڵ و کۆنترۆڵی دیاریکراوە ؟

یاوەر: ھیچ وادەیەک بۆ شەڕ دیاری ناکرێت و پرۆسەی سەربازی دەکەوێتە سەر ئامادەیی ھێزەکە بۆ ئەنجامدانی، نھێنی سەربازی ڕێگە نادات کاتی ئۆپەراسیۆنی موسڵ ئاشکرا بکەین، بەڵام ئومێد دەکەین تا کۆتایی ساڵ بتوانین موسڵ رزگار بکەین .

ھاتنی سوپای عێراق بۆ مەخمور کاریگەری لەسەر بارودۆخی شەڕەکە داناوە، باس لەوەدەکرێت لەکۆنترۆڵکردنەوەی ناوچەکاندا ھێواشن ؟

یاوەر: ئەو ھێزانەی ھاتوونەتە مەخمور ھێزی سەرەکین بۆ کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، حکومەتی فیدراڵی پێشتر ھیچ سەربازێکی لەناوچەکەدا نەبووە جگە لەفیرقەی ١٥ کە مەشق پێکراون و ھێنرابوونە مەخمور، بۆیە ئەمانە ڕۆڵی گەورەیان دەبێت لەئایندە و لەکاتی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ .

بەشێک لەچاودێران بەپێویستی دەزانن بەشداری پێشمەرگە لەشەڕی موسڵ بەپێی ڕێککەوتن بێت ؟

یاوەر: بابەتی ڕێککەوتنی سیاسی و ئیداری پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نیە و ئێمە لەوەزارەتی پێشمەرگە تەنھا لەسەر پلانەکە ڕێکدەکەوین، بۆیە چاوەڕی دەکەیەن لەڕۆژانی داھاتوودا کۆبوونەوەیەک لەنێوان فەرماندە باڵاکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی عێراقی بەبەشداری ھاوپەیمانان بکرێت بۆ ڕێککەوتن لەسەر پلانی کۆنترۆڵکردنەوەی موسڵ، پێشمەرگە بۆچوونی خۆی دەبێت لەسەر کۆنترۆڵکردنەوەکە، بەڵام ڕێککەوتن لەسەر پلانی سیاسی و ئیداریش بۆ موسڵ گرنگە و دەبێت بەرلەرزگارکردنی ڕێککەوتن لەسەر بەرێوەبردن و ئایندەی موسڵ و مەلەفی ئەمنی بکرێت، چونکە ھەل و مەرجی پێشوو وایکرد موسڵ بکەوێتە دەستی چەتەکانی داعش .

" ھیچ زانیاریەکم لەبارەی بەشداریکردنی ھێزی دەرەکی لەئۆپەراسیۆنی موسڵ نەبیستووە"

قسەلەبارەی ھێزی ھەرێمی ھەیە لەوئۆپەراسیۆنەدا بەتایبەت ھێزەکانی ئێران و تورکیا ؟

یاوەر: من ھیچ زانیاریەکم لەبارەی بەشداریکردنی ھێزی دەرەکی لەئۆپەراسیۆنی موسڵ نەبیستووە، بەتایبەتی ھێزی پیادە جگە لەھاوپەیمانان بەسەرۆکایەتی ئەمریکا کە لەڕووی ئاسمانیەوە و بەچاودێریکردن بەشداری دەبن و فەرماندەکانیان بەشداری دانانی پلانەکە دەکەن.

کەواتە ئەو ھێزەی تورکیا کە لەباشیک جێگیرکراوە پەیوەندی بەھەرێمی کورستانەوە نیە ؟

یاوەر: ھیچ پەیوەندییەکی بەھەرێمی کوردستانەوە نیە، بەپێی یاسای نێودەوڵەتی چونکە سنور پەیوەندی بەدەوڵەتەوە ھەیە ئەوەش پەیوەندی بەحکومەتی فیدراڵی ھەیە چۆن و بەچ شێوەیەک ڕێککەوتن لەگەڵ ھێزی دەرەکی دەکات .

ئەی تێڕوانینتان لەسەر بەشداری یەپەگە و یەپەشە چیە بۆ ئۆپەراسیۆنی موسڵ ؟

یاوەر: جگە لەھێزی پێشمەرگە پەیوەندیم بەھیچ ھێزێکی ترەوە نیە و تەنھا زانیاریم لەسەر بەشداری پێشمەرگە لایە لەئۆپەراسیۆنی موسڵ .

" ئەوپارەیە بۆ موچەی ھێزەکانی پێشمەرگەیە"

لەچەند ڕۆژی ڕابردوودا پرۆتۆکۆڵێکی سەربازی لەنێوان ئەمریکا و پێشمەرگە ئیمزاکرا دەکرێت ناوەڕۆکی ڕێککەوتنەکە بزانین؟

یاوەر: یاداشتێکی لێک تێگەیشتنە لەنێوان وەزارەتی بەرگری ئەمریکا و وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێم لەبارەی بەردەوامیدا بەھاوکاریکردنی ھەرێم و ھێزی پێشمەرگە لەڕووی ماددی و مەشق و راھێنان و لەڕووی پشتیوانی ئاسمانیەوە کە یەکێک لەگرنگترین خاڵەکانی بریتیە لەناردنی ئەو ٤١٥ ملیۆن دۆلارە بۆ ھاوکاری ھێزەکانی پێشمەرگە بۆ دابینکردنی موچەی ھەموو مانگێک لەکاتی خۆیدا.

کەواتە یەکلای بۆتەوە ئەو ٤١٥ ملیۆن دۆلارە بۆ موچەی ھێزەکانی پێشمەرگەیە، چیتر موچە دواناکەوێت؟

یاوەر: بەڵی، لەسەرەتاوە یەکلای ببوەوە کە ئەوپارەیە بۆ موچەی پێشمەرگەیە و بەپێی ئەوپارەیە کە بۆچەند مانگ بەش بکات دابەشدەکرێت، لەمانگی حەوتەوە بەشێکی پارەکە دەنێردرێت و دەچێتە سەر حسابی وەزارەتی دارایی و وەزارەتی پێشمەرگە، بۆیە ئەگەر پرۆسەکە خێرا بڕوات لەکاتی خۆیدا موچەی ھێزی پێشمەرگە دابەشدەکرێت.

" ھیچ کاتێک حکومەتی عێراق دەستی بەسەرچەکی پێشمەرگەدا نەگرتووە"

ھاوکاری وڵاتان لەڕووی دابینکردنی چەک و پێداویستی سەربازی بۆ پێشمەرگە بەردەوامە، حکومەتی عێراق کێشە دروست ناکات؟

یاوەر: لەسەرەتای دروستبوونی شەڕی داعشەوە ھاوکارییەکان بەردەوامە و ھەندێکجار لەسەر خواستی ئێمە و ھەندێک جاریش خۆیان دەینێرن، بەڵام ھاوکارییەکانی ئەو وڵاتانە تەواوی پێداویستیەکانی ھێزی پێشمەرگە دابین ناکات، چونکە لەشەڕێکی یەکجار گەورەداین لەگەڵ دوژمنێک کە ئیمکانیەتی سەربازی گەورەی دەستکەوتووە لەداگیرکردنی ناوچەیەکی فراوان، بۆیە پێویست دەکات چەکی باشتر و زیاتر بێت بۆ پێشمەرگە، ھیچ کاتێک حکومەتی عێراق دەستی بەسەرچەکی پێشمەرگەدا نەگرتووە و باسی شتی وانەکراوە، راستە ھەندێکجار ناردنی کەرەستەی سەربازی بەھۆی دابەزینی فرۆکە سەربازییەکان لەبەغداد دوادەکەوێت، بۆیە داوامانکردووە لەفرۆکەخانەی ھەولێر چەکەکان دابگیرین.

" زۆرجار گلەیی و ھەڵە ھەیە لەدابەشکردنی چەکەکان لەناو پێشمەرگەدا"

لەباشوری کوردستان باس لەوەدەکرێت پێدانی ئیمتیازاتی پێشمەرگە بەشێوەیەکی جیاوازە لەنێوان ھێزەکان قسەی ئێوە لەوبارەیەوە چیە؟

یاوەر: ھیچ حزبێک لەدەرەوەی وەزارەتی پێشمەرگە و ھێزەکانی ٧٠ و ٨٠ پێشمەرگەی نیە، ھێزەکانی پێشمەرگە تەواوی پێشمەرگە دەگرێتەوە کە ١٤ لیوایە لەگەڵ ھەندێ بنکەی مەشق، بۆیە ھەر ھاوکاریەک کەدێت بۆھەرێمی کوردستان بەر ھەموو ھێزەکان دەکەوێت، بەڵام زۆرجار گلەیی و ھەڵە ھەیە لەدابەشکردنی چەکەکان لەناو پێشمەرگەدا، زۆرجاریش بەپێی پێویستی میحوەرەکان بووە و ئەوەی دێتە ھەرێم بۆ سەرجەم ھێزەکانە و وەزارەتی پێشمەرگە بەردەوام بەدوداچوون دەکات بۆ دابەشکردنی کەرەستەکان بۆئەوەی لەوڕوەوە ھیچ کێشەیەک نەبێت.

س.خ