یونس بەهرام: کاری سەرەکییمان گەڕاندنەوەی عەفرینە

یونس بەهرام، ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسیی هاوبەشی کوردستان لە کەنەکە، ڕایدەگەیەنێت، کە لە پەیوەندییەکانیاندا گەڕانەوەی عەفرین دەکەنە کاری سەرەکییان و داعشە دیلەکانیش بە گڵۆڵەیەکی زێڕین بۆ کورد ناودەبات، تا لە بواری دیبلۆماسییدا سوودی لێوەرگرن.


یونس بەهرام، ئەندامی کۆمیتەی دیبلۆماسیی هاوبەشی کوردستان لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان-کەنەکە، کە لە شاری (درێسدن)ی ئەڵمانیا نیشتەجێیە، لەم چاوپێکەوتنەی ڕۆژنیوزدا کارەکانی ئێستایان و بەرنامەکانی داهاتوویان روون دەکاتەوە.

-ئێوە وەکو ئەندامی کۆمیتەی کوردستانیی دیبلۆماسی هاوبەش لە کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان، لە ئەڵمانیا چیتان کردووە و ئەرکەکانتان چییە؟

"زۆر چالاکییمان ئەنجامداوە"

یونس بەهرام: زۆر چالاکیمان ئەنجام داوە، یەکێک لەو چالاکییانە ئەوەبوو کە دوو ڕۆژ لەمەوبەر بەڕێوەچوو لەلایەن (ناوەندی سیاسەتی کارە ستراتیژییەکانی ئەڵمانیا - لە ویلایەتی نیدەر زاکسن) سەرپەشتیی کرا، میوانداری ئێمەشیان کرد، لەژێر دروشمی (ئەسەد، ترامپ و ئەردۆغان، لەکوێیە شوێنی کوردستان؟)، گفتوگۆیەکی زۆر بەهادار بەڕێوەچوو، بەتایبەتی زۆر لەسەر پرسی ڕۆژئاوا وەستان، وتەبێژی تورکەکانیش لەوێ ئامادە بوو، لەم هەرێمەدا ئەوە جاری یەکەمە کە پرسێکی وەها لەبارەی ڕۆژئاوا گەنگەشە بکرێت و ویلایەتەکە خۆی کارێکی لەو شێوەیە بکات، من لەو باوەڕەدام کە پێویستە ئێمە لەناو گەل دەستپێبکەین و دیبلۆماسییەتی کوردی هێواش هێواش بەرز بکەینەوە.

-لە ڕۆژئاوای کوردستان ژمارەیەکی زۆر چەتەی بیانیی بەدیل گیراون، ئێوە لە گفتوگۆکانتان لەگەڵ ئەو وڵاتانە، چۆن باسی ئەم بابەتە دەکەن؟

"دەتوانین لەبواری دیبلۆماسییدا سوودی زۆری لێ وەرگرین"

یونس بەهرام: ئەوە بۆ ئێمە گڵۆڵەیەکی زێڕینە کە دەتوانین لە بواری دیبلۆماسییدا سوودی زۆری لێ وەرگرین و کارێکی زۆر زۆر باشە بۆ ڕۆژئاوا و هەموو کوردستانیش، کە بتوانین دادگایەکی نێودەوڵەتیی لە ڕۆژئاوا دروست بکەین و ئەوان دادگایی بکەین، واتە ئێمە دەتوانین لە ڕێگەی ئەو کارانەوە ڕۆژئاوا زیاتر بناسێنین بەو دەوڵەتانەی کە خاوەن دیلەکانن، ئەوە ئەرکێکی قورسی سەرشانی ئێمەیە کە بتوانین وەکو کارێکی دیبلۆماسی ئەنجامی بدەین، دووەمین کاری دیبلۆماسی کە پێویستە زۆر بایەخی پێ بدەین، دەرگای ڕۆژئاوایە بۆ دەریای سپی، کە لە عەفرینەوە تێدەپەڕێت، ئەوەش هۆکارێک بوو هێرشەکەی ئەردۆغان، ئەو عەفرینی داگیر نەکرد، ئەو دەرگاکەی دەریای سپی داگیر کرد، دەریای سپی لەسەر کورد داخست، هەربۆیە پێویستمان بە هەموو کورد و هەموو پارچەکانی کوردستان هەیە کە پشتگیریمان بکەن لەبواری دیبلۆماسی و چ بەردێک هەبێت بیخەینە سەر دیواری ئێمە و بە زووترین کات ئەو ماڵە دروست بکەین.

-ئەوەی کە ئێوە باسی دەکەن، پێویستی بە کۆدەنگییە کە لەلایەن لایەنەکانی کوردستان هەبێت، ئێوە تا چەند هەوڵتان داوە ئەو کۆدەنگییە دروست بکەن، یان لانی کەم هەنگاو بهاون بۆ یەکێتی نەتەوەیی؟

"پەیوەندییمان پێوە کردوون"

یونس بەهرام: ئەوەی ئێمە دەیکەین، مەسلەی پەیوەندییەکانە، ئێمە پەیوەندیمان بە چەندین کەسایەتی ناودارەوە کردووە، جا چ سیاسەتمەدار بێت یان پەرلەمانتار یان نووسەر و ڕووناکبیر، کە کاریگەریی خۆیانیان هەیە، هەوڵ دەدەین بە شێوەیەکی بەرفراوان پەیوەندییمان لەگەڵیان هەبێت.

-وەک زانراوە کە یەکێک لەو ئەرکانەی کە لەسەر شانی بەشی دیبلۆماسییە، دروستکردنی گفتوگۆ و دیالۆگە لەنێوان وڵاتان، ئێوە تا چەند توانیوانە ئەو ئەرکە جێبەجێ بکەن؟ بەتایبەتی لەگەڵ دەوڵەتی ئەڵمانیا.

"ئەڵمانەکان باوەڕیان هێناوە ئەردۆغان بە کەڵکیان نایەت"

یونس بەهرام: لەسەر ئاستی ئەم هەرێمە، ئێستا لە سەرەتایین، پێویستە کە پەیوەندی ڕاستەخۆی نێوان کورد و ئەڵمان و دیالۆگی نێوان کورد و ئەڵمان هەبێت، ئێمە دەستمان بەو دیالۆگەوە کردووە، ئەو گفتوگۆ کراوەیەی کە چەند ڕۆژێک لەمەوبەر دروست بوو دەرەنجامی ئەو دیالۆگە بوو، زۆر پێویستە بۆ ئێمە ئەو دەرفەتانە بەکاربهێنین بۆ دژایەتی ئەردۆغان، ئەو گرفتانەی کە ئەردۆغان لەگەڵ ئەمریکییەکان و ئەوروپییەکان هەیەتی، ئێمە چۆن سوودی لێ وەرگرین، چونکە ئەڵمانەکان باوەڕیان بەوە هێنا، کە ئیتر ئەردۆغان بەکەڵکی ئەوان نایەت، بەڵام بەپەلەش بڕیار نادەن.

-بۆچی هێشتا ناتوانن بڕیار بدەن؟

"ژمارەیەکی زۆر سەرمایەداری لە تورکیا هەیە"

یونس بەهرام: چونکە ئەڵمانیا ژمارەیەکی زۆر سەرمایەدار و بڕێکی زۆر سەرمایەی هەیە لە تورکیا، ئەو ئەردۆغانەی کە کوڕی ئەمریکا و ئەوروپا بوو، ئێستاکە بەرەو ئیسلامییەکی سیاسی تیرۆر دەچێت، ئەوانیش دەزانن کە دۆستایەتی تورکیا وەکو دۆستایەتییەکەی ئێران دەبێتە دووژمن، بۆیە بەدوای جێگرەوەیەکن، ئاخۆ ئێمەی کورد دەتوانین ببینە ئەو جێگرەوە؟ یان بهێڵین کە ئەمریکی و ئەوروپی بەدوای جێگرەوەیەکی دیکەدا بگەڕێن؟.

-بەرنامەی ئێوە لەلایەنی دیبلۆماسییەوە لە داهاتوودا چییە؟

"پرسی عەفرینە"

-بەرنامەی ئێمە لە داهاتوودا پرسی عەفرینە، ئێستاکە ئەگەر ئێمە سەکەوتن بەدەست نەهێنین بۆ گەڕاندنەوەی عەفرین بۆ ڕۆژئاوا، وەکو دەرگای کوردستان بە گشتی بۆ سەر دەریای سپی، ئەگەر ئەوە نەکەینە خەمی سەرەکی و یەکەمی خۆمان و درەنگی بخەین، ئەویشمان لەدەست دەچێت، وەکو ئەسکەندەروون و ئەنتاکیا لەدەستمان دەچێت، ئێستا دەبینین ٨٠% میلـلەتی ئەوێ بوونەتە عەرەب و تورک، ڕێژەیەکی کەمیان وەکو کورد ماونەتەوە، هەربۆیە خەباتی هەرە گرنگ و لەپێشمان، پرسی عەفرینە، هەڵبەتە وەکو ڕۆژئاوا.

ش.ف