یەرەکە شەهیدبوونی گەریلایەکی لە ئورمیە ڕاگەیاند

یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان-یەرەکە، لە ڕاگەیاندراوێکدا شەهیدبوونی گەریلایەکی لە ئورمیەی ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕاگەیاند و بەڵێنیداوە کە خەبات و تێکۆشانی بە ئەنجام بگەینێت.


ئەمڕۆ فەرماندەیی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان- یەرەکە، لەسەر شەهیدبوونی گەریلایەکی بەناوی "شەڕوان وڵات" کە لە ماوەی ڕابردوو لە هەرێمی دۆڵی قاسملوو، چیای مادخ سەر بە شاری ئورمیە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە شەڕێکی نێوان گەریلاکانی یەرەکە و هێزەکانی دەوڵەتی ئێران شەهیدبووە، ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە.

لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە: هەر وەک ئاگادارن هێرشی هەمە لایەنە و بەرفراوان لە شوێنە جیاوازەکانی کوردستان لە سەر گەل و دەسکەوتەکانی بەردەوامە، هاوتەریب لەگەڵ ئەو هێرشانە لە ڕۆژهەڵاتی کوردستانیش، سەرەڕای ئەوەی یەکینەکانی پاراستنی ڕۆژهەڵاتی کوردستان لە دۆخی پاراستندان، دەبنە ئامانجی هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران و گروپە کۆنتراکانی، لەسەر ئەو بنەمایە وەڵامی پێویست دراوەتە ئەو هێرشانە و بێ وڵام نەماونەتەوە.

لە بەردەوامیدا هاتووە: هەر لەو چوارچێوەیەدا لە ڕێکەوتی ١ی ئەم مانگە لە هەرێمی دۆڵی قاسملوو، چیای مادخ سەر بە شاری ئورمیە، ‌هێزەکانی ڕژێمی داگیرکەری ئێران لەبەرامبەر گەریلاکانی یەرەکە ئۆپراسیۆنێکی بەرفراوان دەستپێکرد، لە ئەنجامدا لە نێوان هێزەکانی داگیرکەری ڕژیم و یەکینەکانی ئێمەدا شەڕ و پێکدادان ڕوویدا، لەئاکامی ئەو شەڕەدا هەڤاڵێکمان بە ناوی شەڕوان وڵات، وێڕای بەرخۆدان و شەڕێکی قارەمانانە دەگاتە پلەی بەرزی شەهادەت و پەیوەستی کاروانی شەهیدان دەبێت.

هەڤاڵ شەڕوان، نموونەی ڕاستەقینەی فیداکاریی و دڵنزمیی و خزمەتکاری بوو بۆ گەلەکەی؛ لە ڕەوتی شۆڕشدا کەسایەتیێکی کراوە و بەتوانا و ماندوونەناس بوو، هاوکات کەسایەتییەکی بە پێوان و خاوەن ئەخلاقی بەرزی شۆڕشگێڕی بوو، لە تەمەنی چەند ساڵەی خەباتیدا بە هەموو هێز و توانا و بێ پسانەوە خەباتی بەڕێوە برد و دەرئەنجام بووە جێگای متمانەی ڕێکخستن و گەلەکەمان.

بەبۆنەی شەهادەتی هەڤاڵمانەوە پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی بنەماڵەی سەربەرزی دەکەین و سەرەخۆشی لە هەموو گەلی وڵاتپارێز و نیشتمان پەروەرمان دەکەین و بەڵێنی درێژەپێدان و بە ئەنجام گەیاندنی خەبات و تێکۆشانی دووپات دەکەینەوە.

د.ع