شارەزایەکى ئابووریی دەڵێت: ئەم دەسەڵاتە کوردییەی ئێرە بەهۆى بوونى رقی شەخسی، حزبی و ئەجێندای وڵاتان، سنوری لەگەڵ پارچەیەک لە خاکی کوردستان دادەخات، کە ئەوەش ئەوپەری نابەرپرسانەیە و دوورە لە هەموو بنەما ئابووری نەتەوەییەکان، چونکە هەندێک هێز خۆیان بە نەتەوەی دەزانن، بەڵام هەموو شتێک دژی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن، دەشڵێت: سیاسەتی ئابوری هەرێم نادرووستە و کۆمەڵێک کەس وەک بازرگان بەرێوەى دەبەن.
دڵشاد ئەحمەد شەریف، مامۆستای پەیمانگای تەکنیکی شارۆچکەى کۆیە لە پارێزگاى هەولێر، کە شارەزایەکى بواری ئابوورییە و لەبارەى گرنگى و چۆنێتى بەڕێوەبردنى دەروازە سنورییەکانى هەرێمى کوردستان لەگەڵ وڵاتانى دراوسێ لە چاوپێکەوتنێکى تایبەتدا بەمشێوەیەیە بۆ ئاژانسى ڕۆژنیوز دوا.

دەقی چاوپێکەوتنەکە؛
ڕۆژنیوز: دەروازە سنورییەکان چی گرنگیەکیان بۆ هەرێمی کوردستان هەیە؟
دڵشاد ئەحمەد: دەروازە سنورییەکان کاریگەری زۆرییان هەیە لە ڕووی سیاسی و کۆمەڵایەتی بازرگانی و ئابوورییەوە، کە لە ڕێگەیەوە دەتوانرێت گرفتە ئابوورییەکان چارەسەر بکرێت، لەوانەش وەک هەڵئاوسان و پوکانەوە، واتە کاتێک پارە زۆربوو خواست زیاد دەکات و حکومەتیش باجی زیاتر دەخاتە سەر کەل و پەلی هاوردە، بەپێچەوانەوەش، گەر پارە نەما و خواست کەم بوەوە ئەوا دەوڵەت دەتوانێ باج و گومرگەکان کەم بکاتەوە و جوڵە بخاتەوە بازاڕەکان.
ڕۆژنیوز: ئایا حکومەتى هەرێمى کوردستان سیاسەتێکى ئابورى تەندروست پەیڕەو دەکات؟
دڵشاد ئەحمەد: سیاسەتی ئابوری هەرێمى کوردستان نادرووستە، چونکە نەیتوانیووە ژێرخانی ئابووری لە ناوخۆدا ببوژێنێتەوە و سەرجەم کەرتەکانی کشتوکاڵ، پیشەسازی و ئاژەڵداری پەرەپێبدات، هەر بۆیە زۆرجار دەوڵەتانی دراوسێ مەرجی خۆیان بەسەر هەرێمی کوردستاندا دەسەپێنن، ئەوەش بۆ خراپ بەرێوەبردنی کوردستان دەگەڕێتەوە، کە تەنها بیر لە گیرفان و بەرژەوەندىیە حزبیەکانیان دەکەنەوە.
ڕۆژنیوز: داخستنی دەروازەەکانى هەرێم بەرووی ڕۆژئاوای کوردستاندا چۆن هەڵەسەنگێنیت و چى کاریگەرییەکى لەسەر ڕۆژئاوا و باشور هەیە؟
دڵشاد ئەحمەد: بێگومان داخستنی هەر دەروازەیەک کاریگەری خراپی لەسەر هەردوو لایەن دەبێت، کاتێک لە ڕۆژئاواوە پێداویستى هاوردە دەکرێت و حکومەت باج و رسوماتی خۆی وەردەگرێت، ئەوا سودمەند دەبێت، کاتێکیش کەل و پەل هەناردەی ڕۆژئاوا دەکرێت، دووبارە هەرێم سودمەندی یەکەم دەبێت، بۆ ڕۆژئاواش هەر وایە.
ڕۆژنیوز: بە بۆچونى ئێوە وەک شارەزایەک هۆکارى داخستنى دەروازەکانى نێوان باشور و ڕۆژئاواى کوردستان بۆچى دەگەڕێتەوە؟
دڵشاد ئەحمەد: ئەم دەسەڵاتە کوردییەی ئێرە بەهۆى بوونى رقی شەخسی و حزبی و بوونى ئەجێندای وڵاتان، دێت سنوری لەگەڵ پارچەیەک لە خاکی کوردستان دادەخات، کە ئەوەش ئەوپەری نابەرپرسانەیە و دوورە لە هەموو بنەما ئابووری نەتەوەییەکانیش، چونکە هەندێک هێز خۆیان بە نەتەوەی دەزانن، بەڵام هەموو شتێک دژی نەتەوەکەی خۆیان دەکەن، دەمەوێت بڵێم، ئەوەی حکومەتی هەرێم بەرێوە دەبات، تەنها بیری لای بازرگانی و خۆدەوڵەمەندکردنە.
ڕۆژنیوز: ئایا دەسەڵاتدارانی هەرێم بە شێوەیەکی بەرپرسیارانە، مامەڵەیان لەگەڵ ڕۆژئاوای کوردستاندا کردووە؟
دڵشاد ئەحمەد: جا حکومەتی هەرێم کوا بەرپرسیارانە مامەڵەی لەگەڵ هاوڵاتیانی باشور کردووە، تا خۆی بە بەرپرسار بزانێت بەرامبەر بە ڕۆژئاوای کوردستان یان هەر پارچەیەکى دیکە، ئەم دەسەڵاتەى باشور کارێکى وایکردووە، سەوزە و میوە و هەموو شتێکمان لە دەرەوە بۆ دێت، لەکاتێکدا باشور خاکێکی دەوڵەمەند و بەپیتی هەیە بۆ هەموو کەرتەکانیش گونجاوە، لێرەوە بۆمان روون دەبێتەوە، کە دەسەڵاتی کوردی زۆر نابەرپرسانە حکومڕانى دەکات.
ڕۆژنیوز: ئایا بەرێوەبردنی دەروازەکانى هەرێمى کوردستان زانستیانەیە؟
دڵشاد ئەحمەد: نەک بەرێوەبردنی دەروازەکان، بەڵکو کۆمەڵێک کەس وەکو بازرگان هەرێمی کوردستان بەرێوە دەبەن، کە تەنها بیریان لای قازانجی کەسی خۆیانە و هیچ پێوەرێکی زانستی لە بەرێوەبردنی سەرجەم کایەکاندا نیە، هەر بۆیە کوردستان ئابورییەکەی لەژێر دەستی چەند بەرژەوەندی خوازێکە، کە دەیانەوێت هاوڵاتیان بکەنە ژێردەستەی خۆیان.
ڕۆژنیوز: ئایا کارێکى دروستە، کە بەرپرسانى هەرێم دەروازەى سنورى بەڕووى ڕۆژئاواى کوردستاندا داخەن؟
دڵشاد ئەحمەد: لە کاتێکدا وڵاتانى دراوسێ دەروازەکانیان دادەخەن بە ڕووى هەرێمدا، ئەوا کوردستان هاواری لێ هەڵدەستێت و چەندین قەیران دروست دەبێت، کەچی خۆیان زۆر بێ ویژدانانە دەروازەی سنوری بەرووی بەشێکی دیکەى کوردستاندا دادەخەن، لەکاتێکدا دەبێت هاوکاری پێشکەش بکات، بەڵام ئەوە چاوەرێ ناکرێت، لە بازرگانی سیاسی.
دەروازە سنوریییەکان بناغەیەکى گرنگی ئابوورین بۆهەموو وڵاتێک بەگشتی و بەتایبەتیش ئەو وڵاتانەی، کە پشت بە هاوردەکردن دەبەستن و هەرێمی کوردستانیش بەهۆی هەڵکەوتە جوگرافیاکەی، کە کەوتووەتە نێوان وڵاتانى عێراق، ئێران، تورکیا و سوریا و ژمارەیەکى زۆر خاڵى سنورى تێدایە، کە ئەوەش داهاتێکی باشی بۆ حکومەت کۆکردووەتەوە.
لە ڕۆژى ١٦ى مانگی ١٢ی ساڵی ڕابردووەوە، هێزەکانی پەدەکە دەروازەی سنووریی سێمێلکا و وەلیدیان بەڕووی ڕۆژئاوای کوردستاندا داخستووە، بەرپرسانی دیوی ڕۆژئاوای کوردستانی دەروازەکەش دەڵێن، پەدەکە هیچ ئاگەدارییەکی پێ نەداون لە بارەی داخستنی دەروازەکە و هۆکاری داخستنیەوە.
ئ.م