مەنسور تەیفوری، نووسەر و توێژەر پێی وایە، پەکەکە توانیویەتی کورد لە لەناوچوون بپارێزێت و جارێکی دیکە شوناسی کوردبوون بکاتەوە بەبەری ئەو کوردانەی وازیان لە کوردبوونی خۆیان هێنابوو، دەشڵێت: پەکەکە یەکێکە لەو بزوتنەوانەی توانیویەتیی ئایدیاکەی لەگەڵ سەردەمدا بگونجێنێت و بتوانێت بمێنێتەوە و پاپۆڕەکەی لە شەپۆلی سەرکوتی ئایدیا شۆڕشگێڕەکان بپەڕێنێتەوە.
نزیک دەبینەوە لە ٤٣یەمین ساڵیادی دامەزراندنی پارتی کرێکارانی کوردستان-پەکەکە، بزووتنەوەیەک نزیکەی نیو سەدەیە خەباتێکی فکریی، سیاسیی، کۆمەڵایەتیی و چەکداریی جۆشداوە و لەزۆربەی قۆناغە مێژووییەکانی سەردەمی خۆیدا، توانیویەتیی مۆرکی خۆی لە ڕووداوەکانی کوردستان و تەنانەت ناوچەکە و جیهانیش بدات، دیارترین بەرهەمی فکریی ئەم بزوونتەوەیەش بە پێشەنگایەتی ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان، سیستمی کۆنفیدراڵیزمی دیموکراسییە، کە ئەمڕۆ بەرهەمەکەی بەشێوەی کردەیی لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، شەنگال و کامپی مەخمور دەبینین.
لەسەر گرنگیی دامەزراندنی پەکەکە، ڕەهەندە مێژووی و واقعییەکانی پشت گەورەبوون و پەرەسەندنی ئەو بزووتنەوەیە و پێگەی پەکەکە لە تێکۆشانی کوردستانییدا، هەروەها پەکەکە چۆن توانی سەرلەنوێ شەڕی کوردبوون بکاتەوە و نەتەوەی کورد بەتایبەت لە باکووری کوردستان لە لەناوچوون بپارێزێت، ئاژانسی ڕۆژنیوز چاوپێکەوتنێکی لەگەڵ مەنسور تەیفوری، نووسەر و توێژەر و خوێندکاری دکتۆرا لە بەشی فەلسەفەی زانکۆی هەشتی هاڤانسێن-ی فەرەنسا ئەنجامدا.
دەقی چاوپێکەوتنەکە؛
– ڕەنگە زۆر ڕەهەند هەبێت لە مێژووی پەکەکەدا شایەنی هەڵسەنگاندن بێت، بەڵام بەبۆچوونی تۆ گرنگیی دامەزراندنی پەکەکە وەک جوڵانەوەیەکی فکریی، سیاسیی و چەکداریی لەچیدایە؟
“کوردی لە لەناوچوون پاراست”
مەنسور تەیفوری: ئەگەر لەئاستی ناوخۆیی کوردستان باسی بکەین، کوردی لە لەناوچوون پاراست، هەر لەپێش دامەزراندنی کۆماری تورکیاوە تەماشای بکەین هەوڵ دراوە بۆ گۆڕینی کورد بۆ بەکرێگیراو، وە چەکدارکردنی خێڵە کوردییەکان بووە، لەو شوێنانەی عوسمانیی دەسەڵاتداربووە هەوڵیداوە کوردەکان بکاتە چەکداری خۆی، لەناوخۆیدا بیانتوێنێتەوە و بەتاڵیان بکاتەوە لە سیاسەت، تەنانەت بۆ سەرکووتی کوردەکان خۆشیان بەکاریان بهێنێت، بەڵام لەدوای دامەزراندنی دەوڵەتی نەتەوەی تورکەوە تەنانەت مافی جاشبوون و کەوا سووری بەر لەشکریشیان لە کورد وەرگرتەوە، بەشێوەیەک کە کوردێکی باش بۆ ئەوان بریتییە لە کوردێکی مردوو، پەکەکە لە وەها دۆخێکدا سەرهەڵدەدات، وەک ئاپۆ خۆی باسی دەکات، ئەوان لە دۆخێکدا سەریانهەڵدا کورد نەک وەک مرۆڤ مامەڵەی لەگەڵ نەدەکرا، بەڵکو وەک ئاژەڵیش مامەڵەی لەگەڵ نەدەکرا.
– کەواتە پەکەکە توانیی چی بکات بۆ ئەوەی ئەم وێنەیە بگۆڕێت و تای تەرازووەکە بگۆڕێت؟
“پەکەکە سەرلەنوێ شوناسی لای خەڵک بەرهەم هێناوەتەوە”
مەنسور تەیفوری: بێگومان، بەڵام ئەمە چۆن کراوە؟ ئێمە ئەگەر بەشێک لەو نموونانە باس بکەین کە لە بیرەوەرییەکانی هەڤاڵانی سەرەتای دامەزراندنی پەکەکە دەیبینین، هەڤاڵێک دەچێتە بەردەرگای ماڵێک دەڵێت وەرە تۆ کوردیت با قسەبکەین، کابرا دەرگاکەی بەڕوودا دادەخات بەیانی دەرگا دەکاتەوە دیسان ئەو هەڤاڵە لەبەردەرگا وەستاوە، بۆیە بێگومان لەم زەمینەیەدا بەشێک لە شەڕەکە دەبێتە شەڕی شوناس، بەشێوەیەک دەبوو پەکەکە سەرلەنوێ ئەو شوناسەی لای خەڵک بەرهەم بهێنایەتەوە.
– ئەو فاکتەرە بەهێزانە چی بوون کە توانی پەکەکە بهێنێتە ئەم ئاستەی ئێستا؟
“پەکەکە زادەی پێشینەیەکە کە پڕە لە بزووتنەوەی جیاجیا”
مەنسوور تەیفوری: ئێمە ئاگامان لە هیپییەکانە، ئاگامان لە بزووتنەوەی ئەنتی کۆلۆنیالیستییە، ئاگامان لە شەڕی جەزائیرە، ئاگامان لە بزووتنەوەی ڤێتنامە، ئاگامان لە چی گیڤارایە، ئاپۆ خۆی دەڵێت کە یەکێک لە ڕەگوڕیشەکانی پەکەکە دەگەڕێتەوە بۆ بزووتنەوەی ١٩٦٨ی فەرەنسا، لەو دەیەدا گەنجان لەسەر شەقامن، گەنجانی ئینتەرناسیۆنال، کە داوای ڕزگاریی لە ئاستی گەردوونیی و لەئاستی گەورەدا دەکەن، وە داوای نەمانی چەوسانە و چینایەتیی لەئاستی جیهانییدا دەکەن، پەکەکە زادەی ئەم پێشینەیەیە کە پڕە لە بزووتنەوەی جیاجیا.
– پێتوایە پەکەکە توانی ڕاگوزەرێکی نوێ بکات، بەو واتایەی فکر و سیستمەکەی توانای مانەوە و خۆگونجاندنی هەیە لەگەڵ زەمەنە جیاجیاکاندا و کێشەکانی کۆمەڵگەدا، بەپێچەوانەی ئەو فکر و تیۆرانەی پاشەکشەیان کردووە و نەیانتوانیوە خۆیان لەگەڵ زەمەنەکاندا بگونجێنن؟
“ڕەنگە پەکەکە و چیاپاس تاکە بزووتنەوەبن لەو سەردەمەوە کە توانیویانە بمێننەوە”
مەنسور تەیفوری: ئێمە لە دەیەکانی ٦٠ و ٧٠ ئاگامان لە بزووتنەوە گەلێک هەیە، بەڵام لە ٨٠کان و ٩٠کان بەدوا ئیتر ئاگامان لەو بزووتنەوانە نەما، بە ئێستاشەوە لەئاستی هەفتە و مانگدا هەن، ئەوەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ڕەنگە زۆرینەی ئەو جوڵانەوانە داوای ئیمتیازی لەدەستچوو دەکەن نەک ئیمتیازی نوێ، جگەلەوەش ڕێکخستنیان نییە، بەڵام یەکێک لەو بزووتنەوانە کە دەتوانێت بمێنێتەوە و بەرهەمی ئەو سەردەمەیە، ئەویش پەکەکە، ڕەنگە پەکەکە و چیاپاس تاکە بزووتنەوەبن لەو سەردەمەوە کە توانیویانە بمێننەوە، ئەمەش کۆمەڵێک فاکتەری هەن کە یەکەمیان ئەوەیە، دەتوانێت دیالێکتێکی دەروونی بکاتە خۆیەوە کە دەتوانێت بەرخۆدان بکات و کاریگەریی بخاتە سەر دووژمن و خۆشی فێرببێت، ئەمە وادەکات بزووتنەوەیەک بەردەوام بتوانێت فێرببێت و زیندوو بمێنێتەوە.
– بۆچی تاوەکو ئێستا سیستمی جیهانیی توانای قبووڵکردنی پەکەکەی نییە؟ بۆ هەمیشە شەڕی بەسەردا دەسەپێندرێت؟
“چونکە پەکەکە بەشێک نییە لە کایەی هەڵسووڕێنەری سەرمایە”
مەنسور تەیفوری: پەکەکە یەکێکە لەو بزووتنەوانەی جیهان کە کۆی سیستمی دەسەڵاتداریی و سەرمایەداریی دژایەتیی دەکەن، ئێمە ئێستا ڕووبەڕووی شکڵێک لە دەوڵەت بووینەتەوە، کە دەتوانێت دوو دەوڵەت لەناو جوگرافیایەکدا بەیەکەوە کاربکەن، دەوڵەت دەتوانێت لەگەڵ هەرشتێک لەناو خۆیدا هەڵبکات، بەڵام ناتوانێت لەگەڵ شتێکی نا دەوڵەتیی هەڵبکات، یەکێکیش لەو شتە نادەوڵەتییە پەکەکەیە، چونکە ئەمانە بەشێک نین لە کایەی هەڵسووڕێنەری سەرمایە.
– کەواتە فکری کۆنفیدراڵیزمی دیموکراتیی کوردی بەکوێ گەیاند؟
مەنسور تەیفوری: ئێمە گۆڕانکارییەکی بنچینەیی دەبینین لە پێگەی کورد لە سیاسەتی نێودەوڵەتییدا لەدوای ٢٠١٤ەوە، تا پێش ئەوە پێگەی زاڵی کورد لە جیهاندا ئەوەبوو کە نەتەوەیەکە دەچەوسێتەوە و هەمیشە کورد وێنەی قوربانیی خۆی پیشاندەدات، بەڵام لەدوای ٢٠١٤ و تێکۆشانی ڕۆژئاواوە، شتێک گۆڕا کە دەتوانین پێی بڵێین گۆڕان لە پارادایم، بەو مانایەی کە ئەو وێنای قوربانییە بەهۆی بەرخۆدانی کۆبانێوە گۆڕا، کە کورد ئیدی وێنای قوربانیی نییە، بەڵکو پەکەکە بکەری سیاسییە، ئەمەش گرنگە چونکە خاوەن گوتاری پێشکەوتنخوازییە، پشت بەکۆمەڵێک بەهای گەردوونیی دەبەستێت، کە بریتین لە مافی مرۆڤ، یەکسانیی ژن و پیاو، مافی دیارییکردنی چارەنووس و یەکسانی نەتەوەکان.
– باشە ئەگەر لەسەر ئاستی ناوخۆیی کوردستان قسەبیکەنەوە، پەکەکە سەردەمانێکە کار لەسەر ڕێکخستنەوەی ناوماڵی کورد دەکات، بەڵام بۆچی تائێستا ئەمە دروست نەبووە؟ بۆچی هێشتا هەندێک لایەنی کوردیی دەبنە بەشێک لە پیلانگێڕییە ناوچەیی و نێودەوڵەتییەکان دژی پەکەکە؟
مەنسور تەیفوری: پەکەکە کۆمەڵێک بنچینە و پرەنسیپی هەیە، کە وازیان لێ ناهێنێت، ئەو هێزانەی دیکە بەشێکن لە کایەی سەرمایە لەم ناوچەیەدا و هیچ پرەنسیپێکیشیان نییە، هەن بۆ ئەوەی کۆمەڵێک کۆمپانیا بپارێزن، کەواتە ئەم هێزە چۆن دەتوانێت لەگەڵ پەکەکە یەک بگرێتەوە؟ ئەم هێزە لەگەڵ هیچ کوردێک ناتوانێت یەک بگرێتەوە، ئەم هێزە خۆ لەبەر کوردبوون لێرە نییە، بەڵکو بۆ شتێکی دیکە لێرەیە، دروستە نابێت بیبەیتە قۆناغێکەوە کە بەریەککەوتن دروستببێت لەگەڵیدا یاخود زیاتر بچێتە باوەشی دووژمنەوە، بەڵام دژایەتی پەکەکە دەکات چوونە بنچینە و گرنگییەکەی لەسەر ئەوەیە، ئەو تەنانەت لەئاستی ئایدۆلۆژیشدا لە پەکەکە دەترسێت.
– کەواتە لەکۆی قسەکاندا دەتوانین بەپووختیی چی لەسەر پەکەکە و خەبات و تێکۆشانەکەی بڵێین؟
“پەکەکە توانیی لە شەپۆلی گەورەی سەرکووتی ئایدیا جیهانییە شۆڕشگێڕەکان پاپۆڕەکەی بپەڕێنێتەوە”
مەنسور تەیفوری: پەکەکە یەکێک لەدوایین بزووتنەوەکان کە توانیی لە شەپۆلی گەورەی سەرکوتی ئایدیا جیهانییە شۆڕشگێڕەکان پاپۆڕەکەی بپەڕێنێتەوە، بەشێکی گەورەی کەلتوور و بەهاکانی شەستەکان و حەفتاکانی سەدەی ڕابردووش لەگەڵ خۆیدا بهێنێت، چی بەسەر دێت ئەمە داهاتووە دیاریی دەکات.. ئەزموونەکانی پڕە لە ئەزموونی جیاجیا، پێمان دەڵێت کۆبوونەوە و بڕیاردانی مرۆڤەکان بۆ شۆڕشگێریی هێشتا نەمردووە و هێشتا مومکینە کۆمەڵێک کەس دابنیشن و دنیا بگۆڕن.
س.س