مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری كورد ڕایدەگەیەنێت، بە دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر، كورد بە مافە ڕەواكانی خۆی دەگات، هەروەها ئازادیی جەستەیی ڕێبەر ئۆجالان بە قازانجی دەوڵەتی تورك پێش كورد دەزانێت و جەختدەكاتەوە “بە ئازادكردنی ئۆجالان ئاشتیی بۆ توركیا دەگەڕێتەوە و شەڕنامێنێت”.
لە چاوپێكەوتنێكیدا لەگەڵ ئاژانسی ڕۆژنیوز لەسەر دەرهێنانی پەكەکە لە لیستی تیرۆر و كاریگەری لەسەر دۆزی و كورد و ئاسایشی ناوچەكە، دکتۆر مەحمود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد وەڵامی چەند پرسیارێک دەداتەوە.
دەقی چاوپێکەوتنەکە:
ـ بۆچی پەكەكە خرایە لیستی تیرۆرەوە؟ كاریگەرییەكانی لەسەر دۆزی گەلی كورد چییە؟
مەحمود عوسمان: كاتی خۆی توركیا داوای كرد پەكەكە بخرێتە لیستی تیرۆرەوە و ئەمریكا داواكەی پەسەندكرد و ئەوروپایش دوای ئەو بڕیارەكەوت، بەو بیانووەی چەكی هەڵگرتووە و بەرگریی لەخۆی دەكات، ئەگەر بەوردی سەیری ئەو شەڕەبكەیت لە توركیا هەیە، ئەوا توركیا تیرۆرستە و تیرۆری دەوڵەت دژ بە گەلی كورد بەكاردەهێنێت و ئەوە ٤٠ ساڵە ئەنجامی نەبووە و ئەوەتا بەرامبەر بە ڕۆژئاوا و باشووریش ئەو شەڕە دەكات، لەبەر ئەوە بە ناهەق پەكەكە خراوەتە لیستی تیرۆرەوە، پەكەكە بەرگریی لە دۆزی ڕەوای گەلێك دەكات، ئەگەر حكومەتی ئەنقەرە داوای ئاشتی بكات و پەكەكە ڕەتی بكاتەوە ئەو كاتە دەتوانین بڵێین خەتای پەكەكەیە، بەڵام لە بنەڕەتدا خەتای توركیایە، بەداخەوە لەبەر پشتگیریی ئەمریكا هێشتا پەكەكە لە لیستی تیرۆردایە، لە ئەنجامدا دەبێت پەكەكە لە لیستی تیرۆر دەربهێنرێت، لەبەر ئەوەی كورد تیرۆرست نییە و بەرگری لەخۆی دەكات، ئەو حكومەتانەی مافی كورد ناسەلمێنن ئەوانە تیرۆرستن.
ـ لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی و هەرێمی ئێستا پشتیوانی پەكەكە دەكرێت بۆ دەرهێنانی لە لیستی تیرۆر، ئایا كاریگەری دەبێت لەسەر دەرهێنانی لەو لیستە؟
مەحمود عوسمان: نازانم بەڵام بنەڕەتەكە ئەمریكایە، ئەگەر ڕەزامەندبێت بە دەرهێنانی یان یەكێتی ئەوروپا ڕەزامەندبێت لە دەرهێنانی ئەوا دەردەهێنرێت، بەڵام تا ئەنقەرە ئەو شەڕەی بەردەوام بێت و نکۆڵی بكات لەوەی پەكەكە تیرۆرستە، ڕەنگە ئاسان نەبێت، بەڵام دەبێت كەمپینەكان بەدەوام بێت.
ـ لەكۆتایی ساڵی ڕابردووەوە كەمپەینێكی چوار ملیۆن ئیمزا دەستیپێكردووە، ئایا كاریگەری دەبێت؟
مەحمود عوسمان: وەڵا كاریگەری دەبێت، مومكین نییە ئەو داوایە پەسەند بكرێت، بەڵام دەبێت ئەو كەمپەینانە بەردەوامبێت و قورسایی دەخاتە سەر ئیشەكە و ئەگەر كوردی بەشەكانی تر ئەو داوایە بكەن كاریگەری زیاتری دەبێت.
ـ جگە لە ئەنجامدانی كەمپەین، چی ڕێگایەكی تر هەیە بۆئەوەی پەكەكە لە لیستی تیرر دە بهێنرێت؟
مەحمود عوسمان: پەكەكە خۆیشی دەبێت هەوڵبدات و لەگەڵ حزبە كوردستانییەكان ڕێكبن لە هەر چوار بەشی كوردستان، هەوڵدەن لەناو كورد-دا پەیوەندی هاوكاری زیاتر لە نێوانیاندا هەبێت، كلیلیی ئیشەكە لە ئەنقەرەیە و تا توركیا شەڕخواز بێت و شەڕ لەگەڵ كورد بكات و ئەو لیستی تیرۆرە بەردەوام دەوام دەبێت، كەی كارێكی وا كرا ئەنقەرە ئاشتی و دیالۆگ بكات ئەو كاتە بۆ دەوڵەتانیش ئاسانە لە لیستی تیرۆر دەریبهێنن، لەبەر ئەوەی دەوڵەتان لەبەر توركیا پەكەكەی خستووەتە لیستی تیرۆرەوە، بەڵام دەبێ توركیا تێبگات ئەو هەموو ساڵە شەڕ دەكات و سودی نەبووە، بەڵام بەوشێوەیە سواری سەری خۆیان بوون و بەردەوامبوون.
هەروەها داوا لە دەرەوەی بكرێت فشار لە توركیا بكرێت، هەر دەستپێشخەرییەكیش بۆ ئاشاتی دەبێت كورد و پەكەكە بەدەمییەوە بچن، بەڵام توركیا بەردەوامە لەشەڕ.
دەبێت كەمپەین هەیبێت هەندێك شت یەكسەر چارەسەر ناكرێت، بەڵام دەبێت كەمپەین بەردەوام بێت بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر و ئازادی ئۆجالان كە زۆر لە بەرژەوەندی توركیایە، چونكە ئاشتی دەچەسپێت و شەڕ نامێنێت، جگە لەوەش دەمیرتاشیان دەستگیركردووە و ساڵانە سزاكەی نوێ دەكەنەوە و دادگای ئەوروپا داوای ئازادكردنی كردووە، بەڵام توركیا رەتی دەكاتەوە، هۆكارەكەیشی ئەوەیە ئەمریكا لە پشتی توركیایە و ئەمریكا دۆستی كورد نییە و دۆست ئەوەیە دانبەوەدا بنێت تۆش میللەتێكیت و مافت هەیە.
ـ بڕیاری دادگای بەلجیكا بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر كە پەكەكە تیرۆر نییە تاچەند كارئاسانییە بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر؟
مەحمود عوسمان: هەموو بڕیارێك لەسەر دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر كاریگەری و سوودی دەبێت بۆ كەمپەینەكان.
ـ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر كاریگەری دەبێت لەسەر دۆزی كورد؟
مەحمود عوسمان: دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر شتێكی باشە و ئیمكانییەتی ئاشاتی دروست دەبێت و كاریگەری دەبێت لەسەرئەوەی كورد بە مافەكانی خۆی بگات، جوگرافییەكەمان دژمانە و كەتووینەتە نێوان چەند دەوڵەتێكەوە و دوژمنمانن، پرسی كورد پەكەكە نییە، لێرە ڕیفراندۆم كرا بینیمان چ بەرامبەر كورد كرا، بەڵام كورد دەبێت خەرێك بێت و هەوڵبدات و سیاسەتی نێودەوڵەتی بگۆڕێت و بڕوا بە كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی بهێنێت میللەتێكە و مافی هەیە دەوڵەتی خۆی هەبێت.
– لە كۆتاییدا چی پەیامێکتان هەیە؟
مەحمود عوسمان: داواكاریم ئەوەیە كورد پشتگیری یەكتری بن و پشتیوانی ئەو كەمپینە بكەن بۆ دەرهێنانی پەكەكە لە لیستی تیرۆر و ئازادكردنی ئۆجالان، هەر كێشەیەكیش لە نێوان پەكەكە و لایەنێكی سیاسییدا هەیە بە دیالۆگ و ئاشتی چارەسەر بكرێت، لەبەر ئەوەی دەوڵەتانی دوژمنی كورد شەڕی كوردیان پێخۆشە.
س.س