نەرمین عوسمان، ڕەخنە لە لاوازیی سیستمی هەرێمی کودستان دەگرێت، کە عقڵیەتی نێرسالاریی زاڵ کردوە و جەخت دەکاتەوە، کە ئەگەر چوار بکوژ سزای قورس بدرێت، کەس زات ناکات ژن بکوژێت، هەروەها باس فەرامۆشکردنی مێژووی ژنان دەکات، کە خۆی ئێستا لە ئینستتیوتەکەیدا، گرنگیی پێدەدات.
نەرمین عوسمان، سەرۆکی ئەنجومەنی بەڕێوەبەریی ئینستتیوتی نارین بۆ توێژینەوە و بڵاوکردنەوە لەم چاوپێکەتنەدا تیشک دەخاتە سەر دۆخی ژنان لە باشووری کوردستان و کاری ئینستتیوتەکەی، کە بەشێکی بۆ نووسینەوەی مێژووی ژنان تەرخان کردوە.
تەواوی چاوپێکەوتنەکە:
-بەگشتیی ژنانی باشووری کوردستان لە چ دۆخێکدان؟
” گۆڕانکاریی لە عەقڵیەتی تاکی کورد بۆ تێڕوانینی لەبەرامبەر ژن نەکراوە”
نەرمین عوسمان: بە بەراورد بە جاران بەرەوپێش چوە، یاسای باش دەرچوە، ژن بەشدارە لە ناوەندی بڕیار، پەرلەمان و حکومەت، شوێنی گرنگ و دەزگایان بەدەستەوەیە، لە ماڵدا خاوەن بڕیار بێت، ئابووریی سەربەخۆی هەبێت، کۆمەڵێک دەستکەوتی بەدەستهێناوە، بەڵام لە چەند لایەنی دیکەوە کاری جدیی لەسەر نەکراوە، گۆڕانکاریی لە عەقڵیەتی تاکی کورد بۆ تێڕوانینی لەبەرامبەر ژن نەکراوە، خەڵک زانیاریی لەسەر یاساکان و مافەکانی ژنان نییە، ڕەگەزی بەرامبەر نازانێ ئازادیی ژن چییە، دۆستی ئازادیی ژن لەناو ژندا زۆرە، بەڵام ئەو ڕێژەیە نییە لەناو پیاودا یان کەمە، کە دۆستایەتیی ئێمە بکەن، هەندێک بەرپرسی سیاسیی باس لە ئازادیی ژن دەکەن، بەڵام بوار بە هاوژینەکەی خۆی نادات، کاری سیاسیی بکات.
-بەشداریی ژن بەگوێرەی پێویستە؟ ئایا بەڕاستیی لە ناوەندی بڕیاردان؟ یان تەنیا ڕواڵەتییە؟
“دەکەوێتە سەر کەسایەتییەکە، ئایا ئازایە، یان گوێڕایەڵێکی باشە”
نەرمین عوسمان: هەردوو دیوی هەیە، ئەگەر لە ناوەندی بڕیار بێت، ڕا دەردەبڕێت، دەکەوێتە سەر کەسایەتییەکە، ئایا ئازایە، یان گوێڕایەڵێکی باشە، ئەمە لە پیاویشدا وایە، ژن لە پرسە گرنگەکانی نێوان پارتە سیاسییەکان و گفتوگۆ لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە، خاوەن بڕیار نییە، لە دانوستانەکاندا هەر دەموچاوی پیاو دەبینی، لەکاتێکدا بۆ گفتوگۆ لەسەر ناکۆکیی نێوان پارتە سیاسییەکان، زۆر گرنگە ژن هەبێت، چونکە لەو ناکۆکییانەدا زیانلێکەوتووی یەکەم ژن و منداڵن. لەگەڵ ئەوانەشدا من هیوام هەیە، ژنان بوێری قسەکردنیان پەیداکردوە، دەنگێکی زوڵاڵیشان هەیە و زۆر جار گوێیان بۆ دەگیرێت.
-ژن بۆ خۆی هەنگاوی بڕیوە بۆ گەیشتنی بە پێگەیەکی بەرز و خۆی پێگەیاندوە، یان وەک دەوترێت ئاسانکاریی بۆ کراوە؟
” دەبێت ژن ئاستی ڕۆشنبیریی و تواناکانی بەرزبکاتەوە”
-ژن ئەگەر خۆی پێشنەخستبێت، کێبڕکێی پیاوێکی بۆ ناکرێت، کە هەموو دەرفەتەکان لەبەردەمیدا کراوەن، دەبێت ژن ئاستی ڕۆشنبیریی و تواناکانی بەرزبکاتەوە، ڕێگربێت لە ئاستەنگییەکانی بەرامبەری، ژیانی ژن ئاسان نییە و ئاستەمە، کۆمەڵگا ڕێگریی لێدەکات، بەرپرسە لە ماڵ، منداڵ، کارکردن لەدەرەوە، سیاسەت کردن، ئەمانە ئەرکی زۆرن، ڕێگر دەبێت لەوەی وا بکات بارتەقای پیاوەکە سەرقاڵی خۆپێگەیاندن بێت.
-یەکگرتنی ژن، ئاستەنگییەکان تێدەپەڕێنێت؟
“ژنان بە هەموو جیاوازییەکانمانەوە، هاوبەشییمان هەیە”
نەرمین عوسمان: بێگومان یەکگرتن واتا بەهێزبوون و توانا، یەکگرتن لە هەموو پرسێکدا زۆر گرنگە، ژنان هاوبەشبوونیان هەیە بە هەموو پارت و ئایدۆلۆژییە جیاوازییەکانەوە، داکۆکیی لەسەر مافی ژنان هاوبەشییە، ئیسلامیی بێت یان عەلمانی، یان هەر هیچ پێگەیەکی سیاسیی نەبێ، هەمان داواکارییمان هەیە، بۆیە دەبێت یەکگرتووبین.
-بۆچی ئەو ژنانەی بەرپرسیارێتیییان پێدەسپێردرێت، بەردەوام دەکرێنە ئامانج و لێیان دەدرێت؟
“ژن خاوەن هێزی سەربازیی نییە، خاڵە بەهێزەکان لای پیاوە”
نەرمین عوسمان: لە سیاسەتدا، لە شەڕی سەربازییدا، هێرش دەکرێتە سەر خاڵی لاوازی کۆمەڵگا، لێرە ئەو خاڵە لێدانە لە ژن، مەبەست ئەوە نییە، کە ژن خۆی لاوازە، بەڵکو خاڵی لاوازی کۆمەڵگایە، ژن خاوەن هێزی سەربازیی نییە، خاڵە بەهێزەکان لای پیاوە، کۆمەڵگا وەک یەک سەیرمان ناکات، بۆیە پێویستە ژن ئەو خاڵە بەهێزانە بۆ خۆی کۆبکاتەوە، توانا زەوتکراوەکانی بەدەستبێنێتەوە و لە هەموو بوارەکاندا ببیندرێت.
–ئامارەکانی کوشتن و خۆکوشتنی ژنان زۆر بەرزن، بەجۆرێک ڕۆژانە هەواڵی کوشتن و خۆکوشتن دەبیستین، بۆچی؟
“سەروەرنەبوونی یاسا و دادگایە”
نەرمین عوسمان: هۆکارەکە کۆمەڵگایەکی ناتەندروستە، ژنێک هیچ ڕێگاچارەیەکی نەما، پەنادەباتە بەر ژیان سەندنەوە لە خۆی، خۆکوشتنێکی ناچارییە، بکوژانی ژن سزای خۆیان وەرناگرن، ئەگەر یاسا سەروەربێت و چوار بکوژ سزای قورس بدرێت، سزاکانی کەم نەکرێتەوە، پەنا نەبرێتە بەر سوڵحی عەشائیریی، خەڵک زاتی نابێت ژن بکوژێت، کەواتە گرفت لە سەروەرنەبوونی یاسا و دادگا و عەقڵیەتی عەشایەرییە.
-بەڵام زۆر جار دەوترێت، خەڵک متمانەی بە دادگا نییە، شوێنێک نییە بۆ پاراستنی ژن، بۆیە ڕێگا یدیکە هەڵدەبژێرێت؟
“ئەگەر یاسا هەبێت، چۆن ١٢ ساڵ بەشوو دەدرێت”
-دەوڵەت لە زۆر شتدا ئەگەر بەهێز نەبوو، شتی لابەلا دروست دەبێت، ژنیک هەڕەشەی کوشتنی لەسەربێت، لە وڵاتانی دەروە پۆلیس لەبەردەم ماڵەکەی دەوەستێت، کەسەکە دەگیرێت، دەبێت دەوڵەت پارێزگاریی لێبکات، کەواتە لە هەرێمی کوردستان هەموو سیستمە لاوازەکە، عەقڵیەتی نێرسالاریی، وردە وردە زاڵ دەبێتەوە، ئەو شتە کلتورییە دواکەوتووەی ناو عەشائیر زیندوو دەبێتەوە، کلتوری جوان لەناو عەشائیردا هەن، بەڵام کوشتنی ژنانیش بەشێکە لەو کلتورە، ئەو ژنەی لە هەولێر کوژرا، بە ١٢ ساڵیی هاوسەرگیریی پێکرابوو، ئەگەر یاسا هەبێت، چۆن دەبێت بە ١٢ ساڵیی بە شوو بدرێت؟
-پێشنیار و چارەسەر؟
-ئەرکەکان دەبێت دابەش بکرێت، پەروەردە زۆر خاڵی گرنگی فەرامۆشکردوە، کە گۆڕانکاریی لە کۆمەڵگادا دروست دەکات، ئەم سیستمی پەروەردەیەی ئێستا تەنیا فێرکردنە، پەروەردە نییە، بۆیە دەبێت ڕۆڵی خۆی ببینێت، دەبێت ڕێکخراوە جێندەرییەکان بودجەیان بۆ تەرخان بکرێت تا زیاتر بچنە ناو کۆمەڵگاوە، دەسەڵاتی یاسادانان و دادگاکان بەهێزبکرێن، دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس کاری جدیی بکەن، ئەو کەسانەش ڕێگا خۆشکەر و هاندەرن بۆ کوشتنی ژن، بە چاوی تاوانبار سەیر بکرێن.
-نەرمین عوسمان بۆ دەستی بۆ نووسینەوەی مێژووی ژن بردوە؟
-یەکێک لەو شتانەی لە کتێبخانە کوردییەکاندا کەمە و زۆر بایەخی پێنەدراوە، مێژووی ژنانی کوردە، لەکاتێکدا ژن ڕۆڵی گەورەی بینیوە و ئەرکی قورسی لەسەر بوە، کتێبە کوردییەکان باس لە پیاوی بەتوانا و بەهێز دەکەن، لە هەموو کتێبە بیروەرییەکاندا زۆر بەکەمیی باسی ڕۆڵی ژن کراوە، بیانییەک بیەوێت توێژینەوەبکات لە مێژووی ژنی کورددا، ئەوەندە سەرچاوەی دەستناکەوێت، کە توێژینەوەیەکی باش بکات.
-کێن ئەو ژنانەی لەناو کتێبەکانی تۆدا جێگا دەگرن؟
-بەشێکی خۆم دەیانناسم، بەشێکی خەڵک پێم دەناسێنن، چونکە هەموویان لە بوارە جیاجیاکاندا دەستی باڵایان هەبوە، ماندووبوون و قوربانییان داوە، لە باکوور، ڕۆژهەڵات، ڕۆژئاوا و باشوور، چەند ژنێکی عەرەبیش، کە لەناو کورددابوون، یان پێشمەرگەبوون، داکۆکیی زۆریان لە پرسی کورد کردوە.
-بۆچی نووسەر و مێژوونووسی پیاو گرنگیی بە نووسینەوەی مێژووی ژن نادەن؟
نەرمین عوسمان: نایانەوێت مێژووی ژن ببینن، لە ڕەگی پێشکەوتووترین پیاوی کورددا، زهنیەتێکی نێرسالاریی هەیە، خۆی دەکات بە پاڵەوان و ئەوانی تر نا، لەکاتێکدا ژنی پاڵەوانمان زۆرە و ئەرکی ئەوانەیە، کە توانای نووسینیان هەیە باسیان بکات.
-لە کتێبی ‘گوڵدانی ژن’دا، چاوپێکەوتنت لەگەڵ ئەو ژنانە ئەنجامداوە، ئایا هەموویان لە ژیاندا ماون؟
نەرمین عوسمان: گوڵدانی ژن دوەم کتێبە و سێیەمیش چاپ دەکەین، ئەوانەی چاوپێکەوتنم لەگەڵ کردوون، زۆربەیان لە ژیاندا ماون، دواتر پرۆژەیەکی دیکەمان هەیە، مێژووی ئەوانە دەنووسینەوە، کە کاریان کردوە، بەڵام نەچوونەتە پەڕەی کتێبەوە، خۆیان مێژووی ژیانی خۆیان نەنووسیوەتەوە.
–بۆچی نەرمین عوسمان لە کتێبی ‘لەبەر تریفەی مانگ، خەونەکانی نیشتیمانمان دەچنی’، مێژووی خۆی نووسیییەوە، نائومێدبوو لەوەی کەسێکی دیکە مێژووی بنووسێتەوە؟
-نائومێد نەبووم لەوەی خەڵک باسم نەکات، من یەکەم ژن بووم چوومەتە ناو کۆمەڵەی ڕەنجدەران، لە زۆر بیرەوەرییەکاندا باس کراوم، بەڵام مافی خۆمە بیرەوەرییەکانم بنووسمەوە، ئەو کەسانەی کاریگەرییان لەسەرم هەبووە باسیان کەم، چەندین وەزارەتم لە عێراق و هەرێمی کوردستان کردوە، خۆم لە هەموو کەس زیاتر وردەکارییەکان دەزانم، بۆیە گرنگە مێژووی خۆمان بنووسینەوە، بۆ ئەوەش هانی ژنانی ترم داوە.
-کاری ئێستای نەرمین عوسمان چییە؟
-من کاری حزبییم نەماوە، لە دوا کۆنگرەی یەکێتیی دەرنەچووم، بڕیارمدا نەچمەوە دەزگاکانی حزب، خۆم تەرخان کەم بۆ ئەو کارانەی کە نەمتوانیوە بە ئەنجامیان بگەیەنم، مێژووی ژنان یەکێک لەوانەیە، لەم ئنستتیوتە توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە زۆر بواری تردا دەکەین، بەتایبەت مێژووی ژن.
ش.ف