شەممە, 4 أبر 2020 – 21:41 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
هێزەکانی ئاسایشی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕایانگەیاند، بەرپرسیاری ئەو هێرشە کە بووە هۆی شەهیدبوونی کارمەندێکی ئاسایش و برینداربوونی کارمەندێکی دیکەی ئاسایش، ڕژێمی سوریایە.
ئەم ئێوارەیە هیزەکانی سەر بە ڕژێمی سوریا لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی ئاسایش و شارەوانی و فەرمانگەی تەندروستیان کردە ئامانج و لە ئەنجامدا جوان ساڵح کارمەندی هێزەکانی ئاسایش شەهید بوو، هاوکات کارمەندێکی دیکەی ئاسایشیش بریندار بوو.
لە ڕاگەیێندراوەکەی ناوەندی ڕاگەیاندنی هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆی باکور و ڕۆژهەڵاتی سوریادا هاتووە:”ڕژێمی سوریا ئەمڕۆ لە قامشلۆ ٣ ئۆتۆمبیلی سەر بە هێزەکانمان و کارمەندانی شارەوانی و کارمەندانی تەندروستیان کردە ئامانج، لە ناو ئۆتۆمبیلی هێزەکانماندا کارمەندێکمان شەهید بوو، کارمەندێکیشمان بریندار بوو.
ئێمە وەکو هێزەکانی ئاسایشی ناوخۆ سەرەخۆشی خۆمان ئاڕاستەی هێزەکانی ئاسایش، خانەوادەی شەهیدان و گشت گەلەکەمان دەکەین و ئەم هێرشەی ئەندامانی ڕژێم شەرمەزار دەکەین، هاوکات جەخت دەکەینەوە کە ئەو هێرشانەی کە گەل و هێزەکانمان بە ئامانج دەگرن، ناگەن بە ئامانجیان و ناشتوانن ئیرادەمان بشکێنن. بەرپرسیاری ئەم هێرشە رژێمی سوریایە”.
د.ع