حکومەتی ئیسرائیل ڕایگەیاندووە، کە تەرمی ئەو فەلەستینیانەی کە لە خۆپێشاندانەکان لە دژی هێزە ئەمنییەکانی ئیسرائیل کوژرابوون، ڕادەستی خانەوادەکانیان ناکاتەوە.
بێنی گانتز وەزیری بەرگری و سەرۆکی حیزبی شین-سپی کە بەشداری لە حکومەتی ئیسرائیل، پاش کۆبوونەوەی ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوەیی لێدوانێکی دا و دەستنیشانی کرد، کە پێشنیاری ئەو بۆ ڕادەست نەکردنی تەرمی ئەو کەسانەی کە وەکوو “تێرۆریست” ناوزەد دەکرێن قەبووڵکراوە، بەم پێیەش تەرمی ئەو فەلەستینیانەی کە لە شەڕدا کوژراون ڕادەستی بنەماڵەکانیان ناکرێنەوە.
ئەم بڕیارە کە لە لایەن پارێزەرانی مافی مرۆڤەوە وەکو بڕیارێکی دژی مافی مرۆڤ دەبینرێت، تەنها بۆ ئەندامانی بزووتنەوەی حەماس کە لە شەڕی دژی ئیسرائیلدا دەکوژران جێبەجێ دکرا، بەڵام بە گوێرەی ئەم بڕیارە نوێیە گرنگ نییە کە فەلەستینییەکان لە شەڕدا کوژرابن یان هاوڵاتی بێت ئەوا چیتر تەرمەکانیان ڕادەستی خانەوادەکانیان ناکرێتەوە.
وەزیری بەرگری ئاماژەی بەوەکرد، کە بەم بڕیارە ئەوان دەیانەوێت دوو دیل و دوو تەرمی ئیسرایلی لە دەستی بزووتنەوەی حەماسدا بە ئاسانی وەربگرنەوە.
دەربارەی بڕیارەکە ڕێکخراوی عەدالە کە ڕێکخراوێکی کۆمەڵگای مەدەنییە ناڕەزاتی دژی بڕیارەکە پیشانداوە و ڕایگەیاندووە، کە نابێت سیاسەت و بازرگانی بە تەرمی کوژراوانەوە بکرێت.
س.ح