هێشتا ئاو بەو ئاگرەدا نەکراوە کە لەسەر لێدوانێکی ئیرەج مەسجدی باڵیۆزی ئێران لە بەغدا لە نێوان ئەنقەرە و تاراندا هەڵگیرساوە، ئاگرێک کە سوتەمەنیەکەی عێراق و بەرژەوەندییەکانیەتی.
دوێنێ هەریەک لە تاران و ئەنقەرە، باڵیۆزەکانی یەکتریان بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوە کرد، لەسەر ئەو لێدوانانەی خۆیان کە لەسەر عێراق و پێشێلکردنی سەروەرییەکەی دابوویان.
رۆژی شەممەی ڕابردوو، باڵیۆزی ئێران لە بەغدا، ئیرەج مەسجدی لە دیمانەیەکدا ڕایگەیاندبوو، دەستوەردانی سەربازیی تورکیا لە عێراق ڕەتدەکەنەوە، بە پێویستیشی زانی هێزەکانی تورکیا نەبنە هەڕەشە یان پێشێلکردنی خاکی عێراق، ئەوەشی وتبوو کە “تورکیا چ پەیوەندییەکی بە شنگالەوە هەیە، ئەمە پرسێکی ناوخۆیی عێراقەو دەبێت خۆیان ئەمە چارەسەر بکەن، تورکیا هیچ پەیوەندییەکی نییە کە هەڕەشە بکات یان بڕیار لەسەر ئەم بابەتە بدات”.
دوابەدوای ئەو لێدوانە، باڵیۆزی ئێران لە ئەنقەرە، بانگهێشتی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا کراو پێی ڕاگەیەنرا کە ئەنقەرە چاوەڕوانی ئەوە بووە ئێران لەبری پشتگیری کردن لەو هێرشانەی لە باکوری عێراق ئەنجامیان دەدات، ڕەخنەیان لێ بگرێت.
پێش ئەوەش فاتیح یەڵدز باڵیۆزی ئەنقەرە لە بەغدا وتی، “پێموایە باڵیۆزی ئێران دوایین کەسە لە بابەتی ڕێزگرتن لە سنوورەکانی عێراق وانە بە تورکیا بدات”.
هاوکات محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە تویتێکدا ڕایگەیاند، “نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان لە عێراق ئەرکیان ئەوەیە، نوێنەرایەتیی وڵاتەکانیان بکەن و ھەوڵیش بدەن ھاوکارییەکانی نێوان وڵاتەکانیان لەگەڵ عێراق پتەوتر بکەن، بۆیە پێویستە ژمارەیەک لە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان، باش لە ئەرکەکەیان تێبگەن و دەستوەردان لەو پرسانە نەکەن کە پەیوەندی بەوانەوە نییە”.
حەلبوسی راشیگەیاند “پێویستە نوێنەرانی نێردە دیپلۆماتییەکان، رێز لە سەروەریی عێراق بگرن، بۆ ئەوەی بەھەمان شێوە مامەڵەیان لەگەڵدا بکرێت”.
دوای بەدوای ئەوەش وەزارەتی دەرەوەی ئێران بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای کرد لە تاران سەبارەت بە وتەکانی وەزیری ناوخۆی تورکیا سلێمان سۆیڵۆ کە وتبووی ژمارەیەکی زۆر لە گەریلاکانی پەکەکە لە ئێران دەژین و ناڕەزایی تارانی پێ ڕاگەیەندراو ئەوەش دووپاتکرایەوە کە وتەکانی سۆیڵۆ بە هیچ شێوەیەک قبووڵ ناکرێت و دژی هاوکارییە دوولایەنەکانی هەردوو وڵاتە.
هێزەکانی دەوڵەتی تورک بەردەوام لە سەر سنووری عێراق و لە قوڵایی خاکی هەرێمی کوردستان، هێرشی سەربازی بەبیانووی پەکەکەوە ئەنجام دەدەن، هەرچەندە حکومەتی عێراق چەندین جار ئیدانەی ئەو هێرشانەی کردووە کە زۆرجار کاریگەری لەسەر هاووڵاتیان دروست دەکات و زیانی ماددی بەماڵ و موڵکیان دەدات، بەڵام تورکیا بێباکانە بەردەوامە لە لەشکرکێشی و بۆردومان و چۆڵکردنی گوندەکانی باشووری کوردستان.
لە بەرامبەریشدا تاران تۆمەتبارە بە پشتیوانیکردنی دەیان گرووپی چەکدار کە ڕۆژانە پەلاماری بەرژەوەندییەکانی ئەمریکا و وڵاتانی بیانی دەدەن لەناوخۆی عێراق، بەتایبەت هێرشە موشەکیەکانی سەر ناوچەی سەوز و سەر باڵیۆزخانەی ئەمریکا.
ی. ک