دووشەممە, 4 ماي 2020 – 11:44 ڕۆژنیوز – ناوەندی هەواڵەکان
ئەمڕۆ عەباس موسەوی، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران، لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا لەسەر نوقم بوونی زیاتر لە ٥٠ هاوڵاتی ئەفغانی لە ڕووبارێک لەسەر سنووری هەر دوو وڵات کە بانگەشە دەکرێت لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە خرابنە ناو ئاوەکە و هەروەها پێشنیاری دیل بە دیل لەگەڵ ئەمریکا قسەیکرد.
موسەوی ڕایگەیاند: بابەتی ئەشکەنجەکردنی هاوڵاتیانی ئەفغانی لەلایەن هێزەکانی سنووری ئێرانەوە ڕاست نییە و کاربەدەستانی سنووریی ئێرانیش ڕەتیدەکەنەوە، ئێمەش دڵگرانین لەوەی ژمارەیەک هاوڵاتی ئەفغانی گیانیان لەدەستداوە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا، موسەوی ڕایگەیاند: پێش بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، پێشنیاری ‘دیل بە دیل’ـمان ئاراستەی دەوڵەتی ئەمریکا کرد، بەڵام وەڵامێکمان وەرنەگرت.
جێگای ئاماژەیە، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، گرتە ڤیدیۆیەک لەسەر تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوکرایەوە، کە تێدا ژمارەیەک تەرم بەسەر ئاوەوە دەبینرێن لەناو ڕووبارێکدا و بانگەشەی ئەوە دەکرێت هاوڵاتی ئەفغانیبن و لەلایەن هێزە سنوورییەکانی ئێرانەوە دوای ئەشکەنجەدانیان، ڕووت کراونەتەوە و خراونەتە ناو ئاوی ڕووبارەکەوە.
دوای ئەم بانگەشانە و بڵاوبوونەوەی ڤیدیۆەکەی، گران هیواد، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەفغانستان ڕایگەیاند: بریکاری وەزارەتی دەرەوە، کۆمیتەیەکی ڕاسپاردووە و فەرمانی داوە لەسەر ئەو بانگەشانە لێکۆڵینەوە بکرێت و دوای ئاشکرابوونی ڕاستییەکان بڕیار بدرێت.
ئەو کۆمیتەیەی ڕاسپێردراوە بۆ لێکۆڵینەوە لە ڕووداوەکە، بەردەوامە لە کارەکانی و هێشتا ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانی ئاشکرا نەکردووە.
ک.س