دوای ١٥ ساڵ لە چاوەڕوانیکردن، ئەمڕۆ دادگای نێودەوڵەتی بڕیاری کۆتایی لە دۆسیەی تیرۆرکردنی سەرۆک وەزیرانی پێشووی لوبنان ڕەفیق حەریری دەدات و سزای تۆمەتباران دیاریدەکات.
دادگایەکی تایبەت لە هۆڵەندا دادگاییەکە بەڕێوەدەبات کە دۆسیەی بۆ چوار تۆمەتبار کردووەتەوە بە غیابی کە سەر بە گروپی حزبوڵای لوبنانن.
بەهۆی کاریگەری ڕووداوەکەو توڕەیی لوبنانیەکان و وڵاتانی عەرەبی، سوریا هیزەکانی لە لوبنان کشاندەوە لە دوای جێگیرکردنی بۆماوەی ٢٩ ساڵ لەسەر خاکی ئەو وڵاتە.
هەریەک لە حزبوڵا و حکومەتی سوریا بێتاوانی خۆیان لەو ڕووداوە ڕاگەیاند کە جگە لە ڕەفیق حەریری، ٢٠ کەسی دیکەش کوژران و ٢٢٠ی دیکەش برینداربوون.
پێشبینی دەکرێت لە دادگاییەکەی ئەمڕۆدا سەعد حەریری کوڕی ئامادەبێت، لە کاتێکدا هێشتا شوێنی تۆمەتباران دیارنییە بە ناوەکانی سەلیم جەمیل عەیاش، حەسەن حەبیب مەرعی، حسێن حەسەن عنیسا، ئەسەد حەسەن سەبرا.
لە ١٤ی شوباتی ٢٠٠٥، ڕەفیق حەریری ملیۆنێری سوننەکانی لوبنان و جێگری سەرۆکی پەرلەمان لە نزیک هۆتێلی سان جۆرج لە بەیروت، کرانە ئامانجی ئۆتۆمبێلێکی بۆمبڕێژکراو و تیرۆرکران.
بە دوو هەفتە دوای ڕووداوەکە، حکومەتی لوبنان دەستی لەکارکێشایەوە و سوریاش هێزەکانی لە لوبنان کشاندەوە، جگە لەو چوار تۆمەتبارەی کە ئێستا لە دادگا تایبەتەکەی هۆڵەندا پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان بۆ کراوەتەوە، بەرپرسێکی گەورەی سەربازی حزبوڵاش تۆمەتبارکرابوو لەو دۆسیەیە بەناوی مستەفا ئەمین بەدرەدین، بەڵا مساڵی ٢٠١٦ لە سوریا کوژرا.

ی. ک