كاتژمێر ٠١:٠٠ی پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق دوای نزیكەی دوو مانگ لە ڕاگرتنی دانیشتنەكانی كۆدەبێتەوە، چەند چالاكێكی مەدەنیی هەڕەشەی خۆپیشاندان دەكەن و لە بەرامبەردا، لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند گیراوەتەبەر.
ڕۆژی ٢٦ مانگ، سەرۆكایەتیی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق ئەمڕۆی بۆ دانیشتنی پەرلەمان دیاریكرد، بەپێی نووسراوەكەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان، دانیشتنەكەی پەرلەمان دوو تەوەر لەخۆی دەگرێت، یەكێكیان دەنگدان لەسەر دەست لەكاركێشانەوەی محەمەد حەلبووسی، سەرۆكی پەرلەمان و ئەویتریان دەنگدان لەسەر پڕكردنەوەی جێگری یەكەمی سەرۆكی پەرلەمانە.
شەوی ڕابردوو، لە بەغدا گروپێك لە چالاكوانان هەڕەشەی ئەنجامدانی خۆپێشاندانیان كرد، ئەگەر دانیشتنەكەی ئەمڕۆی پەرلەمانی ئەنجامبدرێت، هەرەشەی ئەوەیان كرد، لە گۆرەپانی تەحریرەوە خۆپێشاندان دەستپێدەکەن بۆ پەرلەمان.
بۆ ڕێگریی لە دروستبوونی ئاڵۆزیی و بەڕێوەچوونی دانیشتنەكەی پەرلەمان، ڕێوشوێنی ئەمنیی تووند لە ناوچەی سەوز و دەوروبەری گیراوەتەبەر.
هەر چوار دەروازە سەرەکییەکەی ناوچەی سەوزی بەغدا و هەردوو پردی کۆماریی و سنگ ئەمشەو بە کۆنکرێت داخراون.
كۆبونەوەكەی پەرلەمانی عێراق، دوای ڕێككەوتنی سوننە و كورد و چوارچێوەی هەماهەنگیی دێت لەسەر پێكهێنانی حكومەت، هەموویان لە ناو هاوپەیمانییەك بەناوی “هاوپەیمانی ئیدارهی دهوڵهت” كۆبونەتەوە و ڕێككەوتوون لەسەر پێكهێنانی حكومەتی نوێی عێراق.
س.س