ئەنجوومەنی ئاسایشی نێودەوڵەتیی داوای لە تاڵیبان کرد، بەخێرایی ئەو سیاسەت و کردارانە پێچەوانە بکاتەوە، کە لە ئێستادا مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنانی ئەفغانستان سنووردار دەکەن.
لە بەیاننامەیەکدا کە نوێنەری نەرویج لە ئەنجومەنی ئاسایش بڵاویکردووەتەوە و بە کۆی دەنگ پەسەند کراوە و بۆ ماوەی نزیکەی دوو هەفتە دانووستان لەسەر کراوە، هاتووە: ئەندامانی ئەنجومەنەکە نیگەرانیی قووڵی خۆیان دەربڕی سەبارەت بە پەرەسەندنی تێکچوونی ڕێزگرتن لە مافی مرۆڤ و ئازادییە بنەڕەتییەکانی ژنان و کچان لە ئەفغانستان لەلایەن تاڵیبانەوە.
ئەنجومەنی ئاسایش داوای لە تاڵیبان کردووە، بەبێ دواکەوتنی زیاتر خوێندنگاکان بۆ سەرجەم کچانی خوێندکار بکاتەوە و “نیگەرانی قووڵی خۆی دەربڕی سەبارەت بە سەپاندنی بڕیاری داپۆشینی دەموچاویان بەسەر ژناندا لە شوێنە گشتییەکان و پەخشی میدیاکانەوە.
ئەوەش لەکاتێکدایە لەماوەی ڕابردوودا تاڵیبان خوێندنی لە ژنان و کچان قەدەغەکرد، دوایین جاریش بڕیاریدا کە ژنان لە شوێنە گشتییەکان و تەنانەت ژنانی پێشکەشکاری تەلەفزیۆنەکانیش دەموچاویان دابپۆشن.
ب.ل